و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

به‌سه‌ر گه‌ڵای دارخورماوه‌
له‌ باران زیاتر نابییه‌م
بیر ده‌كه‌مه‌وه‌
هه‌رگیز ناتوانم له‌ ئاده‌مزاد بگه‌م
به‌ڵام بۆ ژیان
به‌ خۆشی و ناخۆشییه‌كانیه‌وه‌ ژیام. 

 

چه‌ند شیعرێك له‌ (چارڵز بۆگۆفسكی)یه‌وه‌

و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

 

گه‌ڵای دارخورما

   

نیوه‌شه‌وی 1973- 1974

 سه‌عات دوانزه‌ونیوی ته‌واو له‌ لۆس ئه‌نجلۆس

له‌ودیوی په‌نجه‌ره‌كه‌م

باران ده‌ستی پێكرد

به‌سه‌ر گه‌ڵای دارخورمایاندا دای كرد.

هۆڕنی ئۆتۆمبیلان و چه‌خماخه‌ی ئاگره‌گه‌مه‌.

ئاسمان بروسكه‌ی ده‌دا.

من

له‌ سه‌عاتی نۆی‌ ئێواره‌وه‌

چووبوومه‌ ناو جێ و چرام كوژاندبوونه‌وه‌

له‌ناو جێدا به‌خۆم دادابوو

له‌ژێر پێخه‌فه‌وه‌

گوێم بۆ هه‌را و

خۆشی و به‌ختییارییان ڕادێرا بوو..

هاوارییان

شه‌پقه‌ كاغه‌زینه‌كانیان

ئۆتۆمبێل، ئافره‌ته‌كانیان و

سه‌رخۆشه‌ تازه‌ ده‌ستپێكردووه‌كان.

 

هه‌میشه‌ سه‌ری ساڵ ده‌مترسێنێ

ژیان هیچ له‌ ساڵان نازانێ

 

ئێستا هۆڕنه‌كان دامركانه‌وه‌

ئاگره‌گه‌مه‌ وبروسك

هه‌موو شتێك له‌ پێنج خوله‌كدا

كۆتایی هات.

به‌سه‌ر گه‌ڵای دارخورماوه‌

له‌ باران زیاتر نابییه‌م

بیر ده‌كه‌مه‌وه‌

هه‌رگیز ناتوانم له‌ ئاده‌مزاد بگه‌م

به‌ڵام بۆ ژیان

به‌ خۆشی و ناخۆشییه‌كانیه‌وه‌ ژیام. 

 

بێگومان

 

له‌ ژیاندا

له‌وه‌یش خراپتر هه‌یه‌ ته‌نیا بی

لێ ئه‌وه‌ زۆر جاران

ماوه‌یه‌كی زۆری ده‌وێ

ده‌ركی پێ بكرێ

زۆر جاریش كه‌ ده‌ركی پێ ده‌كرێ

كات به‌سه‌رچووه‌

هیچ شتێكیش له‌ كات به‌سه‌رچوون خراپتر نییه‌ .

 

دانپێدانان

چاوه‌ڕێی مه‌رگم

وه‌ك پشیله‌یه‌ك

خۆی بۆ پێخه‌ف هه‌ڵداوێ.

 

خه‌م بخۆم ، زیاتر خه‌م بۆ ژنه‌كه‌م ده‌خۆم

ئه‌و

ئه‌م جه‌سته‌ سپییه‌ خامۆشه‌ ده‌بینێ

یه‌كجار ده‌یجولێنێ

ڕه‌نگه‌ جارێكی دیكه‌ش بیبزوێنێ:

((هانك!))

هانك وه‌ڵام ناداته‌وه‌.

مردنم نیگه‌رانم ناكا

ژنه‌كه‌م نیگه‌رانم ده‌كا

كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بارسته‌ له‌ هیچه‌دا

ده‌مێنێته‌وه‌

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا

ده‌مه‌وێ بزانم

من

به‌ درێژایی ئه‌وان شه‌وانه‌ی

له‌ نزیكیدا نوستووم

ته‌نانه‌ت

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و به‌یه‌كدا هه‌ڵشاخانه‌ خۆڕاییانه‌شدا

هه‌ر جوان بوو

وشه‌ی قورسی

كه‌ هه‌میشه‌ ده‌ترسام بیڵێم

ده‌توانرێ ئێستا بگوترێ :

خۆشم ده‌وێی!

 

نامه‌یه‌ك له‌ دووره‌وه

 له‌ ژوورێكی بچكۆلانه‌ی نزیك (سین) ـه‌وه‌

نامه‌یه‌كی بۆ نووسیم

ده‌ڵێ خه‌ریكه‌ ده‌چێته‌ خولێكی فێربوونی سه‌ما

ده‌ڵێ سه‌عات پێنجی سپێده‌ له‌ خه‌و ڕابووه‌ و

هه‌ندێ قه‌سیده‌ی به‌ ئامێری چاپ نووسیوه‌

یا وێنه‌ی كێشاوه‌

دوایی هه‌ستی كردووه‌ گریانی دێ

چووه‌ له‌سه‌ر كورسییه‌ دڵگره‌كه‌ی

له‌ كه‌نار ڕووبار دانیشتووه‌ .

كتێبی ( گۆرانییه‌كان ) ی

پاییز بڵاو ده‌بێته‌وه‌

نه‌مزانی چی بڵێم

له‌وه‌ی به‌ده‌ر

خۆی له‌ ددانی نه‌خۆش ڕزگار بكا و

له‌ عاشقه‌ فه‌ڕه‌نسییه‌كان وریا بێت.

 

وێنه‌كه‌یم به‌ ڕادیۆوه‌

نزیك پانكه‌كه‌ هه‌ڵپه‌سارد

وه‌ك شتێكی زیندوو ده‌جوولایه‌وه‌

دانیشتم ته‌ماشام كرد

تا ئه‌و پێنج شه‌ش جگه‌ره‌ی مابوومم كێشا

پاشان هه‌ستام

چووم نووستم .‌

 

 

(*) چاڕلس بۆگۆفسكی ساڵی 1920 له‌ شاری (ئا‌ند‌رناخ) ی ئه‌ڵمانیا له‌دایك بووه‌ ، به‌ڵام زۆری نه‌بردووه‌ بنه‌ماڵه‌كه‌یان چووه‌ته‌ ئه‌مه‌ریكا .

بۆگۆفسكی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گه‌لێك چیرۆك و شانۆیی و ڕۆمانی نووسیوه‌ به‌ڵام زیاتر وه‌ك شاعیر ناسراوه‌ .

ئه‌م شیعرانه‌ی له‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌وه‌كراون به‌ كوردی كه‌ ده‌زگای (الجمل) ساڵی 2009 به‌ ناوی (الحب كلب من الجحیم)ـه‌وه‌ بڵاوی‌ كردووه‌ته‌وه‌

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت