چیرۆک

نۆرماڵ

رەحمان سۆفی

ھەستم بە برسيیەتی دەکرد. چاوم گێڕا که جێک پەیدا کەم و بچم خواردنێک بکڕم و بيخۆم. کيوسکێکم بەديکرد. چووم و بابۆڵەێکم نان و پەنير کڕی. هەر له پێش کیوسکەکە وێستام به پەله نان و پەنيرەکەم خوارد. خۆشم نەمزانی بۆچی وا به پەله خواردم. 

 

 

 

نۆرماڵ

 

رەحمان سۆفی

 

چاوەڕوانی و نامۆيی شەو و ڕۆژ له مرۆڤ تێک ئەدا و دەیشێوێنێ. سەبارەت بەم حاڵەی خۆم لەگەڵ ھاووڵاتيێکەم که لەمێژساڵ بوو له سوێد دەژيا، بە تەلەفۆن قسەم کرد و درکاندم که زۆر بێتاقەتم و، خەو و خواردنم لێشێواوه.

 

ھاووڵاتيیەکەم گوتی«ئیجازە وەرگره و، وەره بۆ لای ئێمه، ماوەێک ميوانمان به؛ با کەمێک پشوو بدەی و بحەسێیەوە.»

 

دوای گوت و بیستە تەلەفۆنييەکەم لەگەڵ ئەو کۆنه دۆستەم، چووم بۆ لای بەرپرسی کەمپەکه و بەزمانی بێ زمانی پاڕامەوه که ئيزنم بدات له دوو ڕۆژی پشووداندا سەفەرێک بکەم بۆلای دۆستەکەم. ئەويش به ڕوخساری خەمبار، چاوی کز و دەنگی نەزممدا تێگەيی که چم دەوێ؛ ڕەنگه بەزەيی پێمدا ھاتبێ. ناونيشانی دۆستەکەمی لێ وەرگرتم و ئيجازەی پێدام.

 

ئێوارەی ڕۆژی ھەينی بوو. ھەور و تەم و مژێکی سەير فەزای داگرتبوو. زۆريش سارد بوو. بەڵام کەش و ھەوايکی خەمزۆک بوو. به تەپلۆسی و بێ حاڵييەوه چوومه وێستگەی قەتار و بليتێکم کڕی. دوای ئەوە له ساڵۆنی چاوەڕوانیدا، سەيری تابڵۆی ڕاگەياندنی کات و شوێنم کرد. ئەو قەتارەی که من دەبوو پێ بڕۆم، بە زوویی دەڕۆيی. بەھەر لەونێک بوو، سەکۆی سوار بوونم پەيداکرد. چووم و سوار بووم. له ڕووی ژمارەی بليتەکەمەوه جێ خۆم دۆزييەوه، شاڵ و کڵاوم لەسەرم داگرت؛ چاکەتەکەم لەبەرم داکەند و ھەڵمواسین. جا، دوایە تەخت بۆی دانيشتم! خۆزيا و بريای ئەوه بووم کە بەختم ياربێ و ھاوسەفەرێکی ڕووخۆش و قسه خۆشم بۆ پەيدابێ. من لەو خەياڵەدا بووم، کەچی ئەوندەم زانی کە پیاوێکی سوێدی بە سەر و سیما ماقووڵ بەڵام به وتەی خۆيان«Alkoholis»تم لێ پەیدا بوو. سەگێکی پەتکردبوو، بەدوای خۆیدا ڕایدەکێشا. هات و لەسەر سەندەڵييەکەی ڕوو به ڕووم دانيشت. ملی بۆلای من خوارکردەوه و بەزمانی خۆی گوتی «Hej» بە کوردی خۆمان یانی سڵاو. کەمێک مات بووم، لەوەڵامدا گوتم هەی. لەگەڵ هەیەکەی من، سەگەکەی کابرا لێم نزيک بووه. بڕێک خۆم دزييەوه. کابرا هاتە قسە و گوتی «مەترسه، بيانيگرنييه، زۆريش مێھرەبان و دڵسۆزه؛ له ھەندێک ئینسان باشتره. ئەمه ھاوڕێی تەنیاییمە.». لەو چەن مانگەدا که لە کەمپ بووم، دەچوومه کۆرسی فێربوونی زمانی سوێدی؛ کەمەکێک فێر ببووم. له کابرا حاڵی بووم که باسی چي دەکا، بەزمانێکی نيوه ئينگليسی و نيوه سوێدی تێکەڵ و پێکەڵ گوتم «ناترسم، بەڵام من به سەگ و پشيله ئاڵۆش دەبم، پێستم لیرگ دەکا؛ ھەناسەم سواردەبێ و هەناسم جاری وایە لێ دەبڕێ!» کابرا گوتی«ئەھا، ئەی بمبووره نەمزانی کە تۆ «Allargi»ت هەیە.»

 

بەوردی سەرنجی کابرام دا و لێی ورد بوومەوه، پياوێکی کەڵەگەت و به خۆوه بوو. پرچی له سەر شانی پەخشان بوو. چاوی شين و کەپۆ بەرز، ڕيش زۆر، سەر و دەم چاو نەشۆردراو. به کورتی "کوڵکن و چڵکن" بوو. کاپشێنێکی چەرمی قاوەيی، ڕەنگکاڵەوە بووی نيمداشتی له بەردا بوو. شەڵوارێکی جينی کۆن و جووتێ پۆتينی سەربازی له پێدا بوو. سەگەکەشی وەکوو خۆی بۆرزەرد بوو. شێوەی زياتر له گورگ دەچوو تا سەگ. ئەو کابرايه بەبێ پسانەوه قسەی دەکرد. جاری وا بوو لەگەڵ من، ڕای واش بوو لەگەڵ سەگەکەی. ھەرکه ڕووی دەکرده من قسە بکا، زۆرم پێ ناخۆش بوو، ڕووم لێ گرژ دەکرد. ئەوندەی ئارەق و بيره خوارد بووەوه ئاگای لەخۆی نەبوو کە بۆنی ھەناسەی مرۆڤی بەرانبەرەکەی کاس و وڕ دەکا. کەچی سەير ئەوه بوو که به و حاڵەش بتڵێکی پڕی ئارەق بەدەستەوه بوو! تاوێ نەتاوێ دەينا به سەريەوه، قومێکی لێ دەخواردەوه. خوڵکی منیشی دەکرد، بەڵام من بەزمانی خۆی تەکێکم «Tack»تەحویل ئەدا و دەمگوت «نا خۆشبی من ناخۆمه.» پاکەته سيگارەکەيی دەرھێنا و دەستی بۆ لای من درێژ کرد و گوتی «تۆ که ئارەق ناخۆيەوه، فەرموو سیگارێک بکێشە!»

 

لەو کەين و بەينەدا، کۆنتڕۆڵچی قەتارەکه پەیدا بوو. هاواری کرد«تکايه بليتەکانتان!» تێگەشتم کە چی دەوێ بليتەکەم له کيفه دەستييەکەم دەرھێنا و دامه دەستی کابرای کۆنترۆڵچیەکە به مەنگەنەکەی کونێکی تێکرد و، دايەوه دەستم. به دڵنياييەوه پاڵم لێداوه. دوای من ڕووی کرده کابرا و گوتی «تۆ بۆتنييه لێره سيگار بکێشی. کوا بليتەکەت؟ بەدە بزانم!» کابرا دەستی کرد به گيرفانيدا و بليتێکی دەرھێنا و دايه دەست کۆنتڕۆڵچييەکه. ئەويش تەماشاێکی کرد و گوتی «ئەم بليته کۆنه، تۆ دەبێ بليتی نوێ بکڕی!» کابرا منگە منگێکی کرد و گوتی «چ بکم خۆ نامکوژی!» کۆنتڕۆڵچييەکە به توڕەييەوه گوتی «نات کوژم، يان بليت بکڕە يان فەرموو دابەزە!»

 

چەن سووڕی پێچوو، کە قەتارەکه گەيشته وێستگەيەک. کابرای خاوەن سەگ ھەستا و زۆر به توڕەييەوه شەپێکی له سەندەڵييەکه ھەڵداو و پەتی سەگەکەی گرت و به بۆڵه بۆڵ بەدوای خۆيدا کێشا و، ڕۆيی. کە ئەو ڕۆيی له دڵی خۆمدا گوتم «دەک سەت ڕەحمەت له دايه و بابت بێ، وا منت لەدەس ئەو سەگ و بۆگەنه ئارەقه ڕزگار کرد!»

 

شەو بوو. قەتارەکه دەيناڵاند، وەکوو تولەماری له گەرمادا ھەژاو لەسه ر ڕێڵەکه دەخزی. کات يەک و نيوی شەو بوو گەيشته شاری ستۆکھۆلم.

 

بە نابەڵەدی نەمدەزانی چ بکەم و روو لە کوێ بکەم، ھەموو جێگايکیش داخرا بوو. هەتا شوێنی ئاگاداری و ڕاگەياندنی کات و ڕۆيشتنی قەتاريش بەسترا بوو. بە ناچار دەبوو تەلەفۆن بۆ دۆستەکەم بکەم و داوای ڕێنمونی لێ بکەم که چۆن بچم بۆ ماڵی ئەوان. به  پرسيار تەلەفۆنێکم پەیدا کرەد و«ئەلۆ من گەیشتومەتە ئێرە، ئەوە لە وێستگەی قەتارم. بەڵام نازانم چۆن بێم. ئێستا چبکەم؟» قسەکانم کرد و هاناسەێکم هەڵکێشا. هاورێکەم گوتی "لەکوێی هەر لەوێ بە، تا نیو سەعتی دی خۆم دەگەێنم ھەر لە لای ئينفۆڕماسيونەکە «Införmation» ڕاوێسته، له جێی خۆت مەبزوو تا دێم..."

 

زۆر ماندوو و وەڕەز بووم. له بێتاقەتيدا له ساڵۆنەکه دەهاتم و ده چووم. دەمڕوانييه ئەو بنیادەمانه که به لامدا دەھاتن و تێپەڕدەبوون. بەلامەوه سەير و سەرنج ڕاکێش بوون. ھەموو بابەتێکم دەبينی. ژن و پياو، کەمتەمەن، به ساڵاچوو و مەست و مەنگ. دوو پياوی ڕەشپێستم بينی مەکينەيکيان به دەستەوه بوو، ساڵۆنەکەيان خاوێن دەکردەوه. کچێکی پۆڕ زەردی باڵابەرز به لارەوە لارەو بە لایاندا تێپەڕی خۆی به سەر پێوه نەدەگرت، سەرسمێکی دا و لاتراسکەی بەست و لە سەر مزایکە شۆردراوەکەن تخێل بوو. يەکێک له پياوه ڕەشەکان دەستي دایە بن باڵی و ھەڵيساندەوه. ڕاوێستا بووم و دەمڕوانييه ئەو ديمەنە. کچێکی کەم تەمەن ھاته لام و دەستی گرتەوە گوتی «پێج کڕۆنم دەيه پارەم نييه سواری قەتاربم و بگەڕێمەوە بۆ ماڵی خۆمان!». هیچم نەگوت، کەمێک تێڕوانیم و پێنج کڕۆنم دايه. ئەو ڕۆیی. وێستا بووم. تێڕامام و به خۆمم دەگوت "ئەی بۆ دەيانگوت له وڵاتی سوێد سواڵکەر نييه!"

 

ھەستم بە برسيیەتی دەکرد. چاوم گێڕا که جێک پەیدا کەم و بچم خواردنێک بکڕم و بيخۆم. کيوسکێکم بەديکرد. چووم و بابۆڵەێکم نان و پەنير کڕی. هەر له پێش کیوسکەکە وێستام به پەله نان و پەنيرەکەم خوارد. خۆشم نەمزانی بۆچی وا به پەله خواردم. دوای ئەوه سيگارێکم داگرساند و به کەيفی خۆم و پڕ به سينەم مژم لێ دا. سيگارەکەم تەواو کێشا. ئەمجار ئيشتيام له چايی بوو. چوومەوه بۆ لای کيوسکەکه و له کابرای فرۆشيارم پرسی «چاييت ھەيه؟»

 

کابرا گوتی «بەڵێ، قاوەشم هەیە!»

 

پياڵەيکم چايی لە کابرا کڕی و به سەر پێوه ھەڵمقوڕاند، سيگارێکی ديکەشم ھەڵکرد. سەرم وەرگێرا، کەسێک بەلامدا تێپەڕی. نەمزانی کوڕ بوو يان کچ. چەن ھەنگاو ڕۆيی و ئاوڕێکی داوه. دەورێکی ساڵۆنەکه گەڕا و ھاتەوە. ھاته نزيکمەوه ڕاوێستا. به زمانی خۆی شتێکی گوت. لێی تێنەگەييم. زانی لێی حاڵی نه بووم. به  ئينگليسی لەگەڵم دوا. پرسی« خۆشت له ژن دێ؟» لەو دەمەدا دوو ژنی مەست و سەرخۆش به لاماندا تێپەڕين. لە وەڵامی پرسيارەکەيدا تەنيا شانم ھەڵتەکاند. کابرا تەماشايکی کردم و ھەميسان پرسی «ئەی لە پیاو چی، خۆشت له پیاو نايه؟»

 

سەرم ڕاوەشاند و ھيچم نەگوت.

 

ئەمجار گوتی «ئەگەر پێت خۆشە لەگەڵت دێم.»

 

زۆر به تووڕەييەوه گوتم «تێناگەم دەڵێی چی.»

 

ئەمجار بەچاو و بزوەی لەش ديويست تێمگەێنێ که  مەبەستی چییە، گوتی «مەترسە کۆندۆمیشم پێیە!»

 

منيش ئیدی ئەمجارە زۆر به ڕقەوه مۆڕەێکەم لێکرد، بەڵام ئەو وازی نەدەهێنا ھيچ، شەرمیشی نەدەکرد! دووبارە گوتی «مەترسە با بڕۆین!» ھيچ جوابم نەداوه. ئەوندەم ڕق ھەستا بووم هەر مەپرسن. ڕووم لێ وەرگێڕا و کەمێک ڕۆيشتم. ئەويش که زانی من جوابی نادەمەوە. له داخا سەری شۆڕ کردەوە و، ڕۆيی. له بەر چاوم ونبوو.

 

ئەونده ماندوو بووم، خۆم بە سەر پێوه نەدەگرت. چوومە خوارەوە بۆ سەر سەکۆی قەتارەکه. چاوم گێڕا که جێگايک پەیداکەم و تۆزێک دانيشم. له نێوەڕاستی سەکۆکه ژوورێکی چوارگۆشەی شووشەيی لێبوو. ڕووم کردە ئەوێ. چەن نەفەر سەرخۆش دانيشتبوون. یەکێک خەوی لێکەوتبوو. يەکی ديکه ملی لار کردبو و وەنەوزی ئەدا. يەک دوانێ سيگاريان دەکێشا و قسەيان دەکرد. چووم و له سەر نيمکەتێکی بەتاڵ دانيشتم. سيگارێکم داگیرساند و پڕ به سينەم ھەڵم مژی. له پڕێکدا دوو ژن هاتنە ژوورێ. يەکێکيان چووه لە تەنيشت ئەو کابرايه که خەوی لێ کەوتبوو، له پەنايدا دانيشت و به ھەوای مەستی و سەرخۆشی خۆی کابرای له خەوهەستاند. گاڵتەی لەگەڵ دەکرد و پێیڕادەبووارد کابراش سەری ھەڵێنا و بۆڵەبۆڵێکی لێوه ھات و دووباره  سەری بەرداوه بۆ سەر سینگ و بەرۆکی خۆی. بەڵام ژنەکان گاڵتەيان پێدەکرد و پێی پێدەکەنين. له قسەکانيان حاڵی نەدەبووم، بەڵام به جوولەی دەست و چاوياندا کەمێک تێگەييم که دەڵێن چی. يەکێکيان ڕووی کرده من و داوای سيگارێکی لێکردم. منیش پاکەتە سيگارەکەم دەرهێناو و سیگارێکم دايه. کڕۆنێکی دەرھێنا که له باتی سيگارەکه بمداتێ. به سەر لەقاندن تێمگەياند که نامەوێ. ئەويش سيگارەکەی داگيرساند و بە ئاماژەی سەر و دەست سپاسی کرد و بە دەنگ گوتی «Tack» يانی سپاس.

 

دانيشتبووم و تێڕامابووم. ئەم ديمەنەم دەبينی و لەگەڵ ئەو شتانەی که له وڵاتی خۆمان ديبووم بەراورد دەکرد. لە بيرەوەريمدا کە دەگەڕاوه بۆ شەوانی ھاوينی شارەکەم. کە تەمەنێکم تێدا ڕابوارد بوو. ھيچی ئەم وڵاته له ھی وڵاتی خۆمان نەدەچوو. سەرم ھەڵێنا و تەماشای ئەم ڵاولای خۆم کرد، کەچی که ڕوانيم و بينيم دۆستەکەم له پشت سەرمەوە وێستاوه و به پێکەنينەوه، زۆر به ڕووخۆشییەوە گوتی «بمبوورە کە درەنگ هاتم ماڵی ئێمە لێرەوە زۆر دوورە، بۆيه زۆرم پێچوو. هەستە با بڕۆین!»

 

ھەستام و لەگەڵی وەڕێکەوتم. له وێستگەی قەتارەکه چووينه دەرەوه. گەیشتینە مەيدانێک و سواری ئوتوبوس بووين. دۆستەکەم پرسی «دەی بڵێ بزانم له قەتاردا خۆشت لێ گوزەرا؟»

 

منيش ئەم چيرۆکەم بۆ گێڕاوه. بەڵام ئەو زۆر به سارد و سڕييەوه گوتی «ئەم جۆره شتانه لێره سەير نييه، شتێکی «Normal»نۆرمالە!»

 

له دڵی خۆمدا دووپاتەم کردەوه «ئەم جۆره شتانه لێره سەير نييه، شتێکی نۆرماڵه!» دوايه به خۆمم دەگوت دەک قوڕ به سەرم لەم شارستانييەته!

Image result for tog kunst