وشەی جەهەننەم و ژیانی جەهەننەمی
پێوەندی نێوان وشە و کۆمەڵگا چییە؟ پێوەندێکی راستەخۆیە، یان ناڕاستەوخۆ؟ داخۆ کۆمەڵگا دەبێ بەوەی بە وشە دەیدرکێنین، یاخود وشە دەبێ بەوەی وا کۆمەڵگا لە ژیانی رۆژانەی خۆیدا دەینوێنێ؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە ئەستەمە. بەلام رەنگە لە جەغزێکی بچووکتردا بڵێین کە زمان کارێگەری هەیە لەسەر شێوەی ژیان و چارەنووس. ئەو مرۆڤانەی وا زمانیان بە ئاراستەیەکی خاوێن و گەشدا گۆشکراوە، بە گشتی شێوەی ژیانیان مرۆڤانەترە و، ئەوانەی وا زمانیان بە پێچەوانەوەیە ئەوا ژیانێکی پێچەوانەیش ئەزمووندەکەن. لە راستیدا زمان دەربڕی جیهانبینییە و لێرەوە کاریگەریی دەبێ لەسەر ئاراستەی ژیانمان.
ئەو کەسانەی یان ئەو کۆمەڵگایانەی وا زیاتر باسی جەهەننەم دەکەن، ژیانی رۆژانەیان زیاتر لە جەهەننەم دەچێ و ئەوانەیشی وا زیاتر باس لە بەهەشت و چاکە دەکەن ژیانیان زیاتر تێکەڵ بەم تایبەتمەندییانە دەبێ. کەواتە یەکێک لە ئامرازەکانی ژیانێکی جەهەننەمی، باسکردنی بەردەوامە لە جەهەننەم! جا گەر دەتەوێ ژیانی کۆمەڵگایەک تێکبدەی، زۆر ئاسانە، تەنیا زمان بگۆڕە!
هەر بەو رادەیەیش بۆ دوورکەوتنەوە لە جەهەننەم، دەتوانین زمانمان لە وشەی جەهەننەم خاوێن بکەینەوە. لە بیرمان بێت شێوەی رووانینی ئێمە بۆ ژیان، کە لە زماندا خۆی دەنوێنێ، دەتوانێ شێوەی ژیانیشمان دیاری بکا.
سایتی قەڵەم
٢٧ مەی ٢٠١٩