چیرۆک

پیاوە چاوبەستەکەی مریەمەی پیرۆز

 

لە ئینگلیزییەوە: محەممەد ئەمین مەجیدیان

ئێوارەیەکیان، بەدوای رۆژێکی بارانی، لە حاڵێکدا تۆپە یارییەکانی لەژێر باخەڵدا و چەقۆکانیشی لە بەڕەکۆنەکەیەوە پێچابوون، کۆمەکۆم و دڵ بەخەم، بەدوای چەند منداڵێکدا دەگەڕا، نەوەک ئەوشەوە بەبێ شێو سەربنێتەوە. 

 

 

پیاوە چاوبەستەکەی مریەمەی پیرۆز

ئەناتول فرانس      

لە ئینگلیزییەوە: محەممەد ئەمین مەجیدیان

 

ئەناتول فرانس ساڵی ١٨٤٤ لە پاریس لەدایک بووە، زیاتری تەمەنی خۆیشی هەرلەو شارە بەسەربردوە. بۆ زیاتر لە چل ساڵ، لەسەر پاریس، دنیای کۆن و سەدەکانی ناوەراست، نووسیویە. هەر داستان یا چیرۆکێکیشی نووسیبێ، تایبەتی کردوە بە روونکردنەوەی فەلسەفەی بێبڕوایی (scepticism) ئەمەش بەشە یارمەتی ئەوە بە بیری نوێ. لەو هەموو کتێب داستانانەی کە نووسیویەتی کتێبی (L`Etui de nacre) باشترینیانی لە خۆ گرتوە. چیرۆکی(Our Lady`s Juggler) کە یەکێک لە جوانترین چیرۆکەکانی سەدەکانی ناوەڕاستی  فرانسەیە، لەم کتێبە هەڵگیراوەتەوە.

Barrett H. Clark بارێت ە. کلارک ئەم چیرۆکەی کردوە بە ئینگلیسی.( لەرووی ئەمەشەوە کراوەتە کوردی)

 

                   پیاوە چاوبەستەکەی مریەمی پیرۆز

 

زەمانی شا لوئیز، پیاوێکی هەژاری چاوبەست هەبوو، بەناوی بارناباس. ئەم پیاوە شارەوشاران دەگەڕا، بەشارەزایی و لێهاتووییەوە چاوبەستیی دەکرد. ئەو رۆژانەی هەوا خۆش دەبوو، لە مەیدانە گەورەکەی شاردا، بەڕەیەکی دڕاو و کۆنی رادەخست و دوای ئەوەی بە قسەو باسێکی سەیر کە لە کۆنە تەڕدەستێکەوە فێر ببوو و تەنیا وشەیەکیشی لێنەدەگۆڕی، کۆمەڵێ منداڵ و کەسانی بەتاڵی لێدەئاڵا، بە فیزێکی تەواوەوە لەنگەری دەورییەکی مەفرەقی لەسەر نووکی لووتی خۆی رادەگرت. لە پێشدا ئەم خەڵکە زۆر گوێیان نەدەدایێ، بەڵام کاتێک سەری لەسەر زەوی دادەنا و بە دەستەکانی شەش تۆپی مسین، کە لە بەر تیشکی رۆژ دەبریسکانەوە، دەخستە هەوا و بە قاچەکانی دەیگرتنەوە، یان ئەوکاتەی خۆی بە پشتا دەخست هەتا ملی دەکەوتە سەر پاژنەی پێی و شکڵی پێچکەیەکی بەخۆوە دەگرت، هەر لەو حاڵەشدا بە دوانزە چەقۆ یاری دەکرد و جێگۆڕکەی پێدەکردن، دەکەوتە بەر پەسند و ئافەرینی بینەرانی و بارانی وردەپووڵ دەرژایە سەر بەڕەکەی.

بەوحاڵەش بارناباس وەکوو زۆر لەو کەسانەی کە بەم هونەرە خۆیان دەژیاند، بۆ بژیوی ژیانی لە تەنگانەدا بوو. ئەو نانی خۆی بە ئارەقی نێوچەوان پەیدا دەکرد. زۆر زیاتر لە بەشی خۆی لەو کڵۆڵییەی بەرکەوتبوو، کە باوە ئادەم بە هەڵەی خۆی وەک میرات بۆی بەجێهێشتووین.

بێجگە لەمە، ئەو نەیدەتوانی ئەوەندە کار بکا کە پێیخۆش بێ، چونکە بۆ ئەوەی بتوانێ توانا سەیر و سەرسووڕینەکانی نیشان بدا، وەک دارێک دەچوو کە پێویستی بە تینی خۆر و گەرمای رۆژ هەیە. لە زستاناندا زیاتر لە دارێک نەبوو کە گەڵاکانی لێهەڵوەریون. لەراستیدا نیوەمردوو بوو. خاکی بەستوو بۆ تەڕدەستان ئێجگار رەق بوو. هەروەک  ماری دو فرانس لە سیکادا دەگێڕێتەوە: لە وەرزە سەخت و تووشەکاندا، لەبەر برسییەتی و سەرما، بەبێدەنگی رەنج و ئازاری دەکێشا.

بارناباس قەت بیری لە سەرچاوەی سامان و نایەکسانی بارودۆخی ژیانی مرۆڤ نەکردبۆوە. ئەو بڕوای وابوو، ئەگەر ئەم دنیایە شتێکی خراپ و بەوەیە، ئەودنیا وانابێ و چاک ئەبێ. ئەم بڕوایە دڵی ئەوی گەرم راگرتبوو. ئەو لەو کەسە زۆرزانانەش نەبوو کە، رۆحی خۆیان بەشەیتان دەفرۆشن؛ قەت بەخۆڕا ناوی خوای نەدەهێنا؛ وەک پیاوێکی باش و دڵ و داوێن پاک دەژیا. ئەگەرچی ژنی نەبوو، بێزووی بەژنی خەڵکەوە نەدەکرد. چونکە پێیوابوو، ژن دژمنی پیاوانی بەهێزە، هەروەک چون چیرۆکی سامسۆن لە ئینجیلدا بۆمان دەگێڕێتەوە.

لەڕاستیدا بارناباس بیری نەدەگەڕا بەدوای ئارەزووەکانی لەشیەوە. بۆ ئەوەی رەنج و ئازاری دوورکەوتنەوە لە رابواردن لەگەڵ ژنانیشدا، لە خۆی دوورخاتەوە خووی دابوە خواردنەوە.

بەوحاڵەش ئەو پیاوێک نەبوو هەمیشە سەرخۆش بێ، ئەو رۆژانەی کە هەوا گەرم دەبوو، پێیخۆش بوو بخواتەوە. ئەو پیاوێکی باش و لەخواترس بوو. لە رێزگرتن بۆ مریەمەی پیرۆز، خەشی تیانەبوو، کاتێک بۆ نوێژکردن دەچوە کلیسا لەبیری نەدەچوو بەرانبەر بە وێنەی دایکی پیرۆز، ئەژنۆ دادا و بە نوێژ و نزاکردن لەگەڵیا بێتە دووان:

" خاتوونە پیرۆزەکەم ئاگات لەژیانم بێ تا ئەو کاتەی خوا ئەمباتەوە بۆ خۆی، کە مردیشم ئاگات لێم بێ خۆشی بەهەشتم بەرکەوێ."

ئێوارەیەکیان، بەدوای رۆژێکی بارانی، لە حاڵێکدا تۆپە یارییەکانی لەژێر باخەڵدا و چەقۆکانیشی لە بەڕەکۆنەکەیەوە پێچابوون، کۆمەکۆم و دڵ بەخەم ، بەدوای چەند منداڵێکدا دەگەڕا، نەوەک ئەوشەوە بەبێ شێو سەربنێتەوە. لە رێگادا چاوی بە مونکێک کەوت. مونکەکەش هەر بەو رێگایەدا دەچوو. کە لێی نزیک بۆوە ، سڵاوی لێکرد، هەر کە شانبەشانیش بوون، کەوتنە قسان.

"هاوڕێ" مونکەکە گوتی، "چۆنە وا جلەکانی بەرت هەموو سەوزن؟ وادیارە بچی رۆڵی کابرایەکی قۆشمەچی بگێڕی؟"

" نا، بەڕێز" بارناباس گوتی، "ناوم بارناباسە، کارەکەیشم تەڕدەستییە. باشترین کارو پیشەیە، ئەگەر بتوانم نانی رۆژانەمی لێ پەیدا بکەم."

"هاوڕێ بارناباس" مونکەکە وەڵامی دایەوە، "ئاگات لەخۆت بێ، چی دەڵێی. هیچ کاروپیشەیەک ناگاتە راهیبی. قەشەکان ئاهەنگی ئایینی و ستایشی خوا و مریەم و پیاوە پیرۆزەکان دەگێڕن؛ ژیانی مونکێک شانازییەکی خوایی هەتاهەتاییە.''

بارناباس وەڵامی دایەوە: "بەڕێز، وایە، پی لەوە ئەنێم وەک کەسێکی نەخوێندەوار قسە ئەکەم. پایەی کۆمەڵایەتیم ناگاتە تۆ، لەوانەیشە هەندێ لێهاتووییش لە تۆدا هەبێ بۆ سووڕاندن و لەنگەر راگرتنی دارەدەستێک، سکەیەک بەسەریەوە لەسەر نووکی لووتت، بۆیە ژیرانە نییە خۆم لەگەڵ تۆدا بەرانبەر دانێـم. بەڕێز بریا دەرفەت دەبوو منیش وەک تۆ ، هەموو رۆژێ لە کلیسا سروود بخوێنم، بەتایبەت لە دیوانی مریەمەی پیرۆزدا، کە زۆر بەئیمانەوە خۆم پێبەخشیوە. بۆ ئەوەی بێمە ریزی کەشیشانیشەوە، ئارەزوومەندانە لەم هونەرە دەست هەڵدەگرم کە، لەسۆیسۆنەوە هەتا بیوایز، زیاتر لە شەشسەد شار و دێ دەمناسن.

ساکاری و دڵپاکی بارناباس کاری خۆی کرد. کەشیش پیاوێکی نازیرەک نەبوو. ئەو لە بارناباسدا یەک لەو پیاوچاکانەی بەدی کرد کە عیسا لەبارەیاندا ئەڵێ: "با لەسەر زەوی لە ئاشتی و ئارامیدا بژین" ئاواش هاتە وەڵام:

"هاوڕێ بارناباس، لەگەڵما وەرە، بزانم لەو دەیرەی سەرۆکایەتی دەکەم جێت ناکەمەوە، بەشکم ئەو کەسەی ماریای میسریی لە بیابان هێنایە دەر، بەبۆنەی ئەمکارە چاکە، منیش لەگەڵ تۆ رزگار بکا.

بەمجۆرە بارناباس بوو بە مونک و چووە دەیری مونکەکانەوە. ئەو دەیرەی ئەوی هاتێ، مونکەکان، بە شکۆیەکی تەواو ئاهەنگی ئایینییان بۆ ستایش و رێزلێنان لە مریەمەی پیرۆز دەگێڕا، لەمکارەشدا هەرکامیان ئەوەی زانیاری و لێهاتوویی خوا پێێ دابوو ئەیخستە روو.

سەرۆکەکەیان، بۆخۆی بە پێی یاساکانی ژیربێژی و ئایینی سەدەکانی ناوەڕاست، چەند کتێبی لەسەر داوێنپاکی و رەوشتەبەرزەکانی دایکی خوا( مریەم) نووسیبوو. برادەر ماوریس ئەم نووسراوانەی بەدەسخەتێکی جوان لەسەر پێستەی مەڕ نووسیبۆوە. برادەر ئەلیکساندریش ئەم نووسراوانەی بە وێنە و نیگاری جوان جوان رازاندبۆوە و مەلەکەی ئاسمانی نیشان دەدا، لەسەر تەختی سلەیمان دانیشتوە و بۆ پاراستنی چوار شێری بەئاگا وان لەبەر پێیدا و خرمانەیەکی رووناکیش دەوری سەری داوە. حەوت کۆتر بە نیشانەی حەوت بەهرەی خوایی: ترس، زانست، خواپرستی، هێز، دادوەری، وریایی و ژیری، بە سەر سەریەوە لە فریندان. شەش کچی قژزەردیشی لەگەڵدان: بێفیزی، لەسەرخۆیی، گۆشەگیری، رێزگرتن، کچێنی و گوێڕایەڵی.

لەبەر پێیدا دوو مرۆڤی چکۆلە و رووت، بە سەر و چاوێکی گەش بە حاڵەتی پاڕانەوە وەستاون. ئەمانە رۆحی تکاکارانن بۆ رزگار بوونیان.

لە نووسراوەیەکی تردا، برادەر ئەلیکساندر، لەبەردەم حەزرەتی مریەمدا، حەوای نیشان داوە. لەم وێنەیەدا رەنگە پیاو، لە یەک کاتدا، گوناحکار و پاکبوون لە گوناحی، ژنێکی رووشکاو و مریەمەی خاوەن شکۆ، ببینێ. لە نێو ئەو وێنە بەنرخانەی تری ئەم کتێبەدا، سەرچاوگەی ئاوی ژیان، گوڵەشلێرە، مانگ، خۆر، باخی داخراو، کە لە سروودە ئایینییەکاندا باسی زۆر لەسەر دەکرێ؛ دەروازەی بەهەشت و شارەکەی خوا، هەبوون. ئەمانە هەموو نموونەیەک بوون لە وێنەی حەزرەتی مریەم.

برادەر ماربوودیش یەک لەو پەیرەوانەی مریەم بوو، کە هەمیشە خەریکی داتاشینی پەیکەرەی مریەم بوو لە بەرد. بۆیە ردێن و برۆ و قژەکانی سەری، لە تەپوتۆزدا سپی ببوون. چاوەکانی هەمیشە ئاوساو و تەڕ بە فرمێسک بوون. بەڵام ئەم پیاوە ، لە تەمەنی پیریدا، ئازا و بەختیار بوو. گومان لەوەدا نەبوو کە شاژنی بەهەشت، ئاگای لە ئاوابوونی رۆژەکانی تەمەنی کوڕەکەی هەیە. ماربود مریەمی لە کلیسا نیشاندەدا، دانیشتوە و ریزێک مرواری لە شکڵی بازنەیەکدا ناوچەوانی دەور داوە و زۆر بەزەحمەت خەریکە بە لۆی کراسەکەی قاچەکانی دادەپۆشێ، کە پێغەمبەر فەرموویەتی: '' خۆشەویستەکەم وەک باخێکی نەکراوە وایە."

جاروباریش مریەمە وەک منداڵیکی شۆخوشەنگ نیشان دەدا. وێنەکەی وا دێتە بەرچاو کە بڵێ، "خوایە، تۆ خوای منی!"

لەم تەکیەدا هەر وەها، شاعیرانێک هەبوون کە پەخشان و سروودیان بە شانازی مریەمی زۆر دڵسۆز و رووخۆش بە لاتین دەنووسی؛ لە راستیدا لە نێو ئەمانەش پیکارێک هەبوو، کە موعجیزەکانی مریەمی بە هەڵبەستێکی کێشدار بە زمانی  ئاسایی رەشورووتان وەردەگێڕا.

بە هەستکردن بەم ململانێیە گەورەیە و ئەم  بەرهەم و خرمانە نووسراوانە، بۆ ستایش وپیاهەڵدانی مریەمی پیرۆز، بارناباس کەوتە پەشیمان بوونەوە و گریان و کرووزانەوە، بۆ نەخوێندەواری و ساویلکەیی خۆی. رۆژێکیان کە بەتەنیا لە سێبەری دیواری کلیسەکە، لە باخچەکەدا دەگەڕا، بەدەم ئاخهەلکێشانەوە وتی: ئەمن چەند بەدبەختم، چونکە وەک برادەرەکانم ناتوانم ستایشێکی بەنرخ پێشکەشی دایکی پێرۆز بکەم

کە لەقووڵایی دڵمەوە، ژیانی خۆمم بۆ ئەو تەرخان کردوە. داخی گرانم من پیاوێکی کەرم، بۆخزمەت کردنی تۆ دایکی پیرۆز، هیچ هونەرێکم نییە، نە رەفتار و پەند و ئامۆژگارییەکی وا فێر بووم، نە نامیلکەیەکم هەیە بە پێی یاساکان ئامادە کرابێ، نە نیگارێکی جوان، نە پەیکەرەیەکی وەستایانە تاشراو.

 

بەمجۆرە خۆی دایە دەست ئێش و ئازاری خەم و دڵتەنگییەوە.

ئێوارەیەکیان مۆنکەکان بۆ خۆ خافڵاندن لەگەڵ یەکدا خەریکی دەمەتەقێ بوون. بارناباس گوێی لە یەکێک لەوان بوو، لەسەر مۆنکێک قسەی دەکرد کە نەیدەتوانی بێجگە لە سروودی 'دروودی خوات لێبێ ئەی ماریا' هیچی تر لەبەر بخوێنێ. لەبەر ئەم هیچ نەزانییەیشی کەوتبوە بەر لۆمە، کەچی پاش مردنی پێنج گوڵی سوور، بە شانازی پێنج پیتەکەی ناوی ماریا لە دەمیەوە دەرهاتن. خواپەرەستی و پیرۆزییەکەی ئابەمجۆرە دەرکەوت.

بەبیستنی ئەم چیرۆکە، بارناباس جارێکی تر، لە میهرەبانی و بەبەزەییەتی مریەمەی پیرۆز بەئاگا هات، بەڵام ئەم نموونە موعجیزەیە دڵی خۆش نەکرد. چونکە دڵی لێواولێو بوو لە سۆز و خرۆش بۆماریا و پەرۆشی ئەوەی بوو بۆ رێز لێنان لە یادکردنەوەی بەشکۆی خاتوونەکەی لە بەهەشت، ئاهەنگێک بگێڕێ.

بۆ ئەمکارە، بارناباس بەدوای رێگەیەکەوە بوو، بەڵام بێکەڵک بوو. رۆژ لەگەڵ رۆژ خەم زۆرتر لەسەر دڵی بار دەبوو. تا رۆژێک شاد لە خەو هەستا و رایکرد بۆ کلیسا و لەوێ بۆ زیاتر لە سەعاتێک تەنیا مایەوە. دوانیوەرۆ دیسان گەڕایەوە بۆ کلیسا. لەو رۆژە بەدواوە، هەموو رۆژێ ئەوکاتەی کلیسا چۆڵ دەبوو، زیاتری کاتەکانی خۆی لەوێ بەسەر دەبرد.

لەحاڵێکدا مۆنکەکانی تر، کاتی خۆیان تەرخان دەکرد بۆ بەدواچوونی بابەتی زانستی و مێژوویی و ئەدەبی و فەلسەفیدا. بارناباس ئیتر خەمگین نەبوو، ئاخی هەڵنەدەکێشا. ئەم رەفتارە جیاواز و سەیرە هەستی کونجکاوی ئەوانی تری جووڵاند. ئەوان حەزیاندەکرد بزانن، بۆ برادەر بارناباس وا تەنیا و گۆشەگیر بووە. سەرۆکی کلیساکە، کە کارەکەی ئەوە بوو بزانێ، مۆنکەکان خەریکی چین، دەیهەویست دوای ئەمکارە بکەوێ. رۆژێکیان کە بارناباس بەتەنیا لە کلیسا بوو، سەرۆک و دوو لە برادەرە بەتەمەنەکانی بەدوایدا چوون بۆ ئەوەی لە پشت دەرکەوە بڕوانن بزانن بارناباس خەریکی چییە. بەسەرسووڕمانەوە دیتیان بارناباس لەبەردەم وێنەی حەزرەتی مریەمدا، سەری ناوەتە زەوی و قاچی بە هەواوە، بە شەش تۆپەکەی و دوانزە چەقۆکەی، بۆ رێزگرتن لە حەزرەتی مریەم، هەر وەک ئەورۆژانە بەمکارە ناوبانگی دەرکردبوو، یاری دەکا.

مۆنکەکان بێئەوەی لەمە تێبگەن کە بارناباس بۆ رێز لێنان لە حەزرەتی مریەم ئەمکارە دەکا، دژ بەم کردەوە دژ بە دینە هاواریان لێ بەرز بۆوە. سەرۆکی تەکیەکە بارناباسی دەناسی کە رۆحێکی ساویلکە و ساکاری هەیە، پێی وابوو کە بارناباس ئاوەزی لەدەست داوە. هەرسێکیان چوون لە کلیسەی وەدەر نێن، کاتێ بینیان حەزرەتی مریەم بە هێواشی لە میحرابەکە هاتە خوارەوە. بە لاچکەی عەبا شینەکەی ئەو ئارەقەی بە نێوچەوانی تەڕدەستەکەدا دەهاتە خوار سڕیەوە.

سەرۆکی تەکیەکە سەری بەرەو زەوی شۆڕ کردەوە و ئەم دۆعایەی خوێند: " بەختیارن ئەو دڵە بێخەوش و پاکانەی خوای دەناسن."

 

" ئامین"ی برادەران دەنگی دایەوە و بەرەو زەوی کرنووشیان برد.