چیرۆک

کوڕە بەلال فرۆشەکە

قادر نیکپوور

هیوا بۆ کار دەچێ، تازە ئەگەر بیدەنێ. قسەکانی باوکم تەواو کاری لێکردم. هەربۆیە باوکم زۆر خۆش دەویست. ئەو کەسێکی عاقڵ و لەسەر خۆ بوو، بە هێمنی قسەی دەکرد. کتێبەکەم  جێ هێشت. بە بیانووی چایی خواردنەوە لای ئەوان دانیشتم. قسەکەی باوکم تەواو سرنجی راکێشام. خۆم خافڵاند تا بزانم چ باسە.

 

کوڕە بەلال فرۆشەکە

قادر نیکپوور

من و هیوا لەیەک قوتابخانە دەمانخوێند، قوتابخانەیەکی کۆن و قەدیمی. رۆژێک ئاوی نەبوو، رۆژێک بەرق. دوو ژووری هەبوو، سەفی یەک تا سێ لە ژوورێک، سێ تا شەش لە ژوورێکی دیکە. دەرگای ژوورەکە ئەوەندە کۆن بوو گەر بە توندی داخرابا، لەرەسمە دەردەچوو بە زەحمەت دەهاتەوە شوێنی خۆی. مامۆستاکەمان دەیوت، ئەم دەرگایە دڵی قوتابخانەیە، ئەگەر خەرا بێت، ژوورەکان دەبنە یەک. لکەواتە هەموو نهێنییەکان ئاشکرا دەبن. ئەو کات نەمدەزانی مەبەستی ئەو لە نهێنی چیە، تاکو گەورەبووم.

هیوا ساڵێک لەمن لە پێشتر بوو، هەروەها دۆستی گیانی گیانی یەکتریش بووین. هەمیشە پێکەوە یاریمان دەکرد، خەونەکانی هیوا زۆر لە خەونەکانی من نزیک بوون، ئەویش وەک من حەزی دەکرد ببێتە مامۆستا. هیوا کوڕە فەقیر بوو. ئێمە کەمێک لەوان باشتر بووین. ئەوەندەم لە بیرە لە پڕ کۆچمان کرد بۆ شار. قەت ئەو رۆژەم لە بیر ناچێت. لە هەموو خۆشییەکانی منداڵی دابڕام، بێ دۆست و یار مامەوە، بە تایبەتی هیوا. ئەوەندەم زانی  هیوا وازی لە خویندن هێنا، بە هۆی ئەوی منداڵە فەقیر بوو. بەڵام من خوێندنم تەواو کرد. ئیتر پێوەندی من و هیوا رۆژ بە رۆژ کەمتر بۆوە.

دوایی تەواو بوون لە خوێندن نێوم دەرچوو بۆ سەربازی. کاتێک لە سەربازی تەواو بووم، چەند ساڵ بێکار مامەوە. باوکم دووکانێکی چکۆلەی هەبوو، زۆرجار یارمەتیم ئەدا. بۆ منیش خۆشتر بوو، چونکە هەستم بە بێکاری نەدەکرد. زۆرجار دۆستەکانی باوکم دەهاتنە دووکان قسەی خۆش و مەند و ماقووڵیان دەکرد، کە هەموو بۆ من بوون بە تەجرەبەی ژیان. باوکم خوێندەواری نەبوو، بەڵام ئەوەندە گوێێ لە هەواڵ و رادوێ گرتبوو وەک خوێندەواران قسەی دەکرد.

رۆژێک باوکم هاتەوە ماڵ، دایکم چایی بۆ هێنا. ئەوان پێکەوە قسەیان دەکرد. منیش لە ژوورەکەی خۆم خەریکی خوێندنەوی رۆمان بووم. رۆمانی "ماڵئاوایی لە تفەنگ". بەراستی ئەو رۆمانە چێژێکی تایبەتی پێ بەخشیم. "چێژی خۆشەویستی". من عاشقی کتێب خوێندنەوە بووم، کاتێک چێژ و مانای عیشقم لە کتێب وەرگرت، زۆرتر خولیای خویندنەوە بووم. لە خۆم دەپرسی: تۆ بڵەی ئەو کەسەی ئەو کتێبەی نووسیوە خۆشەویستی خۆی نەبووبێت؟ سەرەڕای ئەوە، پێم خۆش بوو خۆشم خۆشەویستی راستەقینە تاقی کەمەوە.

ئەو سەردەم کتێب خوێندنەوە زۆر باو بوو. کۆمەڵگا ئاڵ و گۆری بەسەر دادەهات. لاوەکان بە گشتی روویان لە کتێب خوێندنەوە کردبوو. مرۆڤ هەستی بە شانازی دەکرد کە کۆمەڵگا بەرەو رۆشەنبیری و شارستانیەت ئەروات. زۆر شەوانە لەگەڵ دۆستان کۆ دەبووینەوە باسی کتێب و شێعر و رۆمانمان دەکرد. کتێبمان لە یەکتر قەرز دەکرد و لەسەر ناوەڕۆکەکان باسمان دەکرد.

گوێم لێ بوو باوکم وتی هێمن لە کوێیە؟ دایکم وتی: لە ژوورەکەی خۆیەتی. پرسیارەکەی باوکم ئاسایی نەبوو. وتی: دەڵێن ئەوانەی سەربازییان تەواو کردووە، دەتوانن ببن بە مامۆستا، مامۆستا لە دێهاتەکان. دایکم پرسی، چی؟ دێهات؟ با هیوا گوێی لەم قسەیە نەبێ! هیوا ناتوانێ لە دێهات بژی. باوکم پیاوێکی زۆر لەسەر خۆ بوو، بە تایبەت بەرانبەر بە دایکم. ئەوەندە بە هێمنی و لەسەر خۆیی لە گەڵ دایکم قسەی کرد، مرۆڤ حەزی لە گویدانی قسەکانیان دەکرد. باوکم وتی: باب و باپیرانی ئێمە هەموو لە دێهات ژیاون، زۆریش بە پیاوانە. تازە هیوا خۆی لە دێ لە دایک بووە، تا فامی کردۆتەوە لە وێ ژیاوە. ئەگەر بار و دۆخ نەبووبایە هیچ کات وازم لە دێ نەدەهێنا. تۆ خۆت ئەوە لە هەموو کەس باشتر دەزانی!

  هیوا بۆ کار دەچێ، تازە ئەگەر بیدەنێ. قسەکانی باوکم تەواو کاری لێ کردم. هەر بۆیە باوکم زۆر خۆش دەویست. ئەو کەسێکی عاقڵ و لەسەر خۆ بوو، بە هێمنی قسەی دەکرد. کتێبەکەم  جێ هێشت. بە بیانووی چایی خواردنەوە لای ئەوان دانیشتم. قسەکەی باوکم تەواو سرنجی راکێشام. خۆم خافڵاند تا بزانم چ باسە. باوکم سەیری کردم و وتی: هێدی دەزانی ئەوانەی سەربازییان هەیە دەتوانن ببن بە مامۆستا؟ وتم زۆر سەیرە، ئەو قسەیەت لە کوی بیستووە؟ باوکم وتی: ئەوڕۆ لە دووکان باسیان کرد، گۆیا کوری فڵانی و فڵانی ناویان دەرچووە.

بەڵێ: قسەکە راست بوو. لە خۆشیان حەجمینم نەبوو، زۆرتر وەک خەون دەچوو تاکو راستی. چەند ساڵ بوو چاوەڕوانی رۆژێکی ئاوام دەکرد. منیش دەستاو دەستم نەکرد، رۆیشتم تاکو هەموو شتێکم روون کردەوە. بەڵێ دوایی ئەوە هەموو شتێکم روون کردەوە. پێڕستی ناوەکانم وەرگرت، ناوی چەند گوندی تێدابوو. یەکێک لە گوندەکان هەمان گوندەکەی خۆمان بوو. زۆر سەیر بوو، وەک شتێک لەگەڵ خۆم قسەم دەکرد. دروستە زۆرتر لە شار ژیابووم، بەلام زۆرتر هۆگری ژیانی لادێ بووم، چونکە بیرەوەرییە خۆشەکانی هەڕەتی منداڵی لە لادێ بوون.  

یەکسەر رۆیشتم بۆ دووکان تاکو ئەو خەبەرە خۆشە بە باوکم بڵێم. باوکم لە من خۆشحاڵتر بوو، بەڵام نەیپرسی لە کام گوند. کە دیتم باوکم ئەوەندە بە کەیفە، وتم دەچم تاکو دایکم خۆشحال بکەم. هاتمەوە ماڵ. لای دایکم سەیر بوو. وەک دڵی خەبەری دابێت، پرسی رۆلە هێدی گیان چت کرد؟ راستە یان قسە و باسە؟ منیش بێ ئەوەی لێی بپرسم چی راستە  یان قسە و باسە وتم، دایەگیان تەواو راستە. ناوەکەشی دەزانم. دوایی کەمێک بیر کردنەوە، لای خۆم وتم، باشە دایکم چۆن زانی کە بۆ ئەم خەبەرە خۆشە هاتوومەوە ماڵ.

وتم دایە گیان چۆن زانیت کە من هەواڵی تازەم پێیە؟ دایکم پێش ئەوەی وڵام داتەوە وتی: رۆڵە گیان هەموو دایكێک دەزانێ کەی مناڵەکەی شادە، کەی خەمبار. لە چاوەکانت دا شادییەکم بینی خۆم بۆ رانەگیرا. دایکم هەم پێدەکەنی، هەم دەگریا. زۆر سەیر بوو، یەکەم جار بوو دەمبینی ئەو هەم پێبکەنێ، هەم بگری. دەمزانی زۆر کەس لە کاتی خۆشحاڵی دەگرین، یانی گریان لە کاتی شادی. دایکم لە هەمان کاتدا دەگریا قسەی دەکرد، لە قسەکانی دەرکەوت کە بە جۆرێک بە پەرۆشە، ئەو هەستەی کە هەموو دایکێک بۆ مناڵەکەی هەیەتی.

دیارە من منداڵ نەبووم بەڵام تەمەن هەر چەند زۆریش بێت، لای دایک و باوک هەر منداڵی. بەشێک لە گریانی دایکم دەگەڕاوە سەر ئەو بەشە کە ئاواتی ئەوە بوو ژیانی هاوبەشی من ببینێ، ئەوەش ئاواتی هەموو دایک و باوکێکە. لە راستیدا حەق بە دایکم بوو. ئەوانەی هاوتەمەنی من بوون هەموو مناڵی گەورەیان هەبوو. پێش هەموو شتێک سەردانێکی دێم کرد. گومانم هەبوو کە داخۆ خەڵکی گوند منیان بە بیرە یان نا؟ هەر وەک دەڵێن بیری مناڵی زۆر قووڵە زەحمەتە لەبیر بچێتەوە، من بیرەوەرییەکانی مناڵیم باش لە بیر بوون.

کات ژمێر دوازدەی نیوەڕۆ بوو گەیشتمە دێ. رێگایەک کە دوو شاری گەورەی لێک گرێدەدا بە نێو قەدی گوندەکە تێپەر دەبوو. قاوەخانەیەکی هەبوو، شوێنی حەسانەوەی ئەو خەڵکانە بوو هاتو و چۆیان دەکرد. لە بیرمە ئێمەش کە مناڵ بووین زۆر لە دەوری قاوەخانە دەسووڕاینەوە. ئەو ماشێنانەی کە باریان پێ بوو، شۆفیرەکانی هەمیشە نوقڵ و شیرینیان دەداینێ. من و هیوا هەمیشە پێکەوە بووین، زۆر کەس وەیدەزانی ئێمە براین. یادی بە خێر بەڕاستی دەورانێکی خۆش بوو.

ماشێنەکەم راگرت، سەیرێکی ولاتم کرد، قاوەخانەکەش وەک خۆی نەمابوو، یەک دوو ژووری پێ زیاد کرابوو. چوومە ژوور. بە وردی سەیری ژوورەوەم کرد. هەندێک چایان دەخواردەوە. هەندێک نانیان دەخوارد. دوو پیاوی بەتەمەن لە گۆشەیەک تەختەیان دەکرد. یەکیان جگارەی دەکێشا روویی لەمن بوو، ئەویتر پشتی. ئەوان زۆرتر لە خەڵکی گوند دەچوون تاکو رێبوار، چونکە زۆر بە ئاسوودەیی و بێ پەرۆش تەختەیان دەکرد. کورێکی گەنج لە پشت سەماوەرەکە سەیری دەکردم. بە چاووبرۆ وەک کوری ئەو ماڵە دەچوو، بەڵام نەمدەزانی کوڕی کامیانە. خاوەن قاوەخانەکە ناوی مام حەوڵا بوو، خەڵک بە حەبەی چایچی دەیانناسی.

مام حەوڵا سێ کوڕی هەبوو، من لە ئەوان زۆر بچووکتر بووم. عەقڵم دەیوت ئەو کوڕە گەنجە نەوەی مام حەوڵایە. کوڕە گەنجەکە وتی: فەرموو کاکە، دانیشە جێی بەتاڵ هەیە. پێم خۆش بوو بزانم کوڕی کامیانە، ناوی چییە؟ بەڵام وازم لێ هێنا. لای پەنجەرە نزیکی پیاوەکان جێی بەتاڵ هەبوو دانیشتم. کوڕە گەنجەکە هاتە پێش و وتی: کاکە بە خێر بێی، چایی یان خواردن. سەیرێکم کرد، دەس خۆش چایی.

لە پەنجەرە کەمێک روانیمە دەرەوە. پەنجەرەکانی قەدیم زۆر بچووک بوون باش دەرەوەت نەدەی، بەڵام ئەوانی تازە گەورەتر بوون. نیشانەی ئەوەی دەدا کە بیر و هزری خەلکیش ئاڵ و گۆڕی بەسەر داهاتووە. "یانی خەڵک مێشکیان گۆڕاوە".

جاروباریش سەیرێکی پیاوەکانم دەکرد کە خەریکی تەختە کردن بوون. پیاوە جگەرە کێشەکە قسەکانی وەک کوێخای ئاوەدانی دەچوو، پیاوەکەی دیکە وەک خاوەن قاوەخانەکە. ئەوەی لە کوێخا دەچوو سەیرێکی کردم و وتی: کاکە بە خێر هاتی، خەڵکی کوێی بۆ کوێ دەچی؟ وتم، لە شارەوە هاتووم بۆ ئێرە. وتی: خێر بێ، لێرە کەس دەناسی؟ وتم: لێرە ناوم دەرچووە بۆ مامۆستا. کە ناوی مامۆستام هێنا، هەر دوو پیاو هەستانە سەر پێ، زۆر بە گەرمی و بە رێزەوە بە خێرهاتنیان کردم. لای ئەوان دانیشتم، بە وردی بار و دۆخی گوندیان بۆ باس کردم.

 لە قسەکان دەرکەوت کە زۆربەی خەڵکی ئەو گوندە لە دەس زولم و زۆرداری ئاغا کۆچیان کردووە بۆ شار یان گوندەکانی دەورووبەر. لە قسەکان بۆم دەرکەوت کە باوکیشم یەکێک لەو کەسانە بووە کە زوڵمی قەبووڵ نەکردووە، کۆچی کردووە بۆ شار. شتێک لام سەیر بوو، دایکم و باوکم هیچ کات ئەو شتەیان لای من باس نەکردبوو. ئەو رۆژە کە هەواڵی دەرچوونی مامۆستایی لەم گۆندەیان بیست هیچیان نەدرکاند. بێگومان گریانەکەی دایکم لەمەڕ ئەو بەشە بوو. دوو دڵ بووم کە واز لەم ئیشە بێنم یان ئەو خەونەی کە لە مناڵی لەگەڵی گەورەبووم وەدی بێنم.

هەرچەند بیست ساڵ لەمە پێش ئەم کێشەیە روویدابوو، بێگومان لە ماوەی بیست ساڵ زۆر شت دەگۆڕێ، بە تایبەت بیر و هزری مرۆڤ. زوڵم و زۆری بە درێژایی مێژوو هەبووە، وە دەشمێنی. گرینگ ئەوەیە کە مرۆڤ چەندە خۆراگر بێ لە بەرانبەر زوڵم و زۆری. خۆم نەدۆراند، زۆر بە وشیاری گوێم دا بە قسەکانیان، تا شتی زۆرترم بۆ دەرکەوێت. ویستم نیشان بدەم کە من هاتووم ئیشی مامۆستایەتی بکەم، کێشەی خەڵک چارەسەر بکەم، نەک کێشە بۆ خەڵکی گوند دروست بکەم. ئەگەرچی خۆم لە بنەماڵەیەکی وا پەروەدە کرابووم کە زولم و زۆریم پێ قەبووڵ نەدەکرا، بەڵام گرینگ ئەوە بوو کە خۆم بە وردی خەڵکی گوندە بناسم، وە  راستییەکان بە چاوی خۆم ببینم.

پێم خۆش نەبوو هەر لە سەرەتاوە ببمە گۆپاڵ بەدەستی ئەم و ئەو، حەزم دکرد خۆم خەڵک بناسم، بە تایبەتی ناسینی دایکوباوکی ئەو مناڵانەی کە دەبوون بە قوتابی من". پێویندی نزیکی دایکوباوک و مامۆستا و قوتابخانە زۆر یارمەتی دەرە بۆ فێربوون". 

بۆچوونەکەم راست بوو. لە قسەکان دەرکەوت، پیاوە جگەرە کێشەکە کوێخا بوو، ئەویتر مام حەوڵا. کوێخا روویی لەمن کرد و پرسی: ئەی مامۆستا تۆ ناوت چیە و کوڕی کێی؟ پێش ئەوەی وڵامی دەمەوە، خاون قاوەخانە پرسی: زگورتی یان ماڵ و مناڵت هەیە؟ وتم ناوم هێمنە، کوڕی وەستا کەریمم، وەختی خۆی لەم گوندە ژیاوە. باوکم لە شار دووکانی هەیە، خۆشم زگورتیم. کوێخا وتی ، وەستا کەریم؟ مام حەوڵا وەتی: ئەم گوندە هەر یەک وەستا کەریمی هەبوو، راستە خۆیەتی ئەوە هێدی کوڕی وەستا کەریمە. کویخا وتی: راستە، کەریم ئەو کات یەک کوڕی هەبوو، بەڵام ئێستا نازانم. کە کوێخا وتی کەریم، دەرکەوت کە باوکم و کوێخا دۆستی یەکتری بوون.

کە ئەم قسەیان بیست لە باوەشیان کردم. کوێخا دڵی پڕبوو، زۆر بە وردی سەیری کردم و جارێکی دی لە باوەشی گرتم. بەڕاستی تۆ هێدی کوڕی کەریمی؟ ئەم پرسیارە زۆرتر دڵنیای کردم کە لە گەڵ باوکم نزیکایەتی زۆری هەبووە. شتێک لام زۆر سەیر بوو، بۆچی من ئەم شتانەم نەدەزانی؟  دوایی ئەوە خوڵق کردن و فەرموو فەرموو دەستی پێکرد. زۆرم کات نەبوو بە پەلە بووم دەبوایە بگەڕێمەوە شار. پێش ماڵئاوایی کویخا داوای لێکردم کەمێک قسەم لەگەڵ بکات.

هەرچەند کاتم کەم بوو بەڵام پێم خۆش بوو بزانم کوێخا باسی چ دەکات. کوێخا داوای لێکردم تا کاتی خۆی نەگاتێ، لای خەڵکی ئاوەدانی باسی خۆم نەکەم. وتی نابێ خەڵک بزانن من کوڕی کێم، بە تایبەتی ماڵی ئاغا. هەروەها وتی، کە خۆشی دەگەڵ مام حەولا قسەدەکات تا ئەویش لای کەس باس نەکات. ئەو قسانە زۆر سرنج راکێش بوون، تەواو مێشکی هاڵۆز کردم. ئەمجار زۆرتر سووڕ بووم لە سەر بڕیاری خۆم کە لەم گوندە بمێنمەوە. بە تایبەتی لەبەر قسەکانی دوایی کوێخا.

لەکاتی رۆیشتن کوێخا بانگی کردم و پرسی: مامۆستا کەی دەگەڕێیتەوە؟ وتم، تا کار و بارەکانم جێ بە جێ دەکەم چەند رۆژ دەگرێت. هیوادارم هەرچی زوو بگەڕێمەوە. کوێخا وتی: "ئەگەر گەرایەوە پێم خۆشە بە وردی باس و بەسەرهاتی کوڕە بەلال فرۆشەکەت بۆت بگێڕمەوە. باوکی ناوی هێدی بوو، بەداخێکی زۆر گران نەماوە، دایکیشی زۆر نەخۆشە. خوشکێکی بچووکیشی هەیە. ئەو کورە تەنیا نان دەرهێنەری ئەو بنەماڵەیە. لە حەق دەرنەچین خەڵکیش یارمەتییان دەدەات، بەڵام کوڕەکە خۆی زۆر دەمار پیاوە. منیش پرسیم، کوڕی هێدی؟ بەلال فرۆش؟ باسی چ دەکەی؟ وتی، بڕۆ ئەگەر گەرایەوە هەمووت بۆ باس دەکەم. زۆرم پێ خۆش بوو لە قسەی خۆم پەشیمان ببمەوە.  

"بە خۆمم وت، ئەم هەویرە ئاوێ زۆر دەبات. بەڵام کە ناوی هێدی و کوڕی هێدی هێنا، دڵنیا بووم کە زۆر شت روویداوە ئەمن بێ خەبەر ماوم. وتم هەی گەوجە، تۆ لە هەموو شتێک بێ خەبەری، بێگومان زۆر شت لەم گوندە روویداوە تۆ خەبەرت نیە". کەمێک ورەم دا بە خۆم وتم، نەکەی! هەرکەس لەسەر سەبرانە لەسەر خێرانە. ئەم رێگایە زۆر دوور و درێژە، دەبێ پشووم لەسەر خۆ بێت! ئیتر ماڵئاواییم کرد و لەوێ رۆیشتم.  

 Bilderesultat for mais selger kunst