شێعر و پەخشان

له‌یادمانی گوڵه‌ بڵێسه‌داره‌کانه‌وه‌

نژاد عزیز سورمێ

/ پرسیار/ ته‌نگیان/ پێ/ هه‌ڵچنیوم../

/ سه‌رابه‌/ ڕێ../

/ چه‌ندی/ ڕۆیشتم/ نه‌گه‌یشتمه‌/ مرۆڤ/

/ چه‌ندی/ ڕۆیشتم/ نه‌گه‌یشتمه‌/ دڵم/

/ که‌/ له‌/ نێوان/ شکان و/ نه‌شکاندایه‌./

 

 

له‌یادمانی گوڵه‌ بڵێسه‌داره‌کانه‌وه‌

 

نژاد عزیز سورمێ

 

(( ئێمه‌ ئه‌وه‌ین زیندان

له‌خۆمان ده‌که‌ینه‌ گوڵستان،          

که‌ زیندانمان گوڵستان بێ

گوڵستانمان ده‌بێ چی بێ؟

"شه‌مسی ته‌ورێزی"

 

( (1

/ ئێواره‌/ ڕه‌نگی/ ڕووباره‌/ شینه‌/ زه‌ردباوه‌کان/

/ ده‌داته‌وه‌/.. /

/ ترس/ به‌/ کڵاوێکی/ به‌ڵه‌که‌وه‌/

/ سه‌ره‌تاتکێمان/له‌گه‌ڵدا/ ده‌کا../

/ هه‌ڵپه‌ی/ کارامه‌یی/ یاڵی/ به‌/ ئه‌سپه‌/

/ چه‌قیوه‌کانه‌وه‌/ نه‌هێشت./

 

 

گوڵاڵه‌ سووره‌ی کانی مرادان

هانا بۆ عاشقان دێنن؛

تۆ مه‌نووه‌، ئه‌ستێره‌گه‌شبوونان بگه‌ڕێوه!‌

که‌ هاتییه‌وه‌ ده‌بینی

چۆن دونیا

ده‌ست له‌به‌ر پشتی شه‌و ده‌نێ.

 (2)

/ ته‌مه‌ن/ بایی/ ئه‌وه‌/ نه‌بوو/

/ په‌رژین/ به‌/ ده‌وری/ ئاوباران/ هه‌ڵچنین/

/ شووشه‌ی/ شه‌به‌نگی/ پاڵ/ چرا/

/ ئادگاری/ تێکشکاو/ ئه‌لهای/ مه‌رگ/ و/

/ هه‌تاو/ له‌/ یه‌ک/ کاتا../

/ له‌/ یه‌ک/ کاتا/ ئه‌لهای/ مه‌رگ/ و/ هه‌تاو/

بای واده ،‌

له‌پاڵ پارده‌ی بیره‌وه‌رییه‌کاندایه‌.

بوولێڵم له‌ کاژه‌کانی به‌نده‌ن داماڵی.

نه‌مهێشت گه‌ڵاکان

په‌یمان بشکێنن.

نه‌مهێشت لێڕه‌وار،

گلاراو.. پێکوڕه‌،

له‌ هاژه‌ی سه‌هه‌ندی

ئه‌م چه‌رخه‌ غه‌دداره‌ بخنکێ.

 

   (3)

/ فرمێسکی/ ماندوو/

/ له‌/ بۆسه‌یه‌کی/ ئه‌فسانه‌ییدا/

/ که‌نار/ به‌/ گوڵی/ هه‌ڵایساوه‌وه‌/

/ خه‌ملێنرا / بوو/

/ ئه‌ی / ئاهه‌نگی/ هه‌نسکاوی/

/ که‌/ له‌/ پێش/ قافڵه‌ی/ باده‌نۆشانه‌وه‌/

/ بارت/ لێ/ خستووه‌/

/ ده‌مه‌وێ/ باخچه‌/ خۆڵه‌مێشییه‌کانی/

/ ته‌نیاییت/ ببینم./

 

باده‌گێڕ

به‌ په‌یمانه‌ی پیرۆزی

برینه‌کانمی دره‌وشانده‌وه‌ .

بێ هاوتایه‌ ئه‌زه‌ل، په‌ری دێم!

خۆت به‌نیازی

په‌یژه‌یه‌کی شکاوه‌وه‌ مه‌سپێره‌ !

بێ هاوتایه‌ ئه‌زه‌ل.

 

 

(4)

/ پرسیار/ ته‌نگیان/ پێ/ هه‌ڵچنیوم../

/ سه‌رابه‌/ ڕێ../

/ چه‌ندی/ ڕۆیشتم/ نه‌گه‌یشتمه‌/ مرۆڤ/

/ چه‌ندی/ ڕۆیشتم/ نه‌گه‌یشتمه‌/ دڵم/

/ که‌/ له‌/ نێوان/ شکان و/ نه‌شکاندایه‌./

 

له‌ڕێوه‌ڕه‌سمی ئاهه‌نگی مه‌رگی گوڵه‌مێخه‌کدا

وێستگه‌ی پاسی

شاره‌کانم بیرکه‌وته‌وه‌..

له‌ شۆسته‌ی باغه‌ سیمکراوه‌کانی

ئه‌م به‌ر و ئه‌وبه‌ری ڕێگا

گۆڕه‌پانی نوێکردنه‌وه‌ی ناسنامه‌!

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

(5)

/ هه‌میشه‌/ ده‌یگوت/ نامه‌وێ/ ته‌نیا/ بم/

/ ئه‌و/ شانۆییه‌/ تا/ دێ/ ماندووترمان/ ده‌کا/

 

تۆ بیرت لێ کردووه‌ته‌وه‌

له‌ناو هه‌نارێکی قه‌ڵه‌شتوودا ،

چ ده‌گوزه‌رێ؟

بیرت لێ کردووه‌ته‌وه‌

له‌بن چیله‌مێوێکدا ،

چ ژانێکی ئاسنین پێده‌که‌نێ؟

 

(6)

/ خۆشه‌ویستیت/ به‌/ من/ نه‌ده‌شاردرایه‌وه‌/

/ له‌/ کۆڵ/ خۆمدا/ هاتبووم/

/ کورسییه‌کی / ته‌نیا/ له‌و/ لاوه‌/ که‌وتبوو/

/ شانی/ بۆ/ هه‌ڵده‌ته‌کاندم/

/ ئه‌فسووس/ ئێستاش/

/ له‌/ ئاماژه‌کانی/ نه‌گه‌یشتم/

له‌رینه‌وه‌ی قامچی

جێوڕێیى خۆمم پیشان ده‌داته‌وه .‌

چه‌قی کاتژمێر ئینجانه‌.

 

(7)

بارانمان/ بۆنى/ خاکى/ پێوه‌/ نه‌ماوه‌/

/ جه‌سته‌/ شێوێنراوه‌کان/ بردوویانه‌/

/جۆگه‌لی/ بنار/ خه‌می/ حه‌وزه‌کانی / خۆیانه‌/

/ هه‌موومان/ چاوه‌ڕێی/ گه‌ڕانه‌وه‌ی/ جه‌نازه‌ی/

/ خوێناوی/ڕووبار/ ده‌که‌ین/ هه‌موومان../

 

 

     له‌ که‌په‌نه‌کی شوانێکدا نوستبووم

خه‌ونم به‌ بارانه‌وه‌ بینی 

به‌دیار ئاگری باڵانوێنی کۆچه‌رییانه‌وه‌ ؛

زمانی شازادان فێربووم ..

ئه‌رخه‌وان، زێڕئاژن ..

ئه‌رخه‌وان، ده‌نگی با، وینگه‌ی به‌رد ..

ئه‌رخه‌وان، شه‌یدایی خه‌ڵوه‌ت،

ئه‌رخه‌وان، ئاڵا ...

 

(8)

/ ئاسمان/ له‌/ حه‌زو/ ئه‌ڤینمان/ هه‌ڵدێ../

/ سێبه‌ر/ شه‌فه‌قمان/ لێ/ ده‌تۆرێنێ/

/ نه‌/ ده‌رگا/ نه‌/ ئاراسته‌/ نه‌.../

 

بمانه‌وێ ده‌توانینله‌ دڵۆپێک باراندا ،

زستان ببینین.

بمانه‌وێ ده‌توانین

له زه‌رده‌خه‌نه‌ی که‌ویه به‌فرێکدا

هاوین ببینین.

بمانه‌وێ ده‌توانین

له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌یه‌کی شکاوی (مه‌چکۆ)دا ،

دونیا ببینین.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

((9

/ به‌/ خه‌ڵوه‌تی/ بێ/ نه‌واییدا/ ده‌ڕۆن/

/ که‌س/خۆی/ له‌/ هاوڕێکه‌ی/ ناکاته‌/ خاوه‌ن/

/ ئه‌م/ په‌نایه‌/ ئیتر/ ژیانی/ لێ/ نه‌ماوه‌/

 

که‌پکه‌ شاخێکی زیز

له‌ که‌نارێکی شێتدا

چاوی بڕیبووه‌ دارستان ..

تارمایی مردن نه‌بوو ،

خۆڵبارانی ته‌م بوو ..

له‌ هۆشیارییه‌کی مه‌ستدا،

له‌ قۆزاخه‌ی گوڵێکی نه‌پشکووتوودا ،

له‌ بنکه‌ی ئه‌به‌دییه‌ت..

که‌پکه‌ شاخێکی زیز

له‌که‌نارێکی شێتدا

چاوی بڕیبووه‌ دارستان.

 

 

(10)

/ هیوای/ ڕه‌ش/

/ ڕه‌ش/تا/ تاریکی/

/ تاریکاییه‌کی/ شێت /

/ شێت/ تا/ هیوا/

 

من له‌نێوان دوو شووره‌ی دڕکاویدا

له‌نێوان دوو شووره‌

له‌به‌ر پڕشنگی نیگاکانت ،

ئیمتیحانی وانه‌ی

مۆمی ده‌م بام دایه‌وه‌..

 

 

 

 

 

  (11)

/ ئه‌و/ گوڵه‌ی/ له‌/ ده‌ستت/ گرتووه‌/

/ بڵێسه‌یه‌که‌/

/ له‌/ حیله‌ی/ ئه‌سپ/ ئه‌چێ/

/ ده‌نگ/ ده‌داته‌وه‌/

/ ئایا/ بۆمان / هه‌یه‌/

/ خه‌م/

/ بۆ/ ڕه‌نگپه‌ڕیویی/ خۆمان/ بخۆین؟/

/ بۆمان/هه‌یه‌/

/ ئه‌ندازه‌یه‌ک/ بۆ/ گۆڕستانه‌کانمان/ دابنێین؟/

 

بیره‌وه‌رییه‌کان

پێشزانییان فێرکردم؛

هه‌موومان ده‌ڕۆین ..

قه‌سیده‌ خه‌ماوییه‌کانمان ده‌مێننه‌وه‌

کێشمانه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن.

 

((12

/ ژه‌نگ/ ژه‌نگ/

/ له‌/ هاتی/ دا/ ژه‌نگ/

/ له‌/ قاتی/ دا/ ژه‌نگ/

 

شووشه‌یه‌کی به‌تاڵ ،

له‌ پیاده‌ڕۆییه‌کی بنبه‌ستدا که‌وتبوو ..

ڕێگر نه‌بوو، جه‌رده‌ نه‌بوو ..

بوونه‌وه‌رێکی ئه‌فسانه‌یی نه‌بوو

شووشه‌یه‌کی به‌تاڵ بوو

شه‌ڕی مان و نه‌مانیان له‌سه‌رکرد !!

 

((13

/ چرپه‌م/بۆ/ نه‌خوێندرایه‌وه‌/

/ ئه‌م / جاره‌/

/ سروه‌/ له‌/ میحرابی/ پاییزدا/ هه‌ڵناکا/

/ خۆر/ له‌سه‌رمان/ پاڵتۆی/ هه‌ورانی/ پۆشیوه‌/

 

له‌ ترافیک لایتی ئه‌وسه‌ری شه‌قامدا

دره‌ختێکیان ڕاقه‌ناند

شاعیرێکیان سارد کرده‌وه‌..

 

له‌ ترافیک لایت

دره‌ختان به‌رده‌ده‌نه‌وه‌

شاعیران سارد ده‌که‌نه‌وه‌..