نه ژاد عزیز سورمێ
زامى بەفر تارمایى شکۆفەکوانووى سارد لە کۆبوونەوەیەکى سێ قۆڵیداتاوتوێى هاوارە دوایى نەهاتووەکانى بن بیریان دەکرد
یوسف، بۆ براکانت خستە بیر و، وتت گورگ خواردنى؟
نه ژاد عزیز سورمێ
با
دوور لە ئومێد
پەپکەى خواردبوو
لە دەنگى خرینگە زیاتر نەدەبیسترا
بە قووڵایى بیر
بە بەر سێبەرى بێدادیدا
دەدرەوشایەوە ..
لە ژێر چ سرووتێکى هەڵوەدادا بووى؟
لە تافى چ شادییەکى بە لەنجە؟
بیرت لەوە کردەوە
براکانت بخەیتە بیر یوسف!
* *
یوسف!
تۆ لە هەموویان جوانتر بووى
لە هەموویان خۆشەویستر
خۆر و مانگ و ئەستێرەى ئاسمانان
بۆ باڵات دەنووشتانەوە
ئیرەییت بە چییان برد؟
یوسف
براکانت بۆ خستە بیر و
وتت گورگ خواردنى؟!
* *
ئێمە کۆمەڵێک مردوو بووین
ماندوو
لە زەماوەندى ستەم گەڕابووینەوە
پاڵمان بە دیوارێکى ڕووخاو دا بوو
تۆمان دى لە بێدەنگیى سپێدەیەکى ئارایشتکراودا
کراسە بەخوێن کراوەکانیانت بە دەستەوە بوو
لە دوور ڕا
بە چەند ئاڵایەکى تەسلیمبوون دەچوون
بە ڕیتمى هاواریان پێدەکەنى
یوسف
براکانت بۆ خستە بیر و
وتت گورگ خواردنى؟!
* *
نەخشەى تەمەنت هەمووى
بە قوربانى
تاخچەیەکى پەمۆیى
کۆشکى عەزیزى میسرێ کرد
ئەشکەوتێکى چۆل بوو
تەنیا دەنگى خۆتت لێ دەبیست
بە تەنیا خۆت تیا دەدى
(زولەیخا) ئەو تریفە بە خەرمانە نەبوو یوسف!
مەوداکان
لە ساتێکى هێدمەگرتوودا ببینێ
بۆ براکانت خستە بیرەوە و
وتت گورگ خواردنى؟!
* *
زامى بەفر
تارمایى شکۆفە
کوانووى سارد
لە کۆبوونەوەیەکى سێ قۆڵیدا
تاوتوێى هاوارە دوایى نەهاتووەکانى
بن بیریان دەکرد
با
نهێنى بۆ دیوان لێ دەدزین
ئاڵۆز بوو
لەخۆنووسانێکى ئاڵۆز
ژوانى ناوەختى
یوسف و بیر .
* *
هەتاوى کوژاوە
نم نم
بەسەر جەستەى برایاندا
دەڕژایە خوار
(زولەیخا) خەونێکە
لە ئەندێشەى مناڵانەمدا)
وەهاى گوت یوسف .
* *
کۆمەڵى مردووان
هێشتا بە پاڵ دیوارەوەن
جەستەى کەڵەکە بووى براکان
لە (بیر) ى بێ هاوار... بێ بانگ
شێتایەتى سرووشت
خەوى ئەبەدى
یوسف لە کۆشک
درەختێکە بە تاریکى تەرز داوێ.