شرۆڤە

دەروونناسیی منالان (٥)

لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

ئەم جۆرە ئەزمونانە کە بە مەبەستگەلی تایبەت بە بڕێک مەرج و شەرتەوە بەڕێوە دەچێت و دەیانەوێت بزانن کە مناڵ چی هەڵدەبژێرێت و چەندە سەیری شتەکان دەکات، پیشانی داوە کە بڕێک لە نۆرمە ئەخلاقی کۆمەڵایەتییەکان زگماگین و لەگەڵ لەدایکبوونی مرۆڤدایە و نەبەستراونەتەوە بە تەئسیراتی کلتوریەوە.

 

دەروونناسی منالان (٥)

لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

 

چاوەڕوانییەکان لە رەفتار

مناڵانی بچوک جیا لە حەزی تێکەڵاوبوون و کۆمەڵایەتی بوونیان، حەز و خولیایێکی سەرنجراکێشی تریان ئەوەیە کە چاوەڕوانیان هەیە لە چۆنیەتی رەفتاری مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتر تێبگەن. لێکۆڵینەوەکان پیشانیانداوە کە مناڵانی ساوای بڕێ گەورەتر (دەوروبەری یەک ساڵ تەمەن)، چاوەڕوانن مرۆڤەکان بە عەداڵەتەوە لەگەڵ یەک رەفتار بکەن و یارمەتیدەری یەک بن. لە خوێندنەوەیێکدا کە کۆمەڵێک مناڵی ساوا تێدا بەشدار کراون، فیلمێکی ئەنیمەیشنیان پیشانداون  کە لە فیلمەکەدا مەجموعەیێک شکلی هەندەسی وەک بازنە، سێگۆش و چوارگۆشی تێدا بووە کە ئەمانە هەموویان بەسەر هێڵێکدا دەڕۆن. لە پڕ لەبەردەمیاندا تەپۆڵکەیێک قوتدەبێتەوە. لەم بەشەدا شکلەکان بەسەر تەپۆڵکەکەدا دەبێ سەرکەون. لێرەدا یەکێک لە شکڵەکان، واتە بازنەکە، تا نزیکەی لوتکەی تەپۆڵکەکە سەردەکەوێت، بەڵام لەپڕ بەرەو دواوە خلۆر دەبێتەوە و دەگاتە راستایێک و لەوێ دەوەستێ. پاشان شکڵە سێ گۆشەکە دێت و هەوڵدەدات لە پشت بازنەکە بوەستێت بۆ ئەوەی بەر بە بەربوونەوەی بگرێت (حاڵەتی یارمەتی)، بەڵام لە حاڵەتێکی تردا چوار گۆشەیێک دێتە بەردەم بازنەکە و بە شێوەیێک دەبێتە لەمپەری لە کاتی سەرکەوتنەکەدا. (حاڵەتی لەمپەرو بەرپێگرتن لە سەرکەوتن). دواجار دوای فیلمەکە، ئەو دوو شکڵە، سێگۆش و چوارگۆش دەکەنە کەرەسەی یاری و لە جنسێکی نەرم و سێ بۆعدی درووستیان دەکەن بۆ مناڵەکان و دەیخەنە بەردەمیان کە یاریان پێبکەن. مناڵەکان هەموویان سێ گۆشەکەیان هەڵبژارد بۆ بەدەستەوەگرتن و یاری پێکردن.

ئەمە تەنیا یەک نموونە لە کۆمەڵێک تاقیکردنەوە لەم بوارەدا بوو کە لە شکڵگەلی بێ دەموچاو کەڵک وەرگیرابوو. ئەگەر شکڵەکان دەموچاویان ببێت، یان لە لایەن ئەکتەرێکی راستەقینەوە ئەنجام بدرێت ئەوا تەئسیر و کارتێکردنی بەهیزتر دەبێت. بڕێک لەو پێوەندییە دوولایەنانە کە لەسەر جووڵەی لە نێوان شتەکاندا بونیات نراوە، پەیامی رەفتاری کۆمەڵایەتی دەدات بە مێشکی منداڵان.

چاوەڕوانییەکانی مناڵانی بچوک لە بارەی ئەخلاقی کۆمەڵایەتیەوە لە ئەنجامدانی ئەزمونێکی تایبەتدا زۆرتر خۆی دەرخستووە. لەم تاقیکردنەوەدا چەندین شتی راستەقینەیان، وەکو کەرەسەی یاری لە شکڵی جۆراوجۆردا لەسەر شانۆ پیشان ئەو مناڵانە دراوە وا لە سەر کۆشی دایک یان باوکیاندا دانیشتون و سەیری شانۆکە دەکەن. بەڕێوەبەری تاقیکارییەکە لەپشتەوە بە شاراوەیی دەسکاری شتەکان و رەفتاریان دەکات. لە یەکێک لەم شانۆیانەدا دوو زەڕافەی بەتەواوەتی لێکچوو بەکاردێنن کە کەرەسەی یاریین. لەبەردەمیاندا پارچەیێکیان دانابوو. کاتێ مناڵەکان سەیریان دەکرد، بەڕێوەبەرەکە دوو کەرەسەی یاری دەرهێنا و پیشانی زەڕافەکانی دا و بە زەوق و خۆشییەوە وتی: ئە ها من جێم هەیە، کەرەسەی یارییە. زەڕافەکانیش زەوقیان کرد و بە دەستێکی شاراوە وایان پیشاندا کە زەڕافەکان کەوتنە هەڵبەز و دابەز و پلەزیقان. دوای ئەوە بەڕێوەبەرەکە دوو جۆر کاری کرد، یەکەمجار هەردوو ئەسبابی کایەکەی خستە سەر قوماشەکەی بەردەم یەکێک لە زەڕافەکان، لە ئەنجامی دووهەمدا بە هەر کامێکیان کەرەسەیێکی یاری دا. لە هەر دوو حاڵەتدا زەڕافەکان وەها دانران کە تەنیا سەیری بەردەمیان بکەن و هیچ ئەنجام نەدەن.

لەم تاقیکردنەوەدا بەڕێوەبەرەکە زەمانی سەیرکردنی شانۆکانی لە لایەن مناڵەکانەوە سەبت کرد. لە ئەنجامدا دەرکەوت کە زەمانێکی زۆرتر سەیری شانۆی یەکەم کرابوو، واتە ئەو شانۆیەی وا یەکێک لە زەڕافەکان ناحەقی لەگەڵ کرا و دادوەرانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ نەکردبوو.

ئەم جۆرە ئەزمونانە کە بە مەبەستگەلی تایبەت بە بڕێک مەرج و شەرتەوە بەڕێوە دەچێت و دەیانەوێت بزانن کە مناڵ چی هەڵدەبژێرێت و چەندە سەیری شتەکان دەکات، پیشانی داوە کە بڕێک لە نۆرمە ئەخلاقی کۆمەڵایەتییەکان زگماگین و لەگەڵ لەدایکبوونی مرۆڤدایە و نەبەستراونەتەوە بە تەئسیراتی کلتوریەوە. ئەو نۆرمانە کە زوو لە مناڵدا دەردەکەون شمولی نۆرمی حەز بۆ عەداڵەتە، واتە یارمەتیدان بە باشتر زانین لە چاو  لەمپەرسازی و حەزنەکردن لە زیانگەیاندن بە کەسانی تر. هەندێ تیۆر لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەخلاقە کۆمەڵایەتییەکان لە مرۆڤدا زگماگییە چونکو ئەمانە لە مرۆڤدا بۆ بەردەوامی "بوون"ی  (ادامە بقا) پێویستن، بۆیە گەشەیان کردووە و بوونەتە زگماگی. ئەمانە پێویستن بۆ ئەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە باشی بڕ بکات. ئەوەی کە مرۆڤ چاوەڕوانی ئەوە بکات کە ئەخلاقی کۆمەڵایەتی بەڕێوە بچێت، ئاسانکاری دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان کەسەکان بە شێوەی ئەرێنی و رێخۆشکەر دەبێت بۆهاوکاری نێوان گروپەکانی کۆمەڵگا.

ئاشکرایە کە ئەم نۆرمانە بە گوێرەی کلتور و دابونەریتەکان بە شێوەی جۆراوجۆر لە کلتورە جۆراوجۆرەکاندا گەشەدەکەن. کاتێ مناڵ فێری زمان بوو (سەیری بەشی ٣) ئەتوانین باسی چۆنیەتی رەفتارکردن لە کۆمەڵگادا و نۆرمەکانی کۆمەڵگایان بۆ بکەین و پێیان بڵێین لەبەر چی ئەم نۆرمانە گرینگن. بەڵام مناڵی ساواش پێش فێربوونی زبان زۆر شت لە بارەی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی لە رێگەی سەیرکردن و بینینی رەفتار و پەیوەندییەکانی کەسەکانی دەوروبەریان فێری دەبن. وادیارە کە ئەم فێربوونە لە مناڵدا لەژێر کارکردی ئەو بەشەدایە کە وەک زگماگی بە ناوی "چاوەڕوانییەکان لە رەفتاری مرۆڤ" لەگەڵ مناڵدا هەیە.

ئەمە شتێکی روونە کە ئەو تەجروبە و ئەزموونانەی وا یارمەتیدەرن بۆ فێربوونی نۆرمەکانی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی، بەشێکیان هەر ئەو ئەزموونانەن کە رێگاخۆشکەرن بۆ سازکردنی پەیوەندیێکی دڵنیا و موتمەئن. ئەو شوێنەی وا مناڵ لەسەرەتای ژیانییەوە ئەم دوو جۆرە لە ئەزموونی تێدا دەست دەکەوێت رابتەکان و پەیوەندییەکانی نێوان کەسەکانی بنەماڵە و ماڵە باوانە. ئەو بنەماڵەی کە نێوانیان پێکەوە گەرموگوڕ و پشتگیرانەیە، بە دڵنیاییەوە وەها خێزانێک بە عەداڵەتەوە پێکەوە رەفتاردەکەن و یارمەتی یەکتردەدەن و سزادان زۆر لەوێ لەئاستێکی بەربڵاودا نییە. بەڵام لەو بنەماڵەدا کە پەیوەندییەکان بەشێوەی دوژمنانە شکڵی گرتووە و پڕە لە توندوتیژی و خوشونەتی فیزیکی، لێرە مناڵی ساوا بەدەگمەن تەجروبەی فێربوونی عەداڵەت و هاوکاری و یارمەتی یەکتردانی تێدا دەبێت. بۆیە بە جێگەی  ئەوانە هەوڵی هاشاوڵهێنان و رووشبوونی تێدا شکڵ دەگرێت. لەو خێزانەدا کە توند و تیژی و ناعەداڵەتی باوە و رەفتارەکان لەو راستادایە، مناڵ حەز و خواستە زگماگییەکانی خۆی  یانی  "چاوەڕوانیەکانی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی"  لە خۆیدا سەرکوت دەکات و ئەو رەفتارانەی تر وەک جێگرەوە بۆ رەفتارکردن لەگەڵ کەسانی تر تێدا جێگیر دەبن.

ئێمە پشکنین و لێکۆڵینەوەی زۆرمان لەسەر کارگەری نەرێنی و خراپی ئەو ژینگانەمان لەبەردەستا نییە. بەشێکی لەبەر ئەوەی ئەو ژینگانەی کە کارگەری نەرێنیان (نگاتیڤ) لە  فێربوونی مناڵدا هەیە زۆر ئامادەی هاوکاری بۆ پشکنین و لێکۆڵینەوە نابن، بەشێکیشی لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە تەئسیرە خراپانە دەچنەوە دەورانی پێش زمان گرتن و ناخودئاگا جێدەگرن. مناڵێک کە لە گەورەبووندایە هێچ شیوازێک و رێگایێکی نییە باسی ئەو هاندەرانەی دەروونی بکات کە حەز لە شتە باشەکان دەکات، بۆیە وردە وردە هەلومەرجەکانی نێو خێزان و ماڵە باوانی دەبنە نۆرم بۆ ئەو و جێگای راکێشەکانی دەروونی ئەو دەگرنەوە. ئەوە ژێنگەی سەرەتای ژیانی مناڵە شوێنی قووڵ لەسەر گەشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی و عەقڵی و هەروەها کەسایەتی خودی خۆی لە دەروونی مناڵەکەدا دادەنیت.

درێژەی هەیە...