مەرگ پێوەری ژیان!

مەرگ پێوەری ژیان!
دیاری کردنی ئەوەی ژیان چییە، بە روواڵەت زۆر سادە  دێتە بەرچاو، بەڵام بەکردەوە کاتێک دێینە سەر ئەوەی کە بزانین ژیان چییە و چ پێناسەیێکی هەیە، دەبینین ئەم پرسیارە جوابێکی هەمە لایەنە و پڕبە پێستی بۆ نەبینراوەتەوە. واتە وەڵام، کراوەیە.
تا ئێستاش نەکراوە مانایێکی ورد بۆ ژیان بکرێت. ئەوەی هەیە  تەنیا پێوەڕ و مێعیارەکانن بۆ ئەوەی ژیانی پێ دیاری بکەین. بەڵام خودی پێوەڕەکانیش وەک ئامرازێکی سەرەتایین و تەنیا دەکرێت لەورێگاوە بوونی ژیانیان پێ بسەلمێنین، ئەویش گشتگیر نییە. یەکێک لەو پێوەڕانە هەناسەو بەکارهێنانی ئوکسیژنە، کەچی بوونەوەر هەیە کە دەژی و هەناسەش ناکێشێت. پێوەڕی تر، خۆزیادکردنە، ئەوەی کە خاون ژیان پەرەدەستێنێت و لە جنسی خۆی دروست دەکات (زاوزێ کردن)، بەڵام قاتر  گیانلەبەرێکە دەژی و توانای خۆ زیادکردنی نییە. بۆیە نە پێوەرە کان دەتوانن مانا و سنوری ژیان دیاری بکەن، نە پێناسە و شوناسێکیش بۆ ئەم دیاردەیە کە سەرانسەری گۆی زەوی گرتوەتەبەر، دادەنرێت.
 
ئەگەر  ئێمە لە  بوونەوەرە گیانلەبەرەکانی دەوروبەرمان وردبینەوە، هەست بە بەربڵاویێکی سەرسورهێنەری ژیان دەکەین، ئەوەندەی کە ناکرێت قەت لە یەک رستە و پێناسەی تایبەتدا مانای بۆ دیاری بکەین. تەنانەت ئەگەر بڕێک بازنەی روانینمان تەنگتر بکەینەوە و تەنیا چاوی سەرنجمان لەسەر مرۆڤ خڕ بکەینەوە، دەبینین ژیان لە لای ئێمەی مرۆڤیش تەنیا بریتی لەوە نییە زیندو بین و توانای خۆ زیادکردنمان هەبێت. ژیان لە گەڵ گەشەی کۆمەڵایەتی و بەرەو پێشکەوتنی زانست و سەرکەوتنی زانیاری مرۆڤ، وردە وردە مانای بەربڵاوتری بە خۆیەوە گرتووە و بەتەواوەتی مانا سروشتییەکەی خۆی جێهێشتووە و ئیتر ئێمە ژیان تەنیا وەک زیندوو بوون و هەناسە کێشان نابینین. بۆیە بە چاوپۆشی لە ماوەی پێدراوی ژیانمان، واتە مۆڵەتی مانەوەمان لە ژیاندا، چاوەڕوانیمان زۆر چووەتە سەرەوە. بۆیە هەرکاتێک کە ژیانمان خۆ لە پێوەرە ئاسای و سروشتییەکانی نزیک دەکاتەوە، ئەو کاتە خۆمان بێ ژیان و گوزەران دەبینین و بە هیچ جۆرێک رازی نین لە دۆخەکەمان.
 
بەڵام ئایا بەڕاستی  دەکرێت ئەم هەموو جۆراوجۆری و رەنگاورەنگی ژیانەی کە ئەمڕۆکە لە دونیادا مرۆڤەکانی تێکەوتوون، وەک یەک مانا بکەینەوە و نێوی ژیانیان بۆ دابنین و بە هەمووی بڵێین ژیان. ئایا ئەوەی کە لەو پەڕی نەهامەتی و برسیەتی و سەرما و بێخانومانیدا دەژی هەر نێوی ژیانە و ئەوەش وا لەوەی دڵی تەمنای دەکات و خەیاڵی بەربڵاوی بۆی دەچێت بۆی ئامادە دەبێت هەر ژیانی پێدەگوترێت؟ ئایا ئەوەی کە هەر لەگەڵ لەدایک بوونی نیوەی جەستەی ئیش ناکات و تا ماوە هەر لەسەر کورسی چەرخدار دەبەسترێتەوە خاوەن ژیانە و، ئەوەیش کە یەک گرێ لە جەستەیدا بەدی ناکرێت و دەبێتە پاڵەوان و شاجوان… هەر بە خاون ژیان نێوزەد دەکرێت، ئایا ئەمانە هەمووی هەر ژیانە؟
 
کاتێ بیر لەمانە دەکەینەوە، دیسان ئەم پرسیارە لەبەردەمماندا خێرا خۆی قوت دەکاتەوە کە بەراستی ژیان چییە و پێوەڕەکانی چین؟ بە بێ لە بەرچاو گرتنی ئەو مانا و مەودا و پێوەرە ئاساییانەی باسمان کرد، تەنیا یەک پێوەر هەیە کە دەکرێت ژیان بە تەواوی بەربڵاوییەکەیەوە پێی پێوانە بکەیت و بیسەلمێنیت کە ئەوە ژیانە یان نا. یان بیسەلمێنیت کە ئەو بوونەوەرە خاون ژیانە یان نا. ئەم پێوەرەش مەرگە. مەرگ تەنیا پێوەڕی راستەقینەی تاقیکەرەوەی ژیانە، بەڵام کاتێک کە ژیان بەو پێوەرە دەسەلمێندرێت ئیتر زۆر درەنگە و ژیان نەماوە. هەموو ژیانێک دەمرێت و هەموو جۆرەکانی ژیان خاڵی کۆتاییان مەرگە. مەرگ و ژیان هەمیشە پێکەوەن. لە بەربەرەکانێ و رکابەرکێی ئەو دووانە ئەم دوونیا وەها خۆش بووە کە هیچ ژیانێک نایەوێت خۆی تەسلیمی مەرگ بکات و حەز بە مردن ناکات.
 
ژیان هەم پێناسەی بایولۆژیکی هەیە و هەم پێناسەی فەلسەفی. زیادبوونی پێناسەی فەلسەفی، کە تایبەتی مرۆڤە، ناساندنی ئەم دیاردەیەی ئاڵۆزتر کردووە لەوەی کە هەیە. بەڵام رەنگە 'مەرگ' ئەو خاڵە هاوبەشەی نێوان بایولۆژی و فەلسەفە بێت کە بە بێ مشت و مڕێکی ئەوتۆ هەردووکیان لە سەری وەک پێوەر کۆکن!
 
سایتی قەڵەم
٢١ یانواری ٢٠١٨
Bilderesultat for døden og livet kunst