چیرۆک

لە بیرم دێت (٦)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بە پێچەوانەی شا و باوکم و عومەر، لام وا نیە کە دونیا ئەوەندەیش شوێنێکی ناخۆش بێت. بە تایبەت کە ماوەیەکە کچێکی دراوسێمان کاتێک لێم دەڕوانێ و بزە دەنیشێتە ناو نیگا و سەر لێوەکانی، من بۆ ماوەیەک هەموو شتێکی ئەم دونیایە، هەر لە دە ساڵی خەوتنەکەمەوە تا تەنانەت کتێبەکانیشم هەتا قووڵاییەکانی بوون لەبیردەچنەوە.

 

لە بیرم دێت (٦)

(کتێبی دووهەم)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەگەر جاران سەربازخانە گەورەکەی تەنیشت شار، تەنیا سەربازخانەی ئێرە بوو، ئیستاکە لە زۆربەی شوێنەکان پڕی ئەو پێگە گەورە و بچووکە عەسکەریانە بوو کە وەک کارگی بەهار هەڵتۆقیبوون. تەپۆڵکەکانی ناو شار کە دووان بوون، هەندێ لە ئیدارەکانی جاران کە گۆڕابوون بۆ بنکە و، سەرئەنجام دوو شاخی دەورووبەری شار بە تەلیسەخۆڵ هەڵچنرابوون! خیابانەکانیش لە خەڵکی چەکدار و بێ چەک بە جلی سەربازییەوە، جمەی دەهات. جاری وابوو هەستم دەکرد ژمارەی ئەوان لە خەڵکی شار زۆرتر بوون. دیارە بەهۆی ئەوانەوە کەمێک دۆخی ئابووری گۆڕابوو و بازاڕ جموجۆڵێکی زیاتری تێکەوتبوو، بەڵام هاوکات جۆرێک لە تەمی ترس و دووری لە ژیانی ئاسایی باڵی بەسەر شاردا کێشابوو. راستی ئەم هەموو هێزە سەربازییە بۆ؟

تا شەوێکیان کتوپڕ لە دەرەوە کاتێک شەو دەگەییە نزیک سەعاتی دە، دەنگی ترسناکی تەقینەوە و تفەنگ، گەڕەکەکەی ئێمەی داگیرکرد. نازانم بۆ نەترسام. چوومە بەر پەنجەرەکە و لە بارانی گڕم رووانی. کەسێک گڵۆپی ژوورەکەی کوژاندەوەو هاواری لێم کرد لە پەنجەرەکە دووربکەومەوە،... بەڵام من بەقسەم نەکرد. من ئەو چەکدارانەم بینی لە کۆڵانەکەی ئێمەوە تێپەڕین. لە دەرگای دراوسێکەی بەرامبەر ئێمەیان دا و داوای ئاویان کرد.

من بۆ بەیانی لە پوورمم پرسی. گوتم چ هەواڵە؟ دونیا بۆ وای لێهاتووە؟ پوورم کە نەیدەزانی لە کوێوە دەست پێبکا، لەدووای کەمێک رامان و بێدەنگی گوتی زۆر دژوارە چیرۆکی دە ساڵ لە چەند دەقیقەیەکدا بگێڕمەوە. من کە جاران جاری وابوو چیرۆکێکم لە دە خولەکدا دەگێڕایەوە، گوتم بۆ نابێ؟ من زۆربەی کتێبەکانی ئەو ساڵانەم لە دە خولەکدا دەخوێندەوە. پورم گوتی ئەوە داستانی مناڵانە بوون و ئەوەی دوێ شەو بینیت بەسەرهاتی گەورەکانە!

ژوورەکەی باوەگەورە ئەو شەوە یەکێک لە چاوەشووشەکانی بە فیشەکێک کونی تێبوو و بۆ سبەی بە چەسپ و لەتەشووشەیەکی تر پینەمان کردەوە. بۆ شەوی دوواتر هەم من و هەم ئەو جێگاکانمان لە پەنجەرەکان دوورخستەوە و شەوخابەکەیشی لابرد و خستیە ناو سندووقی ژێر رادیۆکەیەوە. بۆ دوو شەوی دوواتر دەنگی دام کە نەکا کەریەتی رووم تێبکا و منیش وەک ئەوانەی ئەو شەوەم لێ بێت! وادیارە باوەگەورە خەیاڵی زۆر دەڕیشت. حەزم کرد لێی پرسم لە کامانە، بەڵام نەمپرسی. من دەبووایە بۆ خۆم دە ساڵەکە قەرەبوو بکەمەوە، دەبووایە کات بدەم بە خۆم. پەلە، کاری شەیتانە. شتێک لە دەروونەوە پێی دەگوتم رازی دۆزینەوەی دیسان لە کتێبخانەکەدایە.

رۆژێک بەڕێکەوت بوو یان بە ئەنقەست، دەگەمە کتێبخانە گەورەکە. وەک بڵێی بەسەریا کەوتم. بینایەکی یەکجار گەورە بە سەقفی شیروانییەوە و بەو پەنجەرە گەورانەوە کە بە هەر چوار دەوردا دەیانڕوانی. لە چاو ئەو دۆخەی ئەم چەند رۆژە بینیوومە، کەمێک غەریب دەنوێنێ. بە خۆم دەڵێم دونیا ئەوەندەیش شوێنێکی غەمگین نیە، ئەوە نیە کتێبخانەکە ماوەو بگرە لەوەی دە ساڵ لەوە پێشیش زۆر گەورەترە. بە سەر دیوارەکەیەوە دروشمێکی گەورە دەبینم "ئێمە بە یارمەتی خودا بە سەر دوژمنەکانماندا سەردەکەوین." بەچەند پێ پلیکانەی گەورە و پان و پۆڕدا سەردەکەوم، زەینم بەردەوام لای کەلیمەی 'دوژمن'ە.  دەچمە ژوورەوە. هۆڵێکی سەقف بەرز و تا رادەیەک گەورە دەبڕم و بە دەستی چەپدا دەرگایەک دەکەمەوە و خۆم بە ژوورەوەدا دەکەم. عەبەسێم! چ هۆڵێکی گەورە! لە بەردەممدا بە هەزاران هەزار کتێب دەبینم کە لە ناو رەفە رێک و پێکەکاندا لە تەنیشت یەک و بە شوێن یەکتردا چنراون. لە بەشێکی هۆڵەکەدا ئەو مێز و کورسییانە دەبینم کە بۆ خوێندنەوە دانراون. رەنگی رەش و زەردیان سەرنجم دەقۆزنەوە. بە شوێن بینینی کەسێکدا چاودەگێڕم. کەس نابینم. لام سەیرە. ئەوەی ساڵان ئەگەرچی بچووکتر بوو، بەڵام قەرەباڵغ بوو. لەو شوێنەی وا لەوە دەچێ شوێنی تایبەتی بەرپرسی کتێبخانەکە بێت نزیک دەکەومەوە. دیسان وەک ساڵان ژنێک کتوپڕ لە پشت ریزە کتێبێکەوە پەیدا دەبێ. تەمەن لە سەرووی پەنجاوە. بە لەچک و مانتۆیەکی رەشی درێژەوە. ئەگەرچی ناوچاوی تاڵە، بەڵام بەڕێزەوە بەخێرهاتنم دەکا. تابلۆیەکی گەورە لەو سەری هۆڵەکەوە سەرنجم رادەکێشێ. منداڵێکە جووتێک پێڵاوی لە باوەش گرتووە و لە خۆشیانا سەری بەرزکردووەتەوە و پێدەکەنێ. پێکەنینێکی رەش و سپی. گەردنی تەواو کشاوە. دەڵێم دەکرێ وەک دە ساڵ لەوە پێش کتێب بە قەرز وەربگرم؟ بە تەعەجوبەوە لێم دەڕوانێ. ئەوسا چەند لیستی گەورەم دەخاتە بەردەست. تێدەگەم دەبێ بە ناو ناوەکاندا بگوزەرێم. دەڵێم ساڵان وا نەبوو، دەمانتوانی بۆ خۆمان راستەخۆ بەناو رەفەکاندا بگەڕێین. دەڵێ باسی کەی ئەکەی؟ ئەڵێم دە ساڵ لەوە پێش. بە نیگا پڕ لە پرسیارەکانی لێم دەڕوانێ. دەڵێ ئەو کاتانە دونیا فەرقی هەبوو. من بیری دەرەوە دەکەومەوە. راستدەکا. ئارام بە ناو لیستەکاندا شۆڕدەبمەوە. چەند ناخۆشە بەم شێوەیە کتێب هەڵبژاردن. کتێب تەنیا ناو و نووسەر نیە، شتێکە لەمە زیاتر. بۆ وێنە، بەرگەکەیەتی، قەوارەیەتی و بۆنی لاپەڕەکانییەتی کاتێک بە خێرایی چاوێکی پیادەخشێنی. پاش کەمێک هێنان و بردنی لیستەکان، کتوپڕ لە خۆمیان دووردەخەمەوە و دەڕۆم. تەنیا بە گوتنی سوپاسێک و بە بێ خواحافیزی.

ترسی ئەوەی کە کتێبەکانیش نەتوانن لەم دە ساڵەی وا تێپەڕیوە تێمگەیەنن، عەوداڵی کۆڵانەکانم دەکا. ماوەیەکی چاک هەروا دەخولێمەوە. ئەوسا بڕیاردەدەم رووبکەمە تاقە پارکەکەی شار. لەوێ لەسەر کورسییەکی بەرد دادەنیشم. منداڵێکی بنێشت فرۆش لێم نزیک دەکەوێتەوە و هاواردەکا "وەرن بۆ بنێشت، بنێشتمان هەیە بنێشت!" بنیشت! دانەیەکی لێدەکڕم. ئادامسی شیک. دەیجووم و لە سەمای گەڵاکان دەڕوانم. تامی بنێشتەکە زوو تەواودەبێ و دووی تر دەخەمە دەممەوە. ئیستا ئەوەندە گەورەیە بتوانم تۆقلەیەکیان لێ سازبکەم. رێبوارێک بە بزەوە لێم دەڕوانێ. دێتەوە بیرم عەیبە. لەو ساڵانە دە ساڵ گوزەراوە. چەند سەربازێک وێنەدەگرن و هەوڵدەدەن پیشانی بدەن کە ئەگەرچی یەکجار لە کەس و کار دوورن، بەڵام رەشی و ئازا لە یەکێک لە دوورترین شارەکانی نیشتمان خەریکی تێپەراندنی کاتەکانی ژیانن. کاتە سەربەستەکانی ژیان. هەموویان بە جۆرەها شێوە بە تفەنگەکانیانەوە سەرنجی کامێراکە رادەکێشن. دێتەوە بیرم من قەت لە ژیانمدا عەکسم نەبووە. تەنیا چەند عەکسێک ئەویش بۆ کارتی پێناسەی ئەو ساڵانە. راستی من لە وێنەدا چۆن دێم؟ راستی بێ وێنە من چۆن چۆنی دەتوانم بیسەلمێنم ژیاوم؟ رەنگە ئەم شارە بێ وێنەترین شاری نیشتمان بێت. بیری مێژوو دەکەمەوە. دەڵێن ئاغای ئەسەدی هەر کەسێکی دەگرت یاخود کاتێک بانگی لێدەکرد بۆ لێپرسینەوە، دەستبەجێ پێش لەهەر شتێک عەکسێکی دەگرت. بەم شێوەیە کەسەکە تەنانەت گەر بڕۆشتایەوە بۆ ماڵیشەوە، بەڵام بە شێوەیەک لە شێوەکان لای ئاغای ئەسەدی دەمایەوە. مێژووی شار ئەو سەردەمی زیاتر لای ئاغای ئەسەدەی بوو. لەخۆوە نەبوو لە ماڵیشەوە ئەلبۆمیان هەبوو.

راستی ئەوانەی ئەو شەوەی کۆڵانەکەی ئێمە چییان دەوێ؟ بۆ بە زمانی چەک دەدوێن؟ ئەی ئەوانەی تر بۆ وەڵامیان نادەنەوە؟ بۆ ئەوانیش بە هەمان زمان دەدوێن؟ هەستدەکەم لە نێوان ئەمان و ئەوان و لە نێوان کتێبخانەکەی جاران و ئەم کتێبخانەی ئیستا نێوانێک هەیە وەک خەوتنی دە ساڵی من لە تەمەنمدا. پوورم دەڵێ کێشەی کتێب خوێندنەوە ئەمەیە، مرۆڤەکان دەکەونە قسەی زل زل کردن، لە کاتێکدا ژیان خۆی زۆر سادەیە و بە بێ ئەم قسانەیش دەڕوا.

لە یەکەوە تا دە دەبژێرم. بە قامکەکانم. نا زۆر نیە. زۆر ئاسان دەگەمە کۆتایی. مەوداکان زۆر بەرفراوان نین. بۆنێکی چڕ لەو سەری کۆڵانەوە دێت. بۆنی بەنزینی جوان نەسووتاوی ماشینە، کاتێک گازی زیایی و بێ جێی دەدەنێ. دەلێن هی ئەو کاتانەیە وا بەشوێن کەسێکەوەن. کۆڵانەکان پڕی ئەم بۆنەن. من نازانم تاقە پۆمپەبەنزینی ئەم شارە چۆن بەشی ئەم هەموو ماشینە دەکا. باوکم دەڵێ خراپی تێگەیشتووم و مەرج نیە ماشینەکان هەر هەموویان لەوێ بەنزین بگرن. باوکم راستدەکا. جاری وایە تانکیی بەنزینەکان بە هۆی هۆکارێکی نادیار یاخود نەزانراوەوە گڕیان تێبەردەبێ و بنکەکان لە دووکەڵی رەش و قیرئاسای خۆیاندا نوقم دەکا. لەم کاتانەدا هەستدەکەم دونیا شتێکە وەک رەنگی رەش و سوور.

مامە وردەواڵەفرۆش وەک هەمیشە خەریکی وردەواڵەکانیەتی و زمانی فارسیشی باشتر بووە. بە دەمی بێ دیانی مژێکی قووڵ لە جگەرەکەی دەدا و، دەڵێ ئیستا نان لە جگەرەفرۆشیدایە. منیش لام وایە راستدەکا. کەس بەقەدەر سەرباز حەزی بە سیگار نیە. هیچی لێ بەخەسارنادەن. وەک بڵێی هەر لە ئیستاوە خۆیان فێری هەناسەکێشانی ناو مەیدانی شەڕ دەکەن. یان وەک بڵێی دەیانەوێ بڵێن جەستە دەڕزێنین پێش ئەوەی شتێکی تر بیڕزێنێ. نەکا هەموو شتێک گەمەیەکی ترسناک بێت. تەنیا ئەوەندەی نەبێ خەڵکی شار حەزیان بەوە نیە وەک ساڵی ساڵان مێینەکانیان زۆر دەرکەون. شەقام زیاتر لە هەر کاتێکی تر بەوان بێگانەیە. شەوێک باوکم دەڵێ بەخوا ئەم خەڵکە زۆر سەیرن جاخۆ کوڕەکانی ئێمەیش دەچن بۆ شارانی تر. بەڵام من پێم وایە فەرقی هەیە و باوکیشم ئەمە دەزانێ. ئەو دەیەوێ تەنیا دڵی خۆی و خەڵکەکە خۆش کات.

سەربازەکان لە وێنەگرتن تەواودەبن و لە پارکەکە دەردەکەون. شەو باوکم دەڵێ بێگومان لەم رۆژانەدا ناوی تۆیش دێتەوە و دەبێ بچی بۆ سەربازی. دایکم دەڵێ بێ جێیان کرد من کوڕی خۆم نادەم بە دەم گوللەوە. باوەگەورە دەڵێ ئەمەیان باشترە دوو ساڵە و تەواودەبێ! بۆ هەفتەی دووایی دوو تەیارە لە ئاسمانی شاردا دەردەکەون و گەڕەکێکی شار بوردومان دەکەن. خەڵکێکی زۆر دەکوژرێن و برینداردەبن. پوورم بە نیگا دوور و نامۆکانی لێم دەڕوانێ و دەڵێ باوکم نازانێ دوو ساڵ بە فڕۆکە بێت یان بێ فڕۆکە، دوو زەمەنی جیاوازن.

هەر هەمان شەو پێش خەوتن پوورم دەست بە چەمەدانەکەیدا دەکا و کتێبێکی رۆمان دەردێنێ و پێم دەدا. دەڵێ تا بەرەبەرە عادەت بە کتێبخانەکە دەکەمەوە واباشە ئەمە بخوێنمەوە. دەڵێ زیاتریشی هەن و گەر بە پێویستی زانی دەتوانێ بمداتێ. لە کتێبە ئەستوورەکە دەڕوانم. 'ئەناکارەنینا'ی 'تۆلستۆی' یە. چیرۆکی ئەشقێکی شکستخواردوو. مرۆڤ لەبەردەم پرسیارێکی ئەزەلی و ئەبەدی: "خیانەتە یان نا؟" کە لە خوێندنی دەبمەوە، دەگەمە ئەو ئەنجامەی کە ئەم پرسیارە زۆر شت لەم دونیایەدا دەگرێتەوە. رەنگە هەموو تام و چێژی دونیا و ژیانیش لەمەدا بێت. ئەوەیکە ئێمە تا چەندە خۆمان لە شتە باوەکانی ژیان دەدزینەوە، یاخود تا چەندە دەتوانین خۆمانیان لێ بدزینەوە. هەتا خۆدزینەوە زیاتر، ئەوا چێژیش زیاتر. گوناهێک، کە لە ناخەوە خوتیلکەمان دەدا.

 

رۆژێک عومەر لە بازاڕ دەبینم. لەگەڵ ئەوەی دە ساڵە یەکترمان نەبینیوە، کەچی زۆر بە ئاسانی یەکتر دەناسینەوە:

ـ وای ئەوە لە کوێی کوڕی باش، حەی کە وەڕەزیم دەکردی! هەر بە قەوارە گەورە بوویت،... ئەوەندەی تریش کە ریش و سمێڵیشت دەرداوە،... ئەگینا هەر ئەوەی جارانی!

منیش دەڵێم:

ـ تەنیا جیاوازیمان ئەوەیە تۆ کۆسەی، ریش و سمێڵت دەرنەداوە!

پێدەکەنین. هاورێی سەردەمی منداڵین. لە هەمان قوتابخانە بووین. لە بیرم دێ پێی ناخۆش بوو سەردانی جەمشیدم دەکرد و دەچوومە ماڵیان. جارێکیان پێی گوتم لەگەڵ ئەو لوسکەڵە چییە هاتوچۆ ئەکەی! ئەو کاتیش دەمزانی عومەر برایەکی هەبوو ئەمانەی فێردەکرد. گوتم راستی خەبەری براکەت، ئەحواڵی چۆنە؟ گوتی کوڕە وادیارە هەر زۆر پەرتی، دەڵێی هەر لەم شارەیش نەبووی، براکەم تیاچوو، هەر لە سەردەمی شۆڕش تیاچوو،... شەهید بوو! من کە بە بیستنی وشەی شۆڕش سەرم سووڕدەمێنێ، دەڵێم شۆڕش! شۆڕشی چی؟ شەهید!... مەبەستت چیە؟

عومەر چاوێک بەم لاولادا دەگێڕێ و کەمێک دەنگی نەوی دەکاتەوە و دەڵێ کوڕە خۆ ئەوەندە کەریش نیم! دەڵێم باوەڕبکە ئاگام لێ نیە! عومەر هەنگاوێک لێم دەکشێتەوە. دەڵێ ئەمانیش وەک ئاغای ئەسەدییان لێدێت، خۆ لەبیرتە! دەڵێ شۆرشێکی گەورەتر بەڕێوەیە و ئیتر ئەمجارەیان تەنیا بۆ ئەوە نیە جەماعەتێک بێن و جەماعەتی کۆن لادەن، نا، ئیتر ئەمجارە بەڕاستی گۆڕان دەبێ.

من کە نازانم باسی چی دەکا و مەبەستی چییە، بیری ئەو کتێبە دەکەمەوە وا لێیان سەندەم و شەوێکیش بە هۆی ئەو کتێبەوە زیندانی کرام. عومەر دیسان لێم نزیک دەکەوێتەوە و ئەمجارە بە چرپە دەڵێ دەڕووخێ، دەزانی سەرئەنجام دەڕووخێ!

رقم لە خۆم دەبێتەوە. باشە بۆ وا گێژم. عومەر بەردەوام دەبێ و دەڵێ ئەوەندەی نەماوە، گەر پێت خۆشە تۆیش دەتوانی لەگەڵابی، بیر بکەوە لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی شۆڕشگێڕ و خۆبەخش کە ئامادەن لە پێناوی گەل و نیشتمان بمرن و گیانی خۆیان ببەخشن.

من ئیتر هیچ ناڵێم. هەروا بە بێدەنگی لێی دەڕوانم. وەک بڵێی پەشیمان بووبێتەوە، دیسان هەنگاوێک لێم دەکشێتەوە و بە بزەیەکی ساختەوە لە کاتێکدا بە پشتە دەست بە ئارامی بە سینگمدا دەکێشێ، دەڵێ کوڕە گاڵتەم کرد، رووخانی چی و تەڕەماشی چی! مەگەر دیواری مەستەراحە بڕووخێ! مەگەر لە تەنەکە و لە تەلیس دروستکراوە شەقێکی تێهەڵلەی بە پەشتدا بکەوێ؟ ئەمە غەزەبە غەزەب،... من لام وایە هەتا سەد ساڵی تریش ئەمێنێتەوە.

من لە دووای ئەوەی ئەو رۆژە لە عومەر جیابوومەوە، بۆ چەند دە ساڵێک دوواتر بوو کە توانیم لە قسەکانی هاوڕێی سەردەمی منداڵیم بگەم. نازانم بۆ، بەڵام هەر زۆر خێرایش بەو ئاکامە گەیشتم عومەر زۆر ناوشیارە! نا نا،... با بە موحتەرەمانە بیڵێم،... عومەر ساویلکەیە، رێک وەک براکەی  کە سەردەمی شۆڕش تیاچووبوو. دیارە عومەریش کە لە رێگای رێکخراوە نهێنییەکەیەوە قسەکانی منی بۆ چووبووەوە، لای وایە کەسێک کە دە ساڵ لە مێژوو دوواکەوتبێ و بە منداڵی هاتوچۆی ماڵی ئاغای ئەسەدی کردبێ، جا با هەموو کتێبی دونیایش بخوێنێتەوە و بەردەوام بەسەر رێگای کتێبخانەوە بێت، هیچ حسێبێکی لەسەر ناکرێ و کەرێکە لەو گۆڕەیدا! من کە رێک لە کاتی گۆڕان و بەسەرهاتە گەورەکانی نیشتمان دە ساڵ بە بێ هۆ خەوم لێکەوتبوو و سڕ لە ناو جێگادا کەوتبووم، بە پێچەوانەی راو بۆچوونەکەی عومەری براکوژراو تەنیا خۆم وەک مرۆڤێکی بێ بەخت و چارەڕەش دێتە بەرچاو کە بە هۆی هەڵەیەکی خۆبەخۆوە یان سیحرێکی نادیارەوە بە ماوەی دە ساڵ کەوتمە دەرەوەی رەوتی مێژوو. بەڵام لە هەمان کاتیشدا خۆم بە بەختەوەر دەزانم؛ لەبەر ئەوەی بەسەر رووداوێکدا نەکەوتم کە عومەر و هاوڕێکانی ساڵانی دوواتر وەک هەڵەی مێژوویی ناوی لێدەبەن. هەڵەیەک بۆ ئەوەی قەرەبووی بکەنەوە، بەردەوام خەون بە رووداوێکی مەزنی مێژوویی ترەوە دەبینن لە داهاتوویەکی نزیکدا. باشە بڵێی هۆکاری نووستنی دە ساڵەی من قوتاربوونی گیانی من نەبووبێ؟ ئا، دڵنیام گەر من ئەو سەردەمە ژیابام بێ ئەملاولا تیادەچووم. کتێبەکان ئەمە دەڵێن. جارێکیان وێنەی براکەی عومەر لە ماڵەوەیان بە سەر دیواری ژووری دانیشتنەکەیانەوە دەبینم کە تارایەکی سووری بە سەرەوەیە و بە چاوە زیتەکانی هێشتا لە دونیای دووای مردنی خۆی دەڕوانێ. وەک بڵێی نایەوێ مردنی خۆی باوەڕبکا. دەزانم عومەر بەردەوام تووڕەیە. لام وایە هەر بە هۆی ئەم تووڕەییەوەیە لە هەڵەدایە. پوورم دەڵێ لێی گەڕێ و نابێ بە ئازاری خەڵکیدا بە چاک یان خراپ بچینە خوارەوە و، لێی بکۆڵینەوە. دەڵێ یەکجار خەتەرە. بەقسەی دەکەم. لانیکەم لەبەر ئەوەی پوورم لەو سەردەمەدا کە بە چرا لەنتەرەوە بە شوێن ئەقڵدا دەگەڕان، ئەوەند ژیر بوو من بنێرێ بۆ تێپەڕین لە شەقامە بەناوبانگەکە. تازە لە دووای ئەوەی دەبیستم خاڵم لە دووای ئازادبوون لە زیندان و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە زۆربەی کاتەکانی ژیانی لە ژوورەوە بە کتێبێک بەدەستەوە دادەنیشت و دەیخوێندەوە، هەستی شانازی بەخۆکردنێکی سەیر وەها لە دەمارەکانمدا دەگەڕێ کە لەوانەیە شاگەشکەم بکا. تەنیا جیاوازیمان لەوەدایە ئەویان لە چواردیوارییەکی تەنگ خنیبوو و من لە ژێر لێفەیەکی ئەستوور و قورس.

تامەزرۆی بینینی خاڵمم. حەزدەکەم روخساری ئەو کەسایەتی مێژوییە سەرنجڕاکێشە ببینم کە ساڵانی ساڵ لە ناو زیندانە جۆربەجۆرەکاندا مایەوە بەبێ ئەوەی رۆژێک لە رۆژان گلەیی لە چارەنووسی خۆی بکا. هەر ئەوەندە بەسە رێگای کۆڵان بگرمەبەر و بچم بۆ ماڵی باوەگەورە. بەڵام خاڵم لە ماڵەوە نیە. دەڵێن ئەویش یەکێک لەوانە بوو وا شۆڕشی پێوە نەهات! کتوپڕ دڵم دادەخورپێ،... نەکا دیسان لە زینداندا بێت! عومەر دەڵێ شۆرشێک کە خاوەن زیندان بێت شۆرش نیە. من دیسان عومەرم زۆر ساویلکە دێتەوە بەرچاو. ئاخر دەکرێ لەم دونیا پڕ لە کێشمەکیش و نەگبەتییدا زیندان بوونی نەبێ؟ تازە هەندێ مرۆڤ بە زیندانەوە جوانن، ئەوان کاتێک دەچنە زیندان مانا بە هەموو شتێک دەبەخشن،... مرۆڤەکانی تر خەیاڵیان پێوەدەکەن و بە هۆی ئەوانەوە ژیان جوانتر دەبێ،... بە هۆی ئەوانەوە ئەمان ئازاتر دەبن.

دەپرسم چۆن چۆنی خاڵم شۆڕشی پێوە نەهات؟... وەڵامم دەدەنەوە لەبەر ئەوی سەری خۆی هەڵگرت و رۆیشت، رووی لە هەندەران کرد. گوتیان لێرە بووایە ئیتر ئەمجارە تەنیا نەیاندەگرت، بەڵکو دەیانکوشت. گوتیان ئەمەی ئەمجارە نایەوێ هەڵەی ئەوەی پێشوو دووپات بکاتەوە کە زیندانەکانیشی کرد بە شوێنێک بۆ لەدایکبوونی قارەمان. خاڵم بە سواری هێسترێکەوە ئاودیوی سنوور ببوو. جەللادەکان بە بیستنی ئەم هەواڵە شێتانە پێکەنیبوون. چەند ساڵ لەمەوبەر. من دیسان ئەوم دوواتر لە رێگای گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان و لە رێگای وێنەکانەوە بینیبووەوە. پیرتر و بە ساڵاچووتر دەینواند. تەنیا شتێک تیایا نەگۆڕاوە، هێمنییەکەی بوو. راستییەکەی ئەوە بوو خاڵم بۆ هەمیشە لەگەڵ بێدەنگیی ژوورەکانی ناو زیندانەکان تێکەڵ ببوو. هیچ کەسیش هیچ شتێکی بۆ گۆڕینی ئەم عادەتەی لەدەست نەهات. بێدەنگی خواردبووی. خواردنێکی بەردەوام کە بەڵێن بوو تا کاتی مردنی درێژە بکێشێت.

عومەر چاو لە زەوی دەبڕێ و پێی وایە شۆڕشگێڕە کۆنەکان زیا لەرادە زل کراونەتەوە. دەڵێ نانی نەزانیی خەڵکیان دەخوارد. لای وایە دووربوون، بۆیە کرانە فریشتە و کردیانن بە شتی سەیرو سەمەرە. گەر لە من دەپرسن دەبێ بڵێم گەر خاڵم زۆر بێدەنگ بوو ئەوا عومەر و هاورێکانیشی یەکجار زۆربڵێ بوون. نایبڕێننەوە! دوو قسە فێردەبن و بە هەزار شێوە دەیگێڕنەوە. وشەکان دەیانبەن. خۆهەڵکێشانینان بێ بڕانەوەیە. چەند حەزدەکەم رۆژێک خاڵم و عومەر بەتووش یەکترەوە بن و بکەونە گفتوگۆ! گفتوگۆیەک کە دەزانم تیایا یەکیان زۆربەی کات گوێدەگرێ و، ئەوی دیکەیان دەدوێ.

باوکم دەڵێ لە شوێنێک خوێندوویەتەوە کاتێک شا لە دووای سەردانی شارەکەی ئێمە سواری کۆپتەرەکەی دەبێتەوە و دەڕواتەوە، بە ئاسمانەوە کتوپڕ دڵی یەکجار خەمگین دەبێ. وەها چەند دڵۆپ فرمێسکیش بە چاوەکانیدا دێنەخوارەوە و دەنیشنە سەر کۆشی. گوایا ئەو رۆژە لە دڵی دابوو شتێک دەبێ،... شتێکی ناخۆش،... هەواڵێکی ئەوەندە ناخۆش کە کەس بۆ بەرپێگرتنی هیچی لە دەست نەدەهات. باوکم ئیستاکە دڵنیایە ئەم شارەی ئێمە شوومە. پارەی نیە، ئەگینا هەر ئەم چرکەساتە کەل و پەلی دەپێچایەوە و لە کۆڵی تەراکتۆرێکی دەنا و بۆ هەمیشە سەری خۆی و ئێمەی هەڵدەگرت و دەڕۆیشت.

من بە پێچەوانەی شا و باوکم و عومەر، لام وا نیە کە دونیا ئەوەندەیش شوێنێکی ناخۆش بێت. بە تایبەت کە ماوەیەکە کچێکی دراوسێمان کاتێک لێم دەڕوانێ و بزە دەنیشێتە ناو نیگا و سەر لێوەکانی، من بۆ ماوەیەک هەموو شتێکی ئەم دونیایە، هەر لە دە ساڵی خەوتنەکەمەوە تا تەنانەت کتێبەکانیشم هەتا قووڵاییەکانی بوون لەبیردەچنەوە. من لە یەکەم رۆژەکانی دووای دە ساڵ خەوتنێکی شێتانە، ئاشق دەبم و بڕیاردەدەم رووبکەمە رۆمانە رۆمانسییەکان. پوورم بە حەسوودییەوە لێم دەڕوانێ و ئاخ هەڵدەکیشێ. بۆکڕوزی کاتە سووتاوەکانی تەمەن فەزا لەخۆدەگرن. هەرچەند دڵنیام هۆکاری ئاشق نەبوونیشی تەنیا بۆ خۆی دەگەڕێتەوە،... بۆ خۆی و خۆی.

 

هەموومان بە جۆرەیەک لە چیرۆکی خۆشەویستی ئاگادارین و بۆیە بە هەر شێوەیەک لێرەدا بیگێڕمەوە، شتێکی تازە نیە؛ ئەگەرچیە دەتوانێ سەرنجڕاکیش بێت. لەراستیدا ئەشق تەنیا خۆیەتی سەرنجڕاکیشە و بەڕای من ئەمەیش تا ئاستێکی زۆر بۆ لێک ئاڵانەکەی و درێژەدانی ژیان دەگەڕێتەوە. ئەوی تری تەنیا وەسفە! هەرچەند ئەمە بەری نەگرت بەوەی منیش وەک زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئاشق نەبم.

من 'ئەستێرە'م رێک وەک ئەستێرە بە پانتایی حەوت تەبەقی ئاسمانەوە بینی! راستییەکەی ئەوە بوو خانووەکەی ئەوان باریک و درێژ بوو و لە قاتی سێهەمیدا پەنجەرەیەکی بچووکی تیابوو کە بە سەر کۆڵاندا دەیڕوانی، پەنجەرەیەکی باریک و درێژ وەک خودی خانووەکە کە بەزۆر کەسێک دەیتوانی ناوشانی تیایا جێی بێتەوە.

ئەستێرە هەندێ جار لەوێ بە دامووکاوی سەر و مل و شانی لەگەڵ جووتە سێوە شل و لەرزۆکەکەی دێنایە دەرەوە و لە کۆڵان و خەڵکی و دونیای دەڕوانی. قژی بە قردیلەیەک لە دوواوە دەبەست و پێم وابێ هەتا چاو هەتەری دەکرد لە دوورەکانی دەڕووانی. من کە جاروبارە رێم دەکەوتە کۆڵانەکەیان و لەوێوە تێدەپەڕیم، جارێکیان بە رێکەوت سەرم هەڵبڕی و چاوم پێی کەوت. ئیتر هەر ئەوەندە بوو! من بە بێ ئەوەی بە وردی ئاگام لە روخسار و هەیکەلی بێت، کەچی شتێک لەگەڵ خۆی بردمی. شتێک وەک دیمەنێکی غەریب، یاخود وەک یاقووتێکی سەوز بەو بەرزاییەوە. یان رەنگە بە بێ ئەوەی من بە خۆم بزانم من چیرۆکی ئەو کچە پاشایانەم لەم شێوەدیمەنەدا بینیبووەوە کە بە دەیان جار لە کتێبەکاندا خوێندبوومنەوە. ئا، بە بێ ئەوەی ئاگام لە خۆم بێت رەنگە من دونیای ناو کتێبەکانم راگواستبوو بۆ ژیانی راستەقینە. لای من ئەستێرە جیلوەی بەسەرهاتێکی فەرامۆشکراوی ناو زەینم بوو کە ساڵانی ساڵ لەوە پێش خوێندبوومەوە. کامە کتێب،... کامە دەق؟ نازانم. هەرچی دەکەم نایەتەوە بیرم. دوواتر تێدەگەم ئەویش لەبەر ئەوەی چیرۆک و بەسەرهاتی پاشاکان هەر هەموویان لە ریشەدا لەیەکتر دەچن. تەنانەت هەرە نوێکانیشیان، بگرە ئەو پاشایەی روویکردە شارەکەی ئێمە و بە سوار تڕۆمبیلێکەوە بە شەقامە سەرەکییەکەیدا داگەڕا و دوواتر بە کۆپتەرێکی پڕ هەراوهوریا و دەنگ زل و بەدقەوارە لە ئاسمانی شاردا ون بوو، ئەویش وەک هەموو ئەوانی تر لە پانتایی مێژوودا ونبوو.

ئەستێرە ئەهلی جێژوان نیە، هەرچەند منیش قەت هەوڵم بۆ نەدا. ئەو تەنیا لە ناو پەنجەرە بەرزە بەناوبانگەکەدا رادوەستێ، خۆی خواردەکاتەوە و لە دوور یاخود لەو رێبوارانەی دەڕوانێ وا لە کۆڵانەوە تێدەپەڕن. جاروبارەیش لەوێوە لەگەڵ کچێکی تر قسەدەکا کە پێم وابێ لە حەوشەیەکی تری دراوسێکانە. خوایە من چەند حەزم لە تۆنی دەنگی و شێوازی قسەکردنیەتی، یان لە پێکەنینەکانی. سوێندت بۆ دەخۆم دەتوانم هەتا بەیانی بە بێ ئەوەی یەک چرکە چییە خەو بمباتەوە، زیت زیت لەناو جێگاکەمدا راکشێم و بیری لێ بکەمەوە، بگرە بە چەندین شەو لەسەر یەکتر. ئەستێرە لەو سەرەوە دەزانێ حەزی لێدەکەم. دیارە بە هۆی دوو شتەوە: هاتوچۆی زۆری من و سەر هەڵبڕینم. چاوە زیت و نیگا پڕ لە پێکەنینەکانی ئەمەم پێدەێڵن. من کە جاری وایە شەرم لە خۆم دەکەم بڕیاردەدەم قەت بەوێدا نەڕۆمەوە، بەڵام بێسوودە. ئەشق شتێکە وەک دووپاتکردنەوەیەکی بێسوود، وەک تێپەڕینی لاوێک کە تازە لە خەوێکی دە ساڵەی نەخوازراو خەبەری بووەتەوە بە ناو کۆڵاندا،... وەک حەزێک کە شەرم لە خۆی دەکا. زۆر جار خەیاڵ دەمباتەوە و بیر لەوە دەکەمەوە رەنگە رۆژێک ئەستێرە پرچی رەش و درێژی بەربداتەوە و من لە شەوێکی درەنگ وەختدا کاتێک هەموو کۆڵان و شار و ماڵی ئەوان نووستون، پیایا سەردەکەوم و بە پەنجەرە باریکەکەدا دەچمە ژوورەوە. ئەستێرە پێدەکەنێ و من بە دەم سەرکەوتنەوە دەڵێم وسبە تکایە هێواشتر، نەکا بەئاگابێن! بەڵام ئەستێرە چەن حەزی بە پێکەنینە. واز ناهێنێ، ناترسێ. بە خۆم دەڵێم بلێی ئەو لەو سەرەوە باشتر ئاگای لە دونیا نەبێ، وا گوێ ناداتێ و ناترسێ؟

ئەستێرە ساڵانی ساڵ لەوە بەر، سەرەتاکانی ئەو کاتەی من لە خەودابووم، چەند ساڵێک چووبووە مەدرەسە. هەر کە دونیا بە بارێکی تردا دەکەوێ، باوکی دەڵێ چیتر پێویست ناکا. بۆیە ئەستێرە نامەی ئاشقانەیش بەزەحمەت دەخوێنێتەوە. رەنگە هۆکاری پێکەنینەکانیشی هەر ئەمە بێت. ئەو پێکەنینی بەو رستانە دێت وا لە پشتییانەوە چاوە کەیلەکانی ئەو مرۆڤانە راوەستاون وا ناتوانن دونیا بە بێ هەبوونی ئەستێرە بێننە بەرچاوی خۆیان. رێک وەک چۆن ئاسمان بە بێ ئەستێرە نابێ. من قەت نامەیەکم نەنووسی. نەک لەبەر ئەوەی حەزم نەکرد، بەڵکو شتێک لە دەروونمەوە پێی دەگوتم شۆخ و شەنگیی ئەو کیژە بە لای رستەکاندا تێدەپەڕێ و، ناگاتە قووڵاییەکان. لای ئەو ئەمە تەنیا چیرۆکێکی خۆش بوو کە دەکرا بێ ئەوەی بیخوێنیتەوە، تەنیا چاوێکی سەرپێی و خێرای لێ بکەی. یان رەنگە دەیزانی هەمووان عەوداڵی سێوەکانی بوون، سێوە خڕ و شۆڕەکانی ناو پەنجەرەی خانوویەکی بەرز کە تەنیا زەردەپەڕی ئێواران دەیگەیشتنێ.

باوکم دەڵێ زەمانە گۆڕاوە و هەموو شتێک لەژێر کۆنتڕۆڵدایە. ئاگات لە خۆت بێت. من کە نازانم باوکم داخۆ باسی کۆڵانەکە دەکا یان شتی تر، هەروا وڕوڕ لێی دەڕوانم. باوکم بە بێ ئەوەی سەیرم بکا، دەڵێ خراپیی پەنجەرە ئەوەیە کە بەڕۆژ شەوقدەداتەوە و نابینی چی لە پشتەوەی دەگوزەرێ. منیش لە درێژەدا دەڵێم بەشەویش پەردەکان دادەدەنەوە. لێم دەڕوانێ و سەری دەلەقێنێ و دەڵێ کتێبەکان بەم شێوەیە دەگەنە بەرهەم. بەڵام من لام وایە کۆنتڕۆڵکردنی ئەستێرە زەحمەتە. چونکە قەت ناچێتە جێژوانی کەس. جۆری هەڵکەوتنی ماڵەکەشیان وەهایە تەنانەت مامەجوێنفرۆشیش گەر دیواری خانوویەکەی تازەی لە تەنیشتدا هەڵچنیایە قەت نەیدەتوانێ وەک خانووەکەی سەلمێ کە ئاشقی ببوو بەسەریا بڕوانێ و، جەستەی تۆکمەی، خەیاڵی لەگەڵ خۆی ببا.

من نازانم چەند مانگ یان چەند ساڵ بە ناو کۆڵانەکەدا تێدەپەڕم. زەمەن لای من مانای نەماوە. ئەوەندەیش وڕبووم کە کاتێک سەردەکەمە سەر کتێبەکان دیسان خەیاڵم دەڕوات و بە زەحمەت جاری وایە لاپەڕەیەک تەواودەکەم. هەموو شتێک دەبێ بە ئەستێرە. شەوانە لە پشت پەنجەرەکەوە دادەنیشم و سەیری دەرەوە و ئاسمانی پڕ ئەستێرە دەکەم. هەموو ئەستێرەکان بیانوون بۆ ئەوەی دیسان بە خەیاڵ بچمەوە کۆڵانەکە. پوورم سەرم لێ بادەدا، وەک بڵێی دەیەوێ بڵێ خەتای کتێبەکانیشە. خۆزگەم بە عەبەی ئامۆزام،... عەبە بێقۆل دەڵێم.

رۆژێک کوڕێکی مل ئەستوری ریشن کە بۆنی دەمی رۆژەڕێیەک دەڕوا، بەرۆکم پێدەگرێ و خۆیم لێ مۆڕدەکاتەوە و بە دەنگێکی گرێ گرێ و گڕ دەڵێ ئاخرجارە لێرەوە تێدەپەڕم! تێدەگەی ئاخرجارە! لەبەر ئەوەی من کتێب دەخوێنمەوە زۆر بە ئاسانی بە قسەی دەکەم و ئیتر تەنیا خوودەدەمە ئاسمان. دەستدەکەم بە ژماردنی ئەستێرەکان. گرینگ نیە لێم تێکدەچن، گرینگ بەردەوامبوونە. من لە مێژە گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی کە لە ژیاندا موهیمترین شت بەردەوامبوونە. گەر دەتەوێ بگەی، بەری مەدە! من کە لام سەیرە ئەستێرە دەتوانێ لە لایەن کەسێکی وەک ئەو کوڕەوە گەمارۆ درابێ، دیسان بەو ئەنجامە دەگەم ژیان شتێکە وەک کۆمەڵێک پشکۆی ئاگرین کە تەنیا بۆ رووانین دەبێ. کۆمەڵێک سکڵ کە روونت دەکاتەوە و گەرمت دادێنێ، بەڵام ناتوانی لە ئامێزی بگری.

شەوێک ئارام لەبەر خۆمەوە دەگریم. پێم وابێ یەکەم جارە لە ژیانمدا دەگریم. کتوپڕ لە ناو گریانەکانمدا بەو ئەنجامە دەگەم کە من کەسێکی ترسنۆکم. دادەچڵەکێم. فرمێسکەکانم بە پشتەدەستم دەسڕم و لە تاریکایی ورددەبمەوە و ئەوجا رقم لە خۆم دەبێتەوە. دەزانم کتێبخوێنەکان ترسنۆکن. رەنگە ترسنۆکترینەکان. بەڵام بڕیاردەدەم من نەبم. بۆ سبەی بە کۆڵانەکەدا دەڕۆمەوە. ئەستێرە لەوێ نیە. رۆژەکانی تریش لەوێ نیە. رۆژێک هەتیوەکەی برای دەبینمەوە. وەک بڵێی هەر نایشم بینێ!... چ هەواڵە! ناوێرم بپرسم. نە لەو و نە لە کەس. باشتر وایە مرۆڤ لە هەندێ شت ئاگادارنەبێت و هەر بە خەیاڵی جارانەوە بژی.

ئەمە یەکەم ئەزموونی ئەشقی من بوو. هەر سەرومل و شان و دوو سێوە لەرزۆکەکەیم بینی، بەشەکانی تری جەستەی قەت قەت. نازانم باڵاکورت بوو یان باڵابەرز. براکەی، کە مامناوەندی بوو. بەڵام زانیم ئەمەیش جۆرێکە لە ئەشق. رەنگە گرنگترین و رەسەنترین جۆریشی. لەبەر ئەوەی خەیاڵی رووتە. رێک وەک کتێبەکان.

تێدەگەم بەشی من لە دونیایە، خەیاڵە. پێم وابێ باوکیشم بەمە دەزانێ. رۆژێک دەنگم دەدا و دەڵێ دەبێ منیش وەک هەموو خەڵکی کاربکەم. دەڵێ دەبێ کارێک بدۆزمەوە. لە دووای پرس و جۆیەکی چەند رۆژە لە لایەن باوکم و پوورم و خۆمەوە و دیارە بە رێنوێنی باوەگەورەیش لە شیرینی خانەیەک دادەمەزرێم.

شیرینییەکان زۆر بە تامن، باقلاوە، لەتیفە، نان گوێزی، بامیە و زولوبیا، شیرینی تەڕ، کونجی، بایەمی سووتاو، سۆهان، کشیمیشی و... بەڵام ئەوانیش شیرینیی یادی ئەستێرەم ناتوانن پێ لەبیربکەن. پوورم دەڵێ مامە رەحمان بەقەدەر من خەیاڵی بەقووەت بووایە سەرەڕای شیتەشیتەکانی حەبێی ژنی، هەر دەگەییە سەلمێ.

 

باوکم وازی لە خەونەکانی هێناوە. ئیتر خەیاڵی ناڕوات. هەر وەک جاران سەرایداری قوتابخانەیە، چایی بۆ مامۆستاکان دەبا، بە کۆنەکەی سەر شانی مێزەکان خاوێن دەکاتەوە و هەتا دەتوانێ هەوڵدەدا لە ژوورەکەی خۆی نەیەتە دەرەوە. هەستدەکەم ئێستاکە لە مامەچایی، بۆ هەڵگرتنی چەند چایی پێکەوە، زیرەکترە. باوکم وەک ژووری کارەکەی خۆی لێهاتووە،... پڕی پیاڵە و ژێرپیاڵە و سەماوەرێکی زل و شمەکی شۆردن و بۆنێکی تایبەتە کە لە بەشەکانی تری مەدرەسەکە جیای دەکاتەوە. بۆنێک تێکەڵێک لە چایی، کەفاو، پیسی و تەنیاییەکانی باوکم. شانەکانی داهێزراون. خۆی داوەتە دەست تەمەن. وەک هەموو مرۆڤەکانی تر. خۆڕاگری بێسوودە. کات سەرئەنجام پێملت دەکا و لەگەڵ خۆی دەتبا. دەگەییە شوێنێک ئیتر بیری لێ ناکەیتەوە. باوکم رۆژنامەیش ناخوێنێتەوە. لە جیاتی رۆژنامە گوێ لە رادیۆ لەندەن و ئیسرائیل دەگرێ. پارازیتەکان ناهێڵن، بەڵام سەرجەم خراپ نیە. دەتوانی بزانی دەڵێن چی. هەواڵەکان ئەوەندە زۆرن سەرت سووڕدەمێنێ. نیشتمان لێواولێوی هەواڵە، ئەویش لەو جۆرە هەواڵانەی لات وایە ئیستا نا ئیستا شتێکی سەیر دەقەومێ! کەچی ساڵەکان تێدەپەڕن و هیچیش ناقەومن، لانیکەم ئەوەی تۆ وا چاوەڕوانی. وەک بڵێی زەمەن خۆی داوەتە دەست تیکرارێکی بێهوودە. هەموو شتێک تا ئەوپەڕی خۆی ناڕاست و ناڕێک دەنوێنێ، یاخود دەنوێنرێ. باوکم بە پەنجە سمێڵەکانی نەوازش دەکا، بە لێو و بە دیان دەیانخوا و لە کاتێکدا سەری داخستووە بە وردی گوێ دەگرێ. باوەگەورە لە ژێر چاوەوە لێی دەڕوانێ. "ئەرێ ئەوە خەریکی چییە و بەتەمای چییە؟" من وەڵامم پێیە، بەڵام ناوێرم باسی بکەم، ناوێرم بڵێم باوەگەورە پرسیارەکەت بە چاوەکانت دەخوێنمەوە و ئەمەیش وەڵامەکەیە "باوکم بەتەمایە کۆپتەرەکەی شا لە رۆژهەڵاتی شار دەربکەوێتەوە و سەرلەنوێ سەردانی شار بکاتەوە!" من پێم وایە باوکم گوناحە. لای ئەو مێژوو دەتوانێ دووپات بێتەوە. ئەو نازانێ مێژوو وەک تەمەن وایە و هەر ساڵەی تیایا جۆرێکە. سالەکان وەهان کە بوون نەک ئەوەی حەزدەکەی ببن. سەد ئەوەندەیش چاویلکە بگۆڕی و لات وابێ بە هۆیانەوە باشتر دەڕوانی، بێسوودە. رێک وەک عەینەکەکەی باوکم. نە من و نە باوکم و نە ئەوانی تر نازانین لە دەرەوەی سنوورەکانی نیشتمان شەڕێکی تر هەیە. ئیتر ئەوە دایکم هەر هیچ. ئەو لە مێژە بۆنی جلە شۆراوەکان و سابوون و تاییت و نسێی ناو حەوشەکەی گرتووە.

مامۆستاکانی قوتابخانەیش بەردەوام دەگۆڕدرێن. گۆڕاون. یەک دووانێکیان نەبێ، ئەوانی تر هەموویان تازەن. بەشێکیان لە شارەکانی ترەوەن. لە شارە دوورەکانەوە. کلاسەکان دوو دوو و سێ سێ ئەو قوتابیانەی تیایا وا ئەوانیش لە شارەکانی ترەوە هاتوون. دوور لە یەکتر، هەر کامەی لە ریزێک، لە کلاسەکان دادەنیشن و چاو بە هەموو شتێکدا دەگێڕن. ئێوارانیش بەرەو بنکە سەربازییەکان دەڕۆنەوە. ماڵیان لەوێیە. باوکم پێم دەڵێ "داخۆ باشتر نەبوو دە ساڵ خەوت پیاکەوت!"

راستە دونیا وەهایە، بەڵام من لام وایە باوکم زۆر زیادەڕەوی دەکا. من پێم وایە ئێمە دەبێ بەردەوام بژین، جا سەرەڕای هەر دۆخ و هەلومەرجێک. دەڵێم شتەکان هەر لە خۆوە گۆڕانیان بەسەردا نایەت، دەبێ هۆکار یاخود شتێک هەبێ لە پشتەوەیان. باوکم چاوەکانیم لێ مۆڕدەکاتەوە و دەڵێ نیشتمان پڕی پیاوە سپڵەکانە. وای لە باوکم!

من ئەو قوتابیانەی وا ئێوارەیان بەرەو بنکەکان دەڕۆنەوە، بینیومن. ناسینەوەیان ئاسانە، لەبەر ئەوەی جلوبەرگی عەجەمیان لەبەردایە. جۆراوجۆرن، وەک قوتابییەکانی تر: باڵاکورت، باڵا بەرز و باڵا مامناوەندی، بە عەینەک و بێ عەینەک، ریشن و بێ ریش. لە ناو شار پێکەوە، دوو دوو و سێ سێ دەسوڕێنەوە. هەستدەکەم لەگەڵ قوتابییەکانی تر جیاوازنین. هەموو لە بنەماڵە ئاساییەکانەوە دێن. باوکم دەڵێ قوتابییەکان زۆر تێکەڵیان نابن. ئەوانیش هەروەها. تەنیا حەزیان بە رووانینە.

پاسکیلەکە هەر مابوو. لە ژێرخانەکە. ئەگەرچی باوکم کەمتر سواری دەبوو. لە زۆر شوێنەوە ژەنگی هەڵهێنابوو. باوکم تووڕە بوو لەوەی نەیتوانیبوو لە دووچەرخەوە هەڵبداتە هەبوونی ترۆمبیل. ئەو لای خۆی وای حسێب کردبوو کە لە دووای چەند ساڵێک دەگاتێ، بەڵام ژیان بەلایەکی دیکەدا وەرگەڕابوو. نەک نەگەیشتە ماشین، بەڵکو پاسکیلەکەیشی ژەنگی هەڵێنابوو و کۆن هەڵگەڕابوو. چەند جار پوورم دەنگی دا بۆ نایفرۆشێ یان فڕێی بدا. باوکم جوابی نەدایەوە. پووریشم لەوانە نەبوو پڕکێشی لە شت بکا. زۆر خێرا رووی وەردەگێڕا و بە شتێکی ترەوە خۆی مەشغوڵ دەکرد. وەک بڵێی هەتا دووچەرخەکە لە تەویلەکەدا بوو و جێی بەکەس تەنگ نەدەکرد، با هەبووایە.

بەڵام من بە بێ ئەوەی پرس بە باوکم بکەم رۆژێک چووم هێنامە دەرەوە، جوان جوان خاوێنم کردەوە، رۆنم لە زنجیر و بۆربڕینگی تەگەرەکانی دا و هەر وەک زیاتر لە دە ساڵ لەوە پێش بردم بۆ حەوشەی ناو قوتابخانەیەک و دەستم کرد بە خۆ فێرکردن. لەبەر ئەوەی لۆق درێژ بووم، زۆر خێرا فێربووم. باوکم هیچی نەگوت. ئیتر رێگای نێوان شیرینی خانەکە و ماڵەوەم بە پاسکیل دەبڕی.

عومەری کۆسە رۆژێک بە دەم کڕینی کیلۆیەک شیرینییەوە کە هەر هەمووی تەڕ بوون، دەڵێ گەر باوکت روو لە داهاتوو بووایە ئەوا دەبووە شۆڕشگێڕێکی دەگمەن! من کە نازانم عومەر لە کوێوە ئاگای لە بیر و دەروونی باوکمە، دادەچڵەکێم و شەو ئەمە بۆ باوکم دەگێڕمەوە. باوکم کە عومەری کۆسە دەناسێ و لای وایە دایکی رابردوویەکی باشی نیە، دەڵێ هەر ئەوانە بوون دایکی دونیایان گا! پوورم مۆڕەکەیەک لە باوکم دەکاو (باوکم ئاگای لێ نیە) دەڵێ چ کارت بە دایکە داماوەکەی داوە، مەگەر نازانی بە بێوەژنی و بە هەزار بەدبەختی منداڵی پێگەیاند. لە دایکم دەڕوانم و بە خۆم دەڵێم گەر منیش رۆژێک لە رۆژان باوکم بمردایە داخۆ هەر ئیستاکە وەهایان لە سەر دایکم نەدەگوت! رەنگە ئەوسا باوکی عومەری کوسە ئەم قسانەی ئیستای بکردایە. خۆشحاڵم دە ساڵ لە تەمەنم بە بێ بیستن و دیتنی زۆر شت تێپەڕاندووە.

بۆ دوو هەفتە دوواتر باوەگەورە مرد. رێک لە سەر شوێنی نووستنەکەی لە شەوێکی درەنگ وەختدا کاتێک منیش لە خوار ژوورەکە لەبەر قاچەکانییەوە خەوتبووم. من کە ئەو شەوە گوێم لە پرخەی نەبوو، سەرەتا لام وابوو بەردەوام بەخەبەرە و خەوی لێناکەوێ، بەڵام دەمەو بەیان کاتێک بۆ میزکردن چووم بۆ ئاودەست، لە بوومەڵێڵی بەیاندا زانیم شتێک هەڵەیە. لە باوەگەورە نزیک کەوتمەوە. مردبوو. ژیانێک، ئەو شەوە بە بێدەنگی لە پەنجەرە یاخود دەرگاکەوە چووبووە دەرەوە و بۆ هەمیشە ماڵی ئێمەی جێهێشتبوو. سەیربوو، باوکم لە پوورم زیاتر گریا. وەک بڵێی لە دووای شۆرش بۆ دووهەم جارە هەتیو دەبێتەوە. باوەگەورەمان لە گۆڕستانی ناو دارستانەکە ناشت و کێلێکی بێ ناونیشانمان خستە لا سەرووی گۆڕەکەی. بەردێکی گەورەی سپیی گرینج گرینج کە بە پێچەوانەی بەردی شەخسەکان بەئاسانی وردەبەردی نیەتی پێوە دەنووسا.

ژووری باوەگەورە هەتا ماوەیەکی زۆر وەک خۆی مایەوە، تەنانەت منیش تیایا نەخەوتمەوە. من رامگواست بۆ داڵان. لە دووای مانگێک پوورم بە بێ ئەوەی پرس بە کەس بکا، دەستێکی پیاهێنا، رادیۆکەی راگواست بۆ ژووری دانیشتنەکە و جل و بەرگەکانی بەخشی و پاشان بە منی گوت لەمە بەدووا ئەمە ژووری تۆیە. بەم شێوەیە یەکەم میراتگەری راستەوخۆی باوەگەورە بوو بە من.

من کە مردنی دایەگەورەم لە بیر نەدەهات، بە مەرگی باوەگەور زانیم بنەماڵە لەرزۆکترە لەوەی پیاو بیری لێدەکاتەوە. زانیم رووداوی مەرگ تەواوی دیمەنەکە بۆ هەمیشە دەگۆڕێ و کتوپڕ یەک رۆژ لەوە پێش وەها لێت دوور دەکەوێتەوە و وەها دەبێ بە مێژوو کە سەیرە. مردن تەنیا سنوور نیە، بەڵکو قووڵاییشە. سنورێکی قووڵ. لە ناو بنەماڵەیشدا مەرگی باوەگەورە زیاتر لەهەر کەسێکی تر کاریگەریی خستە سەر پوورم. وەک بڵێی کتێبەکان و کتێبخانە هیچ مانایەکیان نەما. پوورم هەتا ژیا قەت باسی باوکی نەکردەوە، وەک چۆن قەت من باسی دایەگەورەم لێ نەبیستبوو. ئەو مەرگی وەک خۆی قبوڵکرد، یان باشتر وایە بڵێم قبوڵیکردبوو.

ئەوەندەی پێنەچوو مامەکان داوای میراتیان کرد. دەبووایە خانووەکە بفرۆشین. من کە قەت بیرم لەم بەشە نەکردبووەوە، داچڵەکام. پورم گوتی بێ جێیانکرد، مەگەر بۆ ساتێکیش باوکم و دایکمیان بەخێوکرد و لێیان پرسینەوە وا ئیستا داوای بەش ئەکەن! بەڵام مامەجوێنفرۆش سکاڵای بردە لای حکومەت و دووای ماوەیەک کردیانە سەرمان. لەگەڵ ئەوەی پوورم کردیە بەزم و شەڕێکی سەیری پێ فرۆشتن، بەڵام بێسوود بوو. سەرئەنجام ئێمە گواستمانەوە بۆ گەڕەکێکی تر لە سەر پرد نزیک بنکەیەکی سەربازیی کە خانوویەکی سێ قاتی بەرز بوو.

فرۆشتن و چۆڵکردنی خانووەکە زەبرێکی رۆحیی گەورەی لە هەموومان دا. راهاتن ئەوەندە ئاسان نەبوو، هەرچەند ئەم خانووە یەک قاتە، تازەتر و گەورەتر بوو. بەڵام لە سەرێکی ترەوە هەستم دەکرد قورسایی مردووەکان لەسەرمان نەما. هەموو شتێک بە جۆرێک تازە ببووەوە. تەنانەت باوکیشم وەک جاران بیری لە رابردوو نەدەکردەوە. تێپەڕینی زەمەن پێی سەلماندین گواستنەوە زۆریش خراپ نیە.

لە بیرم دێ ئەو رۆژەی گواستمانەوە، بە رێکەوت لە کاتی کۆکردنەوەی کەلوپەلەکاندا وێنەیەکی 'شا'مان دۆزییەوە. پوورم زۆر بە پەلە لە حەوشە لە ناو پووتێکدا سووتاندی و ئافتاوەیەک ئاویشی بەسەرداکرد.

ئیستا لە ماڵە نوێکەدا، شا و باوەگەورە و بیرەوەرییەکان پێکەوە جێمابوون و قورسایی ژیان لەسەر شانەکانی ئێمەیش کەمێک سووکتر ببوو. هەرچەند رێگای کتێبخانە بۆ من دوورتر ببووەوە. لە پاسکیلەکە دەڕوانم و خۆشحاڵم مەوداکان دەتوانن نزیکتر ببنەوە.

 

ئەو ساڵانە بنجۆکانی شار هێشتا ئاویان پیادەڕۆیشت. وەک ئیستا نەبوو وشک بن و تەنیا بە کاتی بەفر و باران روونیی و فێنکایی ئاویان تیا بگەڕێ. 'مینەی بنجۆگەڕ'، یەکێک لە خەڵکی گەڕەک کە تازە ئێمە ببووینە دراوسێی و لە خانوویەکی بچووکی دوو قاتی کۆندا بە تەنیا دەژیا، کاری ئەوەی بوو رۆژ تا ئێوارە بنجۆکانی شاری بەسەردەکردەوە. لەم سەر بۆ ئەو سەر و لەو سەر بۆ ئەم سەر. رێک بە تەنیشتیاندا ورد هەنگاوی هەڵدێنا و چاوی لێ هەڵندەگەرتن. لە بنجۆکاندا زۆر شتی دەدۆزییەوە. هەر لە مستیلە و حەڵقەوە بگرە هەتا پووڵ، زێڕ، کیفی پووڵ، تاکە پێڵاو، تاکە سەرپێی، ناوکەوش، گۆرەوەی، سەعات، دەستبەندی سەعات، جۆرەها ئاسن و تەنەکەی ورد و لەت و پەت، زیو، زنجیری مل، تەسبێحی قەزوان و شووشە و پلاستیکی، پێچ و مۆرە و نوشتە. شتەکانی هەڵدەگرتەوە، دەیخستنە ناو دڵقێکەوە و دەچوو لە حەوزی مزگەوت دەیشۆردن و ئەوسا دەیبردنەوە بۆ ماڵەوە. ئەوەی بەکەڵکی فرۆش بووایە، دەیفرۆشت و ئەوەیشی بیتوانیایە ئیستیفادەی لێ بکات، لێی دەکرد و ئەوەیشی دەمایەوە لە ماڵەوە لە ژوورێکی ناو قاتی یەکەم رایدەگرت. ژوورەکە بۆنێکی سەیر و ناخۆشی لێدەهات.

کەس نەیدەزانی مینەی بنجۆگەڕ بە چی دەژیا. بە دڵنیاییەوە شتومەکی ناو بنجۆکان دەستمایەی ژیانیان تیانەبوو؛ بەڵام مینە لە راستیدا بە خێرو خێرات دەژیا. مینە کە تەمەنی لە پەنجا لایدابوو، خانووەکەی وەک میرات بۆ مابووەوە و ئەوەی کە تەنیا منداڵی ماڵەوەیش بوو کەمێک سەیر دەهاتە بەرچاو. ئاخر ئەو ساڵانە هیچ بنەماڵەیەک لە پێنج شەش منداڵ کەمتری نەبوو. من دڵنیام کە مینە هەموو خوشک و براکانی یان مردبوون یان ئەوەی مابوون لێرە نەمابوون و لە شاران دەژیان. وەک بڵێی بۆ هەمیشە سەری خۆیان هەڵگرتبێ. جگە لەمە مینە نە سەردانی کەسی دەکرد و نە کەسیش سەردانی دەکرد. دەڵێن کاتێک شا هاتبوو، ئەو بە پێچەوانەی خەڵکی نە تەنیا ئەم سەردانە و قەرەباڵغیی بێ وێنەی شەقامەکان هیچ سەرنجی رانەکێشابوو، بەڵکو بە گوێرەی عادەتی کۆنی خۆی بە درێژایی بنجۆکان ئەم سەراوسەری شاری کردبوو. ئەوەندەی نەبێ لە چەند شوێن کە سوپا و پۆلیسی لێ ببوو، گێڕابوویانەوە و بە ناچار بە شوێنی تردا چووبووەوە سەر رێگا هەمیشەییەکەی خۆی. زۆربەی خەڵکی بە دیتنی پێکەنیبوون. ئەوەی کە چۆن دەکرێ پیاو رۆژێکی مێژوویی وەها لەدەست بدا و مێشیشی میوان نەبێ! بەڵام ساڵانی دوواتر بەشێکی ئەوانەی پێی پێکەنیبوون، دەیانگوت بەخوا هەر مینەی بنجۆگەڕمان تیا عاقڵ بوو! لە سەرێکی تریشەوە راستییەکەی ئەوە بوو قەرەباڵغیی ئەو رۆژەی شار، دەستکەوتی نو بنجۆکانی زیاتر کردبوو.

دڵنیام گەر بە ناو شاردا بگەڕێی و لە خەڵکی بپرسی کە داخۆ دوواجار کەی بووە لەگەڵ مینە قسەیان کردووە، کەس ناتوانێ رۆژ و سەعات و تاریخێکت بداتێ. لەبەر ئەوەی مینەی بنجۆگەڕ بەحەیاتی نادوێ. تەنانەت لە کاتی فرۆشتنی شتەکانیشیدا نادوێ و تەنیا لە کابرا دەڕوانێ. خەڵکیش دەزانن چۆن ئیشەکەی بۆ بەڕێ بخەن! ئەو ئەگەر سەری بە سەر بنجۆکانەوە نەبێ، ئەوا تەنیا لە دوو حاڵەتدا لێت دەڕوانێ: یان بە رێکەوت، یان ئەوەی بە جۆرێک سەرنجیت راکێشابێ. لە غەیری ئەمەدا مینە دەتوانێ بە ناو سەدان و هەزاران کەسدا تێپەڕی بە بێ ئەوەی لە یەکیان بڕوانێ. دەڵێن کاتێ خێری پێدەکەن، تەنیا پووڵەکە بە گیرفانە هەراو و دڕاوەکانیدا دەکەن، یان دڵقە پڕ لە تەماتە و خەیار و میوە و... دەکەن بە پەنجەکانیدا و ئەویش بە بێ ئەوەی لێیان بڕوانێ، تەنیا بە گوێرەی عادەتێکی کۆن وەریاندەگرێ و، وەک هەمیشە تێدەپەڕێ.

هەڵبەتە هەنووکە وەک ئەو ساڵانە نەماوە. ناو بنجۆکان بە کەمی ئاویان پیادەڕوا. هۆکارەکەی دوو شتە: یەکەم وەک ساڵان نابارێ و دووهەم کانیاوەکانی دەورووبەری شاریان گرتووە و ناهێڵن هەروا لە خۆوە ئاوەکەی بڕوات. بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی مینە واز لە گەڕانی بنجۆکان بێنێ. ئاو هەبێ و نەبێ، ئەو رێگای کۆنی خۆی بەرنادا. عادەتی پێگرتووە. جگە لەمە بنجۆکان وەهان، هەمیشە شتیان تیا دەستدەکەوێ. ئەزموونێکی کۆن پێی دەڵێ ئێرە یەکێک لە شوێنە فەرامۆشکراوەکانە. راستە وەک ساڵان شتیان تیا پەیدانابێ بەڵام بەشی ئەوەندەیان تیا ماوە. جگە لەمە ئیستا مینە، قاپوڕە فیشەک و بگرە خودی فیشەکەکانیش دەدۆزێتەوە. قاپوڕەکان کە لە مسن، کۆیان دەکاتەوە و دەیانفرۆشێ و، بەڵام ئەوەندە وشیاریشە گوللەکان پیشانی کەس نەدا! ئەوانیش لە هەمان ژوور، بەڵام لە سندوقێکدا رادەگرێ.

لای من مینەی بنجۆگەڕ نیشانە و سیمبولێکی گرینگی بەردەوامبوونی رابردوو و وەستانی زەمەنە. بە تاقی تەنیا مێژووی راگرتووە و پێت دەڵێ کە نا وەهایش نیە هەموو شتێک لە گۆڕانێکی ئەزەلی و ئەبەدیدایە. لە گەڵ ئەوەی من بە پێی عادەتێکی کۆن کە لە خوێندنەوەی کتێبەکانەوە دێت، حەزم لە تێپەڕینی کات و خێرایی رووداوەکانە (لەبەر ئەوەی چاوەڕوانی شتێکی عەجایەب لە داهاتوودا دەکەم!)، بەڵام کاتێک مینە دەبینم دڵم دەگەشێتەوە. شتێک لەودا هەیە کە پێم دەڵێ رابردوویش خۆی لە خۆیدا شتێکە و شتێک بوو! ئەوسا هەستدەکەم زەمەن بوونەوەرێکی یەکجار بێ رەحم و بێ بەزەییە. سەروەختێک کە بە هیچ جۆرێک هەستی پێ ناکەین و نازانین چییە، بەڵام دوواتر وەها تۆڵەی ئەم گوێنەدانەمان لێ دەکاتەوە کە قەت لە ژێری دەرباز نابین. رێک وەک خانوویەکی چەند قات کە بوومەلەرزە لێی دابێ و تۆ زیندوو زیندوو لە ژێریا مابیتەوە و هیچ رێگایەکی دەربازبوونیشت لێی نیە. نیگایەک هەتا قووڵاییەکان پەرۆش و، هەناسەیەک هەتا دوواقورسایی خۆی سوار.

دایکم جاری وایە داوام لێدەکا چێشتی بۆ بەرمە ماڵەوە. بەڵام هەتا بەیانی لە دەرگاکەی بدەی، نایکاتەوە! وەک بڵێی نازانێ لە دەرگادان و دەرگاکردنەوە چییە، بەڵام چێشتەکەی بۆ لەبەر دەرگاکە دابنێ، بۆ خۆی دوواتر هەڵیدەگرێ و هەر لەوێیش دوواتر شتەکان دادەنێتەوە. دایکم لای وایە خوا خەڵکی هەژاری خوڵقاندووە بۆ ئەوەی بیری بەزەیی و رەحممان بخەنەوە، هەروەها بیری ئەوەی چاو بۆ بینینی ئەوانی تریشە. لای ئەو گەر ئەم جۆرە خەڵکە نەبن، ئەوا بەزەیی بۆ هەمیشە بارگەوبنە دەپێچێتەوەو مرۆڤەکان جێ دێڵێ. 

تەنیا کەسێک لە ماڵی ئێمەدا کاتێک قسە لەسەر مینەی بنجۆگەڕ دەکرێ و، یان خۆی لێ نەبان دەکا یان بە قێز و رقەوە لەسەری دەدوێ،... باوکمە. ئەوەندەی منیش بزانم هەمووی بۆ ئەو رۆژە دەگەڕێتەوە وا شا هات. پوورم سەر لە باوکم بادەدا و دەڵێ ئاوا بڕوات ئەویش عەوداڵی بنجۆ وشکەکانی ناو شار دەبێ!

من جاری وایە کاتێک بە شەقامی شاردا دادەگەڕێم، لاسایی مینە دەکەمەوە و لە جۆگەلەکان ورد دەبمەوە. چەند سەرنجڕاکیشە! بیردەکەمەوە کەواتە هەر بۆ دۆزینەوەی شت نیە، بەڵکو جۆریکیشە لە خۆ سەرگەرمکردن. لەبەر ئەوەی نەکا منیش عادەتی پێ بگرم، خۆمیان لێ دووردەخەمەوە. جارێکیان بە رێکەوت چاوم بە چەن تمەنێک دەکەوێ، بەڵام رووم نیە هەڵیان بگرمەوە. هەنگاوەکان ئارام دەکەمەوە و چاویان تێدەبڕم. چاوێک بە دەورووبەرمدا دەگێڕم نا، خەڵکی لێیە. رەنگە بتوانم شەو بگەڕێمەوە. بەڵام هەر ئەوەندەی دووردەکەومەوە، چیتر حەزەکەم تیانامێنێ. پێکەنینم بە خۆم دێت. دووکاندارێک کە لەم کاتەدا نیگای لەسەرمە، بزەیەکی دێتێ. دڵنیام لای وایە یان شێتم، یان ئەوەندەم نەماوە شێت بم.

مینە کە بە کۆڵانەکانیشدا دەڕوا، هەر وایە. ئەو بێ زەوی ناژی. دەڵێن تەنیا کەسێکە بە شەویشدا بە بەردەم چرا بەهێزەکانی بنکەکەی گەڕەکەکەماندا دەڕوا و چاو لە بنجۆکان دەکا و گەر شتێک سەرنجی رابکێشێ، دادەمووکێتەوە و هەڵیدەگرێتەوە. تا ئیستا تەنانەت بۆ یەک جاریش  بێت، دەنگیان نەداوە! مینە لە حەوت دەوڵەت ئازادە و باوکیشم دەڵێ کەسی وەها خائینە و بەدڵنیاییەوە کۆنتڕۆڵی دەکەن.

رۆژێک لە کۆڵانەکە ئێمە پیاوێکی سەر بە دەوڵەتیان کوشت. ئەوەندەی پێ نەچوو داروبەر پڕ بوو لەو چەکدارە تووڕە و لە هەموو شت دڕدۆنگانەی کە کەوتنە پشکنینی هەموو شوێنێک. خانوویان تیا نەبوارد. بە بێ ئیزن خۆیان بە ژوورەوەدا دەکرد و سەریان بە هەموو کون و کەلەبەرێکدا دەگێڕا. جێ پۆستاڵەکان لە زۆر شوێن لە دووای رۆیشتنیشیان، مانەوە. لە ماڵی ئێمە هیچیان دەستنەکەوت، بەڵام لە پێنج خانوو بەرەو خوارتر پیاوێکیان پێش خۆیان دا و بە ترۆمبیلێکی بەڵەک گواستیانەوە و، لە ماڵە بێ نازەکەی مینەی بنجۆگەڕیش بە دۆزینەوەی سندووقی فیشەکەکان ئەویشیان بە شەق لەگەڵ خۆیان برد.

مینە ماوەیەکی زۆر لە بنکەکەی گەڕەکی ئێمە یاخود لە یەکێک لەو دەیان بنکەی لە شاردا دەست دەکەوتن، مایەوە و کاتێک ئازادیان کرد زستان هاتبوو و توێژاڵێکی ئەستووری بەفر دونیای داپۆشیبوو. دەڵێن لەگەڵ ئەوەی خێرخوازەکان لە بەیندا بوون، بەڵام هەر باوەڕیان پێ نەکردبوون. گوتبوویان ئاخر پیاوی شێت چۆن دەزانێ فیشەک لە قاپووڕی فیشەک جیابکاتەوە و لە سندووقێکی تایبەتی بهاوێ! یەکیان گوتبووی قوربان ئەو هەموو ئەو شتانەی وا کۆیان دەکاتەوە لە یەکتر جیایاندەکاتەوە و تێکەڵیان ناکا. دیارە ئەو ئەمە قسەیەی کردبوو بە بێ ئەوەی بۆ یەک جاریش ناو خانووەکەی مینەی بینیبێ!

مینەی بنجۆگەڕ ماوەیەکی چاک لە ماڵەکەیدا مایەوە و نەهاتە دەرەوە. بەڵام فەرامۆشکردنی عادەتی کۆن دژوارە،... تەنیا ئەوەندەی نەبێ ئەمجارە چاوی لە بنجۆی بەر بنکە سەربازییەکان نەدەکرد و تەنانەت گەر شتێکیشی بدۆزیایەوە قەت بۆ هەڵگرتنەوەی نەوی نەدەبووەوە.

بەم شێوەیە گەڕانی بەشێک لە جۆگەلەکانی شار قەدەغە کران.

 

بە بەشە میراتەکەی خۆی، مامە وردەواڵە دەستێکی بە ماڵەکەیدا هێنا. بانەکەی گۆڕی و کردی بە قیرەتاو، پەنجەرە دارینە کۆن و داڕزاوەکانی گۆڕی و کردنی بە پەنجەرەی ئاسن و رەنگی شینی تۆخی لێدان. پلیکانەکانیشی کردە سمیت. هەروەها گەچکارییەکی باشی ژوورەکانی کرد و تەڕاوێکی چاکیشی دان. لەو بەشە پارەیەی مابووی، فەرشێکی باشیشی کڕی و لە ژووری میوانی دانا. ژنەکەی کە یەکجار بەم گۆڕانکارییانە دڵخۆش بوو، هەزار و یەک رەحمەتی بۆ گۆڕی باوەگەورە نارد و دەیگوت ئینشاڵڵا خوای تەبارەک تەعالا لێی خۆش بێت! من هەر چی بیرم دەکردەوە نەمدەزانی دەبێ باوەگەورەی بەستەزمانی من لە ژیانیدا چی کردبێ وا دەبێ خوا لێی خۆش بێت! هەر چۆنێک لێکی دەدەمەوە، دەبینم ئەو زۆربەی کاتەکانی ژیانی بە دڵتەنگی و بە ئەشکەنجە ژیا،... بەشێکی بەرچاوی تەمەنی ژنی نەبوو، بێکاربوو و ئەسپێ لە گیرفانیا سەوزەڵێی دەگوت، لەگەڵ کوڕەکانی (جگە لە باوکم) نێوانی زۆر خۆش نەبوو و... ئەها هاتەوە بیرم، تەنیا یەک شت، ئەشەدوبیللا تەنیا شتێک کە هەیبوو تووڕەییەکانی بوو؛ بەڵام بڕواناکەم خوا لە سەر تووڕەیی لە کەس خۆش نەبێت. ئاخر نەک ئەوەی هەڵچوون هۆکاری هەیە و ژیانی باوەگەورەیش تەژی بوو لەم جۆرە هۆکارانە! تازە ئەگەر ژیان چارەنووسێکە لە دووا لێکدانەوەدا ئەوە خوایە بڕیاری لەسەردەدا و عەبد هیچکارەیە، دەی بە خوا کەس لە باوەگەورەی من بەستەزمانتر و گوناحتر لە ژیاندا دەست نەدەکەوت. ئەگەر بەشێک لەو میراتە بەر من بکەوتایە ئەوا بێگومان دەچووم باڵندەیەکی یەخسیری ناو قەفەسێکم دەکڕی کە پیاوێکی تەمەن مامناوەندی لە فەلەکەی ناوەڕاستی شار بەهاران دەیانفرۆشێ و، بۆ شادیی رۆحی باوەگەورە ئازادم دەکرد تا وەک جاری جاران بە کەیفی خۆی بە ئاسمانی شیندا بفڕێ. ئەوەیکە دوواتریش چی لێ بەسەردێتەوە، داخۆ دەیگرنەوە یان دەبێ بە پارووی واشە یان پشیلەیەکی نەوسن، ئیتر ئەوە تاوانی من نیە. شتێک لە دەروونمەوە پێم دەڵێ باوەگەورە لە شوێنێکەوە، رەنگە لە چاوەکانی منەوە، ئاگای لەم رووداوە خۆشە دەبێ و پڕ بە دەروونی رۆحی دەکرێتەوە و بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا بە دڵی خۆی پێدەکەنێ.

راستی، باوەگەورە قەت لە ژیانیدا پێکەنیبوو؟ هەوڵدەدەم بە بیرەوەرییەکانمدا شۆڕ ببمەوە،... بەڵام ناگەمە هیچ شوێنێک. دڵنیام پێکەنینیشی هەبووە، بەڵام تووڕەییەکان دیمەنەکە لێڵ دەکەن و دەیشارنەوە. بزەیەکم دێتێ. بە خۆم دەڵێم تازە کەچی! ئەوسا رۆژێکم دێتەوە بیر کە گونی یەکێک لە براکانم کە تەمەنی ساڵێک دەبوو، رەق ببوو و باوەگەورە دەنگی دایکمی دا و ئەوسا بە دەمییەوە بزەیەک گرتی.

بە رای من جوانترین پێکەنین یاخود بزەی دونیا، هی مرۆڤە تووڕەکانە.

مامە جوێنفرۆش، بەڵام بە پارەی میراتەکەی شتێکی تری کرد. رەنگە لاتان سەیرنەبێت گەر بڵێم ژنی هێنا. راستییەکەی ئەوە بوو دوواساڵی ئەو دە ساڵەی من خەوتبووم، حەبێی ژنی بەتووش نەخۆشیی پووکانەوەی ئێسقانەوە ببوو و کەمکەم لە جێگادا کەوتبوو و پوورم گوتەنی ئەو شیتەشیتەی جارانی نەمابوو. لەگەڵ تێپەڕینی ساڵەکان هەتا دەهات جوولەی ئارامتر دەبووەوە، وەها کە لە کۆتاییەکانی ژیانیدا بە دەست ئەم دیواودیویان دەکرد و هەروەها خواردنیشیان بە دەمەوە دەکرد. مامە سەرئەنجام لە دووای ماوەیەک دیان بەخۆداگرتن، لە مەلای گەڕەکی پرسی و ئەویش گوتبووی کە عوزری شەرعی هەیە و لەبەر ئەوەی هیشتا جحێڵ و بە دەستوبرد و بە گوڕە، دەتوانێ ژنی تر بێنێتەوە. مامە کە لە دەروونییەوە حەزی دەکرد ئەو ساڵانە بایە وەها کە بیتوانیایە سەلمێی رۆح و گیانی بێنێ، بەناچار کەوتە پرسیار و چاوگێڕان و سەرئەنجام لە گەڕەکێکی قەراخ شار بێوەژنێکی لادێی بینیوەوە و، هێنای. ژنە کە تەنیا ساڵێک دەبوو بێوەژن بوو و چوار منداڵی لە مێردەکەی پێشووی هەبوو، بە بێدەنگی گواسترایەوە و بەم شێوەیە ژیانی تازەی خۆی دەست پێکرد. ئامۆژنە سوعدا کە لانیکەم بیست و پێنج ساڵ لە مامە رەحمان بچووکتر بوو، لە خۆشیی ئەوەی شووی بە پیاوێکی شاری کردبوو، پیاوێک کە خانووەکەی رێک لە ناوەڕاستی شاردا بوو، وەها دەستی بە ژیانی نوێی خۆیەوە گرت و وەها بە دەوری مامە جوێنفرۆشدا دەهات کە نموونەی کەمتر دەستدەکەوت. مامە بەم ژنەی یەکجار دڵخۆش بوو و تەنیا حەیفی ئەوەی دەخوارد وەک سەلمێ تۆکمە نەبوو. بەڵام شتی دیکەی هەبوو کە پێی دڵخۆش بێت: یەکەم گەنجبوونەکەی و دووهەم سەروسینگی گەورە و خروخۆڵی کە لە ژێر کراسە ناسکە کوردییەکەیەوە یەکجار سەرنجڕاکێش دەیاننواند. لووس و سپی وەک گڕکەی داتاشراو!

حەبێی داماو کە هەوێی بەسەردا هاتبوو، لە بێدەنگی و لە بێ هێزیی جەستەی نەگبەتی خۆی، وەک کەسێک لە سینەما دانیشتبێ و پارەی داوە بۆ ئەوەی فیلمەکەی بەرانبەری ببینێ، سڕ لەو فیلمە راستەقینەیەی دەڕوانی وا بەڵێن بوو لە جیاتی دوو سەعات، تا دوواساتەکانی تەمەنی لەبەر چاوەکانیدا بێ و بڕوا. مامە کە یەکجار میهرەبان ببوو، جاری وابوو دەهات و دەستێکی بە سەر سەری ژنە کۆنەکەیدا دەهێنا و دەیگوت "دەی حەبێ گیان هیچی ترت ناوێ، ها؟... دەی بەقوربان پێم بڵێ!" ئامۆژنە حەبێیش بە چاوە واقوڕماوەکانی هەروا لە مێردە بێ وەفا و نەگبەتەکەی دەڕوانی و، ئارام ئارام فرمێسکەکان بە لاچاوەکانیدا شۆڕ دەبوونەوە و سەرینەکەیان تەڕدەکرد.

هەڵبەت ژیان ئەوەندەیش رەق و پڕ لە نەهامەتی نەبوو. ئامۆژنە سوعدا بوو هەتا مردنی ئامۆژنە حەبێ، بوو بە نزیکترین هاوڕێ و نزیکترین کەس و بەجوانی هەتا گیانی سپارد، خزمەتی کرد. دایکم دەڵێ "ئەیچۆن وەهایە، خوا لە شوێنێک دەیستێنێ و لە شوێنێکی تر دەیداتەوە!"

ئەو رۆژەیش حەبێ مرد، زیاتر لە هەر کەسێکی تر ئامۆژنە سوعدا گریا، تەنانەت لە منداڵەکانی مامیشم زیاتر. بە گۆشەی دەسماڵەکەی سەر سەری، فرمێسک و ئاوی لووتی دەسڕێ و چاوی لە سەر عەرزەکەی بەردەمی هەڵنەدەگرت. مامە جوێنفرۆش بەم دیمەنە زیاتر لە مەرگی ژنەکەی شڵەژا و لەبەر خۆیەوە بە خۆی گوت "هیچ شتێک لە دونیادا بەقەدەر دڵ و دەروونی جوان و بەڕەحم سەرنجڕاکێش نیە." پاش چەند چرکەیەک درێژەی دابوویە و، گوتبووی "ئەو شتەی من نیمە و قەتیش نایگەمی!"

بەڵام لە میراتەکە بڕێکی مابووەوە. سوعدا چونکە بە بێوەژنی شووی کردبوو و خەڵکی دێهات بوو، زۆر گران لەسەر مامە نەکەوتبوو. مامە ئەمەی خستە تەنیشت ئەو بڕە پارەی وا لە ماڵەوە لە سندووقێکی گەورەدا داینابوو و، ئیستاکە کلیلەکەی بەدەست سوعداوە بوو. بە ژنەکەی گوت ئەمە بۆ رۆژی پیری! بەم قسەیە سوعدا هاتەوە بیری گەر بە گوێرەی تەمەن بێت، ئەوا لە راستیدا ئەوە دەگەرێتەوە سەر ئەم سندووقە. بەم بیرە دڵی تەنگ بوو و لەبەر خۆیەوە گوتی "خوایە بە کوفری نەنووسی!"

لە دەرەوە ژیان درێژەی هەبوو. من وەک جارام سەردانی کتێبخانەکەم دەکرد و بەردەوام چاوم لەو ژوورە دەبڕی کە کتێبە قەدەغەکانیان لە دووای شۆڕشەوە لەوێ کردبوو. ئەو کتێبانەی هەڵڕژیاگ، ناڕێک و پێک لەسەر یەک هەڵچنرابوون و مەعلوم نەبوو بۆچی رایاننەدەگواستن.

نازانم بۆ، بەڵام بەرەبەرە حەزی خوێندنەوەی کتێبە مێژووییەکان دایگرتم و، رووم کردە شەڕی دووی جیهان. خوێندنەوەی بەڕاستی سەرنجڕاکێش بوو لام. یەکێک لەو شتانەی لێیەوە فێربووم ئەوە بوو کە گرێ دەروونییەکان جۆراوجۆرن و یەک لەوان دەتوانێ گرێیەکی دەروونی بێت بە ناوی 'گرێی دەروونیی مێژوویی'. گرێی دەروونیی مێژوویی وەها نیە لە تاک یان چەند تاکێکدا دەستکەوێ، بەڵکو دەتوانێ لە رۆحی زۆرینەی گەلێکدا هەبێ و جۆری هەڵسوکەوتی لە قۆناغێکی درێژی مێژووییدا دیاری بکا. ئاڵمان وەها بوو. لە دووای شکستهێنانی لە شەڕی یەکەم و پەیماننامەی ڤێرسای لە ساڵی ١٩١٩، نەوعێک لە هەست بە سەرشۆڕیکردن و تووڕەیی لە ئاست ئەم رووداوە تیایاندا سەرهەڵدەدا کە یەکێک لە پاڵنەرەکانی سەرهەڵدانی فاشیزم و پشتیوانی خەڵکی بووە لێیان. تێگەیشتم گرێی دەروونیی گشتی ئەوەندە مەترسیدارە کە دەتوانێ کارەساتی گەورەی لە ئاست جیهاندا لێ بکەوێتەوە.

لە دەورووبەرم دەڕوانم. هەوڵدەدەم ئەمە بەو شوێنەوەی ببەستمەوە وا منی تیا دەژیم. داخۆ شتێکی وا بوونی هەیە؟ ئەگەر هەبێ بێگومان لە زۆربەی کەسەکاندا رەنگدەداتەوە. لە ماڵی خۆمان و لە مامەکان و هەموو ئەو کەسانە بیردەکەمەوە وا دەیانناسم. لەگەڵ ئەوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر رووداوێکی گەورە روویدابوو، بەڵام هەست بە هیچ گرێیەکی مێژوویی ناکەم. هەموومان زۆر بە شێوەیەکی ئاسایی خەریکی ژیانی رۆژانەین و خەریکین شەو و رۆژەکان تێدەپەڕێنین. لەگەڵ کاسبی کردن، لە دەروونی خۆماندا چاوەڕوانی ئەوەین گەورەکانمان بمرن و میراتی خۆمان بەربکەوێ و ئیتر تەواو. چاوەڕوانییەک کە دەرینابڕین و بەڵام هەیە. مەگەر نەک ئەوەی سەرئەنجام هەموومان رۆژێک لە رۆژان دەمرین، جا تا زووتر باشتر، بەتایبەت گەر تەمەن لە ئاستێک لابدا و ئیتر شتەکان تامی جارانیان نەمێنێ. لەبەر خۆمەوە بە خۆم دەڵێم ئەو نیشتمانەی خاوەن گرێی مێژوویی نەبێ نابێ بە هیچ،... وەها وڵاتێک قەت رووبەری مێژوو داگیرناکا. ئەوسا بیر لە دەیان میلیۆن کوژراو دەکەمەوە. هەنگاوەکانم شل دەبنەوە. داخۆ گرێ مێژووییەکان ئەمە دەهێنن؟

شەوانە تیشکی گڵۆپە بەهێزەکانی بنکە سەربازییەکە دەگاتە ماڵی ئێمەو، حەوشەکە رووناک دەکاتەوە. لە حەوشەکە، سووچەکان وا تیشکیان بەرناکەوێ لە هەمیشە تاریکتر دەنوێنن. دەڵێن لە کاتی هێرشەکاندا کاتێک نوورئەفکەنەکان بە ئاسماندا دەکەن، هێرشبەرەکان هەوڵدەدەن خۆیان لە بن سێبەرەکاندا حەشاربدەن. دیارە گەر سێبەرێک دەستکەوێ.

من چەند جوان هەست بەم ساڵانە دەکەم. لەگەڵ سات بە ساتیاندام. ساڵەکانی تەمەنی خۆم. ئەو ساڵانەی هەم هی منن و هەم هی ئەوانی تر. پوورم لای وایە هیچ شتێک بە قەدەر کتێبە مێژووییەکان مرۆڤ سەبارەت بە داهاتوو دڵ رەش ناکەن. کتێبە مێژووییەکان دەتوانن ژیان و مرۆڤت لەبەر چاو بخەن.

درێژەی هەیە....