چیرۆک

''لالان'' لەسەر کوێرەڕێیەکی مێخاژن

غەفوور ساڵحی

ئاسمان ساماڵ ساماڵ و ڕۆشنایی و تینی خۆر، هەردەهات و تیژتر دەبوو. پێم خۆش نەبوو لالان لێرە بمبینێت؛ ئەویش لەم دۆخەدا. ماشێنەکەم دایە قەراغ. خۆر، تەواو هەڵنەکشابوو. سێبەری درەختەکانی پێڕەوگە بەسەر جادە سەنگچنەدا وەک فەڕشێک، درێژ و پان و پۆڕ ڕاخرابوو. گوتم ئەمە هەلێکی باشە بۆ ئەوەی بزانم بۆ لالان لەم دوواییانەدا نیگەران و پەرۆش دەردەکەوێت.

 

''لالان'' لەسەر کوێرەڕێیەکی مێخاژن

غەفوور ساڵحی

بۆ بیستنی چیرۆکەکە بە دەنگی نوسەر ئێرە کلیک بکە

بۆخۆت بۆت گێڕامەوە. گوتت ڕێگەیەکی زۆرم بڕیبوو، هەر بەتەنیا نا، لەگەڵ ''ناسر''. هەرکتان هیلاک و برسی. برسیایەتی تەوژمی تینوەتیشی بردبوونە سەر و لێوەکانتان وشک و شەقاڕشەقاڕ. نەتاندەوێرا ئاو وەخۆن. ناسر بۆتی گێڕابۆوە: «باوکم پێی گوتووم، ڕۆڵە ئەو کارەی تۆ بۆی دەچی، کاری ئینسان نییە، تکات لێ دەکەم مەچۆ! من لەو تەنگەی بەدەستتەوەیە ترساوم ڕۆڵە! زەختی ئەو تەنگە دەزانم چت بەسەر دێنێ! کاتی خۆی، ئەو تەنگە لە چەپ و ڕاستەوە پەراسووەکانی منی تێکقوپاند و هەناسەی بڕیم. ئاخر تەنگەو قەیاسەو بۆ بنیادەم؟! ئەوەش دەزانم کە لەو ڕێگە چەتوونەدا، بێ تەنگەو قەیاسە، بارت بە پشتەوە بەند نابێ! کەواتە مەچۆ ڕۆڵە مەچۆ!"

- ئەی بابە کە وایە تۆ بۆ دەچوویت؟

- من ناچاربووم ڕۆڵە، ناچار! ئەزانی ناچاری یانی چی؟!

- دەی بۆ من ناچار نیم بابە؟!

- حەیفێ تۆش وەک خۆم کەللە ڕەق دەرچوویت. من دەڵێم بەقسەم بکەو مەچۆ. بەم شێوە قسەکردنەت وادیارە بەقسەم ناکەیت. من دەڵێم مەچۆ، بەڵام کە هەر دەچی، تکایە ئاگات لە خۆ بێ.

- وەک تۆ؟ بۆ بابە تۆ توانیت ئاگات لە خۆت بێ؟!

- ئاهااا ! کار بە تووڕەیی چاک نابێ کوڕم. تۆ تووڕەی بەڵام ئەو گایەی کە دەتهەوێ سواری بیت، لە تۆ تووڕەترە. من بێ ئەزموون بووم، بەڵام ئێستا دەزانم ئەو کوێرەڕێیە مێخاژنە هەر کوژرانی لەبەر نییە. کۆژران تەنها یەک لەو خەتەرانەیە کە دەتبات بەرەو نەمان.

- بابە گیان، ئەوڕۆ قسەی سەیرت لێ دەبیستم، دەی کۆژران هەر کوژرانە ئیدی!

- ناڵێم لێم حاڵی نیت ڕۆڵە! خۆ ناسر گیان، من دەزانم لەگەڵ کێ دەچیت. تۆ بێ ''کامەران'' ناکەویتە سەر ئەو ڕێگایە. ڕۆڵە گیان، ئێوە هێشتاش هەر بە منداڵ حیساب دەکرێن. بێ ئەزموون و کرچ و کاڵ. ئێوە نابێ بچنە پێشوازی مردن. هۆکارەکانی مردن زۆرن و ئێوە دەبێ خۆی لێ لادەن و خۆتانی لێ بپارێزن. دەزانم کە ئەو کوێرەڕێیانە بە گشت هۆکار و ئامرازەکانی مەرگ، مێخاژن کراون. بەڵام ئێمەومانان، هەر باسی کوژران کرا، بیری گوللە دەکەینەوە. کوژران، گوللە. کوژران، گوللە. ڕۆڵە، بەر گوللە کەوتن، تەنها یەک هۆکارە بۆ مردن. لەو ڕێگایەدا، هەیە ڕەق دەبێتەوە، هەیە بەر لافاوی کوتووپڕ دەکەوێ، هەیە دەخنکێ، هەیە لە شاخ بەردەبێتەوەو... هەشە شانسی دێتێ و خوا دەیپارێزێت و هیچی ئەوانەی نایەتە سەر ڕێ. وەلێکانێ بۆخۆی، بە بێ ئەزموونیی، بەدەستی خۆی، خۆی دەخاتە مەترسی نەخۆشین و تانانەت مردن و نەمانەوە.

- وەکوو؟

- وەکوو حاڵەتی تینوایەتی کە بە درێژایی ئەو ڕێگایەی بۆی دەچن، هەر لەگەڵتان دەبێت. ڕۆڵە ئەوێ وەک ماڵەوە نییە. لەوێ نابێ هەر تینووت بوو، بتڵە ئاوەکە بە سەرەوە نێیت. بە تایبەت لە کاتی هیلاکیدا. ئاو کردنە ناو قوڕگ و زار و دەروونی وشک و داخەوە، وەک ئەوە وایە ئاو بەسەر پشکۆی سووردا بڕێژیت. لەو کاتانەدا دەبێ وچانێک بدەیت و کە پشوێکت هاتێ، ئەوسا تینوێتیت بشکێنی...»

***

     لە ژێر سێبەری داربەڕوێکی پیر و بەساڵاچوو، کۆڵتان خست و چاتان ساز کرد، تۆ و ناسر. گوتت من و ئەو، لەوانیدی دابڕابووین. هەموو شتەکانت بۆخۆت بۆ گێڕامەوە:

دانیشتی و هەر بنت نایە سەر عەرز، ویستت ئاو وەخۆی، ناسر نەیهێشت. ناسر بتڵە ئاوەکەی لەدەست سەندی و گوتی: «مەکە کاکە مەکە! ئاوا نابێ! باوکم گوتی لە هیلاکیدا نابێ ئاو وەخورێت. دەی خۆ تۆش، بە تۆزێک سەبرکردن نامری. وچانێک بەو، هەندێک وەحەسێ، ئەوجار.» تۆش بە قسەت کرد. وچانتان دا. چا و نان خوراو دوای پشوودانێک هەستانەوە سەرپێ. کۆڵەکانتان نایەوە سەر پشت. تەنگەتان توند کرد و ویستتان ڕێکەون.

     نازانم داخۆ ڕێکەوتبوون یان نا. ڕووداوەکەت بۆ من گێڕایەوە و بۆخۆت ون و وار بوویت. نازانم بۆ کوێ چوویت. لەپڕ ون و بێقوڵاغ بویت. ئەم ڕۆشتنەت، ئاخری خێر بێت. ئەگینا ئەگەر نەڕۆشتیتایە و ئێستا لێرە بویتایە، جارێکیدی ڕووداوەکانم، سەرلەنوێ پێدەگێڕایتەوە. بۆیە دەڵێم حەیف نازانم داخۆ ڕێکەوتبوون یان نا. هەڵبەت پێموانییە ئەو خاڵە هێند گرنگ بێت، کە من لە نووسین بوەستێنێت. دەزانم کە ناتوانم لەوە زیاتریش بێدەنگ بم و ماتڵی هاتنەوەی تۆ بم. دەبێ بنووسم، ئەویش بێ تۆ. هاتیتەوە خەتام مەگرە. ئیدی ئەوە خەتای خۆتە، کە هەر ویستم بەسەرهاتی تۆ و ناسر و لالان بنووسم، بێ خەبەر ڕۆشتیت و بێسەروشوێن بوویت. خۆت لە من شاردەوە و قورسیایی کۆڵی چیرۆکەکانت بۆ من جێهێشت. ئێستا ئیتر ناتوانم لەوە زیاترچاوەڕوانیدا بمێنم. بەتایبەت لەو کاتەوە لالانم لەو هەلومەرجەدا دیتووە. ئاخر، ڕەنگە ئەم چیرۆکە قەت نەنووسرایە، ئەگەر لالانم بەو حاڵە نەدیبایە.

    لە بەر گلەیی و گازندە لە دیار نامانی تۆ، خەریک بوو لە باسەکە دوور وەکەوم. گەیشتمە کوێ؟ ئاها! گەێشتمە ئەو جێگایەی کە: ویستتان ڕێکەون. بەڵام نەیانهێشت. نەیانهێشت؟ نا، نا! خۆ لەوێ کەسی لێ نەبوو ڕێگرتان بێ. کەس لەو محاڵەدا دیار نەبوو. بەڵام خۆ دووربینی قەناسەی ناکەس، دوور و نزیکی ناناسێ. ئێوەش بێخەبەر بوون کە لە دوورەوە، زۆۆۆر لە دووروە، چاو لەسەرتانەو و قامک لە سەر ماشە. هەنگاوێکتان نەبوو بە دوو، کوتووپڕ دەنگێک ڕایچڵەکاندی. هەر تۆ گوێت لێ بوو. ناسر فریا نەکەوت گوێی لەو دەنگە بێ. ئاخر پێکان و نەمانی ناسر هاوکات بوون. تۆ هاوکات گوێت لە دەنگی تەقەیەک و قرخەیەک بوو. قرخەی ناسر. ئا ئا، ناسر بەرکەوتبوو. قرخەیەکی چرکەساتی، تەنها مەودای نێوان پێکان و نەمانی ناسر بوو.

     ئاوڕت دایەوە، مات و وڕ و کاس و حەپەساو. نەتدەزانی چبکەیت. ویستت بقیژێنی و هاوار بکەیت، بەڵام دەنگت بۆ دەرنەهات. هەناسەکانی تۆش لە گەڵ دواهەناسەی ناسر کە دەمەوڕوو کەوتبوو، قەتیس مابوون. خوێن لە پشتەسەری ناسرەوە فیچقەی دەکرد. تەنگەی خۆت پچڕی، کۆڵت فڕێداو لەسەر سنگ خۆت گەیاندێ. دانەوییە سەر جەستەی ناسر. کۆڵە قورسەکەی ناسر، بەسەر پشت و شانوملیدا کەوتبوو و بەشی سەرووی جەستەی ژێرخۆی نابوو. شریتی کۆڵی ئەویشت پچڕی. وەرتگێڕاو، خستتە سەر پشت. خاڵێکی سووربرژاوی سەر تەوێڵی پێیگوتی، کە ڕێک خاڵی ناوەندی ناوچاوانیان پێکاوە. دەتگوت لە دوورەوە ڕێک نێوچاوانی ئەویان کردۆتە نیشانە. دەسبەجێ زانیت کە نەماوە. سەرت نایە سەر سنگی، بەڵکۆ ئێی، بزوەیەک، هەناسەیەک. بەڵام هەیهات، لەو ناوە تەنها هەناسەی تۆی لێ بوو، ئەویش هەناسەیەکی سوار. بە کوڵی گریانەوە، ناوچاوانی خوێناوی ناسرت ماچ کرد. فرمێسکەکانت تێکەڵ بە خوێن و لیتەی سەر تەوێڵی ناسر بوون. کار لە کار ترازابوو، هیچت بۆ نەدەکرا.

     ئەی بۆ تەقە تەواو بوو؟ ئەی بۆ ئەتۆش ناپێکن؟ پێتخۆش بوو تۆش بەرکەوی، بەڵام فریا نەکەوتی خەیاڵت بڕوات، کە بە دووهەم تەققە، ڕایانچڵەکاندی. ئەمجاریش زۆر نزیکیان پێکا. فیشەکێک بەر بارەکەت کەوتبوو. بەری سەروو و بەرزایی و سەر تۆپی بارەکەیان پێکابوو. ئەوەی لەوانەوە دیاربوو. بەدەم قوڵپی گریانەوە نووزاندت: «کە من کوژرام ئەم خەبەرە کێ ڕایگوێزێت؟ نا نا! نابێ تەرمی هەردووکمان لێرە بگەنێ و ببێتە خۆراکی قەل و داڵ و دڕندەکان. دەبێ هەستمەوە. بە وشەی هەستمەوە، موچڕکێک دایگرتی. هەستمەوە؟! نا نا! هەر کە هەستاینەوە، ناسریان پێکا. شاڵڵا هەتاکوو شەو، لەو شوێنەدا لێی وەرکەوتینایەو بمانکردایە پشوو. هەزار جار حەیف! ئەگەر وا بووایە ئێستا ناسر مابوو...»

     دەمودەست جووڵایت. خولاوخول،کەوتیتە سەر سنگ و پشت و، تلاوتل و بە هەناسەبڕکێ خۆت گەیاندە پشت پیرە دارەکە. بە هەر هەناسەیەک قەفەزەی سینەت خەریک بوو لێک دەترازا. چەن خولەکێک لەوێ پشت بە پیرەدار، بێدەنگ و جووڵە مایتەوە. قوڕگ و زارێکی زبر و وشک. بتڵە ئاوەکەت چاوکرد، کە تەنها چەن هەنگاو لێت دوور بوو و، لە تەنیشت جەستەی ناسر کەوتبوو. گوتت: جاخۆ هەر هەستاینەوە، ناسر فریا هەنگاوێک نەکەوت. چاوت لە بتڵە ئاوەکە دزییەوە و وتت بێسوودە. لە حاڵێکدا کە تەوێڵ و دەم و چاوت بە دەمامکێکی لیتەیی، لە عارەقە و تۆز و خۆڵ و خوێن داپۆشرابوو، پشتت لە پیرەدار هەڵکەند و بە سنگە خشکێ و تلاوتل، لە نشێوی ئەودیو پیرەدارەکەوە، خشەخش، بەسەر پووش و دڕک و داڵدا داخزای...»

***

     باسی ''لالان''ی دوای نەمانی ناسرت بۆ کردم. گوتت لەو کاتەوە ناسر نەماوە، لالان بێکەسترین مرۆڤی ئەم سەرزەمینەیە. دوای ڕۆشتنت، سەردانی ئەو شوێنەم کرد کە لەوەپێش بۆت باس کردبووم. ئەو شوێنەی کە لالان لەوێ کاری دەکرد: ''چێشتخانەی کەمپی گەشتیارانی دەوڵەتی''. چ چێشتخانەیەک! کە دەروازە گەورە دوولۆنەکەی بەرووی کووچەدا دەکرایەوە، عەتر و بۆنێکی خۆش و سەیر و دڵخوازی بە کۆڵان و لاکۆڵانەکاندا، دەپڕژاند. هەر وەک پێت گوتم، ئەو کۆڵانە ڕێک لەسەر ڕێگای ماڵی لالان هەڵکەوتبوو. لەو چێشتخانەدا پێخۆر بۆ کاربەدەستی میوان و هۆردووە حوکوومییەکان ساز دەکرا. گوتت، بە لالانم گوتووە: «تۆ ئەم شوێنەت چۆن دیوەتەوە؟

- من نەمدیوەتەوە، ئەو منی دیوەتەوە.

- ئەو تۆی دیوەتەوە؟! چۆن؟!»

لالان ئاوا بۆتی گێڕابۆوە: «ڕێگەی ماڵم، لەو کۆڵانەوە تێدەپەڕێت. ڕۆژێک دڵقێک میوە بەدەستەوە، گەیشتمە حاست چێشتخانەکە. ئاشپەزێکی پیر، جگەرە بەدەست لەبەر دەرگا دانیشتبوو. پیاوێکی گەڕاوەی وەک خۆم. سەر ماش و برنجی بە ڕووپۆشێکی بۆرەقنەوە. هەستا، بەرەو من هات و تۆقەی لەگەڵ کردم و گوتی: دەکرێ هەندێک لام دانیشی؟

- بۆ کارت پێمە؟

- نا، نا، بێتاقەتم و پێمخۆشە تۆزێک لام دانیشیت، ناوم ''عەباس''ە.

     دانیشتم. باسی ژیانی خۆی بۆ کردم. بەوەی ژیانی زۆر لە هی من دەچوو سەرسام بووم. وەک من تاک و تەریک. لە منیش خراپتر. دوو کوڕی لە بەرەی شەڕدا کوژرابوون. خەڵکی خاڵێکی سەرسنوور بوو، لە ناوچەی ئەهواز. من ژن و کچێکم بۆ مابوو، ئەو ئەویشی بۆ نەمابوو. کاتی خۆی، کە بۆ خۆی لە بەرەی شەڕدا بووە، ماڵەکەی بەر بۆردومانی فرۆکەی عێراقی کەوتبوو و کەسی بۆ دەرنەچووبوو. ڕۆژێک عەباس پێی گوتم، من لە خوا ناچم؟! سەرسام بووم لە پرسیارەکەی و لێی ڕامام. پێکەنی و گوتی: بۆ وا سەیرم دەکەی! دەی مەگەر ناڵێن خودا تەنهایە و تاق و تەریک؟ منیش پێکەنیم. لەوە دوا زۆربەی ڕۆژ دەچوومە لای. ڕۆژێک پێمی گوت: تۆ وەک من نیت. من هەر خۆمم و کڵاوەکەم. بەڵام تۆ ئێستاش ژن و کچێکت بۆ ماوە. کچەکەت ئێستا لە زانستگەیەو خەرجیی هەیە. لالان، ئەرکی تۆ زۆر لە من قورسترە. پێی گوتم: بۆ نایەیتە لای من؟

- لای تۆ؟ دەی خۆ ئێستاش لای تۆم!

- نا نا ! مەبەستم ئەوەیە بۆ نایەیتە لای من کار بکەی؟

- کار؟!

- ئەرێ. بۆ کار عەیبە؟ خۆ من خێرت پێ ناکەم. تۆ کار دەکەیت و بەشی بژیوی ڕۆژانەشت دەست دەکەوێت. هەتا من لێرە بم، ئاگام لێتە.

پێشنیارەکەیم پێ خراپ نەبوو. لەو ڕۆژەوە لەوێ دەستم بە کار کرد.»

***

     بە ڕێکەوت، بە شۆستەی سەنگچنی بەرزایی بانەکۆندا هەڵدەگەڕام. بەیانییەکی زوو بوو. خۆرەتاو تازە لە شانی چەپی بابۆسەوە، دەرکەوتبوو. هەر گەیشتمە سەر ئەو پێچە تووندەی بەسەر نیوەی زۆری شاردا دەڕوانێ، لەدوورەوە چاوم کرد. من چەن جارێکیدیش لەوێ دیتبووم، بەڵام سرنجی کارەکانیم نەدابوو و تەنها ئەگەر چاوی بکردمایە، دەوەستام و دوای ئەحواڵ پرسی و چاک و خۆشییەکی ئاسایی هەر کامەمان سەر ڕێی خۆمان دەکەوتین.

    ئەو ڕۆژەی، سەرەتا نەمناسییەوە. دوایی هەر چەن پشتی لە من بوو، بەڵام بە شێوەی ڕێگەڕۆشتن و ئاوڕدانەوەکانیدا ناسیمەوە. ئەمڕۆش وەک جاران، پیرێکی ڕەنگ و ڕوو جوان و خۆش پۆش. خۆی بوو. بەڵێ خۆی بوو، مام ئەحمەد. ئەو کەسەی کە تۆ بۆ سەرەتای ئاشنایی، پێت ناساندم. گوتت: «ناوبانگی بە ئەحە لالان دەرچووە. خەڵکی گەڕەک، مام لالانی پێدەڵێن. زۆر جاریش لای خەڵکی هەر لالانەو بەس.» دوایی هەندێک وەستای و گوتت: «بۆخۆشی ئەو ناوەی پێ ناخۆش نییە.»

     ئاسمان ساماڵ ساماڵ و ڕۆشنایی و تینی خۆر، هەردەهات و تیژتر دەبوو. پێم خۆش نەبوو لالان لێرە بمبینێت؛ ئەویش لەم دۆخەدا. ماشێنەکەم دایە قەراغ. خۆر، تەواو هەڵنەکشابوو. سێبەری درەختەکانی پێڕەوگە بەسەر جادە سەنگچنەەدا وەک فەڕشێک، درێژ و پان و پۆڕ ڕاخرابوو. گوتم ئەمە هەلێکی باشە بۆ ئەوەی بزانم بۆ لالان لەم دوواییانەدا نیگەران و پەرۆش دەردەکەوێت. لە بەر سێبەرێکدا وەستام. ماشێنەکەم خامۆش کرد و بە چاو شوێنی کەوتم. هەرچەن وەک جاران زۆر بە شێنەیی و لەسەرخۆ هەنگاوەکانی هەڵدێنا، بەڵام جۆری ڕۆشتنی لالان، وەک جاران نەدەچوو بە تایبەت سەرم لەوە سووڕ مابوو، کە ئاوڕدانەوەکانی کوتوپڕ و زیاتر لە جاران بوو.

     کە دەڵێم پێمخۆش نەبوو بمبینێت، خراپم لێم تێمەگە هاوڕێ. خۆ لەو ماوەیدا کە لێرە بوویت، پێکەوە زۆر چووینە لای و، بۆخۆت دەزانیت دیتنی منی پێ ناخۆش نەبوو. بەڵام لەم دواییانەدا و بەتایبەت لەو کاتەوە تۆ بوویتە کۆچەری و سەردانت نەکردوون، وا نەمابوو. من لەو کاتەوە لای خۆم وام مەزندە دەکرد کە چاوی پێم دەکەوێ، بە خۆدا دەشکێتەوە. کە دەچوومە لای چاوی لە من دەدزییەوە. وەک جاران لە کاتی قسەکردندا تماشای نەدەکردم و گوێی بۆ نەدەگرتم. نەمدەزانی بۆ! هەر لەم ماوەدا، زۆرتر لە جاران، لەم ناوەم دیتبوو. دەهات و دەچوو و ڕاوێچکەی دەکرد. گومانم لا دروست ببوو، بەڵام سەرەتا کۆنجکۆڵێم نەدەکرد. هەتا ئەمڕۆ. ئەمڕۆ سەرتا کە دیتم، ئەو لالانە قیت و قۆز و بەهەیبەتەی ڕۆژان بوو. کەچی بەرەبەرە کە جوانتر لێی وردبوومەوە، لالانێکم دیی، جیاواز لە جاران. لالانێکی داهێزراوم دەدی. بۆیە ئەمڕۆ گومانەکانم بوونە پرسیار. بە خۆمم گوت: لالان ماوەیەکە خوڵقی گۆڕاوە، ئەوە یەک. کزتر دەردەکەوێ، ئەوە دوو. بەینێکە هەست دەکەم وەک جاران متمانەم پێ ناکات، ئەوە سێ. زۆرتر لە جارانی لەم ناوە دەیبینم، ئەوە چوار. دەی چەندان بژمێرم کامەران؟! ئەمانە حەتم کە پێوەندییان پێکەوە هەیە. بەڵام چۆن؟! بڵێی چی ڕوویدابێت و من لێی بێخەبەربم؟!

      چاوم بە شوێن لالانەوە بوو، هێواش بەرەوپێش دەچوو. جار جار ئەم شانەوشان، بە قوتەقوت، لە چەپ و ڕاستی خۆی دەڕوانی؛ وەک بۆ دزی بچێت و وابکات کەس نەیبینێت. لەپڕ هەنگاوەکانی هەندێک توندتر کرد. ئەمجار کەمتر ئاوڕی دەداوە. وەک ئەوەی لە پشت سەری خۆی دڵنیا بێت. سەربەرەوژوور، بەشی سەنگچنی تێپەڕاند. کە گەیشتە بەشی قیرەتاو، لەپێش ئەوەی لێژایی جادەکە تووندتر ببێت، نەرمە کەوانەیەکی دا بە هەنگاوەکانی و سەربەرەوژوور، سووڕی خوارد بەرەو کووچەی گەڕەکی پارکی بانەکۆن. خەمم لێهات، گوتم لە چاوانم ون دەبێ. بەڵام وانەبوو. زبڵدانێکی گەورەی شارەداری، ڕێک لە سەر پێچە سەربەرەوژوورەکەی سەرەتای کۆڵانەکەی پارکی بانەکۆن، داندرابوو. هەر لەو شوێنەی جاران. لالان، هەر گەیشتە زبڵدانە زبەلاحەکە، ڕاوەستەیەکی کرد و ئەمجار ئاوڕێکی داوە بۆ دواوە و وەک بایەقووش سەر و ملی ٣٦٠ پلە بە دەوری خۆیدا گێڕا.

     ڕۆژ هێشتا زوو بوو و هاتووچۆی ماشێنەکان دەستی پێ نەکردبوو. لە دوورەوە، واتە لە لای لالانەوە، تەنها ماشێنەکەی منی لێوە دیار بوو. لالانم دەدی کە ڕەفتاری لە ڕۆژان نەدەچوو. وەک پیاوێکی ترساو و دزەڵۆک دەچوو. دوای چەن ئاوڕدانەوە و شان و مل گێڕانی بایەقووشی، کە لە پشتە سەر و لاشانەکانی دڵنیا بوو، دەستی برد، شتێکی لە بن پشتوێنەکەی دەرهێنا. شتەکە لە کیسە خام دەچوو، کیسە برینجە دانە بڵیندەکان. لەوانەی کە بۆ ڕێکلام و پڕۆپاگەندەی درۆیین، بە ڕەنگی تۆخ و تێر دەیانڕازێننەوە و زڕەبرینجە تەزویرەکانی دەرخواردووی خەڵک دەدەن. لالان کیسە بەدەستەوە، دزەڵۆکی و لە بنەوە سەری هەڵێنا و پاش سەیرێکی دەوروپشتی خۆی، زاری کیسەکەی کردەوە.

    زانیم کە ئەوڕۆ، ڕەنگە لە ڕازی ئەو هەموو پەرۆشی و بێتاقەتییەی لالان تێبگەم. هەر واش بوو. لەسەر پەنجەی قاچەکانی هەڵکشا و دانەوییە سەر زبڵدانەکە. جوان لێمەوە دیار نەبوو بەڵام دەمزانی خەریکە کیسەکە پڕ دەبێت. پێم سەیر بوو. دڵم گیراو زەینم پڕ بوو لە پرسیار: بۆ ئەبێ لالان... نەمدەزانی بڵێم چی؟ ئەوە لە لالان نەدەوەشایەوە. ئاخر لالان سەڕەڕای فەقیری و کوێرەوەرییەکانی، هەموو سەنگی خۆی و بنەماڵەکەی پاراستبوو. من هەڵە ناکەم. ئەوم باش دەناسی. وەک تۆش باشت دەناسی هاوڕێ. ئەمڕۆش، وەک جاران، تەڕپۆش بوو. بە کەواوپانتۆڵێکی جوانی ڕەنگ قاوەیی ڕۆشنی موردخانییەوە. ئەی بۆ؟ دەبێ چی وای لە لالان کردبێت، بەو هەموو بەرزەخۆییەوە ڕوو لە زبڵدانەکان بکات؟!

***

     ئەو پرسیارە خەوی شەومی پەرێشان کرد. شەو خەونم بە تۆوە دی کامەران؛ ئەرێ، بە تۆوە. بەڵام ئێستاش کە خەریکی نووسینم، لەوە دڵنیا نیم داخۆ ئەوەی دیبووم، خەون بوو یاکوو وەهم و خەیاڵ. نازانم. تۆ وایدانی هەر خەون بووە. کامەران، تۆ لەو خەونە شێواوەمدا گلەییت لێکردم. لە خەونەکەمدا بە منت دەگوت: «ئەوە بوو بەڵێنت؟! بۆ هێشتت لالان وای بەسەر بێت، لە کاتێکدا من نەماوم؟!» شاڵڵا ئەوەت نەگوتایە. خەونەکەم هەر ئەوەندە بوو. خۆ من نازانم تۆ ماویت یان نا. ئاخر، هەر کە گوتت نەماوم، بەجارێک پەشۆکام و داچڵەکیم و لە خەو ڕاپەڕیم. دوایی ویستم لێت پرسم، بە ڕاست تۆ نەماوی؟! گومانم بۆ دروست بوو. ئاخر خۆ لەو ڕۆژەوە بزر بوویت، هیچ پێوەندییەکت لەگەڵ کەس نەگرتووە. لە گەڵ منیش. تەنانەت لەگەڵ دایک و باب و کەسوکاریشتدا. کە زەنگیشت بۆ دەدەین، موبایلەکەت خامۆشە. بۆیە وا لە زەینی خۆمدا مەزندە دەکەم، وەک لالان بە ناسری گوتبوو، تۆش ڕەنگە بەر گوللە کەوتبیت، کوژرابیت، خنکابیت، ژەهراویی بووبیت، بەربووبیتەوە، ڕەق بووبیتەوە یاکوو سووتابیت یاکوو... چووزانم! خۆ هەر ڕێگەی کۆڵکێشەکان نییە کە مێخاژنە. نا نا! مەترسییەکانی ڕێگەی چەتوونی بەرەو تاراوگەش، کەمتر لە خەتەرەکانی ڕێگەی کۆڵکێشەکان نییە. لەو ڕێگەشدا هەزار و یەک هۆکار و ئامرازی مردن و بە فەنا چوون، چاوەڕێمانە.

     حەیف کامەران کە ڕاپەڕیم و پەتووەکەم لەسەر خۆم لادا و لەجێ هاتمە دەر، تۆ لەوێ نەبووی. کەس لەوێ نەبوو. دایکم نەبێ کە بە دەنگی قیژەو ڕاچڵەکینم، وەخەبەر هاتبوو. کە دایکم هات، لەسەر جێگە خەوەکەم دانیشتبووم. دایکم گوتی: «ئەوە چی بوو ڕۆڵە، خەونت دی؟! دەڵێی مۆتەکە سوارت هەڵاتووە.» گوتم، نازانم دایە، بۆخۆشم نازانم چی بوو. مۆتەکەو شتیوا نەبوو. لە خەونیش نەدەچوو، کەچی ناچارم بڵێم خەون بوو. چون هیچیدیم بۆ ناگوترێ. ئاخر دایە گیان خۆ من لە بێداریشدا زۆر شت دەبینم کە سەری لێدەرناهێنم. «خەونەکەت چی بوو ڕۆڵە؟» دایکم بوو لێمی پرسی. گوتم، کامەران بوو هاتبووە خەونم. گلەیی لێدەکردم. دایە، کەمەران دەیگوت من نەماوم. دایکم ڕاچڵەکی و گوتی: «ئەیەڕۆ ڕۆڵە، خوا بەو ڕۆژەی نەکا!»

     دیمەنی ناحەزی دوێنێی لالان لەسەر زبڵدانەکەو خەونی پەرێشانی شەوەکەی، ئارامیان لێبڕیبووم. خۆم بۆ نەگیرا، چوومە لای لالان. گوتم بۆ بەینێکە هیچ ناڵێیت؟ هیچی نەگوت. گوتم: من نیگەرانی تۆم. باسی خەونەکەم بۆ نەکرد، بەڵام ڕاشکاوانە پێم گوت کە دوێنێکە دیومە لەسەر زبڵدانەکە. سەری داخست و ئەمجاریش هیچی نەگوت. گوتم لالان بۆ؟! ئاخر بۆ؟! ئەمجار وڵامی دایەوە: «ئەی چبکەم؟!» گوتم: بۆ مەگەر تۆ کار ناکەیت؟! ئەی کاری لای عەباس بوو بە چی؟! گوتی: «یازدە ڕۆژە بۆ وێ ناچم.» گوتم بۆ؟ گوتی: «عەباس سەکتە لێدابوو و بۆ عیلاج بردبوویان بۆ شارەکانی سەرەوە.» مات بوو و دوای هەندێک کە پشوویەکی هاتێ گوتی: «عەباس لەوێ نەبوو ئیتر منیش نەچووم. کەسیش نەهاتووە بە شوێنمدا. بۆخۆم چەن جارێک چووم و لە حاڵی عەباسم پرسی.» گوتم، دەی باشە حەتمەن دەزانی عەباس کەی دێتەوە؟ سەری لەقاند، چاوەکانی تەڕ بوون. گوتی: «ئەی چۆن نازانم...» گوتم: کەی دەگەڕێتەوە؟ گوتی: «قەت.» گوتم: چۆن؟ گوتی: «پێرێکە خەبەردار بووم کە عەباس نەماوە!»