چیرۆک

کوڕە تاقانه‌

قادر نیکپوور

کوڕە تاقانە تەواو سەری لێ شێوا بوو. بە ترس و لەرز و دڵەڕاوكێ توانی ئەوەند بڵێ: من کوڕه‌ شازاده‌م، هاتووم کچه‌ شازاده‌ بخوازم. چاوه‌ڕوانیم ده‌کات، ده‌بێ برۆم بۆلای ئه‌و. کچەکان هەموو بە تێگڕایی دەستیان کرد بە قاقا و پێکەنین. قاقا و پێکەنین لە نێو کۆشک و وڵات دەنگی داوە. 

 

کوڕە تاقانه‌                                                                                                              

قادر نیکپوور

کوڕە تاقانە کوڕێکی نازدار و نازپەروەرە. دایک و باوکی زۆر نازی دەکێشن، وە هەموو شتێکی بە قسە دەکەن.

هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌ باوکی ماشێنێکی بچووکی به‌ ره‌نگی تووی فه‌ڕه‌نگی بۆ کڕیوە. دایکیشی به‌ ناوی کوڕه‌ شازاده‌ بانگی ده‌کات.

کوڕە تاقانە کەم کەم دەکەوێتە شک و دوودڵی. سەیری ئاوێنەی دەکرد و لەخۆی دەپرسی: تۆ بەراستی کوڕە شازادەی؟ سەری دەلەقاند و دەیوت: بەڵێ بەڵێ، من کوڕە شازادەم، هیچ کەس ناتوانێت حاشا لە بوونم بکات. ئەم ناوە تەواو لە خۆم دەوەشێتەوە.

زۆری پێ نەچوو کوڕە تاقانە لەخۆ بایی بوو. گەیشتە سەر ئەو باوەڕە کە کوڕە شازەدەیە. لای هه‌واڵه‌کانی خۆی به‌ کوڕه‌ شازاده‌ ناساندبوو، وە چاوه‌ڕاوانی ئه‌وه‌ی ده‌کرد ئه‌وانیش به‌ کوڕه‌  شازاده‌ ناوی به‌رن.

دەهات و دەچوو، هۆی کوڕینە، ئەمن ناوم کوڕە شازادەیە. لە به‌رزایی  چیا کچه‌ شازاده‌یه‌کی جوان و نەشمیلانە چاوه‌ڕاونیم ده‌کات. ئەو دەبێتە هاوسەری من، منیش دەبمە پاشای ئەم وڵاتە.

منداڵەکان گاڵته‌یان به‌ قسه‌کانی ده‌هات و فشەیان پێدەکرد. قسه‌ی بێ تام و بێ مانا، بڕۆ هه‌ی فشه‌که‌ر. کوا کۆشکەکەت؟ کوا تانجەکەت؟ بۆ چی تانجی پاشایەتیت لەسەر نیە؟

تۆش وەک ئێمە خەڵکی ئاسایی، هیچ لە ئێمە زیاتر نی. تا دوێنێ لەگەڵ ئێمە یاریت دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ خۆت لێ گۆڕاوە. بڕۆ جارێکی دیکە بێرە دا مەیەوە!

تازە ئێمە لەگەڵ تۆ یاری ناکەین. ئێمە هاوڕێی فشەکەر و درۆزنمان ناوێت. برۆ لەگەڵ کچە شازادە لە بەرزایی چیا پێکەوە یاری بکەن. بەم جۆرە فشەیان پێدەکرد و پێیان رادەبوارد.

کوڕە تاقانه‌ به‌ ده‌نگێکی به‌رز هاواری ده‌کرد.  من کوڕە شازاده‌م. تازە منیش لەگەڵ ئێوە یاری ناکەم. دوایی ئه‌وه‌ به‌ قه‌ڵس و تووڕه‌یی دەگەڕاوە ماڵەوە.

کوڕە تاقانە بە گریان و پرتە پرت دەهاتەوە. ئه‌رێ دایه‌ زۆر سه‌یر نیه‌ که‌ ئێوه‌ فەقیر و هەژارن، بەڵام من کوڕە شازادەم؟ منداڵان گاڵتەم پێ دەکەن دەڵێن: ئەی کوا کۆشکەم، ئەی کوا تانجەکەم؟

دایکی به‌ شێویه‌کی عاقڵانه‌ دەڵێ‌: کۆڕی خۆشه‌ویستم تۆ ئێستا گەورە بوویی، واز لەم قسانە بێنە. تۆش هه‌ر وەک مندالەکانی دیکە ئاسایی، لەوان زیاتر نی، چونکە کەس لە کەس زیاتر نیە. کەم و زیادی بوون بە فەقیر و دەوڵەمەندی نیە.

بەڵام کورە تاقانه‌ له‌سه‌ر قسه‌کانی خۆی سووڕە و دەڵێ: ئەمن  کۆڕه‌ شازاده‌م، کچه شازادە له‌ به‌رزایی چیا چاوه‌ڕوانی من دەکات.

دایکی بە پەرۆشە، بەڵام باوکی تەقەی لەسەری نایەت. ئەوان بە منداڵی بە کوڕە شازادە بانگیان کردووە، بۆیە سووڕە لەسەر قسەکانی خۆی. "خوویەک گرتت بە شیری، تەرکی ناکەی بە پیری".

کوڕه‌ تاقانه‌ بە پرتە پرت دەڵێ: به‌ڵام من هه‌ر کوڕه‌ شازاده‌م. خۆتان پێتان وتم. بۆ حاشا دەکەن؟

کوڕە تاقانە به‌ قه‌ڵس و توورەیی دەچێتە ژوورەکەی. دەچێتە پێش پەنجەرە سەیری شاخ و چیاکان دەکات و دەڵێ:  من ئەوە نازانم، من کوڕە شازادەم. ئیتر کەس حەقی نیە بە ناوی دیکە بانگم بکات.

 

کوڕە تاقانه‌ رۆژ به‌ رۆژ، زۆرتر هەستی بە تەنیایی دەکرد‌. لەگەڵ کەس قسە نەدەکرد. هیچ کەس یاری لەگەڵ نەدەکرد.

منداڵەکان گاڵته‌یان پێ دەکرد، هاواریان ده‌کرد، هۆی کوڕە‌ شازاده‌ بڕۆ بۆ لای کچه‌شازاده‌!

کوڕە تاقانە ماشێنە سوورەکەی زۆر خۆش دەویست، بەڵام منداڵەکان قوڕ و چڵپاویان به‌ ماشێنه‌ سووره‌ جوانه‌که‌ی داده‌کرد. کوڕه‌ تاقانه‌ زۆرتر و زۆرتر تەنیا دەمایەوە. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ که‌ زۆر خەمی ماشێنەکەی لەبەر بوو، دیسان له‌سه‌ر قسه‌ی خۆی سووڕ بوو.

ده‌زانم، ئێوه‌ به‌رانبه‌ر به‌ من به‌خیل و به‌رچاوته‌نگن، چونکه‌ من کوڕه‌ شازاده‌م.

له‌ کۆتاییدا به‌ ده‌نگی به‌رز هاواری دەکرد: هۆی کچه‌شازاده‌، چاەروان بە، وا من هاتم!

ئه‌م هات و هاوارە ئه‌وی زۆرتر هان دەدا. ماشێنه‌که‌ی زۆر جوان خاوێن دەکرده‌وه،‌ جۆرێک که‌ وه‌ک ئاوینه‌ ده‌دره‌وشایه‌وه‌. دڵخۆشی هەرە گەورەی ئەو ماشێنە سوورە جوانەکەی بوو.

سەیرێکی ماشێنەکەی کرد و وتی: دەی کوڕی باش ساز بە بڕۆین. رێمان دوورە، دەبێ پشووت  زۆر لەسەر خۆبێ، ئەگینا کچە شازادە نادۆزینەوە. کچە شازادە چاوەروانی منە.

لە هەمان کات کە دوور دەکەتەوە، دایکی پرسیاری لێ کرد: بۆ کوێ ده‌چی کوڕه‌ شازاده‌ بچووکه‌که‌م؟

کوڕه‌تاقانه وتی: دەرۆم‌ ده‌گه‌ڕێم به‌ دوای کچه‌شازاده‌. به‌ فیتوو لێدان له‌وێ  دوور که‌وته‌وه‌.

دوای که‌مێک رۆیشتن له‌ناکاو ماشێنه‌که‌ی راگرت. باڵنده‌یه‌کی بچووک هاته‌ سه‌ر رێی. بە باڵندەی وت: بۆچی سه‌یری پێش خۆت ناکه‌ی؟ کەمی مابوو بچیتە ژێر ماشێنەکە.

باڵنده‌ی بچووک زۆر ترسا، دڵی پڕ بوو له‌ گریان.

کوڕه ‌تاقانه‌ که‌مێک دڵخۆشی دایه‌وه‌. باشه‌ باشه‌، مەگری خۆ هیچ رووی نەداوە.

پێم بڵێ بزانم، ناوت چیه‌، بۆ کوێ ده‌چی؟ باڵندە به‌ فینکه‌ فینک وڵامی دایه‌وه‌، خۆشم نازانم. هه‌موولایه‌ک  بزر بوون، هه‌ر خۆم ته‌نیا ماومەوە. ده‌توانم لای تۆ بم‌؟

کوڕه ‌تاقانه‌ به‌و قسانه‌ ته‌واو دڵی نه‌رم بوو. وتی: راستت دەوێ، رێگای دوورم له‌به‌ره‌، هەروەها ئیشم گەلێک زۆره‌.

ده‌ڕۆم ده‌گه‌ڕێم به‌دوای کچه‌ شازاده‌. بۆخۆت ده‌زانی ئیتر مەبەستم جێە؟ ئه‌گه‌ریش حه‌ز ده‌که‌ی له‌گه‌ل من بی قەیدی نیە، زۆرباشه‌!

باڵنده‌ی بچووک له‌ خۆشیان شایی له‌ نێو دڵیدا ده‌گه‌ڕا.

کوڕە ‌تاقانه سەیرێکی کرد و وتی: لەم کاتە بەدواوە، ناوی تۆ ئیزابێلە‌.

ده‌کرێ دووپاتی بکه‌یته‌وه‌؟

ئیزابێل، ئیزابێل، ئیزابێل. بەڕاستی ته‌واوه‌!

ده‌رگای ماشێنه‌که‌ی کرده‌وه‌، وه‌ره‌ سواربه‌. من کوڕە شازادەم، تۆش ناوت ئیزابێلە!

کوڕه‌ تاقانه‌‌ و ئیزابێل چەند رۆژ گەڕان لێرە و لەوێ، به‌ڵام هیچ هه‌واڵێک یان ئاسەوارێک له‌ کچه‌شازاده‌ نه‌بوو.

کوڕه تاقانه‌ زۆر به‌ لایه‌وه‌ گرینگ نه‌بوو، چونکه‌ له‌گه‌ڵ ئیزابێل خۆشیان راده‌بوارد، کاته‌کانیان به‌ خۆشی تێپه‌ر ده‌بوو.

له‌و شتانه‌ی کوڕه‌ تاقانه‌ له‌گه‌ڵ خۆی هێنابووی به‌شی ئیزابێلی ده‌دا، له‌ پاشان به‌ که‌یف خۆشی شه‌ربه‌تی شیرن و خۆشیان ده‌خوارده‌وه‌.

کوڕه ‌تاقانه‌ به‌ ده‌نگێگی نه‌رم و نیانی له‌گه‌ل ئیزابێل قسه‌ی ده‌کرد، جار و باریش ناره‌ناری ده‌هات.

کاتێک شه‌و دادەهات، پێکه‌وه‌ لە‌ نێو یەک جێگا بە ئاسوودەیی دەخەوتن.

دوای ماوەیەکی کورت، ئیزابێل زۆر گه‌وره‌ بوو. تازه‌ ئه‌و باڵنده‌یه‌کی بچووک نه‌بوو.

کوڕه‌ تاقانه‌ هه‌موو شه‌وانه‌ باسی گیروگرفت و مه‌ترسییه‌کانی ژیانی بۆ ئیزابێل ده‌کرد.

باسی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که‌ ئه‌وانیش دوژمنی خۆیان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئاگاداری خۆیان نه‌بن، ده‌کەونە بەر پەلاماری زل هێزەکان.

ئیزابێل رۆژ بە رۆژ گه‌وره‌تر و گه‌وره‌تر ده‌بوو. ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ بوو تاکو کوڕه‌ تاقانه‌ به‌ چاوه‌کانی خۆی با‌وه‌ڕی نه‌ده‌کرد.

کوڕه‌ تاقانه‌ رۆژێک زۆر ترسا، لە ترسان له‌ پشت ماشێنه‌که‌ی خۆی شارده‌وه‌.

ئیزابێل به‌ دوایدا ده‌چوو، لای سه‌یر بوو که بۆچی‌ کوڕه‌ تاقانه‌ خۆی ده‌شارێته‌وه‌.

کوڕه‌ تاقانه‌ هاواری ده‌کرد! بڕۆ لێره‌! من له‌ تۆ ئه‌ترسم!

ئیزابێل له‌ کوڕه‌ تاقانه‌ حاڵی نه‌‌بوو که‌ مه‌به‌ستی ئه‌و له‌م کاره‌ چیه‌.

کاتێک هه‌ستی به‌وه‌ کرد کوڕه‌ تاقانه‌ ترسی هه‌یه‌، خۆی به‌ به‌خته‌وه‌ر نه‌زانی، بەم کارە زۆر خه‌مبار بوو. وتی: چ باسه‌، چیت به‌سه‌ر هاتووه‌؟ ئێمه‌ هه‌واڵی یه‌کترین.

دەستی دەکرد بە گریان و فرمێسکی هەڵوەراند.

کاتێک کوڕه‌ تاقانه‌ فرمێسکه‌کانی ئێزابێلی بینی، پشووی ها‌ته‌وه‌ سه‌رخۆ، دڵی تەواو نه‌رم بوو.

به‌ڵام که‌ شه‌و داهات، کوڕه‌ تاقانه‌ دیسان ترسی کەوتە نێو دڵی. له‌ترسان ئارامی نه‌بوو. کاتێک ئیزابێل دەخه‌وت دەنووکی ئەوی دەبه‌ست.

رۆژی دوایی رۆیشتن بۆ مه‌له‌ کردن، ئیزابێل که‌ نه‌یتوانی قسه‌ بکات کوڕه‌ تاقانه‌ی تێگه‌یاند که‌ ده‌نووکی به‌سراوه‌، بۆیە ناتوانێ مه‌له‌ بکات.

به‌ جووت خۆیان هاویشته‌ نیو ئاوه‌که، کاتێک که‌یشتنە قووڵایی ئا‌وه‌که‌، کوڕه‌ تاقانه‌ به‌ سه‌بری وتی: من زۆر لە قووڵایی دەترسم.

له‌ پاشان گەیشتنە نزیکی قه‌ڵایه‌کی کۆن و روخاو له‌ به‌زایی شاخێک.

کوڕه‌ تاقانه‌ وتی: خۆیه‌تی، ئێرە هەوە. له‌ ماشێنه‌که‌ی هات خواره‌وه‌، به‌ وردی سه‌یری قه‌ڵاکه‌ی ‌کرد.

ئیرە هەوە، خۆیەتی. ئیزابێل، باشتر وایه‌ که‌ خۆم ته‌نیا برۆم بۆ نێو ئه‌م قه‌ڵایه‌.

هەر ئێستا کچه‌ شازاده‌ چاوه‌ڕوانی منە. تۆ لێرە بە زوو دەگەڕێمەوە!

ئیزابێل به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ سه‌یری کرد و وتی: هیوای سه‌رکه‌وتن و به‌خته‌وه‌ریت بۆ ده‌خوازم.

وامنیش گه‌وره‌ بووم و ده‌بێ له‌سه‌ر پێی خۆم بوه‌سته‌م. باشتر وایە رێی خۆمان جیا بکەینەوە.  زۆر سوپاس بۆ هه‌موو شتێک، دۆستی ئازیز و  خۆشەویست.

ئیزابێل روومه‌تی کوڕه‌ تاقانه‌ی ماچ کرد و ماڵئاوایی لێکرد!

به‌ڵام پێم بڵێ،‌ چۆن له‌ دیواری‌ ئه‌م قه‌ڵایه بەرزە‌ سه‌رده‌که‌وی؟

 بە داخەوە، کوڕه‌ تاقانه ‌هیج ولامێکی بۆ ئەو پرسیارە نه‌بوو.

ئیزابێل وتی: که‌وایە‌ وه‌ره‌ سه‌ر پشتم تاکو له‌م دیواره‌ به‌رزه‌ سەرکەوین.

کوڕه‌ تاقانه‌ سه‌ری سووڕما بوو. ئەوە یەکەم جار بوو ئیزابێل بتوانێ هەڵفڕێت.

ئیزابێل به‌ره‌و ئاسمان فڕی. چەند خولی بە دەوری قه‌ڵا لێدا.

له‌ نێوه ‌راستی قه‌ڵا حەوزێکی خۆش و روون دیار بوو.

کوڕه‌‌ تاقانه‌ که‌ حەوزەکەی بینی، خۆی هاویشته‌ خواره‌وه‌. حەوزەکە ئەوەندە قووڵ بوو هێندەی نەمابوو نوقم بێت.‌ ئیزابێل زوو بە فریای کەوت.

کاتێک کوڕە تاقانە هۆشی هاتەوە بەرخۆ، بینی‌ دەیان کچی جوان و باڵا بەرز و نەشمیلانە سەیری دەکەن. کچەکان یه‌ک له‌یه‌کتری جوانتر. هەر کچەی تانجێکی لەسەرە.

کوڕە تاقانە تەواو سەری لێ شێوا بوو، کاس و بێدەنگ بوو. لە ناکاو سەرە گێژەی گرت و کەوتە نێو حەوزەکە. دیسان ئیزابێل بە فریای گەیشت.

کاتێک وە هۆش هاتەوە کچەکان لە دەوری کۆ بوونەوە. پەیتا پەیتا پرسیاریان لێ دەکرد: ناوت چیە؟ تەمەنت چەندە؟ چۆن هاتوویتە ئێرە؟

کوڕە تاقانە تەواو سەری لێ شێوا بوو. بە ترس و لەرز و دڵەڕاوكێ توانی ئەوەند بڵێ: من کوڕه‌ شازاده‌م، هاتووم کچه‌ شازاده‌ بخوازم. چاوه‌ڕوانیم ده‌کات، ده‌بێ برۆم بۆلای ئه‌و.

کچەکان هەموو بە تێگڕایی دەستیان کرد بە قاقا و پێکەنین. قاقا و پێکەنین لە نێو کۆشک و وڵات دەنگی داوە.

کوڕە شازادە؟ ئەی کوا تانجەکەت؟ لە کام کۆشکەوە هاتوویی؟

یەکێک لە کچەکان بە هێدی و هێمنی قسەی لە گەڵ کرد وتی: تۆ جارێ هەر مناڵی، بۆنی شیری خاوت لە زاری دێت. بڕۆ بگەڕێوە لای دایک و باوکت. ئەوان چاوەڕوانی تۆن! بڕۆ لەگەڵ هاوڕێیەکانت یاری بکە! ئەوان چاوەڕوانن.

بەڵێ، کوڕه‌ تاقانه‌ ورده‌ ورده‌ تاقه‌تی به‌سه‌ر چوو، وازی لە کچە شازادە هێنا.

بە یارمەتی ئیزابێل گەڕایەوە لای دایک و باوکی.

کوڕه تاقانه‌ گه‌رایه‌وه‌ لای دایک و باوکی. دایک و باوکی به‌ گه‌رمی له‌ باوه‌شیان گرت. دایکی که‌ له‌ خۆشیان حه‌به‌سابوو، هاواری ده‌کرد، کوڕه‌ شازاده‌ی خۆشه‌ویستم.

کوڕه‌ تاقانه‌ به‌ توندی سه‌ری بادا، نا دایه‌ من کوڕە شازاده‌ نیم، من کوڕێکی ئاساییم.  

دایک و باوکی بە دیتنی کوڕەکەیان زۆر شاد بوونەوە. بە ئاشنا بوون لەگەڵ ئیزابێل، هەروەها بۆ یارمەتی دانی کۆڕەکەیان زۆرتر شاد بوون.

ئیزابێل کە بینی ئەم هەموو رێزەی لێ دەگرن، بڕیاری دا لای کوڕە تاقانە بمێنێتەوە.

کوڕە تاقانە و ئیزابێل رۆیشتنە لای هەواڵەکانیان. داوای لێ بووردنی لە هەواڵەکانی کرد. وتی کەس بە کوڕە شازادە بانگم نەکات. من نە کوڕە تاقانەم، نە کوڕە شازادە.

ناوی منیش ئاواتە. ئێمه‌ هه‌واڵی یه‌کترین.

ئاوات زۆر خۆی بە شاد و بەختەوەر دەزانی کە لەگەڵ هاوڕێیەکانی یاری دەکرد. فێر بوو کە ئیتر خۆی لە هاورێیەکانی بە زلتر نەزانێت. فێر بوو کە ئەو منداڵێکی ئاساییە، لەگەڵ کەس فەرقی نیە.

منداڵەکانیش هەروەها خۆیان بە بەختەوەر دەزانی کە لەگەڵ دۆستێکی باش وەک ئیزابێل ئاشنا ببوون.

 

ئه‌مه‌ بوو چیرۆکی ئه‌مجاره‌مان، تا جارێکیتر ماڵئاوایی له‌ ئێوه‌ی ئازیز دەکەین.

 Bilderesultat for bortskjemte barn karikatur