
ساڵی 2018 گەیشت
ساڵی ٢٠١٨گەیشت قەتاری زەمان بەرەو دوا وێستگەی ساڵی ٢٠١٧ نزیک دەبێتەوە و تا چەند کاژێری تر رەقەمی سەر واگۆنەکەی دەگۆرێت و دەبێتە ٢٠١٨. ئێمە دانیشتوانی ئێستای ئەم قەتارە کە شانسی مانەوەمان پێدراوە بە درێژای رێگاکەدا بەسەرهاتی زۆرمان بینیوە و بوینەتە خاوەن ئەزمونێکی پتر لە ساڵی رابردو. بەشێکی زۆریشمان هەر لەم ساڵەدا هاتوینەتە نێو قەتاری ژیان و کەسانێکی زۆریش لە وێستگە جۆراوجۆرەکانی ئەم قەتاری زەمانەدا دابەزیون و ئێمە و دونیایان بە جێ هێشتوە. ئەم قەتارە کە ئێمە وێستگەگەلی جۆراوجۆرمان بۆ داناوە. بە بێ وچان رێدەپێوێت و دەڕوات. دەڕوات بە بێ ئەوەی گوێی لەوە بێت کێ سوار دەبێت و کێ دادەبەزێت. زەمان خۆی بڕوای بە بڕگە و وێستگە و پاش و پێش نییە. ئەوە ئێمەی ئینسانین کە ئەم ماناگەلەمان بۆ داناوە و هەر ئێمەی ئینسانین کە لەناو هەموو بوونەوەرەکاندا پاش و پێش ئێستا دەزانین و لێی تێدەگەین. ئەم توانا زەینییە وایکردوە کە ئێمەی مرۆڤ مێژوومان ببێت. مێژوو بیرەوەرییەکانمانە، ئەو بیرەوەرییانەی کە دەتوانن ببنە هۆی چاکتر کردن و خۆشتر کردنی ژیان و ژین و لابردنی ژان و ژارەکان لە سەر رێگاکانماندا و ببێتە چرای رێگای داهاتومان. بەڵام بەداخەوە هەر ئێمەی ئینسانیش بوینەتە هۆی هەموو رووداوە ناخۆشەکان و دونیامان هەم لە خۆمان تاڵ کردوە و هەم لە باقی بووەوەرەکان. ئێمە کەڵکی ئاوەژوو لە مێژوو و رابردوو و ئەزمونەکانمان وەردەگرین. توانای کوشت و قڕ و وێرانکردنەکانمان زۆرتر دەکەین و وێرانکردن ئاسان دەکەین و بونیاتنان دژوار. بەو هیوایە کە ساڵی ٢٠١٨ سەرەتای وریا بوونەوە و عاقڵتر بوونی مرۆڤ بێت و دەسپێکێک بێت بۆ وەگەرخستنی توانا تایبەتییە مرۆڤایەتییەکانمان بۆ باشتر کردنی ژیان و پڕکردنی قەتاری زەمان لە بیرەوەری خۆش و جێتر شاهێدی خوێنرشتن و وێرانی و دوکەڵی بۆمب و رووخاندن نەبین و هەموو ئەمانە جێگەی خۆیان بدەن بە ئارامی و شادی و دڵخۆشی و بوناینان و ئاوەدانی. سایتی قەڵەم ساڵی نوی پیرۆزابیی دەڵێت بە هەموو خوێنەرانی خۆی و هیوای ساڵیکی خۆش بۆ هەمووتان دەخوازین.

- توضیحات
- بازدید: 771