وتارەکان

نارنجۆکێکى هەتیو

ستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعال
 

 عەبدوڵڵا سەڕاج 

بڕیار دەدەیت نزیکتر ببیتەوە بۆیە وا چڕنووک لە پنجەکان دەگریت و تەکان دەدەیت. چیت نیازە. بە چاوتەوە دیارە دەتەوێ بوونى خۆت بسەپێنیت و پێیان ڕاگەیێنیت کە هێشتا هەر ماوى،... دەست بۆ باخەڵت دەبەیت، بەڵام ڕۆشنایییەک بەبەر چاوتدا دێت و شەپۆلێکى بەزەیی مەچەکت شل دەکات.

 

نارنجۆکێکى هەتیو

بۆ شەهید عەزیز گەزەڵانى    

 

عەبدوڵڵا سەڕاج

     

لەوانەیە نەزانیت باوکت بۆ ناوى (عەزیز)ى بەسەرتدا بڕیوە، بەڵام دڵنیایت کە (گەزەڵان) بڕە ماڵێکە و شانازیت پێوە دەکات. ئەگەرچى نەخوێندەوارى، بەڵام لوولەى بڕنەوەکەت زمانێکى پاراوى هەیە. گشت دەزانن کە چاوت خوار ناڕوانێت، ئێستاش واخۆت مەڵاس داوە و شانت بە قۆنداخەکەوە نووساندووە، لە توێى تاوێرێکەوە بە دووچاوى ئاگرین دەڕوانیتە چەقى ڕێگاکە، هەر چەندەش چاوەکانت خەواڵوون و لەشت مێروولە دەکات، بەڵام گیانى ئاگات پارچەیەک تەوژم و پەلاماردانە. بەتایبەتى کە یادى ئەو ڕۆژەت دێتەوە بیر، کە ئاگریان بەردایە ئەو دێیە خنجیلانەیەى لە هاتوچۆکردنتدا سێبەرى ئارام بوو بەسەر سەرتەوە و ئارامگاى پشووت بوو. وەک مشتێک شووشەى هاڕاو پژابێتە برینەکانتەوە، ئۆقرەت نەماوە، زۆر باشیش ئەوەت لەیادە کە چۆن دایک و کۆرپەیەک لەناو خانووەکەدا بوون بە زووخاڵ. وا ڕووبارى تووڕەییت پەنگ دەخواتەوە و خەریکە ئاسمان گوللە باران بکەیت، بەڵام خۆت بە هاوڕێکانت ڕاگەیاندووە، کەس پێش تۆ دەستپێشخەرى نەکات. بۆیە وا دانت بە خۆتدا گرتووە. لە هەر جێگایەکى تر بوویتایە دەستبەجێ خەو دیبردیتەوە، بۆ ئەوەى مێردەزمەى خەو بتارێنى جاروبار دەست بەسەر نارنجۆکەکەى باخەڵتدا دێنیت و لات وایە گۆناى تاقانەکەتە. لەوانەشە باڵندەى خەیاڵ بۆ گەزەڵانت بباتەوە، وا چاوت هەڵدەگڵۆفیت و لاسایی کەوێک دەکەیتەوە. بەمجۆرە هاوڕێکانت وریا دەکەیتەوە، کە لە جێى خۆیان  ئامادەبن.                                                                                                                     

کاتى ئاوا ئێجگار بەستسى تێپەڕ دەبێت. وا سەرەتاى هێرش هێنەرەکانت لێوە دیارە، ڕێگاکەى پاشیانەوە لەبەر تۆزوگەرد شاراوەتەوە. پێشەنگیان سێ چوار تانک و زرێپۆشە. بێ ئەوەى هیچ بەدى بکەن گوللە تۆپ بە ڕاست و چەیدا دەوەشێنن. تۆش لێوى خوارەوەت دەکرۆژى و مەترسیت لەوەیە هاوڕێکانت خوێنیان بجمێ و پلانەکەت لێ بشێوێنن. لەشت بووەتە بەشێک لە تاوێرەکە. تانکەکان و ڕیزێک زرێپۆش لە بازنەى بینینتەوە دەرچوون. بڕێک سەرباز وا ڕوو لە دێیەکە دەنێن، تۆش پەلەپیتکە دەبزوێنى.                                                                            

کات وەک نوقڵ لە دەمتدا توایەوە. ماوەى چەندى خایەند، نازانیت، بەڵام ئەوەى هەستى پێدەکەیت نەرمە گەرمایەکە. کە دەستى بۆ دەبەیت. باڵت وەک سڕبووبێت بە گرانى دەجووڵێت.                                                       

تینوویتى بە شێوەیەکى نائاسایی، گەرووتى تەنیوە. بۆ جارى دووەم تین دەدەیتە خۆت. دەست بۆ کانگاى ئێشەکەت دەبەیت و چاوت بە پێنج پەنجەى سوور دەکەوێت. وریا دەبیتەوە، شانت بڵند دەکەیتەوە، هەست بە ئازارێکى بێئەندازە دەکەیت. دەتەوێ هاوار بکەیت، وشەکان لە گەرووتدا دەتاسێن، مێشکت نەبێ لەکاردایە، بۆماوەیەکى کورت لەسەر سک ڕادەکشێیت. دەتەوێ بیر لە ئەنجامى خۆت بکەیتەوە. لەدڵتدا دەڵێیت کە تینى ئەوەت پێ ماوە نارنجۆکەکەت بوەشێنیت. بڕیار دەدەیت نزیکتر ببیتەوە بۆیە وا چڕنووک لە پنجەکان دەگریت و تەکان دەدەیت. چیت نیازە. بە چاوتەوە دیارە دەتەوێ بوونى خۆت بسەپێنیت و پێیان ڕاگەیێنیت کە هێشتا هەر ماوى. وا سەربازێک دێتە ناو بازنەى ڕوانینتەوە. دەست بۆ باخەڵت دەبەیت، بەڵام ڕۆشنایییەک بەبەر چاوتدا دێت و شەپۆلێکى بەزەیی مەچەکت شل دەکات. لە دەروونى خۆتدا ئەو سەربازە بەتاوانبارى ڕاستەقینە نازانیت، بەڵکو بە سووتەمەنییەکى دەزانى ئاخێنرابێتە دۆزەخى جەنگەوە. بۆیە دوودڵ دەوەستیت. ئێشەکەت هەردێ ئارامت لێ دەبڕێ و هەست بە سەرمایەکى ناکاوى دەکەیت. دانەکانت بەیەکدادێن و گلێنەى چاوەکانت تەڵخ دەبن. لەگرمەى تانکێک ڕادەچڵەکیت ورەیەک دێتە گیانت و ئارەزووى هەڵدانى نارنجۆکەکەت دەکەیت. گوڕ دەدەیتە خۆت و دەستت لە فەرمانت دەردەچێ و دەمارەکانت شل دەبن. هەست بەوە دەکەیت کێشت نەماوە و تابلۆکان لەبەر چاوتدا هەڵدەپەڕن.                                                                                                               

 

   Image result for martyr