نەژاد عزیز سورمێ

بەفراوى…
بە خوڕ...
ژنان
دامەنى کراسى لێ پیرۆز دەکەن..
پیاوان
گوناهى پێ دەسڕنەوە
ڕێژگەى ئاوهەڵدێر

 

ئاماژە پرسیارپێچەکانى شوێن

نەژاد عزیز سورمێ

 

" ئەم دەقانە، لەو خەونانە دەچن،

لە بێدار بوونەوەدا بە پچرپچرى بە بیردێنەوە…

هەوڵێکە لە ورد بوونەوە لە (شوێن) و نا (شوێن)دا..."

 

•بانیژەى جودایی

 

شمشێرى ئاوریشمینى لێ

هەڵکێشراوە

ئاسمانى لێ ونە

خۆزگە بۆ پەیمانێک دەخوازێ.

 

 

•لە ناو توولى تەمدا

نا خاینێ  

هێندەى نەماوە دەبارێ.

 

•پاردە

خۆى

بە چیلە مێوەکەى تەنیشتیەوە ڕاگرتووە

لەوەتەى بلێسە سەردانى دەکا

کەلارێکى بێ سامى بارکەوتووە.

 

•دورگەى زاراوە

بۆ کەسى باس مەکە!

گەوهەرى بێدەنگى

گۆرانییەکى خەمبارى

نیوەشەوانە...

دارى ئومێدى پێ شین دەبێ.

 

•سێبەرى دارەبەن

    باخچەى باران..

    هاوڕازى ئەستێران

   خەو

 لەو باوەشاندا

 ئیکسیرى ئارامییە

 قووڵ ...

 نەرم .

 

•بەهاربەند

منداڵیى تەوتەمە بێ موریدەکان

جەژنا و جەژن

وەرزاو وەرز...

دەگەڕێتەوە...

نوخشەت لێ دیار نییە، بزانى

چ دەبێ ، چ دەگوزەرێ.

 

•ڕێژگەى ئاوهەڵدێر

بەفراوى..

بە خوڕ..

ژنان

دامەنى کراسى لێ پیرۆز دەکەن..

پیاوان

گوناهى پێ دەسڕنەوە

ڕێژگەى ئاوهەڵدێر

تەنیا لە چیاو کەپکان نییە

لە وتارانیش دەردەکەوێ.

 

•کاول

 تۆدەڕۆى بە جێم دێڵى

پێکگەیشتن خەون نییە، مۆتەکەیە

چۆلەکەیش بێرەدا نایەن.

 

•هێللانەى ژێر گوێسەبانە

  باڵداران هەڵەیان نەکردووە

 مرۆڤ لەوێ هەڵدەدێردرێن.

 

•گیرفانى جەنگاوەر

     نەنیونۆکى بچکۆڵە.

     وێنەى منداڵەکەى ،

گەواڵەیەک گریانى ئامادە..

پێنج هەزاریەکى شین و دوانامەى ژنەکەى .

•شۆستەى عاشقان

هەست لە بێ سنوریدا دەخنکێ

شازادە ماچیان لێ دەدزرێ..

خۆشەویستم بنووسە!

کامیراکان ناهێلن لێت نزیک ببمەوە.

 

•کەنارى دادخوازى

ئەو دەڤەرە

ڕووپێوێکى کوشندەیە

شیناوەردى بێزار کردووە

زۆرجار پەرۆشیى

سێدارەى لە دارستانەکاندا بۆ هەڵدەخرێ .

 

•بەردەمراز

لەوەتەى نیشتمانیان لێ ون کردووین

ڕێى بێچارەییمان گرتووە :

داماو ، لەبەر سێبەرى خۆماندا

بەردە مراز هاوارە!

 

•قەڵاى تارمایى

هەرزە

بێ چاند

بێ خەیاڵ

بۆ جارى هەزارەم

عاجیباتیان هەڵدەنێ..

چەشەخواز، بێباک

بۆ جارى هەزارەم

زارۆمان  

بە جارى هەزارەم دەسپێرێ .

 

•بنمیچى دوورى

لە بیابان فڕێدراوم..

دەمم دراوەتەوە..

فرمێسکم دڵۆپ دڵۆپ بەزەوى دەکەون..

زمانم گۆ ناکا

دەیان بینم  

شاباشم بەسەردا لێ دەدەن

 

•گۆڕستانى پەپوولان

بەدواى شوێنەوارى گۆرانییەکەوەم

بێ ئاگادارى

بێ ڕەزامەندى خۆم

پێشمەرگ

کفنیان بۆ ئامادە کردووم

 

•بەرئاستانەى ڕوانیین

 لات.. کز

سەیرى ئاسمانەى(تاسان) دەکا .

 

 

•تەلانى برۆکانى

چرا لە دووریڕا دەبینرێن

ڕووناکى  

بەلاى لووتکەدا دەشکێنێتەوە

متمانەت پێ دەکەم

دڵە لانەوازەکەمت لە دەست دەنێم.

 

•باوەشى نیگەرانى

بەهەورازێک سەردەکەوێت،

•ژیانى لێ نزیک بووەتەوە..

لێرە فێر بوو

دڵنیایى بە کوێ دادێ.

 

•بیلبیلەى ڕێکەوت

 چرکە ئەبەدییەکانى لێ کۆ دەبنەوە..

خاکەڕایى تەنکەبەفرێکە تازە باریوە..

ناتوانم بلێم دونیا سپى دەکا .

 

•باڵى شەپۆل

تۆقەلانى بەخۆ وێران

ئەزموونى هاوسەنگى

هەستێک، لەنەواى خۆماربوون دەچێت.

 

 

•ئاگردان

لە چاخە بەردینەکانەوە

لەو کسپەیە نەگەیشتم

بە پڕووشەیێ دەنگ دەداتەوە.

 

•ناوەڕاستى ڕستە

چ شەوبەکێوییەکى سەختە

رێگاکانت

بە (سەقەتایەتى) لێ بگیرێ .

 

•پشتى بوراق

ڕاسپاردەکانم لە بیر کردووە

بمبە کەشەکەلانى فەلەک!

لە ڕێگادا، بیرم بێنەوە

ئێستاو دواڕۆژیان

لێ بە تاڵان بردووم

بمبە کەشەکەلانى فەلەک

شایەد بیان هێنمەوە .

 

•کووچەى بنبەست

لە چۆلایی، چۆلتر…

لە خەم، غەمگینتر…

لە دەستبەتاڵى، بێ ئیشتر…

قەڵەمڕەوێکى بێ حاکم.

 

•ناخى تەنیایى

ئۆقیانوسێک گریانى تێدا قەتیس ماوە…

چیایەک لە هەنسک…

قەسیدەیەکى سەر بڕاو…

ڕۆمانێکى زیندانى .

 

•ڕۆژهەڵاتى نیگا

تۆم بینى،

یاقوتێکم لە خۆمدا دۆزیەوە.

 

•دڕاڵەى چۆل

وەختێک خەونەکانمان

هاتووچوویان پێدا دەکرد…

سەردەمێک، (ئازیزە)ى ژوانى پێ دەکرد.

 

•بۆشاییى با

جوانى،

لێرە زەفەرى پێ دەبرێ…

قەڵاى دڵ

لە وێدا لە بۆ شایی ماندوویدا داگیر دەکرێ ..

لە داد مەپرسە!

 

•ئەو سەرى پەرەگراف

ئەتمۆسفێرى گیرسانەوە لە ڕستەى

(بڵێى تا سەر بێ) دایە.

 

 

•مۆڵگەى بوونەوەران

بوونەوەر،

چاوى شەیدایان

لەگەنجینەى سەروبنى دونیادایە

ماڵ و مۆڵگە

بە (میم) دەست پێ دەکەن

 

•بنارى چاوەڕوانى

بەبیرت دێتەوە

چ تافتەیەکى باڵانوێنت لەوێ بەجێ هێشتبوو؟

لەوێ لەناو گەرداوى گومان

لە داڵانە بێ کڵاوڕۆژنەکەدا:

(لاوک)ێک بوو لە فرمێسک

(هۆرە)ى ماڵ ئاوایی…

(ئەڵلاوەیسى)یەک لە داخ…

بەبیریت دێتەوە وتم:

ئەگەر بڕۆى برینەکانت دەدەمەوە؟!

           

 

            شوباتى 2017

Image result for spørsmål kunst

گەڕان بۆ بابەت