چیرۆک

دووعاکەی پوورە ئایشێ

 

رەسووڵ سوڵتانی

فایلەکەی لەبن پیلی نا و بەڕێ کەوت. لەمێژ بوو دڵی ئەوەندە خۆش نەببوو. لەوەتەی لە شاخ هاتبوونە خوارێ، رۆژێک نانی هەبوو دۆی نەبوو، رۆژێک دۆی هەبوو و نانی نەبوو. هەرشوکرانەبژێریش بوو. دەیگوت خودا بەشی منی وا داوە. شوکرانەبژێرم. دەیگوت: ئاه و دوعای دایکم گرتوومی. 

 فایلەکەی لەبن پیلی نا و بەڕێ کەوت. لەمێژ بوو دڵی ئەوەندە خۆش نەببوو. لەوەتەی لە شاخ هاتبوونە خوارێ، رۆژێک نانی هەبوو دۆی نەبوو، رۆژێک دۆی هەبوو و نانی نەبوو. هەرشوکرانەبژێریش بوو. دەیگوت خودا بەشی منی وا داوە. شوکرانەبژێرم. دەیگوت: ئاه و دوعای دایکم گرتوومی. دایکم بە رەحمەت بێ هەموو جارێ دەیگوت: یاخوا رۆڵە رسقت سواری بای شەماڵ بێ. ئەوە دوعای دایکمە گرتوومی. خوایە کەس دایک دوعای لێ نەکا. ئێوە نازانن دوعای دایک چەند زوو گیرا دەبێت.

 

دایکی زۆر دوعای دیکەیشی لێ کردبوو. بەڵام هەر ئەوەیان گیرا ببوو. دایکی گوتبووی: بڕۆ کوڕم یاخوا دەردو مووت بەقەد یەک بن. یاخوا بەرت با بێ و پشتت کەندەڵان.

هەموو کەس دەیزانی ئەو دووعایانە دووعای پوورە ئایشێن. ئەگەر خەڵکیش ئەو دووعایانەیان کردبا، دەیانگوت: بە دەردی پوورە ئایشێ دەڵێ یاخوا...

پوورە ئایشێ ژنێکی تا بڵێی لەبز شیرین و قسە خۆش بوو. منداڵی گەڕەک لە دەوری کۆ دەبوونەوە و نەقڵ و هەقایەتی دنیای بۆ دەگێڕانەوە و ماندوو نەدەبوو.

جا پوور ئایشێ ئەو دوعایانەی هەر لەو کردبوو. هەموو جارێ لە بەردەرگای حەوشە بچووکەکەیان لەسەر تاتە بەردەکە دادەنیشت و تەشیی دەڕست. بەدەم تەشیڕستنەکەیەوە هەر نارەناری بوو. کەس نەیدەزانی دەڵێ چی. کە لێی دەچوویە پێشێ بێدەنگ دەبوو. هەندێ دەیانگوت: ئێستاش بە سوارەی مێردی هەڵدەڵێ و هەندێ دەیانگوت: لەوانەیە پێش سوارە یەکێکی دیکەی خۆش ویستبێ و برینی کۆنەی تەشنا بووبێتەوە. ئاخر مرۆڤ هەر لە رواڵەتدا پیر دەبێ. سوارەی مێردی کە بێسەروشوێن چوو، ئایشێ و ئەو تاقانە کوڕەی بەتەنیا و بێ سەرپەرشت هێشتەوە، نانی شەوێیان نەبوو. پوورئایشێ قۆڵی لێ هەڵماڵی و بەنانکەری و جلشۆریی ماڵان کوڕەی گەورە کرد. جاروبارە خاڵەکانی سەراسۆیەکیان دەکردن. رۆژی رەش بوو. کێ ئاگای لە کێ بوو. بەڵام هەمووان دەڵێن ئایشێ بە رووسووری کوڕەکەی بەخێو کرد و نایە بەر خوێندن. شایی دنیایەی بەو تاقانەیەی بوو. ناردیە زانکۆ. پوور ئایشێ نەیدەزانی بڵێ زانکۆ، هەر دەیگوت: قوتابخانە هەرە گەورەکە. دووەم ساڵی زانکۆی بوو، گیرا. کە گیرا، ئایشێ وەک شێتانی لێ هات. لە تاوان هەڵدەستێ ماڵ بە ماڵی چیی بەرپرسە دەگەڕێ. بەرۆکی مەرد و نامەردان دەگرێ. دەچێتە سەر بەڕەی مێرخاس و پیاوخراپان، بەشکم فریای کوڕەکەی بکەون. بەڵام کێ دەوێرێ خۆی لەو شتانە بەخاوەن بکا؟ ئاخرییەکەی شەریفە کوێرێک کە دەیانگوت پیاوی دەوڵەتە داوای پارەیەکی زۆری لێ دەکات. ئایشێ لە داری دنیایە ملوانکەیەک نەبێ هیچ شایەخودای شک نەدەبرد. ملوانکەکەیش بە دەماری ژیانییەوە بەسترابۆوە. کوولەکەی رۆحی بوو. لەو هەمووە گۆڵمەز و گێچەڵەی رۆژگار پاراستبووی. چەند ساڵان بە دەستکورتی ژیابوو هەر بە مێشکیشیدا نەهاتبوو بڵێ دەیفرۆشم. جارێکیان سوارەی رەحمەتی هەر ئەوەندە زمانی سووتابوو، گوتبووی: با ئەو ملوانکەیە بدەین بە چاوە خانووەک و تێیدا بحەسێنەوە. ئایشێ وەک فیشەکی پێوە بنێی دەرپەڕیبوو و شریخاندبووی بەسەریدا و گوتبووی: سوارە، ئیدی گووی وا نەخۆی. ئایشێ ئەوەیشی لەسەر دڵی ببووە داخ و گرێیەکی ئەبەدی. بەڵام نەیدابوویە. گوتبووی خانووم ناوێ. باسی ئەو ملوانکەیە مەکە. سوارەش قەت لێی نەپرسیبوو باشە ئەوەت لە کوێ بوو؟ جاروبارە بەدڵیدا دەهات و لەبەر خۆیەوە دەیگوت: باشە ئەوە دەبێ یادگاری چ سەگبابێک بێ؟ لەوەتەی دەیناسم لە ملیدایە. نەمدیتووە لە خەوتنێشدا دایکەنێ. تۆ بڵێی پێش من کەسێکی خۆش ویستبێ و بە یادگار پێی دابێ؟ نازانم...

سوارە زۆری بیر لەوە کردبۆوە و ئاخری وازی لێ هێنابوو و هەرگیز باسی نەکردبۆوە. کە سوارە بێسەروشوێن چوو، ئایشێ تاقە یەک جار گوتی: خۆزگە کۆرە ببوایەم و دڵیم نەشکاندبا...

ئاخریەکەی لەکەس روون نەبۆوە کە پوورە ئایشێ وا دەنووزێتەوە و لەبەر خۆیەوە ورتەی دێ و بەردەوام دەست بە ملوانکەکەیدا دێنێ، ئاخۆ بۆ سوارە دەنووزێتەوە کە دڵی شکاندووە و ملوانکەکەی نەداوەتێ یان، بۆ ئەو کەسەی ملوانکەکەی بۆ کڕیوە...

شەریف گوتبووی، ئەو کارە ئەستەمە و پارەیەکی زۆری دەوێ. من دەبێ بەرتیل بە سەد کەس بدەم تا بزانم کوڕەکەت لە کوێ گیراوە. بڵێم چی دایکەکەم! با کوڕەکەت گووی وای نەخواردبا. تازە بەشکم خودا روحم بکا منیش لە سۆنگەی ئەوەوە تێدا نەچم. خودا بکا ئەو ئاگرە بەرۆکی منیش نەگرێتەوە. من بەزەییم بەتۆدا دێ ئەگینا چیم بەو گۆڵمەزە داوە دایکم....

ئایشێ لە داری دنیا ئەوەی هەیبوو و نەیبوو ئەو ملوانکەیە بوو. ئاخری ئاگری جەرگ هەڵیگرت و دڵی لێ بەردا و لە مستی شەریفی نا. شەریف رۆیشت. مانگێکی پێچوو، دوو رابرد هەر خەبەر و سۆراغێک نەبوو. ئاخری رۆژێک لە پڕ لە دەرگا درا. دڵی وەک باڵی چۆلەکە فڕەی دەهات. بە قۆنەقۆن خۆی گەیاندە دەرگای حەوشە. کە کردییەوە پیاوێک ردێنی هەتا سەر ئەژنۆی هاتبوو. بەو حاڵەش دەسبەجێ ناسییەوە. حەمەی کوڕی بوو. ئامێزی لێ دا. بەسەریدا گریا. لۆمەی کرد، دیسا ماچی کردەوە. ئیتر حەمە نەیتوانی بچێتەوە خوێندن. ناچار بوو عارەبانەیەک بکڕێ و تەڕە و میوە بفرۆشێ. ساڵێک دواتر کتوپڕ حەمە بزر بوو. گوتیان چووەتە شاخ. ئیتر دوعاکانی پوور ئایشێ دەستیان پێ کرد.

"ئەی سەت خۆزگە لە زیندانێ رزیبای هەتیوە کەرە. ملوانکەکەشم چوو. پەکوو... بەخوای کوڕێکی شیرینی دێنا. وەڵاهی خوێنی سەد کوڕی وەک حەمە بوو. پەکوو. هەتیوە کەرە، ئەوە دایکت بەخێو کرد. دەی وەڵاهی زانیبام ئاقڵ نابی، ملوانکەکەم نا، تەرسی کەرێم بەرتیل نەدەدا. تووتکی سەگ، چووەتە شاخ! تاجەگوڵینەی لەسەری داکی دا. ئەوە بەخێر نسحەتم کرد، پێم گوت، هەتیو، کەر مەبە، قوون بدە سەر دەرپێی خۆت و دەست بە کڵاوەکەتەوە بگرە با نەیبا. تۆ من بەخێو بکە، وەبزانە دنیات رزگار کردووە. یاخوا گوللەی نەدەبەدیت وێ کەوێ....

پوور ئایشێ هەموو جارێ کە ئەم دووعایەی دەکرد، دەسبەجێ پاشگەز دەبۆوە و دەیگوت: خوایە تۆبە گووم خوارد. خوایە سەگی بەر قاپیەتم و گووم خوارد لەگەڵ جەمیعی موسوڵمانان.... خوایە گووم خوارد، خوایە بیپارێزی....

پوور ئایشێ کە دادەنیشت هەر دووعای لێ نەدەکرد، بەڵکو وەک حەمەی لە تەنیشتی دانیشتبێ، ئامۆژگاریی دەکرد. بەدەنگی بەرز قسەی دەکرد، دەیگوت: رۆڵە، تۆ منداڵی. تۆ ساویلکەی. چووزانی... من دەزانم. خوێندنەکەت لە خۆت سووتاند. خەڵک خوداخودایانە بگەنە قوتابخانە گەورەکە... تۆ چووی و بە ملی شکاوت نەتخوێند. ئەوەتا باوکیشت تێداچوو، بزانە کەس دەرگام لێ دەکاتەوە. تۆ بۆ ئەوەندە کەری. ئێرە وڵاتی دز و چەتە و جەردە و پیاوکوژانە. هەتیوە کەرە، ئەم وڵاتە هەرگیز سەرکردەی دڵسۆزی نابێ. وەڵاهی ئەوە من مردوو و تۆ زیندوو، ئەم وڵاتە لە جەردە و دز بەولاوە بەخۆیەوە نابینێ. بۆ خۆتت کەر کردووە. کوڕە هەتیوە وەرەوە و ئاقڵ بە، لە وڵاتی جەردە و دزاندا هەر کەرەکان دڵسۆزی دەکەن. چونکە کەرن و نازانن. دڵسۆزی لە وڵاتی جەردە و دزاندا کەرێتییە بەخوا. دەست هەڵگرە. وەرە سبەی رۆژێ ئەوانە بە ئەقڵت پێ دەکەنن. ئەو تاڵانچییانەی من دەیانناسم، هەر بە ئێسکوپرووسکی هەزارانی وەک تۆ باڵەخانەی سەد نهۆم دروست دەکەن. باڵەخانەی وا هەڵدەچنن، دایکت مافی ئەوەی نەبێ هەر بە دووربینیش سەیریان بکا...

کە دەروجیران گوێیان لەو قسانە دەبوو، دەیانگوت: ئەرێ ئەوە باسی چی دەکا؟ تۆ بڵێی شێت بووبێ؟ بڵێی باسی کام سەردەم بکا؟ سەرکردەی دز و چەتە کێن؟

ساڵانی بەسەردا تێپەڕیبوو، خەڵکەکە تازە بیریان لە قسەکانی پوورئایشێ دەکردەوەو وەک نەزیلە باسیان دەکردەوە و قسەکانیان دەگێڕاوە و دەیانگوت: یاخوا جێگەت بەهەشت بێ پوورە ئایشێ، وەڵاهی دەڵێی لە غەیبەوە ئەو قسانەی پێ گوتراوە، ئەوەتا هەمووی راست دەرچوون. دووعاکانیشی لەبیر کەس نەچووبوونەوە.

پوور ئایشێ تەنیا لەو دوعایانە پاشگەز دەبۆوە کە دوعای مەرگ بوون. ئەگینا ئەوانی دیکەی دەکرد و بە تەنیشتیاندا تێدەپەڕی. لە هەموو دوعاکانی پوورئایشێ تەنیا یەکێکیان گیرا ببوو. ئەویش ئەوەیان کە گوتبووی: رەبی رسقت سواری بای شەماڵ بێ.

حەمە دەیگوت: دایە خۆزگە دوعای مەرگەکەت گیرا بوایە. زۆر باشتر بوو. خۆ پیاو بمرێ باشترە و دەستکورت نەبێ. لە بنەوە زەردەخەنەیەکیشی دەهاتێ و دەیگوت: بەخوای دایکم راستی دەکرد. دەتگوت ودمی پێیە. ئاخ دایە گیان کوێراییم دایێ بۆ وا دیدار ئاخرت بووم. سەرێکی راوەشاند. فایلەکەی بەدەستەوە بوو. هەموو بەڵگەکانی تێدا کۆ کردبۆوە. بە تەکسییەکەی گوت: تکایە لەبەردەم رێکخراوی زیندانییە سیاسییەکان بۆمی راگرە.

کە لە نهۆمی یەکەم چووە سەرێ، فێنکایی سپلیتەکان ئۆخژنێکیان بەدڵیدا هێنا. گوتی: خوایە ئەمڕۆ بە دووعای دایکمی نەکەی. هەر بۆخۆشی گوتی: کوڕە جا دووعای چی؟ خۆیان گوتوویانە ئەوانەی زیندانیی سیاسیی بوون، بەڵگەکانیان کۆ بکەنەوە و بێن پارە وەرگرن. شانی لە شانی کابرایەک کوتا. سەری هەڵێنا، لە پاسەوانەکەی پرسی: ژووری مودیر کامەیە؟

گوتی: دانیشە بەڕێت دەکەین.

کە چووە ژوورێ مووچڕکێک لە بەری پێیەوە هات و لە تەپڵی سەری دەرچوو. فایلەکانیان لێ وەرگرت. گوتیان تەواوە. بەڵام دەبێ یەکێکیش بێ و شایەتیت بۆ بدات. گوتی: جەنابی مودیر، خۆت باشترین شایەتی. پێم وایە کەس لە خۆت باشتر نامناسێ. مودیر چاوی زەق بوونەوە. گوتی؟ بەڕێزت؟ کێی جەنابت؟

گوتی: من حەمەم. لەبیرت نییە ئەو ساڵەی گیرابووم بەسەر جەلادەکانەوە راوەستابوویت و دەتگوت: تێی هەڵدەن لەو سەگبابە؟

 

مودیر چاوی چووە پشتە سەری. فایلەکەی بە دەموچاوی دادا و دەریانکردە دەرەوە... دیسان دوعاکەی پوورەئایشێ گیرا بوو...