ناسین، مەرجی یەکەم

ناسین، مەرجی یەکەم
کانت لە یەکەم رستەی کتێبی 'رەخنە لە ئەقڵی رووت' دان بەوەدا دەنێ کە گشتیەتی ناسین لە ئەزموونەوە دێت. بەڵام هاوکات دەستبەجێ ئەوەیشی پێ زیاد دەکا کە ناسین رەوتێکی فرە چەشنە و بەشێکی (بەدەر لەوەی لە رێگای هەستەکانەوە پێمان دەگا)، لە توانای ناسینی ئێمەوە سەرچاوە دەگرێت.
 
گەر باوەڕمان بەم بۆچوونەی کانت بێت، ئەوا مرۆڤ لە رێگای توانایی ئەقڵیی خۆیەوە بەشداری چالاکانە دەکاتەوە لە رەوتی ناسین دا و بەم شێوەیە ناسین دەبێ بە پرۆژەیەکی چالاک نەک پاسیڤ.
 
کەواتە گرینگە مرۆڤ هەمیشە چالاکانە تواناکانی خۆی لە رەوتی ناسین دا بەکار بێنێ و، تەنیا بەو شتانە قاییل نەبێ وا هەستەکانی لە جیهانی دەورووبەر وەریدەگرن.
 
لە راستیدا داهێنانەکان لە ناسین دا کاتێک سەرهەڵدەدەن کە ئەم بەشە لە رەوتی ناسین پتر چالاک دەبێتەوە. بیرکردەوە لەوەی هەستەکانمان پێمان دەڵێن، پۆلین کردنیان، هاویشتنیان بۆ ناو نەزم و سیستم، هەروەها ئانالیزە کردن و سەرلەنوێ بە سەنتزکردنیان گەلێک دەروازەی تر بە رووی مرۆڤ دا دەکەنەوە.
 
ئەم توانایەی مرۆڤ بەتایبەت ئەو کاتە گرینگە کە دەیەوێ چالاکانە لە چارەنووسی خۆیدا بەشداربێ. چونکە چارەنووس تەنیا لەرێگای هەستەکانەوە دیاری ناکرێ و پێویستی بە بەکارهێنانی چالاکانی ئەقڵە. ئەقڵیش زەمانێک بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێ کە بیەوێ خۆی لە هەستەکان راپسکێنێ و تەنیا بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەوان مامەڵە لە گەڵ جیهان نەکا.
 
بەشداری کردن لە رەوتی چارەنووسی خۆ ئەرکێکی یەکجار قورسە و دەبێ لەگەڵ خۆی ئەو دەقانە بەرهەم بێنێ کە ئەقڵانین، واتە بە قورسی لە پرۆژەی ناسین دا رەگی داکوتاوە.
 
ئەم رەوتە نە بە شیعر چێ دەبێ و نە بە رێکلامە، نە بە توند و تیژی و نە بە زۆر و زەبەندی. پێش لە هەر شتێک پێویستی بە تیۆری شیاوە.
 
سایتی قەڵەم
٢١ مارسی ٢٠١٨
 
Bilderesultat for teori