ئەدەب و توندوتیژی
داخۆ ئەدەب دەتوانێ هەڵگر و دەربڕی توندوتیژی بێت؟ زۆربەمان کاتێک باس لە ئەدەبە زیاتر سەرنجمان دەچێتە سەر لایەنە مرۆڤییەکانی و لامان وایە ئەدەب زیاتر دەربڕی لایەنە فرامۆشکراوە ئینسانییەکانە و هەربۆیە هەولێکە بۆ نزیککردنەوەی مرۆڤەکان لە یەکتری. بەڵام لە دونیای راستیدا وەها نیە و هەندێ جار ئەدەب خۆی لە قەرەی توندوتیژی دەدات.
ئەمە بەتایبەت ئەو کاتانە سەرهەڵدەدا کە ئەدەب خۆی لە پانتایی سیاسەتدا دەبینێتەوە و، دەبێتە چەکێک بۆ لایەنگری و بەرجەستەکردنەوەی پلانێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی.
کەم نین ئەو شیعر و چیرۆک و رۆمانانەی وا لە پێناوی سەرکەوتنی پلانێکی سیاسی باس لە پێویستی خوێن و کوشتن دەکەن. بەتایبەت کاتێک باس لە سەرکوت و داماڵینی لایەنێکە لە لایەن لایەنێکی ترەوە.
لێرەدا مافی بەرگری لەخۆکردن، پاساوی وەها هەڵوێستێک دەداتەوە و ئیتر دەقی بەرنگاری سەرهەڵدەدا و دەبێ بە وێردی سەر زمانی خەڵکی.
دیارە ئەدەبی بەرنگاری جۆرێکی ئەدەبە و دەربڕی ئەوەیە ئەدەبیش بەدوور نیە لە کێشمەکێشەکانی ناو کۆمەڵگا. بەڵام پرسیار ئەوەیە تا چەندە ئەدەب مافی ئەوەی هەیە بێتە ناو ئەم بوارەوە و تا چەندە مافی ئەوەی هەیە شەرعیەت بدا بە توندوتیژی و بە کوشتن.
راستییەکەی ئەوەیە سەرەڕای نزیکبوونەوەی ئەدەب لە لۆژیکی دۆخێکی باو، بەڵام وەها دەقگەلێک خۆیان لە بەرگری لە چەمکێکی گشتی بە ناوی مرۆڤایەتی دووردەکەنەوە.
هەڵبەت رەنگە هەتا کۆمەڵگا لەگەڵ کێشە سیاسییەکان لە مانای سڕینەوەی یەکتر سەروکاری هەبێ، خۆبواردن لەوەها ئەدەبێک ئەستەم بێ. بەڵام هاوکات نووسەر دەتوانێ ئەوەندە لە ئایدیا و پلانێکی سیاسی نزیک نەکەوێتەوە کە هاودژییەکانی ناو هەمان ئایدیایش فەرامۆش بکا و لە دەقدا نەینوێنێتەوە.
گەر هەموومان لە دووامانادا مرۆڤین ئەوا نووسەری بواری ئەدەبی یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی دۆزینەوەی لایەنە هاوبەشە مرۆڤییەکانی هەمووانە، چ ئەوانەی لەگەڵ ئێمەن و چ ئەوانەی دژی ئێمە. لێرەوە ئەدەب دەبێ بە پردێک بۆ لێک تێگەیشتن. لە راستیدا ئەدەب هەوڵدەدا قووڵایی ئەو تراژێدیایە نیشان بدات کە کەسی بەرامبەر ئێمەیشی تێکەوتووە و بەم شێوەیە بە وشیارکردنەوەی ئەویش ئەرکی خۆی کە پاراستنی مرۆڤایەتییە بەڕێوە دەبات.
بەم شێوەیە ئەدەب پلانی بەزاندنی دۆخی باوی هەیە و، لە بەرزاییەکی باڵا بەرزترەوە دەڕوانێتە کێشە و کێشمەکێشەکان.
سایتی قەڵەم ١٧ مانگی هەشتی ٢٠٢٠