شرۆڤە

دەروونناسیی مناڵان (٣)

لە سویدییەوە: رەسول سەفەریانی

مناڵانی تازەلەدایکبوو، دەتوانن ئەو شکڵانەی وا گەورەکان بە دەموچاو دەریدێنن، لاسایی بکەنەوە. ئەمە دەیسەلمێنێت مناڵ بە شێوەی غەریزی هەر لەسەرەتاوە بەئاگان لە جەستەیان. ئەوان هەر خێرا حەزپیشاندەدەن بەرانبەر ئەو حەرەکەتانەی مرۆڤەکانی تر ئەنجامی دەدەن.

 

 

دەروونناسیی مناڵان (بەشی ٣)

لەسویدییەوە: رەسول سەفەریانی

مرۆڤەکان، روخسارەکان، چاوەکان

 

بێگومان مرۆڤەکانی تر سەرنجراکێشترین شتی دونیای مناڵانی وردن. تۆژینەوەکان پیشانیداوە کە مناڵ هەر لەگەڵ لەدایکبوونیانەوە دڵبردووی (مجذوب) روخسارن. لە راستیدا بەشێک لە مێشکدا هەیە کە ئەرکی تایبەتە بە ئیشکردن لەسەر زانیاری سەبارەت بە روخسارەکان. ئەم بەشە لە لای گەورەساڵ و مناڵان وەک یەک کار دەکات. تاقیکردنەوەکان لەسەر مناڵانی کۆرپەدا ئەمەی پیشانداوە کە ئەم مناڵانە لە نێو هەموو هاندەرەکاندا (محرک) روخساری مرۆڤەکانیان لە هەمووی پێخۆشتر بووە، بە تایبەت روخساری زیندوو کە بتوانێت حەرەکەتێک یان نواندنێکی پیشانبدات. چاو لە روخساردا لە بەشەکانی تر سەرنجراکێشترە. مناڵانی تازە لەدایکبوو هەمیشە پێیانخۆشە کە روخسارێک سەیر بکەن کە چاوەکانی بەرانبەر بەوە و بۆ ئەو دەڕوانێت تا ئەو روخسارەی سەرنجی چاوەکانی بەرەو شوێنێکی ترە. لە تاقیکردنەوەیێکدا دایکێک بە ئەنقەست پێوەندیێکی دوولایەنەی نیگا لەگەڵ کۆرپەکەیدا دەپچرێنێت و روخساری خۆی سارد و سڕ دەکات، پیشانیداوە کە چۆن کۆرپەکە کاردانەوەی نێگاتیڤی دەبێت. واتە مناڵەکە کە رووبەڕووی روخساری بێ هەست و سارد و سڕدەبێتەوە، دەستدەکات بە گریان و توڕەدەبێت و نیگای خۆی لەو روخسارە دەدەدزێتەوە. هەروەها دەرکەوتوە سەروچاوی بێ هەست و ساردی دایکان  بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و ئیسترێس و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی کۆرتیسول لە جەستەی بڕێک لەمناڵەکاندا. ئەو دایکانەی وا تووشی خەمۆکین (افسردگی) زۆرجار لە پشکنینەکاندا دەرکەوتوە سەروچاویان تووشی ئەو حاڵەتی بێهەستیە بووە.

بە گوێرەی بڕێک لە تێوریەکانی دەروونناسی، داخستنی درگای پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، یان وەدەرخستن لە بازنەی ئەو پێوەندیانە بەهێزترین شکلی ئازاری دەروونییە. " Philippe Rochat" دەڵێت ئەوەی کە مناڵی کۆرپە بەرانبەر بە روخساری بێ هەست "سارد وسڕ"، توڕەیی پیشان دەدات و دەگری، خۆی باشترین بەڵگەیە بۆ نیشاندانی گرینگی پێوەندییە کۆمەڵایەتییە دوولایەنەکان بۆ پێکهێنانی وێنە و خەیاڵێک لە خۆ. بە گوێرەی ئەم جۆرە لە تێوری کۆلتوری کۆمەڵایەتی لەسەر گەشەی مناڵ، "خود" ی ئێمە لە چۆنییەتی کاردانەوەی ئەوانی تر بەرانبەر بە ئێمە شکڵ دەگرێت. ئەگەر بەرانبەرەکانمان بە گەرموو گوڕی و ئەرێنیانە پێشوازیمان لێبکەن، ئەوە ئێمە هەست بە باشبوونی خۆمان دەکەین. بەڵام ئەگەر بەرانبەرەکەمان بە خراپی پێشوازیمان لێبکات و ئێهمالمان (بی اهمیت) بکات ئەوا هەست بە خراپی دەکەین. تێوری کولتوری کۆمەڵایەتی هەروەها پێمان دەڵێت بۆ ئەوەی لە بازنەی کۆمەڵایەتی فڕێ نەدرێینە دەرەوە دەبێت رەفتاری خۆمان لە کۆنترۆڵماندا بێت و خۆمان لە بڕێ شت وەک گاڵتە پێکردن، ئازاردان و سزا بپارێزین. هەموومان پێویستمان بە نزیکی و هاوبەشی کۆمەڵایەتییە، جا چەشن و جۆری ئەو هاوبەشی و نزیکایەتییەی ژینگەکەمان پێمان دەبەخشێت لە شکڵ گرتنی چۆن دەرکەوتنی ئێمەدا دەوری هەیە.

مناڵانی تازەلەدایکبوو، دەتوانن ئەو شکڵانەی وا گەورەکان بە دەموچاو دەریدێنن، لاسایی بکەنەوە. ئەمە دەیسەلمێنێت مناڵ بە شێوەی غەریزی هەر لەسەرەتاوە بەئاگان لە جەستەیان. ئەوان هەر خێرا حەزپیشاندەدەن بەرانبەر ئە حەرەکەتانەی مرۆڤەکانی تر ئەنجامی دەدەن. خوێندنەوەیێکی بە ناوبانگ لەسەر مناڵانی تازە لەدایکبووی یەک سەعات تەمەن کە لە بەشی مناڵبوونی نەخۆشخانەیێکدا ئەنجامدراوە، وای پیشانداوە کە ئەم مناڵانە بە تەقلید لە حەرەکاتی گەورەساڵێک، کە دەمی داچەقاندوە یان زبانی هێناوەتە دەرەوە، عەینی کارەکەی ئەویان کردووە (وێنەکەی لە لاپەرە... هەیە). ئەم ئەزمونە بەم شێوە ئەنجامدراوە کە مناڵەکان و دایکەکانیان بردووەتە ژوورێکی تاریک، لەوێ لامپێک هەڵکراوە کە شەوقەکەی خراوەتە سەر دەموچاوی کابرای تاقیگەر. دواتر فیلمیان لە مناڵەکان گرتووە و بینیویانە مناڵەکان پاش ئەوەی  کابرا دەمی داچەقاندوە ئەوانیش وایانکردووەو کاتێکیش زبانی دەرهێناوە ئەوانیش بەدوایا زبانیان دەرهێناوە.

توانای تەقلید کردن وەک بناخەیێکی بەهێز لە مێشکدا دانراوە کە وەک سیستەمێک ئیشدەکات و پێی دەڵێن "سیستەمی عەسەبی ئاوێنە" عەسەبە ئاوێنەییەکان کە خانەکانی مێشکن، کاریان پێکەوە گرێدانی هەستەکان و کردارەکانە. ئەم عەسەبانە لە هەردوو حاڵەتدا چالاکن، چ کاتێ تۆ سەیری کەسێک دەکەی کە خەریکی ئەنجامی کارێکە، یان ئەو کاتەی خۆت هەمان کار ئەنجام دەدەیت.   بۆ نمونە ئەم خانانەی مێشک چالاکن کاتێک تۆ سەیری کەسێک دەکەیت کە خەریکە چیلکەیێک هەڵدەگرێتەوە، یان خۆت هەمان کاردەکەیت یانی چیلکەک هەڵدەگریتەوە. جا بۆیە باوەر وایە ئەم سیستەمە لە بنەڕەتدا لەسەر "کۆدێێکی هاوبەش" دانراوە کە "خۆ"کە هاوبەشی دەکات لەگەڵ کەسی تر. بۆ ئەوەی مناڵ بتوانێت تەقلیدی ژستێک بکات پێویستە بتوانێت رەفتار یان کرداری کەسێکی تر بگوازێتەوە بۆ جەستەی خۆی. ئەمەش یانی ئەوەی مناڵەکە ئەوی ترێک "خۆ"ی شناس بکات. یانی ئەوەی کە بەوە بگات ئەویتر لە "من" دەچێت. لە تاقیکردنەوەیێکدا دەرکەوتووە مناڵانی بچوک "کۆرپە" تەقلید لە روبات ناکەن، یانی ئەم مناڵانە هەر لەو تەمەنەوە دەتوانن روبات لە مرۆڤ جیا بکەنەوە و بزانن ئەو شتە ئینسان نییە. مناڵانی بڕێ گەورەتر کە چاویان لە ئەنجامی کردارێک بێت تەقلیدی ئەکەن، تەنانەت ئەگەر خودی ئەنجامدەرەکە نەیتوانیبێت کارەکە بە سەرکەوتووی ئەنجانم بدات. بۆ نمونە ئەگەر مناڵێک چاوی لە کەسێک بێت کە خەریکە ملوانکێک دەهاویتە قتویێک بەڵام بۆی ناکرێت، دواتر کە مناڵەکە ملوانکەکە بەدەستەوە بگرێت دەتوانێت هەر ئەوکارە تەقلید بکات و سەرکەوتوانە ملوانکەکە بخاتە نێو قتوەکەوە. ئەمە وامان پێ دەڵێت مناڵ لە مەبەستی مرؤڤەکانی تر تێدەگەن، واتە ئەوان تەنیا تەقلیدی کردارەکان و حەرەکاتی فیزیکی کەسەکان ناکەن.

 

ئەو مەبەستانەی بۆ پەیوەندین (مقاصد ارتباطی)

 

حەز و خولیای مناڵانی بچوک بۆ چاو و روخساری مرۆڤەکانی تر شتێکە کە گرێدراوە بە گەشەی قسەکردن و زبانییەوە. دەڵێن توانای تێگەیشتن و ناسکردنی مەبەستی بەرانبەر، خاوەن دەورێکی سەرەکیە. کاتێ ئێمە لەگەڵ کەسێک دەپەیڤین ئەمانەوێت و چاوەڕێی ئەوە دەکەین بەرانبەڕەکەمان لە قسەکەمان تێبگات و بزانێت چی دەڵێین و باسی چی دەکەین. مناڵانی تازلەدایکبوو خاوەن گەڵێک توانان کە ئەم توانایانە یارمەتیان دەدات بۆ ئەوەی بتوانن مەبەستەکانی پێوەندی لایەنی بەرانبەریان وەربگرن و لێی تێبگەن.

یەکەم ئەوەی مناڵان حەزیان لەوەیە کە کەسێک راستەوخۆ سەیری ناوچاویان بکات. ئەڵبەتە گەورەساڵەکانیش کاتێ ببینن کەسێک سەیری ناوچاویان دەکات و چاوی بڕیوەتە چاویان، وای دادەنێن ئەو شەخسە مەبەستی لەم سەیرکردنە جۆرێک لە وتوێژە، یان ئەمە دەسپێکی پێوەندیێکی وتوێژییە. دووهەم توانا، توانای نۆبەکردنە کە مناڵی تازەبوو ئەم کارە باش ئەنجام دەدەا. هەموو وتوێژێک نۆبەکردنی تێدایە، مەمک مژین (مەمکی دایک یان شوشەمەمک) بناخەی دەسپێکی ئەم نۆبەکردنەیە کە مناڵ هەر لێرەوە ئەم کارە دەسپێدەکات. لە هەموو مەمک مژینێکدا کاتێ مناڵ مەمکەکە دەمژێت و پاشان پشویێک دەدات و ئەم رەوتە تا کۆتایی ئەنجامدەدرێت، ئەمە یانی نۆبەکردن بەڕێوە دەچێت. کاتێ مناڵەکە پشودەدات دایکی بە ئارامی رایدەشەکێنێت و پاشان مناڵەکە دەستدەکاتەوە بە مژین. پشوی مناڵەکە لە مژین بۆ ئەوە نییە پێویستی بە قوتدانی شیرەکە یان ئیستراحەت بێت. مناڵ ئەگەر بیەوێت دەتوانێت بە بێ پشو تا تێربوون بەردەوام مەمکەکە بمژێت. پشکنینەکان پیشانیداوە کە ئەو راشەکاندنە تەنانەت ئەئسیری لە سەر ئاستی شیرێک کە مناڵەکە دەیخواتەوە، نییە. بەڵام ئەم شکڵی مژین و راشەکاندنە ئینسان بیری سەرەکردن لە وتوێژدا دەخاتەوە.

سێهەم توانا ئەوەیە مناڵانی کۆرپە ئەتوانن جیاوازی نێوان پارچەکردارەکانی بەرانبەرەکانیان کە بە نیسبەت سیگناڵ و کردارەکانی کۆرپەکانەوە پیشان دەدرێت، لە یەک جیا بکەنەوە. یانی دەزانن ئەو کاردانەوەیەی گەورەکان پیشانیانداوە بۆ کام یەک لە سیگناڵ یان رەفتاری ئەمان بووە. منالان هەر زۆر زوو تێدەگەن و ئاگاداری پێوەندی نێوان رووداوەکان دەبن. نۆبە پێکردن لە نێوان مژین و راژەندن لە کاتی شیرخواردن لە مەمکەوە یەکێک لەو نمونانەیە کە مناڵ هەر زوو تێدەگات راوەستان لە مژین، راژەندنی بەدوادادێت. هەر کامێک لەم دوو رەفتارە گرێدراوە بە ئەنجامی ئەوی ترەوە.

وەڵامی روون و کاردانەوەی چاوەڕوانکراو بۆ پەیام و سیگناڵ و رەفتاری کەسانی تر، بەشێکی ناوەندییە لە پێوەندییە دوولایەنە ئینسانیەکان و هەروەها بەشێکی گرینگە لە دەروونناسی مناڵاندا. کاتێک گەورەکان کاردانەوە و وەڵامی خێرا و چاوەڕوانکراویان دەبێت بەرانبەر بە سیگناڵەکانی منالان، ئەمە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ گەشەی باشی دەروونی مناڵەکە. نمونە زۆرن بۆ ئەوەی کە پیشانی دەدات مناڵ تێگەیشتنی هەیە لە شتەکان و رووداوەکانی دەورووبەری.

لە خوێندنەوەیێکی ورد و ئەنجامدراودا، پشکنێەرەکان فیلمیان لە مناڵانێک تۆمار دەکرد کە راکشابوون و خەریکی لاقەفرتێ  بوون، ئەو حاڵەتەی کە بە عام لە کاتی راکشاندا ئەنجامی دەدەن. پاشان ئەم مناڵانە دوو فیلمیان بۆ پیشاندرا. یەکەمیان فیلمی راستەو خۆ بوو کە هەر ئەو کاتە دەگیردرا و پیشانیان دەدان. لەمەدا مناڵەکان لاقەفرتێکەی خۆیان دەبینی و هەستیان دەکرد کە پێوەندی لە نێوان لاق جوڵاندنیان و فیلمەکەدا هەیە. لە فیڵمی دووهەمدا فیلمەکە هی پێشتر بوو کە لە لاقەفرتێی ئەوان گیرابوو. پشکێنەرەکان بۆیان دەرکەوێ مناڵەکان حەزیان لەو فیلمە زیاترە وا مناڵەکان پێوەندی نێوان لاق جوڵاندنیان لە گەڵ فیلمەکەدا دەبینی و هەست پێدەکرد.

وەک کۆتایی ئەم بەشە دەبێ بڵێین گەورەساڵان بە عادەت حەزێکیان تێدایە کە لە کاتی قسەکردن و دواندنی مناڵانی وردو ساوادا هەمیشە دەنگیان دەگۆڕن و بە تۆنێکی تایبەت دەیاندوێنن کە زۆرتر بە مێلۆدی و ئاهەنگی تایبەتە بۆ راکێشانی سەرنجیان. دەنگێک کە ئاسایی نیە. بەم شێوە قسەکردنە دەڵێن "ئاخافتنی روولە مناڵ" یان دایبابی (والدین). لە راستیدا هەموو گەورەکان و تەنانەت مناڵانیش کاتێ لەگەڵ مناڵی ساوا ئەدوێن ئەو شێوازە بەکاردێنن و، مناڵانی ساوایش پێیان خۆشترە گوێ لەو ئاخافتنە بگرن کە بە "ئاخافتنی روو لە مناڵ" قسەدەکات  تا دەنگێک کە بە نۆرماڵ دەپەیڤێت.

ئەمانە ئەو چوار توانا تایبەتیانەی مناڵانن کە وەک بناخە و ئەساسی گەشەی زبانین. کاتێ کەسێک چاودەبڕێتە نێو چاوانت وبە زبانی مناڵانە دەتدوێنێت و پاشان کاتت  پێدەدات بۆ وەڵامدانەوە، تۆیش بە گڕوگاڵ دەنگ لە خۆت دەردێنێت و بەم شێوەیە وەڵامدەدەیتەوە. ئەمە یانی تو بە قەست کراویتە بەردەنگ. منداڵ ئەم سیگناڵانە هەر کاتی لەدایکبوونەوە دەناسن.

درێژەی هەیە...