د.مه‌سعوود بینه‌نده
گۆران هه‌رچه‌نده "کانییه‌کی روونی به‌ر تریفه‌ی مانگه‌شه‌و" له "ده‌ریای بێ‌سنوور" به جوانتر دائه‌نێ و بڕێ جاریش به بیستنی هێنده‌ی خرۆشی رۆحی بێگانه له مووسیقا میزاجی کوردانه‌ی تێک ئه‌چێت، به‌لام قه‌د ده‌سبه‌ردای رێبازی نوێخوازی له رێگای وه‌رگێڕانی شیعری بیانی و وه‌رگرتنی ئه‌زموونه‌کانی ئه‌وان نابێت و هاوکات به پهرژانەسهر پرسه جیهانی و گشتگیره‌کان تێ ده‌کۆشێت ره‌وتی رۆشنبیریی یۆنیڤێرساڵ له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا په‌ره پێببدات.
"کۆنەرووخێن، بنیاتی تازهدانهر!..."
گۆران شاعیرێکی دۆزه‌خییه که به‌رده‌وام خه‌ون به به‌هه‌شته‌وه ده‌بینێت. شیعر لای گۆران ته‌نیا یادگارییه‌که که ده‌توانێت بیره‌وه‌ریی به‌هه‌شتی له‌ده‌سچوو زیندوو بکاته‌وه و له‌م یاده‌دا وێنای سروشت و جوانی و هه‌روه‌ها فرمێسک و زامه‌کانی مرۆڤ بنه‌خشێنێت. به‌هه‌شت/سرووشت له شێعری گۆران‌دا کۆمۆنێکی تێکنهدراو و بێخه‌وشه که دیارده‌ی جوانی و ئه‌وین مومکین ده‌کات؛ واته نه‌وه‌ک هۆکار و سه‌رچه‌شنی جوانی و خۆشه‌ویستی به‌ڵکوو له شێوازی ئه‌و به‌ستێنه‌دا ده‌ور ده‌بینێت که تیشکی شکۆداری جوانیی مرۆڤ به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه و خۆی وه‌کوو میدیۆمێکی دیارنه‌ماو ئاوا ده‌بێت.
"کام ئه‌ستێره‌ی گه‌ش، کام گوڵی کێوی
ئاڵه وه‌ک کوڵمی؟ گۆی مه‌مکی؟ لێوی؟"
ئاماژه‌ی جوانی لای گۆران شۆخێکی نایاب و بێ ناوه که هه‌رچه‌نده له وه‌سفی فیگوری "قژکاڵی لێوئاڵی، پرشنگی نیگاکاڵ"دا شێوازی کۆنکرێت به‌خۆوه ده‌گرێت به‌ڵام وه‌کوو ئارکیتایپێکی به‌رزه‌جێ(Sublime) له بیره‌وه‌ریی شاعیردا هه‌ڵکۆڵراوه و عومرێکی درێژه برینه‌کانی ساڕ‌ێژ ده‌کات. جوانیی موتیڤێکه که وه‌کوو ئۆبژه‌ی مه‌یل، مه‌لی برسیی هه‌ستی شاعیر چڵاوچڵ هه‌ڵده‌فڕێنێ به‌ڵام هیچکات توونیه‌تی و ئاره‌زووی دڵی نه‌شکاندووه! که‌وایه لای گۆران جوانیی رواڵه‌ت، ته‌نیا ئیماژێکی ده‌رهه‌ست و سه‌ربه‌خۆ نییه که بتوانێت خۆی له خۆیدا خۆزگه‌ی دڵ بێنێته دی به‌ڵکوو ئه‌م جوانییه ده‌بێت له دڵێکی رووناک و گه‌رموگوڕه‌وه سه‌رچاوه بگرێت و سه‌رتر له جوانیی سروشتی جوانییه‌کی مرۆڤانه به‌رهه‌م بێنێت. هه‌ر بۆیه سناریۆ/فانتازیاکانی شێعری گۆران له‌مه‌ڕ جوانییه‌وه به‌رده‌وام به ترۆمای دژوازییه‌کانی ژیانی مرۆڤ و ئانتاگوونیزمی کۆمه‌ڵگا تووشی هه‌ڵپه‌ساردن ده‌بێت و ناهێڵێت که گوتاری شێعریی له رۆمانتیسیزمێکی خاو و بێجموجووڵهدا رۆ بچێت. ململانێی به‌رده‌وامی "ئاغا/جووتیار، ئیستعمار/وڵاتانی ئازادیخواز، مه‌ده‌نییه‌ت/دواکه‌وتوویی، سه‌رمایه‌دار/هه‌ژار و ..."، رووکه‌شی رۆمانتیستی و پارێزکارخوازانهی شیعری گۆران لا ئه‌ده‌ن و ئیتۆسێکی بهرههڵستخوازانه به‌رهه‌م دێنن که هێما کلاسیکه‌کانی سروشت، جوانی و ئه‌وین له ده‌ربڕینێکی
جیاوازی شاعیرانه‌دا به شێوه‌یه‌کی نوێ پێکه‌ربه‌ندی ده‌که‌ن.
"مه‌ده‌نییه‌ت، ئه‌لکتریک، قهمهر
ئه‌ی زیابه‌خشی حاڵی نه‌وعی به‌شه‌ر!"
ئه‌م دێڕه شێعره‌ی گۆران، رسته‌یه‌کی "لینین"مان وه‌بیر دێنێته‌وه که هه‌بوونی شۆراکان هاوته‌نیشت له‌گه‌ڵ ئێلێکتریسیتهدا به به‌دیهێنه‌ری کۆمۆنیزم ده‌سنیشان ده‌کات. گۆران ئه‌زموونی ئه‌ده‌بیی خۆی له سه‌رده‌می جیهانی دووجه‌مسه‌ریدا پێ گه‌یاندووه و له پانتاییی وڵاتێک‌دا ژیاوه که سنووره‌کانی ده‌سکردی کۆلۆنیالیزم بووه؛ هه‌ر بۆیه له‌ژێر کاریگه‌ریی گوتاری شۆڕشگێڕانه‌ی سه‌رده‌مدا هه‌وڵ ئه‌دات کۆمه‌ڵگای کوردی له پاشماوه‌کانی سوننه‌ت و دواکه‌وتوویی رزگار بکات و به ئاڵوگۆڕێکی بنه‌ڕه‌تی به‌هه‌شتێکی راسته‌قینه و زه‌وینی بونیاد بنێت:"با ببینین به‌هه‌شتی راستی حه‌یات...".
"ده‌می ڕاپه‌ڕینه، ده‌می ڕاپه‌ڕین! هه‌تا که‌ی به سستی و به په‌ستی بژین؟
به‌لادا بکه چاکی مه‌ردایه‌تی... درێغی مه‌که گیان له کوردایه‌تی..."
بۆیه قیبله‌نومای دڵی شاعیر ناوبه‌ناوێ به‌ره‌و مۆسکۆ وه‌رده‌گه‌ڕێت و هه‌ستی به ئاوازه‌ی ئۆرکێسترای مۆسکۆوه مه‌ست ده‌بێت. گۆران شاعیری سه‌رده‌می دابڕانه؛ واته له‌سه‌ر که‌لێنێکی مێژوویی راوه‌ستاوه که به پۆتانسیه‌له‌کانی نوێخوازی بارگاوی کراوه، به‌ڵام به‌ئه‌نجامگه‌یشتنی واقیعی ئه‌م دۆخه پێویستی به ده‌ستێوه‌ردانێکی سوبژێکتیڤ هه‌بوو که "دابڕان" فورمووڵایز بکاته‌وه و فۆرمێکی نوێ له "بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تی هه‌ستپێکراو" به‌رهه‌م بێنێت. گۆران که ده‌ستێکی به رۆمانتیسیزمی کلاسیکه‌وه به‌نده و ده‌ستێکی دیکه‌ی له ریالیزمی سوسیالیستیدا به‌شداره، ده‌توانێت به راکێشان و ده‌روونیکردنه‌وه‌ی بابه‌ته دژوازه‌کانی سه‌رده‌م، فۆرمی ئه‌ده‌بیی باو تێک بشکێنێت و به ئه‌زموونی فۆرمی جیاواز سه‌ره‌تایه‌ک بۆ نوێگه‌ری له شیعری کوردی(به‌شی باشوور)دا بهێنێته ئاراوه.
گۆران هاوکات که خاوه‌نی شێعری نیشتمانی و نهتهوهیییه، ئاڕاسته‌ی بیرێکی یۆنیڤێرساڵ په‌یڕه‌و ده‌کات؛ له گیانی پیکاسۆ ئیلهام قه‌رز ده‌کات و بۆ هاوڕێیه‌کی نه‌ناسی دووروڵات هه‌ڵبه‌ست تۆمار ده‌کات!
"ئاشتیخوازین، پشتیوانمان گه‌لانه
کۆتری سپی ئاڵامان ناونیشانه؛
رێگامان رێی برایه‌تیی ئینسانه
ناکۆکی و شهڕنههێشتن ئامانجمانه!"
رۆمانتیسیزمی گۆرانی "پاییز، پاییز" و واتاخوازیی گۆرانی "هیوا مه‌گری" و ده‌نگهه‌ڵبڕینی گۆرانی "ده‌می راپه‌ڕین"، پێکه‌وه گوتارێکی هاوبه‌ش پێک ده‌هێنن که گۆرانی "شاعیر"ی لێ ده‌که‌وێته‌وه؛ شاعیرێک که له سروشته‌وه ده‌ستی پێ کردووه و له ئافره‌تدا ئایدیاکانی جوانی دۆزیوه‌ته‌وه و به به‌رگریکردن له نه‌ته‌وه و نیشتمان به ئامانجی گشتیی ئینسان گه‌یشتووه.
"حه‌ق بسێنه به ڕه‌نجی شان بۆ گشت هه‌ژار، بۆ گشت ئینسان"
شێعرییه‌تی گۆران ئه‌و هێڵه بێ‌سنوور و بێبڕانه‌وه‌یه که هه‌موو ئه‌و هه‌رێمانه ده‌به‌زێنێ و هیچکات ته‌واو نابێت. پرۆژه‌ی نوێخوازیی گۆران پرۆژه‌یه‌کی ناته‌واوه که به به‌رهه‌مهێنانی که‌لێن و بۆشایییه‌کی بنه‌ڕه‌تی له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا، زه‌رووره‌ته‌کانی نوێخوازی به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه و رێگا بۆ به‌ره جیاوازه‌کانی تر ئاوه‌ڵا ده‌کات. هه‌رچه‌ند پرۆژه‌ی نوێخوازانه‌ی گۆران بەهۆی پێبه‌ندبوونی به کێشی په‌نجه‌یی و فۆرمی کۆنباوی ئه‌ده‌بی زاره‌کییه‌وه بڕێ جار تووشی ته‌نگه‌به‌ری هاتووه، به‌ڵام ئه‌م که‌موکورتییانه به‌گشتی نه‌یانتوانیوه ته‌وژمی به‌ره‌وپێشچوونی نوێگه‌ریی گۆران راوه‌ستێنن و له ئاستی کاریگه‌رییه‌کانی که‌م بکه‌نه‌وه.
گۆران به‌رهه‌ڵستکار و بتشکێنی نه‌ریته‌کانی سه‌رده‌می خۆی بووه؛ هه‌ر بۆیه ئاسایییه که ده‌ڵێت:" تاوێ نه‌گه‌ڕا چه‌رخی موخالیف به حیسابم"، و هه‌روه‌ها به دهنگههڵبڕینهوه به‌رۆکی خودان ده‌گرێت و بهرهوڕووێ پرسیاری ده‌کاته‌وه:
"ئه‌ی ئه‌وه‌ی قه‌ومانی به‌ش به‌ش کرد بەپێی خاک و زمان
دای به هه‌ر قه‌ومێ نگین و تاج و ته‌ختی حوڕ ژیان،
کوا نگینی به‌ختی من؟
کوانێ تاج و ته‌ختی من؟"
گۆران هه‌رچه‌نده "کانییه‌کی روونی به‌ر تریفه‌ی مانگه‌شه‌و" له "ده‌ریای بێ‌سنوور" به جوانتر دائه‌نێ و بڕێ جاریش به بیستنی هێنده‌ی خرۆشی رۆحی بێگانه له مووسیقا میزاجی کوردانه‌ی تێک ئه‌چێت، به‌لام قه‌د ده‌سبه‌ردای رێبازی نوێخوازی له رێگای وه‌رگێڕانی شیعری بیانی و وه‌رگرتنی ئه‌زموونه‌کانی ئه‌وان نابێت و هاوکات به پهرژانەسهر پرسه جیهانی و گشتگیره‌کان تێ ده‌کۆشێت ره‌وتی رۆشنبیریی یۆنیڤێرساڵ له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا په‌ره پێببدات. هه‌ر بۆیه له پێناوی به‌رگری له گه‌لانی ئازادیخوازی جیهاندا سروود و هه‌ڵبه‌ست داده‌نێت(ئازادیخواز، گری... گری) و سه‌رکۆنه‌ی دوکتریهنی پاشڤه‌ڕۆخوازانه و دژهرووناکبیرانهی سیناتۆر مه‌ک کارتی له ئه‌مریکای ده‌یه‌ی 50ی ز ده‌کات(له بیری نوێ به کینه‌یه مه‌ککارتی/ کتێب لای ئه‌و په‌ڵپینه‌یه مه‌ککارتی). ره‌نگه هیچکات نه‌توانین مانیفێستی شیعری گۆران ده‌سنیشان بکه‌ین به‌و بۆنه‌وه که له ده‌قی شیعریی گۆران‌دا ته‌واوی ئیماژه رۆمانتیستی و هه‌روه‌ها مه‌به‌سته ئۆمانیستییهکان؛ واته دژوازیی رومانتیسیزم/ رۆشنگه‌ری له یه‌کتردا به نه‌لێکردن(نفی نفی)ێکی هێگێلی رۆ ده‌چن و بووتیقایهکی چه‌ندڕه‌هه‌ندی و هیرۆنیموسییانه، که یه‌كێ له ئه‌زموونه‌کانی سه‌رکه‌وتووی مودێڕنیته‌ی ئه‌ده‌بی کوردییه به‌رهه‌م دێنن.