چیرۆک

چاوەکانی بووش

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بووش کە بەردەوام لە بەر نەقشەکەدا رادەوەستا، هەستی کرد چاوەکانیشی خەریکن بەڵایەکیان بەسەرا دێت، رێک وەک قژ و لوت و دەم و... . ویستی بقیژێنێ، بەڵام 'دەم' ێک نەبوو تا پێی بقیژێنێ. بە پەلە چووە بەر ئاوێنەکە. دیتی چلۆن چاوەکانی بەرەبەرە لێی ون دەبوون. 

 

 

چاوەکانی بووش

فەڕۆخ نێعمەتپوور

'سەدام' بیست رۆژ بوو لە کونەکەی (حەشارگەکەی) نەهاتبووە دەرەوە. لەوکاتەوە هەستی بە جموجۆڵی هەندێ کەس و هەندێ دیاردەی غەریب لە دەورووبەری خۆی کردبوو، مەسڵەحەتی لەوەدابینیبوو نەچێتە دەر. بۆ ئەوەیش تاریکی و بێدەنگیی ناو کونەکە ورەی پێبەرنەدا، لەبەر چرامووشییەکەیدا لەسەر قوماشێکی سپیی گەورەی دوو لە سەر دوو خەریکی کێشانەوەی روخساری 'جۆرج بووش' بوو. وێنەکە نەک تەنیا رقە کۆنەکەی تیادەهێشتەوە، بەڵکو بە کێشانەوەی هەر بەشێکی بچووکی تر لە سیمای سوور و گڕوێی بووش، ئەوەندەی تر درەختی ورەی بەهێزتر تیا هەڵدەکشا. سەدام هەستی دەکرد لەگەڵ تەواوبوونی وێنەکە، رقەکەی وەها ئەستوور و گەورە هەڵدەگەڕا کە لە جەستەی رادەپسکا و دەتەقییەوە و ئیتر لەم کونە تاریک و نوتەکە بۆ هەمیشە دەربازی دەبوو، ئەو کونەی کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ گەورەیی و شکۆ و عەزەمەتی ئەودا نەدەهاتەوە. تەنانەت هەستێکی شاراوە و نادیاریش پێی دەگوت لەگەڵ تەواوبوونی وێنەکە، سەردەمی راپەڕینیش دەهات و گەلی مەزنی عێراق وەک گڕکان رادەپەڕین و بۆ هەمیشە سوپای بێگانە و نۆکەرەکانی لە وڵات رادەماڵی. لەم کاتانەدا بزەکەی سەدام ئەوەندە لە بزەی بووش کەمتر نەبوو. ئەو بزەیەی وا بووش لە سەر کەشتییە شەڕکەرەکەی لە کەنداوی فارس، لە کاتی قسەکردن بۆ سوپاکەی لە دووای تێکشکانی سوپای عێراق هاتبووە سەر لێوەکانی. 

لەوکاتەیدا سەدام خەریکی کێشانەوەی وێنەکە بوو، جۆرج بووش لە کۆشکی سپی لە ژوورەکەی خۆی لەبەر نەقشەی هەڵواسراوی عێراق لە سەر دیواری پشت مێزەکەی، راوەستابوو و بە وردی سەیری ئەو شوێنانەی دەکرد وا بە سنجاقی سوور دەستنیشان کرابوون و گومانی ئەوەی لێدەکرا سەدام خۆی تیا حەشاردابێ. بووش لەسەر دوو شوێن تیامابووەوە. لەسەر ناوچەی تکریت و شاری موسڵ. یەکەمیان زێدی سەدام بوو و، دووهەمیان، شار و سەنتەری سەرەکیی هێزی جەماوەریی بەعسییەکان. هەرچەند عەقڵی پێی دەگوت چونکە کوڕەکانی دیکتاتۆری عێراق لەم شارە کوژرابوون گومانی ئەوە نەدەکرا لە موسڵ خۆی حەشاردابێ. عەقڵی ستراتیژیکی پێی دەگوت سەدام لە تکریتە. بۆیە بە چاوە سوور و ماندووەکانی لە سەر تکریت راوەستا و لە ناوچە سەوزەکانی قەراخ دیجلە مۆڕبووەوە.

هیچ دەنگێک بەقەدەر دەنگی ئەو فڕۆکە و کۆپتەرانەی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا تێدەپەڕین، دڵی سەدامیان دانەدەخورپان. ئەم فڕۆکانە بوون سوپاکەی ئەویان تێکشکاندبوو و هەربۆیە دەکرا هەر ئەوانیش رۆژێ لە رۆژان سەربازی لەسەر دابەزێنن. رێک لەسەر کونەکە. بۆیە لەم کاتانەدا بە قەڵەمەکەی دەستییەوە رەپ و بێدەنگ رادەوەستا، هەتا دەنگەکان ون دەبوون. جا ئەگەر بهاتایە و 'دەنگێک' خول و سوڕی بخواردایەو بۆ ماوەیەک ئاسمانی ناوچەکەی چۆڵ نەکردایە، ئەوا ئیتر سەدام وەک پەیکەرێکی بێ گیانی لێدەهات. دڵی ئەوەندە بچووک دەبووەوە بەقەدەر دڵەچۆلەکەیەک. راستییەکەی ئەوە بوو ئەو نەیدەتوانی باوەڕ بە کۆتایی خۆی بێنێ. لای ئەو ئەم کونە و ئەم ژیانە نوێیەیش ئاماژەیەک بوون بە سەردەمێکی گەورەتر،... یەکجار گەورەتر. ئەو دەبوا بمایە! نەدەکرا هەموو شتێ ئەوەندە ئاسان بە کۆتایی خۆی بگا. لەم کاتانەدا دەنگی مەنگ و بە ئاستەمی گوزەری ئاوی دیجلە (کە بارستایی عەرزی دەبڕی و دەگەییە کونەکە) ئەوی بیری سەردەمی منداڵیی خۆی دەخستەوە، کاتێ شوان بوو و بزنەکانی لەم دەشتە ئاشنایانەدا دەلەوەڕاند. ئاوی بەخوڕەمی دیجلە وەک هەمیشە دەهاتە فریای و دڵنەوایی دەدایەوە. سەدام هەستی دەکرد دیجلە رۆحیەتی!

بووش کە لەم بیست رۆژەی دوواییدا هەر رۆژەی بەشێک لە روخساری لێ ون دەبوو، سەراسیمە و تۆقاو لە کاتێکدا زەینی بە سەدامەوە مەشغوڵ بوو، دەچووە بەر ئاوێنە گەورەکە و بە ترسێکی لەڕادەبەدەرەوە لە خۆی دەڕوانی. سەرەتا بۆ ئەوەی لە ماڵ و منداڵەکەی بشارێتەوە، چەسپی برینی لێدەدا، بەڵام پاش ئەوەی رووی لە زیادبوون کرد بە بیانووی کاری زۆر لە کۆشکی سپی مایەوە و رووی لە ماڵەوە نەکردەوە. بەسەرسامی دەیبینی روخساری بەرەبەرە ون دەبوو. قژ، لووت، چەناگە، کوڵم، گوێ، برۆ و تەوێڵ بەرەبەرە نەمان. ئەوەی مایەوە چاوەکانی بوون. شتێک لە دەروونەوە پێی دەگوت کە کارەساتی شێوان و بزربوونی روخساری پەیوەندیی بە نەقشەی سەر دیوارەکە و بە سەدامەوە هەبوو. بۆیە سوێندی خوارد تا دووا هەناسە و دووا وزە بمێنێتەوە و ئەوەندە لە نەقشەکە رابمێنێ هەتا ئەو پیاوە لەخۆڕازی و گەمژەیە دەدۆزێتەوە. راستییەکەی ئەوە بوو کە بە بێ دۆزینەوە دیکتاتۆرە بێ بەزەییەکەی عێراق، کارەکەی زۆر بە نیوەناچڵی دەمایەوە. نەدەکرا لە وڵاتێکدا کە بەتەواوی کەوتبووە ژێر دەسەلات و کۆنتڕۆڵییەوە، پیاوێکی وەها گەورە ببێ بە قەترەیەک ئاو و بچێتە ناو زەوییەوە. "ناو زەوی؟" بروسکەی بیرێک وەها لە زەینی دا کە سەری لە گێژەوە هات. "ئەها!... ناو زەوی! کەواتە پێویست ناکا تەنیا بەو شوێنانەدا بگەڕێین کە خانووی تیایە و شار و گوندن،... مەزراکان،... کێڵگەکان،... هە هە هە،..." چاوەکانی بووش لە بۆشایی سەری ونبوویدا گەشانەوە و کەوتنە هەڵبەز و دابەزین.

سەدام خۆشحاڵ لەوەی لە کێشانەوەی وێنەکە دەبووەوە، قەڵەمەکەی دانا و هاتە بەر سەرپۆشی حەشارگەکەی،... هەڵیدایەوە و جگەرەیەکی رۆشن کرد و دووکەڵەکەی بە کونەکەدا بە هەناسەیەکی بەهێز فڕێدایە دەرەوە. نیگابانە بەوەفاکەی هەر کە گوێی لێبوو بەپەلە هاتە سەر کونەکە و وتی قوربان جەسارەتە بەڵام تکایە چاوەکانت بشارەوە، دەڵێن تەیارەکانیان چاو دەبیننەوە و هەر بە چاویش دەتناسنەوە! سەدام کە گەمژەیی هاوڕێکەی تەواو شێتی کردبوو، بەتوڕەییەکی سەیرەوە هەڵیدایە، نەڕاندی و گوتی مەگەر چاوی دایکە حیزەکەت بناسنەوە سەگی سەگباب! بڕۆ لەبەر چاوم ون بە کەری کەرباب! ئەوسا گەڕایەوە بەر وێنەکە و لەبەر خۆیەوە وتی کە سبەی تەواوی دەکا، سبەی چاوەکانیشی دەکێشێ و ئیتر وێنەی تەواوی بووش دێتە بەرچاوی. ئەو وێنە تەواوەی رقی ئەویش دەگەیەنێتە ترۆپک. بەڵام شتێک خەمگینی کرد، ئەوەیکە نەئەمڕۆ لە دوێنێ جیاواز بوو و نە لەوەیش دەچوو سبەی لەمڕۆ جیاواز بێت. رۆژە گەورەکە بە ئاستەمیش دیار نەبوو. لەبیری دێ کە هەمیشە رۆژە گەورەکان لەوە پێش سیگناڵیان دەدا. هەمیشە هەندێ وردە رووداو هەبوون کە لەپێشدا دەهاتن و ئاماژەیان دەدا. بە بێ ئەوەی سەرپۆشی حەشارگاکەی هەڵبداتەوە بەگڕی چرامووشییەکە جگەرەیەکی تری داگیرساند و دانیشت. ئەوسا بە بۆچوونێکی تر گەیشت. ئەوەیکە هەندێ جار هەندێ رووداوی گەورە پێویستیان بە ئاماژە نیە و، کە دێن بۆخۆیان دێن، تەواو سەربەخۆ و تەنیا. مژێکی توندی لە سیگارەکەی دا و فڕێی دایە سەرزەوی و بە بەری پێی کوژاندییەوە. بەپەلە چووەوە بەر وێنەکە و لە کاتێکدا بەدەستێک چرامووشییەکەی گرتبوو بە دەستەکەی تری دووابەشی وێنەکەی کێشایەوە. چاوەکانی بووش، دوو کونە بۆشەکەی ناو کەلەسەرەکەیان پڕکردەوە.

کەچی دونیا هەروا بێدەنگ و بێ چرپە بوو. کونەکەی تەنیشت رووباری دیجلە تەنانەت چیتر گوێیشی لە دەنگی هاژەی دیجلە نەما.

بووش کە بەردەوام لە بەر نەقشەکەدا رادەوەستا، هەستی کرد چاوەکانیشی خەریکن بەڵایەکیان بەسەرا دێت، رێک وەک قژ و لوت و دەم و... . ویستی بقیژێنێ، بەڵام 'دەم' ێک نەبوو تا پێی بقیژێنێ. بە پەلە چووە بەر ئاوێنەکە. دیتی چلۆن چاوەکانی بەرەبەرە لێی ون دەبوون. دەڵێی نیگاکانی دەگوازرانەوە. بووش بە بێ سەر لەبەر ئاوێنەکەدا مایەوە.

 

سەدام سەری بەرزکردەوە و لە وێنەکەی رووانی. بۆخۆیشی باوەڕی نەدەکرد ئەوەندە نیگارکێشێکی لێهاتوو بێ. وێنەکە تەواو لە بووش دەچوو، بگرە زیاتر لەمەیش. هەر دەڵێی خودی بووش بوو بە زیندوویی. راستییەکەی ئەوە بوو کە بە کێشانی چاوەکان، کتوپڕ وێنەکە ببوو بە شتێکی تر. ئەوەندە کامڵ ببوو بۆخۆیشی باوەڕی نەدەکرد. ئەوسا بە وردی لە چاوەکانی بووش راما. چاوەکان دەترووکان،... دەیانڕوانی! برژانگەکان دەجوڵان! سەدام کە قەت لە ژیانیدا ئەوەندە نەترسابوو، رەپ هەستایە سەرپێ. هەر لەشوێنی خۆیدا مایەوە، بە بێ ئەوەی هەنگاوێک بەرەو پێش یان بەرەو پاش بڕوات. وێنەکە زیندوو بوو!

بووش جوان جوان لێی دەڕوانی. وەک بڵێی نیگاکانی بووش سەرەتا باوەڕیان نەدەکرد. ئەوسا وێنەکە کەوتە پێکەنینێکی سەیر. پێکەنینێکی بەسام کە هەموو حەشارگەکەی تەنی. ئەمسەر تا ئەوسەر. پێکەنینە ترسناکەکە تەنانەت بەناو کون و قوژبنە تاریک و نوتەکەکانیشدا گەڕا. مشکەکان گوێیان لێگرت. قالۆنچەکانیش گوێیان پێی کرایەوە. پێکەنینەکەی بووش تەواونەدەبوو،... بێکۆتایی بوو. بە دیوارەکاندا وردەخۆڵ دەوەرییە خوارەوە.

تەواوی ئەو شەوە سەدام بێ ئەوەی بخەوێ لەبەر چرامووشییەکەدا سەیری وێنەکەی کرد و، گوێی لە پێکەنینەکە گرت،... هەتا سبەی،... هەتا هەتاو لە پشت دیجلە سەری هەڵێنا و دونیا رووناک بووەوە،... هەتا ئەو کاتەی چەند کۆپتەرێک نیشتنەوە و کاروانی چەند ماشینێکی سەربازی گەیشتنە شوێنەکە و،... ئەویان لە کونەکە کێشایە دەرەوە.

 

 Bilderesultat for optimisme art