وتارەکان

نوشستی میدیای ئەدەبی

ستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعال
 

رێژوان نووری

نەبوونی تێگەشتنی مەوسوعی بۆ ئەدەب و هوشیاریی میدیایی و ئەکادیمیبوون لە بیینی بابەتی باش و  داهێنەرانەو هەڵسەنگاندندا، وا دەکات ئەو بڵاوکراوانە بمرێنێت و خوێنەرانیان روو لەکەمی بێت، لە لایەکی تریش داخستنی دەرگا دەبێت بە رووی بڵاوکردنەوەی بابەتی جدی و جوڵێنەردا.

 

نوشستی میدیای ئەدەبی

رێژوان نووری

گومانی تێدا نییە چەند فاکتەرێك هەن، دەبنە هۆی بەرەوپێشچوونی رەوتی ئەدەبیات و هونەر لە  هەر کۆمەڵگایەکدا، لەوانە بزاوتی میدیا جۆراوجۆرەکانە، لەنێوان ئەو میدیایانەشدا؛ میدیای ئەدەبی خوێندراوەیە.

لە  کوردستانی باشوور لەگەڵ هەڵکردنی قەیرانی ئابووریدا زۆربەی گۆڤارو رۆژنامەو تەنانەت پەڕتوکە چاپکراوە  ئەدەبیەکانیش داخران، یان ڕێژەیان زۆر کەم بووەوە، ئەو کەمەش پاداشتی ڕێزلێنانی تواناو بەهرەکانی نووسیاریان نەهێشت و بڕی بە بیانووی قەیران، هەرچەندە نووسەر ئەو پیشەیە بزانێت و بۆ نموونە دارتاشی و جۆڵایی و ئاسنگەریی نەزانێت، بەڵام بەرهەمەکەی بێ بەهایە لەم ڕووەوە.

ئەمە با لە لایەك بووەستێ، ئەوەی زیاتر جێی خەمگینی و کارەساتە ئەوەیە ئەو بڵاوکراوانەش کە هەن نەك لە ئاستی پێویستدا نین و تینوویەتی خوێنەرانی ئەدەبی ناشکێنن، بەڵکو کەسانێکی کەمئاست بەڕێوەی دەبەن و رەنگە هەر خۆیان بە نووسیار بزانن، یان گاڵتە بە میزاجی خوێنەرانی ئەدەبی و هونەری بکەن، وا خۆیان لەقەرەی بابەتە گرنگ و هەمەلایەن و ئەکادیمیەکان نادەن، یان تەنیا هەر بۆ خۆیانی دەردەکەن و خۆیان تیایدا دەنووسن، بۆ نموونە وەك لە ژمارە (٢٠٠٢) ی رۆژنامەی پاشکۆی ئەدەب و هونەردا دەبیندرێت لە کۆی  پێنج  بابەت سیانیان هی خۆیانە.

لێرەدا چەند پرسیارێك رووبەروومان دەبێتەوە؛ لەوانە ئایا چیدی نووسەران و هونەرمەندان بایکۆتی ئەو بڵاوکراوانەیان کردووەو هیچیان بۆ نانووسن؟ واتا لە بێ بەرهەمیدا بێت؟ یان غەریزەی ئیگۆ وادەکات کەسانێکی کەمی دەرەوەی خۆیان بەشداری تێدا بکەن؟ باوەڕ ناکەم ئەوەی یەکەمیان بێت؛ چونکە جارێکیان زۆر پێم سەیر بوو و تێبینی ئەوەم کرد کە چەند ساڵێك دوای وەفاتی چیرۆکنووس (سەلام مەنمی) کورتە چیرۆکێکی ئەویان بڵاوکردەوە، نازانم هی چەند لە پێشتر بووە چیرۆکنووس بۆی ناردوون!

 

نەبوونی تێگەشتنی مەوسوعی بۆ ئەدەب و هوشیاریی میدیایی و ئەکادیمیبوون لە بیینی بابەتی باش و  داهێنەرانەو هەڵسەنگاندندا، وا دەکات ئەو بڵاوکراوانە بمرێنێت و خوێنەرانیان روو لەکەمی بێت، لە لایەکی تریش داخستنی دەرگا دەبێت بە رووی بڵاوکردنەوەی بابەتی جدی و جوڵێنەرداو لە ئاکامیشدا داخستنی دەرچە دەبێت و هێشتنەوە بێت  لە ناو بازنەی خولانەوە بە دەوری شتە سادەو دووبارەو سواوەکاندا.

Bilderesultat for egoisme