نەفرەت و سیاسەت
لە کۆمەڵگایەکدا ستەم و چەوساندنەوە تایبەتمەندیی زاڵن، بێگومان نەفرەت دەبێ بە یەکێک لە لایەنە رۆحییە گرینگەکانی ناو گۆڕەپانی سیاسەت. دەتوانین بڵێین هەر بەو رادەیەی ستەم و چەوساندنەوە زۆر و زۆرتر دەبێ، ئەوا نەفرەتیش بەو پێیە زیاتر پەرە دەستێنێ.
بەڵام نەفرەت تەنیا لە ناو ستەملێکراواندا نیە، بەڵکو ستەمکارانیش خاوەنی ئەم تایبەتمەندییەن. بگرە ئەو نەفرەتەی لە ناو ستەمکاراندا بەرامبەر بە ستەملێکراوان هەیە، لە ناو ستەملێکراواندا بەرامبەر بە ستەمکاران نیە. بۆیە دەتوانین بڵێین ستمەلێکراوان هەمیشە بەخشندەتر بوونە. ئەمەیش ئاساییە، چونکە ئەوان سەرچاوەی ستەم و چەوساندنەوە نین.
بەڵام داخۆ ئەم نەفرەتە تا چەندە ئینسانیە؟ ئایا دەتوانین بڵێین دەستەواژەی 'هێمن' ی شاعیر کاتێک باس لە رقی پیرۆز دەکا، دەستەواژەیەکی ئەرێنی و دروستە و خاوەنی لایەنی ئینسانی؟
لە وەڵام دا دەتوانی بڵێین تا ئەو جێگایەی ئاراستەی نەفرەت بەرەو خودی ستەمە ئەوا ئەم هەستە ئینسانییە، بەڵام کاتێک ئاراستەکەی بەرەو ستەمکارە، ئەوا نائینسانییە. نامرۆڤانەیە چونکە نەفرەت دەتوانێ سەرچاوەی گەلێک کردەی ناشیرین و نامرۆڤانە بەرامبەر بە مرۆڤەکان، بگرە ستەمکارەکانیش بێت و، ئیتر لێرەوە مرۆڤی دژەستەم بە هەندێ کردە و رەفتار هەستێ کە شیاوی ئەو نین.
بۆیە نەفرەت سنوری خۆی هەیە: سنوری سڕینەوەی خودی ستەم و چەوساندنەوە.
سایتی قەڵەم
٢ ئاپریلی ٢٠١٩