وتارەکان

نامه‌یه‌كی كراوه‌ بۆ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

ستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعال
 

کاروان کاکه‌سوور

من پێم وایە بۆ خوێندنەوەی شیعری تۆ سەرەتا پێویستە دەست لەو لۆژیکە هه‌ڵبگرین، کە لەسەر لێکدانەوەی وشە بە وشە دامەزراوە، چونکە وشە هه‌مان ئەو ڕۆڵەی نییە، کە لە ده‌قی ئاساییدا هه‌یەتی، بەڵکو سپەیس ئەو ڕۆڵە دەبینێت.

 

نامه‌یه‌كی كراوه‌ بۆ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

 

کاروان کاکه‌سوور

 

ڕه‌نجده‌ر گیان، هاوڕێی ئازیزم: سڵاو و ڕێزی زۆر بۆ خۆت و هاوڕێیان، به تایبه‌تی: (سابیر ڕه‌شید) و (سەڵاح عومه‌ر).

ئه‌‌و چه‌‌ند وشه‌‌یه‌‌ی لێره‌‌دا ده‌‌یاننووسم، هه‌‌‌ر ته‌واوکه‌ری ئه‌و سه‌رنجه‌من، که‌ به‌ گشتی له‌باره‌ی دنیای تۆوه‌ هه‌‌مه‌ و پێشتر به‌ کورتی ده‌رمبڕیوه‌. لەو دانیشتنەدا پێم گوتیت داهێنەر تەنیا دنیای تایبەت بە خۆی داناهێنێت، بەڵکو ڕێگا تایبەتەکانی گەیاندنی ئەو دنیایەش دەدۆزێتەوە، کە ئەمەش ئەوە بەسەر خوێنەردا دەسەپێنێت بۆ نزیکبوونەوە لەم دنیایە، دەست لە شێوازە سواوەکان هه‌ڵبگرێت. دەکرێت بگوترێت وەک چۆن نووسەر دنیای تایبەتی خۆی دەخوڵقێنێت، بە هه‌مان شێوە خوێنەریش لە ڕێگای خوێندنەوەوە دنیایەک پێکدەهێنێت، کە ناکرێت بڵێین هاوتەریبی دنیای نووسەرە، بەڵکو تەواوکەریەتی، بگرە بزووێنەریەتی. ئێمە ئەمڕۆ پارتیمۆنییەکی گەورەی تیۆریستانمان لەبەردەستدایە، کە لەم چه‌ند دەیەی ڕابوردوودا جێیانهێشتووە و تێیدا پێ لەسەر بایەخی خوێنەر لە كرده‌ی پێکهێنانی کاری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری دادەگرن. (مەرگی دانەر)ی (رۆلان بارت)، (نووسەر چییە؟)ی (مێشێل فۆکۆ)، (کردەی خوێندنەوە)ی (ۆلفگانگ ئایزەر)، (مەرگی ئەدەب)ی (ئالڤین کێرنان) و زۆری دیکە وایان کردووە پێداچوونەوە بۆ ئەو تێگەیشتنە بکرێت، کە لێکدانەوەی کاری ئەدەبی لە نووسەردا قەتیس دەکات و ڕۆڵی خوێنەر تەنیا لەوەدا دەبینێت، گوێ لە کەناڵێک دەگرێت، ناوی نووسەرە، بێ ئەوەی بتوانێت شتێک لە ئاستیدا بڵێت. دیارە مەبەستم نییە لەو بارەیەوە قسەی زیاتر بکەم، لە کاتێکدا کەموزۆر لە بەرهه‌مەکانمدا لێوەی دواوم، بەڵام گەرەکمە ئەوە بڵێم، کە بۆ نزیکبوونەوە لە دنیای هه‌ر داهێنەرێک، پێویستمان بە داهێنانی جۆرێکی نوێی خوێندنەوە هه‌یە، کە لەو بەریەککەوتنەدا بەرهه‌م هاتبێت. ئەمە بەر لە هه‌رچی ڕێگای ئەوەمان لێ دەگرێت بڕیاری پێشوەختە لەسەر هه‌ر داهێنەرێک بدەین و لە خوێندنەوە گشتییەکانەوە لێی نزیک ببینەوە. وەک (هایدیگەر) پێی وایە (بۆ ئەوەی جەوهه‌ری هونەر بدۆزینەوە، لەسەرمان پێویستە لە کاری ڕاستەقینە بگەڕێین و بپرسین کاری هونەری چییە و جەوهه‌رەکەی چۆنە). تەنیا کاتێ جەوهه‌ری کارێکی هونەری دەبینین و دەتوانین دایەلۆگی لەگەڵ بکەین، کە ئەومان مەبەست بووە، نەوەک شتێکی تر. بەم شێوەیە خوێندنەوەی ده‌قی ئەدەبی دایەلۆگە. هه‌ر کاتێ ئەم دایەلۆگە لەنێوان خوێنەر و ده‌قدا پێک نایەت و شتی نوێ بە دەستەوە نادات، ئەوا هه‌ر لە بنەڕەتەوە بەریەککەوتن دروست نەبووە. دایه‌‌لۆگ به‌ر له‌ هه‌‌ر چی وامان لێ ده‌کات قووڵاییی ئه‌و به‌رهه‌‌مه‌ ببینین، که‌ مه‌به‌ستمانه‌ لێوه‌ی بدوێین. خوێندنه‌وه‌ هونه‌رێکه‌ هه‌‌مان ئه‌و ئاسته‌ی هه‌‌یه‌، که‌ نووسین هه‌‌یه‌تی. نووسه‌ر و خوێنه‌ر له‌ کاری ئه‌ده‌بیدا به‌شدارن، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌شدارییه‌ سنوورێکی جیاکه‌ره‌وه‌ و دیاریکراوی هه‌‌بێت.

من پێم وایە بۆ خوێندنەوەی شیعری تۆ سەرەتا پێویستە دەست لەو لۆژیکە هه‌ڵبگرین، کە لەسەر لێکدانەوەی وشە بە وشە دامەزراوە، چونکە وشە هه‌مان ئەو ڕۆڵەی نییە، کە لە ده‌قی ئاساییدا هه‌یەتی، بەڵکو سپەیس ئەو ڕۆڵە دەبینێت. بە مانایەکی تر ڕۆڵی ته‌قلیدییانه‌ی وشە لەو کاتەوە کۆتاییی هاتووە، کە لە پێکهێنانی ئەو سپەیسەدا بەشداریی کردووە. مەبەست لە سپەیس چییە؟ (باشلار) لە (ئێستێتیکای سپەیس)دا دەڵێت: سپەیس تەنیا شوێنێکی ئەندازەیی جیۆگرافی نییە، بەڵکو ئەزموونی مرۆڤایەتی لە خۆی دەگرێت، کە لە یادەوەریدا ژیان بەسەردەبات و ناوەناوە لای داهێنەردا دەردەکەوێتەوە، بەو مانایەی لە نووسیندا هه‌موو لایەنەکانی دەبینرێن. بەم شێوەیە دەکرێت ماڵ بریتی بێت لە جەستە، گیان و دنیای مرۆڤی سەرەتا. (جیرار جینێت) پێی وایە سپەیس لە ڕێگای کۆمەڵێک ئامرازی زمانەوە خۆی دەردەخات، کە ئەو ئامرازانە تەقلیدی نین، بەڵکو بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دەریدەخەن. هه‌ر لەبەر ئەوەیشە بە (فیگەر) ناوی دەبات، بەو مانایەی په‌یوەندیی بە وێنەی مێتافۆرییەوە هه‌یە، بەڵام وێنە هاوکات ئەو شێوەیەیە، کە سپەیس پێکی دەهێنێت و زمانیش خۆی پێ دەبەخشێت. زمان هه‌ر بە زگماک توانای ئەوەی هه‌یە په‌یوەندییە سپەیسییەکان لە هه‌ر جۆرێکی تری په‌یوەندی زیاتر دەربخات. ڕاستییەکەیشی (نیتشە) پێی وایە زمان تەنیا مێتافۆرە و باوەڕی بەوە نییە وشە بە شێوەی لێترال ئاماژە بە شت بدات، بەڵکو مانایەکی لەوە گەورەتری هه‌یە، کە ناڕاستەوخۆ دەردەکەوێت. هه‌ر ئەوەیشە نەزانراو بە زانراو دەبەستێتەوە. ئەو ڕوانینەی (نیتشە) لای بەشێکی زۆری تیۆریستانی ئەدەب دەردەکەوێتەوە، بۆ نموونە: لای (بارت)دا، کە پێی وایە ئەرکی ڕەخنەی ئەدەبی لە بنەڕەتدا ئاراستەیە بۆ گەڕان بەدوای لایەنی فۆرمی لە بنیادی مانای ده‌قی ئەدەبیدا، بە مەرجێ کاری ئەدەبی سیسته‌مێکی ئاماژەیی تا بڵێی ئاڵۆزە و مانای جیاوازجیاواز لە خۆی دەگرێت. سروشتی زمانی سیمبۆڵی وا دەکات لە هه‌ر کارێکی ئەدەبیدا کۆمەڵێک مانا بەدەستەوەبێن.

هێشتا لە دنیای ئێمەدا تێگەیشتنێک زاڵە، کە لەسەر ئەوە دامەزراوە وشە یەکسانە بەو مانایەی پێی ڕاهاتووین. ئەو تێگەیشتنە هه‌ر ده‌قێک دەداتە دواوە، بگرە دەیسڕێتەوە، کاتێ لە ڕێگای نەزانراوەوە خۆی دەردەبڕێت. سه‌یر نییه‌ ئه‌و ده‌قانه‌ی خۆیان له‌ زانراوه‌کان ده‌ده‌ن و به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ ده‌یانگوازنه‌وه‌، له‌و ده‌قانه‌ پتر بایه‌خیان پێ ده‌درێت، که‌ نه‌زانراوه‌کان ده‌رده‌بڕن و زمانێکی تر داده‌هێنن، که‌ توانای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌زانراوانه‌ی هه‌‌بێت. به‌م شێوه‌یه‌ زمانی تازه‌ کاتێ دێته‌ کایه‌وه‌، که‌ داهێنه‌ر له‌ زانراوه‌وه‌ بۆ نه‌زانراو ده‌په‌ڕێته‌وه‌، نه‌وه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. وشه‌ له‌ناو ئه‌و سپه‌یسه‌ی تۆ پێکی ده‌هێنیت، ئاماژه‌ نییه‌ بۆ شته‌ زانراوه‌کان، به‌ڵکو ئه‌رکێکی له‌وه‌ گه‌وره‌تری هه‌‌یه‌، که‌ بریتییه‌ له‌ گۆڕینی ڕوخساری هه‌‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی له‌ واقیعدا ناسراون. به‌م شێوه‌یه‌ نه‌ کاره‌کته‌ری سنووردار و نه‌ شتی دیاریکراویش له‌و سپه‌یسه‌دا ده‌بینرێن، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ده‌بی ته‌قلیدیدا هه‌‌ن، به‌ڵکو سه‌رجه‌میان بۆ وێنه‌ی تێکشکاو، نه‌وه‌ک وێنه‌ی ته‌واو ده‌گۆڕێن. به‌م شێوه‌یه‌ دوو جۆر وێنه‌ی تێکشکاو له‌ناو ئه‌و سپه‌یسه‌دا ده‌رده‌که‌ون، یه‌که‌میان، هی دەرەوەی شته‌، به‌ڵام دووه‌میان، هی ناوەوەیه‌تی، کە دەکرێت بە ڕیفلێکس ناوی بهێنین. ئه‌سته‌مه‌ له‌ناو ئه‌و سپه‌یسه‌دا کاره‌کته‌رێک بدۆزیته‌وه‌ سیمایه‌کی ڕوونی هه‌‌بێت، له‌ خاڵێکی دیاریکراوی مێژوویییه‌وه‌ ده‌ست پێ بکات، به‌ چه‌ند خاڵێکی دیاریکراوی مێژووییدا تێبپه‌ڕێت و بگاته‌ خاڵێکی دیاریکراوی مێژوویی. زمانی ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ ڕوون نییه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ده‌بی ته‌قلیدیدا هه‌‌یه‌، به‌ڵکو زمانێکی تێکشکاوه‌ و سنووری مانای زانراوی بڕیوه‌، بۆیه‌ هه‌‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ بۆ زمانی ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ دامه‌زراوه‌، که‌ وشه‌ له‌ زمانی ڕۆژانه‌دا چۆن به‌کاردێت و چ مانایه‌کی هه‌‌یه‌. به‌م شێوه‌یه‌ دنیایه‌ک به‌لاوه‌ده‌نێت، که‌ له‌ ڕێگا‌ی خه‌یاڵه‌وه‌ پێکهاتووه‌ و لۆژیکێکی تری مانای داهێناوه‌، لۆژیکێک ته‌نیا له‌و سپه‌یسه‌دا کارده‌کات.

دیاره‌ وه‌ک سه‌ره‌تا گوتم: مه‌به‌ستم نییه‌ له‌م‌ نامه‌یه‌دا له‌ دنیای شیعریی تۆ بکۆڵمه‌وه‌، به‌ڵکو ته‌نیا مه‌به‌ستمه‌ ئه‌وه‌ بڵێم بۆ نزیکبوونه‌وه‌ له‌و دنیایه‌، پێویسته‌ له‌وه‌ بگه‌ین سپه‌یس چییه‌ و لای تۆ چ بایه‌خێکی هه‌‌یه‌. شاد و سەرفراز بیت.