چیرۆک

سووپەڕمەن

 

 رزگار لوتفی

تا خۆی ددانی پێدا نەنا کە هەشت مانگ لەمەوبەر و لە رۆژێکی باراناویدا دڵی لە لێدان کەوتووە و دەستبەجێ مردووە هەرگیز بە خەیاڵمدا نەهاتووە رۆژێ لە رۆژان ئەژمارم کردبێ کە باوکم، ئەو کەسەی چل ساڵی تەواو تاقە کۆڵەکە و تەنها پشتیوانم بووە، هەشت مانگ بێ مردبێ و لە کۆڕی گەرمی بنەماڵەکەماندا نەمابێت.

 

تا خۆی ددانی پێدا نەنا کە هەشت مانگ لەمەوبەر و لە رۆژێکی باراناویدا دڵی لە لێدان کەوتووە و دەستبەجێ مردووە هەرگیز بە خەیاڵمدا نەهاتووە رۆژێ لە رۆژان ئەژمارم کردبێ کە باوکم، ئەو کەسەی چل ساڵی تەواو تاقە کۆڵەکە و تەنها پشتیوانم بووە، هەشت مانگ بێ مردبێ و لە کۆڕی گەرمی بنەماڵەکەماندا نەمابێت، لەوەش سەیرتر دوای تێپەڕبوونی هەشت مانگی تەواو بە سەر ساتی مردنەکەیدا زەق و زیندوو لە سەر قەنەفە زەیتوونی‌یەکەی بەرامبەرم دانیشتبێ و بە دووکەڵە سیگارەکەی هەموو ئاپارتمانەکەمی قانگ دابێت. لەو باوەڕەشدام گەر دراوسێی نیشتەجێی نهۆمی سەرەوەم پیرێژنێکی تەنهای هەشتا ساڵ تەمەن نەبا و بە سانایی توانیبای بچێتە سەر وەختی تەلەیفوونەکە و، زەینی رێی بردبا و چاوی حەتەری کردبا؛ ژومارە تەلەیفوونی نێزیکترین بنکەی ئاگرکوژێنەوەی دەگرت و پەشۆکاوانە دەیگووت: " کوڕەکانم! ... بۆ خاتری خودا فریام کەون! ... ئەوەتا ئاگر لە جەستەم بەربووە و، ئێستە نا ئێستا هەڵمدەکزێنێ‌ و ئازای ئەندامم دەکاتە خەڵووز!". تەلەیفونچی بنکەی ئاگرکوژێنەوەش دوای پرسینی ناونیشانی ئاپارتمانەکەی، زەنگی ئاگادارکردنەوەی ناوخۆیانی لێدەدا و دەبووە هۆی سازبوونی هەڵڵامە و ویقەویقی ئاژیرەکان و ئارووژاندنی سەمای گڵۆپە سوورەکانی سەر ئۆتۆمبیلەکان، تا دەشگەییشتنە دەم دەرگای ئەم باڵەخانەیە، بەو نالەباری وەزعی ترافیکە و ئەو بێ ‌دەربەستیانەی بە روونی بە سیمای شەقامەکانی ئەم شارەوە دەبیندرێ لەوانە بوو بووبووایەتە هۆی پێکدادانی زنجیرئاسای چەندین ئۆتۆمبیل و دەمکردنەوەی فەوزایەکی پڕ کارەسات، کە کلیلە ئاڵتوونیەکەی ئەم مەتەڵە لە گیرفانی بزاوتێکی هەرە گچکە دەهاتە دەر و دانەگیرساندنی جگەرەیەکی ناقابیلی پەرپووت هۆکارەکەی بوو. بەڵام ئایا من دەتوانم خۆشەویسترین کەسم کاتێک هەشت مانگ لەمەوبەر عومری جێ‌ماوی بە ئێوە دابێ و دارمەیتەکەییم بە شان کێشابێ و بەم جووتە دەستە لە گۆڕم نابێ و، هەنووکە زەق و زیندوو هاتبێتەوە ئێرە و لە سەر قەنەفە زەیتوونییەکەی بەرامبەرم دانیشتبێ لە جگەرە کێشان و دووکەڵ بە بادان مەنعی بکەم؟!. ئایا ئەم کردەوە شیاوی کەسایەتی ئێستای باوکم و شیاوی ئەم باروودۆخەیە؟!. ئەویش لە حاڵێکدا کە هاتنەوەی باوکم تەنها دەچێتە بازنەی کردەوە بان‌مرۆییەکان و مۆجیزە سەرسووڕهێنەرەکان‌ و، منیش هێندەم هەواڵ و دەردەدڵ پێیە گەر هەڵیاننەڕێژم و گوێگرێکیان بۆ دەستەبەر نەکەم لە ناخەوە تەقینەوەم مسۆگەرە؟!. ناشزانم و لەوەش دڕدۆنگم کە لەوانەیە گەر لەم یەکەم دیدارەماندا بپەڕمێمە سەر ئەو هەموو پرسیار و بابەتانەی لەم هەشت مانگەی رابووردوودا رووبەروویان بوومەتەوە و لە گەڵیاندا ژیاوم و گەلێک جاریش چوون فەنەر لێیان پرینگاومەتەوە ئایا نابنە هۆی دڵ ئێشان و زیزبوونی کتوپڕی باوکم و وەک رابووردوو لە ناکاو هەڵناستێ و لە ئاپارتمانەکەم ناچێتە دەر و شەق دەرگاکەی بەیەکدا نادات و تا ماوەیەکی زۆر نایبینمەوە؟!. لەم لاشەوە بەدیتنەوەی باوکم کۆی بابەتە دژبەرەکانی ناخم ــ وەک مردووەکانی گۆڕستانێک کە لە ناکاو زیندوو بووبنەوە و تێكڕا مەیلی هەستانەوەیان کردبێ و نەشتوانم بە هیچ کلۆجێ بەرهەڵستیان ببمەوە ــ سەرلەبەریان رسکاونەتەوە و مەیلی شۆڕشێکی بێ‌ سەرەوبەرەی دەروونییان کردووە. بۆ نموونە؛ باوکم نەوەک جارێ بەڵکوو گەر سەدجاریش مردبێ و دیسانەوە زیندوو بووبێتەوە دڵم تاقەت ناگرێ باسی وەستا کەریمی خەیاتی بۆ نەکەم. ئەو وەستا کەریمەی لە زۆر زووەوە لە گەڵ باوکمدا بێ یەکتری پەرداخێک ئاویان نەخواردۆتەوە و لە دوو پێخەفدا نەنووستوون، ئەم رۆژانە ــ کە چیتر لە شۆستەکەی بەری دووکانەکەیەوە رێ‌ ناکەم و ئاراستەکەیم گۆڕیوە و بردوومەتە شۆستەکەی ئەو بەر ــ گەر چاوی حەتەرکا و بۆ ژان‌چرکەیەک لە پشت جامخانەی دووکانەکەی‌ڕا لە بان چاویلکە شووشە ئەستوورەکانیەوە بمهەنگێوێ؛ بێ یەک و دوو مەکینەی خەیاتیەکەی جێ دێلێ و بە هەڵەداوان شوێنم دەکەوێ و لە هەر جێگەیەکدا بمگاتێ دەست دەخاتە سەرشانم و بە هانکە هانکەوە دەڵێ: ئەوە باوک مردوو ئەم غارغارێنەت لە چی‌یە؟!، دەڵێی بای سوڕسوڕی باڵت گرتووە و کەس ناتگاتێ!، باشە تاکەی دەبێ راوەستم تا قەرزی باوکە مردووەکەتانم دەست بکەوێتەوە، تو خودای ئەوە نامرن و داناوەشێن!، باوکتان دڵی خۆش بوو دەیگووت مناڵم هەن!، دەک سەرتان لە قوڕ نێن ئەرەوڵڵا!. باس باسی ئەو سێ‌ دەست جلەیە کە بەر لە مردنی تۆ بابە،  بۆ جێژنی قوربان کردبووتن و قاتێکیان بە خۆت و دووانەکەی تریش بە برا چکۆلەکانم بڕابوون. ئەی تەشەر و توانجەکانی حاجی سەعدەی خاروبارفرۆش بۆ ناڵێی!، بە ڕاستی سەروگوێلاکی لە چنگاڵێک دەکا رۆکرابێتە جەرگم و هەڵیپێچێنێ و هەڵیپێچێنێ و رۆح و گیانم هەڵکڕۆژێنێت. ئەو حاجی سەلیمەی بە ئیمانی خەڵک، لە سەردەمی زوودا دەیان مردووی تازە نێژراوی دەرهێناوەتەوە و بۆ کفنەکەیان رووتی دایکزای کردوونەتەوە. دەبێ بمبووری بابە بەڵام چ بکەم تاقەت ناهێنم و دەمەوێ بڵێم: بەست نەبوو؟!، بابە بەست نەبوو؟!، ئایا کەسێ جارێک لە کونێکەوە گەسترابێ چیدی هەرگیز جارێکی‌تر روو لەو شوێنە دەکاتەوە؟!، مەگەر ئەو حاجی سەعدە‌یە نەبوو لە قەیرانەکەی ٧ ساڵ لەمەوبەردا بۆ دوو تەلیس برنجی دەکیلۆیی عالەم و ئادەمی پێ خۆش کردی؟!. مەگەر وەک بۆمب لەم شارەدا نەیتەقاندەوە کە هۆ خەڵکینە!، ئای مەردووم!، حسەینی حەمە سوێسنە لە مێژە کەوتووە و تووی تەڕی لێبڕاوە و بۆ شاییەکی بێ ‌بایەخ تەرەلیلانییەتی!، ئەوە نییە ناتوانێ قەرزی دوو تەلیس، تەنها دوو تەلیس برنجی ناقابیلی من بداتەوە. ئەی هاوار بابە! ئەوە دیسان دەستت بردۆتەوە بەر ئەو ئەژدیها بێ‌ئەمەگە بیگەزێت؟!. یەعنی لەم شارە کاولەدا دووکانی‌ قورومساخێکی‌ ترت شک نەدەبرد دوو تەلیس برنج‌ و پووتێ رۆنی لێ قەرزبکەی؟!. قورومساخێک کە لانیکەم جارێکی‌تر نەیگەستبیت و بۆ پارەی دووتەلیس برنج و پووتێک رۆن عەرز و ئاسمانت لێ نەشەمزێنێت. لێرەیت بابە؟!، ئاگات لە منە دەڵێم چی؟!. دەمهەوێ پرسیاری رەسووڵی مام فەخرەت لێبکەم؛ دایکم ئەڵێ: تا ئێستا رەسووڵی مام‌ فەخرە، بە ئۆتۆمبیل دوو کەسی کوشتووە و باوکت سوڵحی هەردووکیانی کردووە، ئایا ئەمە راستە؟!. یەعنی تۆ دووجار لە سەرە مەرگدا فریای برازاکەت کەوتوویت و لە کارەسات پاراستووتە؟!. بە ڕاستی ئەوانە روویانداوە بابە؟!. من ئەڵێم گەر تۆ دووجار ئەو کارەت کردبێ من چیتر گومانم نامێنێ کە عیسای مەسیح لە قوڕ پەیکەرگەلی باڵندەی سازکردبێ و دوای تێزاندنی رۆح، گیانی پێ بەخشیبن و هەڵیفڕاندبن، یان دوای سەدان ساڵ قەبرەکانی گۆڕەوشار دابن و لە مشتێ خۆڵە پەتەی بێ‌ بایەخ مرۆڤێکی ساغ و سەلیمی بەرهەم هێنابێتەوە یاخود ئەو باوکەی هەشت مانگ لەمەوبەر، بەم دەستانەی خۆم لە گۆڕم خستبێ و بەردی ئەلحەدم سەر سەری نابێ؛ ئێستا زەق و زیندوو بە خۆی و جامەدانە و کۆڵە سمێڵەکەیەوە رووبەڕووم دانیشتبێ و خەریکی کێشانی جگەرە بێ ئەگەر چی لە گەڵ هیچ پێوەرێکی زانستیشدا یەک نەگرنەوە و تەبا نەیەنەوە. چون ئەوەتانێ رەسووڵی مام فەخرە بەو هەموو سامانەیەوە تەنها لە بەر پێنج ملوێن تمەن زەمانەتی بانکی وامە مێژووییەکەی تۆ، خەریکە دایکم و کەرتێک منداڵی رەش ‌و رووت هەڵدەڕێژێتە شەقام و خانووەکەیان پێ‌ هەڕڕاج دەکات. ئەو خانووە موولەرزە لێدراوەی تەنها هەرێمێکی جێ ‌ماوە بۆ بە خاک سپاردنی مەراق و فرمێسکە لە بڕاننەهاتووەکانی دایکم. ئەو خانووەی شەو نییە رێبوارێ، قەرزدارێ یا خود خێرۆمەندێ لە قووڵایی تاریکی کۆڵانەوە دەرنەکەوێت و دەرگای ژەنگاروی حەوشەکەیان نەڕەقێنێت.

 

راستی چیتر نامەوێ لەم دانیشتنەماندا لە رووناکی کچت بدوێم و، باسی وون بوونی ئەویش بکەم. هەرچەند دەزانم و بەڵگەنامەکانی مێژووت بە روونی دەستنیشانیان کردووە کە تۆ زۆر لەوە سوپەرمەنتری نەتوانی بەرگەی ئەم پۆلە هەواڵە ورد و کەم بایەخانە بگریت!.

 

 

١٠/١٠/١٣٩٣