هەواڵی هونەری

نامەی ئەدەبی

ڕاستییەکەى لەسەرەتاى هەشتاکاندا رۆژانى زۆر ناخۆشمان بەڕێکرد. ئەوسا (سەباح رەنجدەر) لە کۆڵانەکەى خۆیان، دوکانێکی بچووکی هەبوو، بە ڕەنجی شانى نانى خۆی و دایک و برا و خوشکى پەیدادەکرد، چونکە کاتێک ئەوم ناسی، بەداخەوە باوکى کۆچی دوایی کردبوو. هاتوچۆى نێوانمان لە ترسی گیران و راوەدوونانى چەتەکانى (بەعس) هەر بە پێیان بوو.

 

نامەى ئەدەبی

نامەى (د. ئازاد حەمە شەریف) بۆ (سەباح ڕەنجدەر)

 

برا و هاوڕێی رۆژانى جوانى و خۆشی و ناخۆشیم کاک (سەباح رەنجدەر): بابگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکان.

دەمەوێ لەم نامەیەدا کەمێک باسی سەرەتای برادەرایەتیمانت بیر بهێنمەوە تاوەکو تیشکێک بخەمە سەر ئەو رۆژانەى خۆشەویستى و پاکی و دڵسۆزى و خۆنەویستی و خۆنەپەرستى لێ دەتکا، ئەو رۆژانەى برادەر بەقەد برا دڵسۆز بوو، بە پێچەوانەى رۆژانى ئەمڕۆ کەوا زۆربەی ئەوانەى خۆیان بە برادەر دەناسێنن، هیچ یەکێک لەو ئاکارانەى سەرەوەیان تێدا نەماوە، بۆیە منیش خۆم لەو جۆرە خەڵکانە دوورەپەرێز گرتووە و لەناو دنیای تەنیایى خۆمدا دەخولێمەوە، هەرگیز نامەوێت بە ڕەنگی ئەو رۆژگارە نەفرەتییەی ئەمڕۆ خۆم پیس بکەم. من هەمیشە بە یاد و یادەوەرى رۆژانى گوڵڕەنگی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکان و نەوەدەکان دەژیم، نایەڵم چڕەدووکەڵی هەناسەی ئەم رۆژگارە چەپەڵەى ئەمڕۆ تێیدا دەژین منیش بخنکێنن.

وا لەو نامەیەدا باسی ئەو برادەرایەتییە لە برا زیاترە پاک و راست و بێ فڕوفێڵ و بێ بەرژەوەندییەى نێوان هەردووکمان دەکەم کەوا سەرەتاکەى دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستى هەشتاکانى سەدەى رابردوو.  چاکم لە بیرە سەرەداوى ناسیاوى و برادەرایەتیمان بۆ نزیکەى سی و شەش ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و بە بۆنەى ئەوەى ئەو هەموو ماوە دوورودرێژە نە ساردییەک، نە ناکۆکییەک و نە هیچ دڵ ئێشانێک لە نێوانمان رووى نەداوە، بۆیە برادەرایەتییەکی وا دانسقە و دەگمەن و نایاب پێویستى بەوەیە بنووسرێتەوە و رێزی لێ بگیرێت و بە جوانى باسی بکرێت.

وەکو گوتم نزیکەى سی و شەش ساڵ لەمەوبەر، مانگى ئاداری ساڵی (1984) بوو تازە "قەلەڕەش" - شیعرە ناودارەکەى (ئێدگار ئاڵان پۆ)م لە ژمارە (2)ی گۆڤارى (ئاسۆس)دا بڵاوکردبۆوە. ئەوسا (کۆلیژی ئاداب - زانکۆی سەڵاحەدین) لە سەر کەندەکەى گەڕەکی (گڵکەند)ی هەولێر بوو، من سەردانى برادەرانی دەستەى گۆڤاری (ئاسۆس)م کردبوو، لە پێش دەرگاى کۆلیژ لەگەڵ خاتوو (پەرێز سابیر)، ئەوسا دکتۆر نەبوو - خوێندکارى بەشی کوردی بوو، خوشکی هاوڕێی دێرینم (شاکر سابیر) بوو - قسەمان لەبارەى ئەدەب و رۆشنبیری دەکرد. 

گەنجێکی کۆک و تازە سمێڵ دەرکردوو، قسەنەرم و خۆش گوفتار هاتە پێش و لەگەلڕ (پەرێز خان) لەبارەى گۆڤارى (ئاسۆس) و وەرگێڕانى شیعرەکەى (ئێدگار ئاڵان پۆ) قسەی کرد. (پەرێز خان)یش گوتى ئەوە (ئازاد حەمە شەریف)ى وەرگێڕی شیعرەکەیە و چیت هەیە بۆ خۆت یەکسەر لەگەڵ ئەوى باس بکە. لە قسەکانی ئەوسا وادیاربوو زۆر بە شیعرەکە و وەرگێڕانەکەى دڵبەند بوو، داوای دەکرد شیعری بەرزى لەو بابەتە وەربگێڕم تاوەکو خوێندەوارانى دیکە کەوا بە ئاسانى دەستیان بە شیعری جیهانى راناگات، بتوانن سوود لە ئەزموونى شیعری دنیا وەربگرن. ئەگەرچی کاک (سەباح رەنجدەر) بە تەمەن حەوت ساڵێک لە من گەنجتر بوو، بەڵام چونکە برادەرایەتیمان لەسەر بناغەى رۆشنبیری و ئەدەبی، نەک بەرژەوەندی و خۆپەرستى دامەزرابوو، بۆیە ئەو برادەرایەتییە رۆژ بەرۆژ بەتینتر دەبوو، گەشەى دەکرد.  ئیتر لەوساوە تا ئێستا بێ پسانەوە برادەرایەتییەکى پاک و دڵسۆز و راستگۆیانە لە نێوانمان هەیە.

هاوڕێیەتیمان هێشتا بەهێزتر بوو، وابزانم دووەم، یان سێیەم دیدەنمان بوو لە کۆڕێکی ساڵی 1984ی کاک "عەبدوڵڵا عەباس" کەوا لەبارەی "رۆڵی رۆژنامەگەری لە پێشخستنی رۆشنبیریدا" یان بابەتێکی ئاوایی بوو لە هۆڵی "چاودێری زانستی" لە هەولێر یەکترمان بینییەوە. (سەباح رەنجدەریش وەک هەر کەسێکی دی) هاتبووە ئەو کۆڕە.

دوای کۆتایی هاتنی کۆڕەکە مامۆستا (محەمەد مەولوود مەم)ى چیرۆکنووسى گەورەى کوردم ناسی وەک لە نووسینێکم بەناوى "چۆن (مەم)م ناسی؟"دا بڵاوکردۆتەوە. هەر لەو دەمیشدا کاک (سەباح) لە پشت (مەم) راوەستا بوو، یەکسەر هەردووکیانم پێکتر ناساند. دواى ئەوە بە دەم رێگاوە بەرەو خوار بۆ لاى (فلکەى زەعیم) بە پێ دەچووینە خوارەوە و لەوێ (مەم) گوتی: "دەباشە، ماڵی منیش لەم خوارەوەیە"

بەدەم رێگاوە باسی پرۆژە رۆشنبیرییەکانى خۆم و خوێندنەوەم و ئەو وەرگێڕانانەی کردبوومن وەک "مردنی دێوەرەیەک"و "کافکا" و تاد.....، کە هێشتا چاپ نەکرابوون، بۆ "مەم"م گێڕانەوە. ئەویش باسی رۆمانى (رێگا) و (پایزە خەون)ی، بۆمان کرد کەوا هێشتا دەستنووس بوون،  دیاربوو ئەو حەزی دەکرد زیاتر ئاشنای یەک بین، بۆیە کاتێ گەیشتینە لای (فلکەی زەعیم) گوتی: "دەبا بچینە ماڵەوە و قاوەیەک بخۆینەوە". ئێمەش پێمان خۆش بوو پیاوێکى وا گەورە بانگێشتمان بکاتە ماڵی خۆی و ئیتر لەناو باخچەى ماڵەکەى دانیشتین و ئینجا لەجیاتى قاوە، ماستاوى مەڕی پێداین.

دواتر من ژنم هێنا و خەریکی ژیانى خێزانیی خۆم بووم، ماوەى نزیکەى شەش مانگێک ئاگام لە نووسین و نووسەران بڕا و تا رۆژێ لە رێکەوتى 28/10/1985 لە دیدارى (یەکەم زنجیرە لێکۆڵینەوەى شانۆ و ئەدەبى شانۆیى) کەوا لە هۆڵى (نەقابەى کرێکاران)ى شارى هەولێر سازکرابوو، بە توێژینەوەیەک لەبارەى (مردنى دێوەرەیەک) بەشدار بووم. ئێوارەکەى ئەو رۆژە راستەوخۆ لەلایەن خودى (بەڕێوەبەرى ئەمنى بەلدەى هەولێر)ەوە لەناو هۆڵى دیدارەکە دەستگیرکرام و لە رێکەوتى 16/4/1986 بە لێبووردنێکی مەرجدار ئازادکرام، بەڵام چ جۆرە لێبووردنێک؟ لێبووردنێک کەوا رێک ماناى مەرگ بوو، بەو مەرجە ئازادکراین بچینە ناو کێڵگە بە مین داچێنراوەکانى (فاو) کەوا تازە لەلایەن ئێرانەوە گیرابوو، بچین جەنگ لەگەڵ مین و دێوەزمەى مەرگ بکەین. هەرچۆنێک بێت، بە هەزار قوڕبەسەرى و دەردەسەرى خۆم گەیاندەوە کوردستان.

دواى راکردنم بۆ جارێکى دیکە لە سەربازى و هاتنەوەم بۆ هەولێر،  بە پەنادزە و لێرە و لەوێ پەیوەندیم لەگەڵ نووسەران دەستی پێ کردەوە. ئەوە بوو لە رێگاى کاک (ئیسماعیل بەرزنجی)یەوە زانیم مامۆستا (مەم) نەخۆشە و (مەم)یش هەواڵی هاتنەوە (هەولێر)ی منى پێگەیشتبوو، بەڵام چونکە نەخۆش بوو لە رێگاى کاک (ئیسماعیل بەرزنجی)یەوە هەواڵی ناردبوو کەوا پێی خۆشە سەردانى بکەم. دیسان چوومەوە ماڵی (مەم) و سەردانم کرد و ئەوسا باسی (کاروان و سەگوەڕ)ی خۆی کرد و پاشتریش  زۆر باسی ئەدەب و چیرۆک و کورد و نووسەرانمان کرد. دواتر کاک (سەباح رەنجدەر)یش پەیوەندی پێوە کردمەوە و هەفتانە، یان من سەردانى ئەوم دەکرد، یان ئەو سەردانى منى دەکرد.

ڕاستییەکەى لەسەرەتاى هەشتاکاندا رۆژانى زۆر ناخۆشمان بە رێ کرد. ئەوسا (سەباح رەنجدەر) لە کۆڵانەکەى خۆیان، دوکانێکی بچووکی هەبوو، بە ڕەنجی شانى نانى خۆی و دایک و برا و خوشکى پەیدا دەکرد، چونکە کاتێک ئەوم ناسی، بەداخەوە باوکى کۆچی دوایی کردبوو. هاتوچۆى نێوانمان لە ترسی گیران و راوەدوونانى چەتەکانى (بەعس) هەر بە پێیان بوو. زۆرجاران کۆڵانە و کۆڵان بەناو گەڕەکی (سەیداوە)دا دەهاتینە بن قەڵات، یان چایخانەى (مەچکۆ) و جاروبار لەوێ یەکترمان دەبینی و کاتى بینینى پاشترمان دادەنا.

زۆرجاران کاک (سەباح) پیاوەتى ئێوە و بنەماڵەى ئێوەم لە بیرە کەوا دواى بەربوونم لە زیندانى (بەعس) و راکردنەوەم لە کێڵگە مینەکانى (فاو) و بڕیاری نەکردنى سەربازیم بۆ (بەعس)،  بە حوکمى ئەوەى کاک (عەباس)ى خوالێخۆشبووى برات پۆلیس بوو، لە (بەشى جموجۆڵی پۆلیسی هەولێر) بوو، هەواڵت پێداوم کەوا کام گەڕەک لە هەولێر دەکەوێتە بەر شاڵاوى پشکنین. منیش چیم پێکراوە بە برادەرانی خۆمم گوتووە، لە پشکنینی گەڕەکەکان ئاگادارم کردوونەتەوە و بەوەش زۆرجار گیانى من و گیانى دەیان برادەر لە کەوتنە چنگ چەتەکانى (بەعس)و نۆکەرانى (بەعس) پاراستووە. تەنانەت جارێکیش چاکم لە بیرە برادەرێکم گیرابوو کاک (عەباس)ى برات لەبەر خاتری من وای کرد رزگارى ببێت.

رۆژ لەدواى رۆژ برادەرایەتیمان بەهێز دەبوو، ئەوە بوو لە یەکێک لەو یەکتر بینینانەدا پێت گوتم کەوا شیعر دەنووسیت و دیوانە شیعرێکى دەستنووسیشت هەیە بەناوى (زێوان). دواتر ئەگەر هەڵە نەبووبم ساڵی 1987 بوو پێت گوتم کەوا لە (دەزگاى سانسۆری کتێب) لە (بەغدا) سێ جار لەسەر یەک رەفز کراوەتەوە. منیش لەوبارەیەوە لە چایخانەى (مەچکۆ) قسەم لەگەڵ خوالێخۆشبوو (مەحموود زامدار) کرد، ئەویش دواى چەند مانگێک بۆی لە (دەزگاى سانسۆری کتێب) دەرهێنایت. باشە ئەوە دیوان دەرچوو، خۆ پارەى چاپکردن لە تواناى گەنجێکی تازە پێگەیشتووى بێ مووچەی (هەولێر)دا نەبوو.

لەو سەرودەرەدابوو منیش وەرگێڕانى (وێنەى هونەرمەند لە تافی لاویدا)ى (جێمس جۆیس)م لە (دەزگاى سانسۆری کتێب) دەرچوو بوو، لە بیرتە پێکەوە چووینە (ئەمیندارێتى رۆشنبیری و لاوان - ناوچەى ئۆتۆنۆمى) و لەوێ لاى کاک (سەعید یەحیا خەتات) کتێبەکەى تۆم لەگەڵ وەرگیڕانەکەى خۆم پێشکەش ئەوێ کرد بۆ وەرگرتنى (پشتگیری چاپ) و دواتر چاکم لە بیرە کەوا پسپۆری هەڵسەنگاندنى دیوانە شیعری (زێوان) مامۆستای شاعیر (حەسیب قەرەداخی)ی خوالێخۆشبوو بوو.

دواى نیوەڕۆ بوو، وابزانم دەوروبەرى کاژێر 2:15 بوو،  بە پەنادزە سەرێکم لە (چایخانەى مەچکۆ) دا، دواى سڵاوکردن کاک (تەحسین مەچکۆ)ى خاوەن چایخانەکە پێی گوتم ئەو پیاوەى ئەوێ ناناسیت، منیش دیاربوو بە خزمەت مامۆستا (حەسیب قەرەداخی) نەگەیشتبووم، چوومە خزمەتى و کاک (تەحسین مەچکۆ) پێکى ناساندین. مامۆستا (حەسیب قەرەداخی) پیاوێکى جوانى قسەخۆش بوو، وابزانم ئەوسا لە کۆتایی پەنجاکانى تەمەنیدا بوو. دواى یەکترناسین لێی پرسیم: "(ئازا)ی کوڕم ئەناسیت؟"

منیش گوتم: "بەڵێ. فەرموو چیت پێویستە، لە خزمەتتام؟"

گوتى: "ئەوە کاژێرێک زیاترە لێرە دانیشتووم و ماڵی (ئازا)ى کوڕم پێ نازانم. ئەگەر تۆ دەزانى لە کوێیە، زەحمەت نەبێت بمگەیەنیتە ماڵەکەى."

منیش گوتم: "بەڵێ پێی دەزانم و (ئازا) برادەرمە. بە چاوان. فەرموو ."

ئەوسا ماڵی (ئازا) لە شوقەیەکی لاى (شەقامى پزیشکان)ى لاى (فلکەى شێخ مەحموود) بوو. بۆیە بە پێیان کەوتینە ڕێ. مامۆستا جانتایەکی دەستى پێ بوو، هەستم کرد بۆ ئەو گرانە، چونکە پێی گوتم ئەگەر دوورە بە تاکسی بچین، منیش جانتاکەم لێی وەرگرت و کەوتینە ڕێ و پێم گوت ماڵی کاک (ئازا) ئەوەندە دوور نییە و پێویست بە تاکسی ناکات. بەڵام راستییەکەى من راکردووى سەربازی بووم، نەدەوێرام سوارى تاکسی بم، بۆیە هەموودەم بۆ من بە پێیان باشتر بوو.

لە رێگا مامۆستا لێی پرسیم: "(سەباح رەنجدەر) دەناسیت؟"

گوتم: "بەڵێ. برادەریشمە. بەڵام بۆ دەپرسیت؟"

گوتى: "شیعرەکانى زۆر ئاڵۆزن و ئەو برادەرە زۆر لە رێرەوى شیعری کوردی لایداوە."

منیش گوتم: "(سەباح رەنجدەر) گەنجێکى تازە هەڵچووە، خۆ ناکرێت نەوەى نوێ وەکو نەوەى کۆن بنووسێت. ئەگینا هەموو شتەکان بێتام دەبن و دەبنە دووبارە. با هەرکەسە و شێوازى خۆی هەبێت."

دیاربوو مامۆستا (حەسیب قەرەداخی) پسپۆری هەڵسەنگاندنى شیعرەکانى (سەباح رەنجدەر) بوو، دەیەویست لە نزیکەوە زانیاری لەبارەى خاوەنى ئەو دیوانە بزانێت، بۆیە دواى گەیاندنى مامۆستا بە ماڵى کاک (ئازا)ى کوڕی بە مامۆستام گوت: "حەز دەکەیت لە نزیکەوە خاوەنى دیوانى (زێوان) بناسیت؟"

مامۆستا (حەسیب قەرەداخى) گوتى: "بۆ نا؟"

گوتم: "دواى دوو کاژێری دیکە لەگەڵ کاک (سەباح رەنجدەر) دێینەوە خزمەتت."

وابزانم ئەو دەمەى خواحافیزیم لە مامۆستا کرد، کاتەکە نزیکەى ببووە (3:00)ى دواى نیوەڕۆ. هەڵکوت هەڵکوت بە پێیان لە (شەقامی پزیشکان)ەوە بە کەمتر لە کاژێرێک، خۆم لەناو گەڕەکى (بەلاشاوە)، لە دوکانەکەى کاک (سەباح رەنجدەر) دیتەوە. لەوێشەوە هەڵتەک هەڵتەک لەگەڵ کاک (سەباح رەنجدەر) بە پێیان کەوتینە ڕێ تا گەیشتینەوە ماڵەکەى کاک (ئازا) و لاى مامۆستا (حەسیب قەرەداخی) بەڕێز.

هەر دواى دەرگا کردنەوە گوتم: "مامۆستا، فەرموو ئەوەش کاک (سەباح رەنجدەر)؟"

دواى یەکترناسینی کاک (سەباح رەنجدەر) و شاعیرى گەورەى کورد مامۆستا (حەسیب قەرەداخی)، من لە هاوکێشەی شیعربوون و شیعرنەبوون هاتمەدەرەوە، ئەوەم بۆ هەردوو برای شاعیر بەجێ هێشت و هەردووکیان بۆ ماوەى پتر لە کاژێرێک لە ماڵەکەى (ئازا) کەوتنە گفتوگۆ. قسەکان زۆر بوون و تەواو نەدەبوون، ئەوە بوو بڕیاریان دا بچنە (یانەى فەرمانبەران) و ئێوارەکەى ئەو رۆژە لەوێوە سەرلەنوێ باسی شیعر و ناشیعر، باسی چۆنیەتى بەکارهێنانى زمان لە شیعردا، باسی بابەتى ناوەرۆکی شیعر، باسی وێنەى شیعری سادە و ئاڵۆز و چەندان بابەتى دیکە بکەن.

من تا بەردەرگاى (یانەى فەرمانبەران) لەگەڵیان چووم، بەڵام چونکە راکردووى سەربازى بووم و زۆریش نەبوو لە چنگ زیندان رزگار ببووم، بۆیە دەترسام نەوەک یەکێک لەوێ بمبینێ و وەکو جاری جاران زمانم لێ بدرێت و بکەومە داوەوە، بۆیە داواى لێبووردنم لە هەردووکیان خواست و بە پێ بەرەو ماڵ چوومەوە. ئیتر ئەو ئێوارەیە چۆن کاک (سەباح رەنجدەر) و مامۆستا (حەسیب قەرەداخی) گەیشتبوونە لێک تێگەیشتن کەوا دیوانى (زێوان) شایەنى پەسەندکردن و چاپکردنە، ئەوا من نایزانم، بەڵام دڵنیام ئێوارەکەى زۆر قسەیان لەبارەى دنیای پاکی شیعر کردووە، چونکە مامۆستا (حەسیب قەرەداخى) پیاوێکی خوێندەوار و رۆشنبیر و شیعرناس بوو. قسەکانى بەڕێ و جێ و دیالیکتیکیانە و سەلمێنەر بوون. بەداخەوە،  من هەر ئەو جارە بە خزمەتى ئەو زاتە گەیشتووم، لەو ماوە کورتەدا زانیم (حەسیب قەرەداخی) کەسێکە بە زەمینەیەکی گەورەی زانیارییەوە لەناو گۆڕەپانى ئەدەبی کوردییە.

دواى پەسندکردنى دیوانى (زێوان) بڕیاری لە چاپدانى دیوانەکە درا لەسەر بودجەى (ئەمیندارێتى رۆشنبیری و لاوان -ناوچەى ئۆتۆنۆمى)، دەبوایە کتێبەکە بۆ چاپکردن بۆ شارى (سلێمانى) یان بۆ (بەغدا)، بنێردرێت، چونکە ئەوسا تواناى چاپکردنى کتێب لە شارى (هەولێر) زۆر کەم و سنووردار بوو. کاک (سەباح رەنجدەر) نەیدەزانى چی بکات، بەڵام چونکە من پێشتر لە (بەغدا) خوێندبووم و ژیابووم، خەڵکیشم زۆرتر دەناسی و کتێبی (مردنى دێوەرەیەک)یشم پێشتر چاپ کرد بوو، بۆیە پێم گوت: "ئەوەش ئاسانە و ئەگەر پێتخۆش بێت من (وێنەى هونەرمەند)م بە کاک (نازم دڵبەند) داوە تا سەرپەرشتى چاپکردنیم بۆ بکات، هی تۆش هەر بەودا دەنێرین چاپ بکرێت؟"

سەرەنجام، ئەوە بوو کتێبی (زێوان) درا کاک (نازم دڵبەند) و ئەویش سەرپەرشتی کتێبەکەى کرد و لە ساڵی (1988)دا بە چاپ گەیشت. لێرە بۆیە ئەو شتانەم باسمکرد چونکە هەستم کرد لەو بابەتەى بە ناوونیشانى "لە ئاهەنگی بیست ساڵەى زیۆاندا" کەوا وەکو پێشەکی بۆ بڵاوکردنەوە ئەلیکترۆنیە (PDF)ەکەدا لە حوزەیرانى (2008)دا لە سایتى (دەنگەکان)دا بڵاوکراوەتەوە، دواتر گوازراوەتەوە سەر سایتى (کوردپیدیا)، ئەو بەشە زانیارییانەى سەرەوە لەبیرکراون، ئەگینا دەزانم ئێوە چەند راستگۆ و دڵسۆز و بەئەمەکن، هەرگیز چاکەى کەس لە بیر ناکەن.  ئەگەر بمەوێت چەندان بیرەوەرى دیکەى رۆژانى خۆش و ناخۆش لە نێوانمان هەن دەکرێ باسیان بکەم، بەڵام چونکە ئەوانە پەیوەندیان بە هەندێک لایەنى رۆشنبیری و کەسایەتى رۆشنبیری میللەتەکەمانەوە هەبوو، ئەوانیش رۆڵی جوان و چاکیان بینیوە لە یارمەتیدانى گەنجێکی تازەهەڵچوودا، بۆیە زیاتر تیشکم خستەسەر ئەوانە. ئەوانى دیکە با بۆ کاتێکی دیکە و بۆنەى دیکە بمێنن. هەر بەرز و سەرفراز بێت برایەتى و برادەرایەتیمان، بە هیوام زۆر لەوە بەرەو پێشتر بچیت و هەر سەرکەوتوو بن.

                                                        

                                                                                                   د. ئازاد حەمە شەریف

                                                                                        1/1/2020 هەولێر