وه‌رگێڕان له فارسییه‌وه: هه‌رمان وه‌تمانی
دایکه چه‌نگاڵ ڕاده‌کا له نێو سینگی مه‌یگویه‌کی رووتی نێو ده‌ورییه‌که که ده‌وران‌ده‌وری گیپه‌ی ماسی‌یه‌که‌یه و به کچه‌که‌ی ده‌ڵێ: تۆ ماسی‌یه گچکه‌که‌ی خۆمی ئازیزه‌که‌م.
به‌سته‌یه‌کی ڕاده‌ستی پۆستخانه کرد و به ئارامی له ده‌رگا وه‌ده‌ر که‌وت. کارگێڕی پۆست مۆرێکی له به‌سته‌که دا و هاوێشتێ سه‌ر هێندێک به‌سته‌ی گه‌وره و بچووک که هه‌ر کام بۆ که‌سێکی چاوه‌ڕوان‌کراو و نه‌کراو له ته‌لیسی گه‌وره‌تر ده‌کران و له پشت ماشێن داده‌نران و بۆ لایه‌ک ده‌ڕۆیشتن.
له دۆکان سه‌ری مه‌یگویه‌کان لێ‌ده‌که‌نه‌وه و جه‌سته‌یان ده‌فرۆشن. سه‌ره‌کانیان له کیسه‌یه‌ک داوێن و که پڕ بوو، پشیله و قشقه‌ڵه‌کان له قه‌راغی شه‌قام ده‌یدڕێنن و خه‌ڵك بێ ئه‌وه‌ی بایه‌خی پێ‌بده‌ن به په‌نایان‌دا ده‌ڕۆن. له‌تکی وایه به ده‌می مێرووله‌یه‌که‌وه ده‌چێ و له‌تکی واشه ده‌که‌وێته قاناو، هێندێکیش به به‌ری که‌وشی چه‌ند که‌سێکه‌وه ده‌نووسێ که یه‌کیان سواری باس ده‌بێ و یه‌کیان له سه‌فی نانه‌واخانه ڕاده‌وه‌ستێ و یه‌کیشیان له پشت مێزی کار دانیشتووه و جگه‌ره ده‌کێشێ.
جه‌سته‌ی نه‌رم و ناسکیان له نێو قرچه قرچی ڕۆن‌دا سوور ده‌بێته‌وه و لاولای گه‌ڵای لێکدراو و هه‌ڵپێچراو له ده‌وری کاکڵی کاهوو و سووری له‌تکه باینجان ده‌کرێن. میوانێک له‌تێک له جه‌سته‌ی برشته بووی قووت ده‌دا و له‌تێک ده‌که‌وێته ژێر مێز و سه‌گه تووکنه‌که‌ی ماڵێ له ژێر مێز که‌مین ده‌گرێ بۆ خواردنی.
خانه‌خوێ لیوانه‌کان پڕ ده‌کا به سه‌رخۆشی‌یه‌کی سووره‌وه که به سڵامه‌تی جه‌سته‌کان به ده‌ستی یه‌ک ده‌گا به ده‌نگی پڕ له زه‌نگی شووشه‌یه‌ک، کچۆڵه‌یه‌ک به قه‌ڵه‌مه ڕه‌نگییه‌کانی له سه‌ر سپیایی کاغه‌ز وێنه‌یه‌ک له جووڵه‌ی ماسی‌یه ڕه‌نگی‌یه‌کان ده‌کێشێته‌وه که هه‌ڵده‌خلیسکێنه لاولای مه‌رجانه سه‌ماکه‌ره‌کان و قه‌وزه سه‌ربه‌سته‌کان له هات‌وچۆی نه‌ناسیاو. ماسی‌یه لیق و سووره‌کانیش ون ده‌بن له کۆتایی ده‌وری برینج.
کچه‌که به کوڵی گریانه‌وه ده‌ڵێ: دایه گه‌ره‌کم بوو ماسی بوایه‌م.
دایکه چه‌نگاڵ ڕاده‌کا له نێو سینگی مه‌یگویه‌کی ڕووتی نێو ده‌ورییه‌که که ده‌وران‌ده‌وری گیپه‌ی ماسی‌یه‌که‌یه و به کچه‌که‌ی ده‌ڵێ: تۆ ماسی‌یه گچکه‌که‌ی خۆمی ئازیزه‌که‌م.
کچه‌که زاری ده‌کاته‌وه و له‌ته مه‌یگویه‌ک قووت ده‌دا و له به‌فره‌کانی پشت په‌نجه‌ره ڕاده‌مێنێ.
میواندار خوارده‌مه‌نییه به‌سته‌کراوه‌کان دانه دانه ده‌دا به ڕێبواره‌کان و که گه‌یشته کچه‌که به‌سته‌یه‌ک خوارده‌مه‌نی له حه‌وادا ده‌مێنێ و کچه‌که ده‌ڕوانێته پشت په‌نجه‌ره که چلۆن هه‌ڵدێته سه‌ر هه‌وره‌کان و ده‌ستی که‌سێکی گرتووه و پێکه‌وه له کێوێکی به‌فرینه‌وه خلیسکێن ده‌که‌ن. ئه‌و به کچه‌که ده‌ڵێ وه‌ره بڕۆینه لای زه‌ریاچه مانگه‌که‌م. کچه قاچه‌کانی ده‌باته نێو هه‌وره‌کان و خۆی ده‌کێشێته به‌ر پێی که‌سێک که ده‌ڕواته لای سه‌هۆڵ به‌سترانی ئاوێکی مه‌ند. داده‌نیشێ. دادێته‌وه که بڕوانێته وێنه‌ی خۆی له په‌نا ئه‌و.
ده‌ڕوانێته وێنه‌ی ته‌نیای خۆی له کن کچێک که داهاتبۆوه خۆی ببینێ و به سه‌ر، گرم که‌وتبووه سه‌ر سه‌هۆڵه شووشه‌ییه‌کانی که شکان و هه‌ڵخلیسکابوو و که‌وتبووه خوار له نێو ئه‌و هه‌ورانه‌ی که ئه‌و به‌فرانه‌ی زه‌ریاچه‌یه‌ک که ده‌شکێ له پشت ئه‌و مێزه‌ی که کچێک دانیشتووه و ده‌می کردۆته‌وه و ڕوانیوێته له‌تێک ماسی سوورکراوه که زه‌نگی ماڵێ لێده‌ده‌ن.
به دڵه‌ڕاوکێ بۆ لای ده‌نگه‌که ده‌چێ و به دایکی ده‌ڵێ: من ئه‌یکه‌مه‌وه. ده‌نگێک له پشت ده‌رگاوه ده‌ڵێ: نامه‌ی تایبه‌تیتان هه‌یه. به په‌له‌په‌ل له پلیکانان پاز ده‌دا و ده‌گاته پشت ده‌رگا، هێستا پشووی نه‌هاتۆته‌وه سه‌رخۆ، ده‌گا ده‌کاته‌وه و به‌سته‌که وه‌رده‌گرێ و ده‌یکاته‌وه و ده‌بینێ که له‌تکه وێنه‌ی دڕا‌و و نامه‌ی سووتاو گه‌یشتوونه‌ته شوێنی مه‌به‌ست. دایکی له پشت په‌نجه‌ره‌وه چاوی لێده‌کا که چۆن له سه‌ر عه‌رز دانیشتووه و له‌تکه کاغه‌زی بڵاوه‌بووی به ده‌مێوه ناوه و ڕاماوه.
دایکه بۆ لای ده‌رگا ده‌چێ و له پلیکانه‌کان دێته خوار.
ده‌ڕواته لای کچه‌که.
ده‌سته‌کانی له سه‌ر شانی داده‌نێ که قژه‌کانی لاواندبێته‌وه.
کچه‌که به کوڵی گریانه‌وه ده‌ڵێ: دایه گه‌ره‌کم بوو ماسی بوایه‌م.