چیرۆک

ئاوێنە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

فڕۆکەوانەکە بە دیتنی فرمێسکەکان ئەوەندەی تر شێت بوو. سوێندی خوارد کە گەڕایەوە بۆ وڵات، بەڵێن بێ هەرچی ویسکیی باڕەکانی بەغدایە بیانکڕێ و بە یەک شەو بیانخواتەوە و ئەوسا بۆ رۆژی دوواتر مەستی مەست باسی هیچ و پوچیی شەڕ بکا، باسی ئەوەی کە لەو وڵاتەی ئەو وا بەڵێن بوو بوردوومانی بکا، کچێکی ئەوەندە جوانی لێدەژی لە رەگەزی خودی خۆشەویستی. ئەوەی کە لە سەرۆکەکان گەمژەتر و نامەردتر لە دونیادا دەست ناکەون، ئەوەی کە فڕۆکە تەنیا بۆ تەقلەلێدان باشە و بەس.

 

ئاوێنە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەو ساڵەی ئەو لەبەر ئاوێنەکە خەریکی داهێنانی پرچی خۆی بوو، فڕۆکەکانی سوپای وڵاتی دراوسێ بە تەمای بوردومانکردنی شار، گەیشتنە ئەو ئاسمانە ساماڵەی وا ئەو خەونی عیشقی تیادەبینی. ئاوێنەکە، کە لە دایەگەورەی دایەگەورەیەوە بۆی بەجێمابوو، ئاماژەی پێدا خۆی بشارێتەوە، بەڵام ئەو ئەوەندە خەریکی جوانیی خۆی بوو و، ئەوەندە لە ئیشقێکی خەیاڵیدا نوقم ببوو کە نەیدەتوانی سەرنجی هیچ ئاماژە و ئیشارەتێکی تر لە لایەن ئاوێنەکەوە بدا. لای ئەو، ئاوێنەکە تەنیا، رەمزی جوانی بوو و بەس.

فڕۆکەوانەکان لەو سەرەوە سەرەتا لە هەموو ئەو بنکە سەربازییانەیان رووانی وا بە دەورووبەری شارەوە لێرە و لەوێ بە سەر قوتە و تەپۆڵکە و پێدەشتەکانەوە دەبینران. ئەوسا یەکیان خۆی جیاکردەوە و بەسەر سەری هەموویانەوە کەوتە خولانەوە بۆ ئەوەی فرمانیان پێبدا کوێ و چۆن بوردومانیان بکەن، بەڵام رێک لەو کاتەدا لە پەنجەرەکەوە تیشکی ئەو ئاوێنەیە لە چاوەکانی دا وا دیمەن و روخساری جوانترین کچی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێیدا شەوقی دەدایەوە. کچەکە بەو پرچە جوان و خاوانەوە، بەو نیگا شینانەوە، ئەوندە ژیکەڵە و جوان دەینواند کە هەرچی بنکەی سەربازی و فڕۆکەی شەڕکەری هاوڕێی بوو، لەبیری چووەوە و تەنیا نوقمی دیمەنە دەگمەنەکەی بەردەمی خۆی هەڵگەڕا. فڕۆکەوانەکە کتوپڕ وەها هەستی رۆمانسیەت دایگرت کە بە فڕۆکەکەیەوە وەک کۆتر کەوتە تەقلە و پشتەک لێدان، وەک شێت پڕ بەو ئاسمانە هاواری دەکرد و سوپاسی خودای دەکرد کە توانیبووی وەها بوونەوەرێکی سەرتاپا چێکراو لە جوانیی رووت و ناب بخوڵقێنێ. فڕۆکەکانی تر کە چاوەڕوانی فرمانی هێرش بوون و هەراسانی ئەو چوارلوول و دوو لوولانەی بوون وا لە حەشارگەکانەوە تەقەیان لێدەکردن، بە بینینی ئەو دیمەنە دەگمەنەی فەرماندەکەیان واقیان وڕماو لە حەژمەتی رق و تووڕەیی خۆیان نەیاندەزانی چبکەن.

لەو خوارەوە، لەسەر زەوی، کچەکە کە ئاگای لە دونیای دەرەوە نەبوو، بە هەڵکەوت لە پەنجەرەکەوە سەیرێکی ئاسمانی بەرز و شین و ساماڵی کرد و، بزەیەکی پڕ لە بەختەوەریی و لێوالێو لە ژیان، لێوە ناسک و ئاڵەکانی تەنی. هەر لەو کاتەدا کتوپڕ چاوی بەو باڵندە سەیروسەمەرانە کەوت بە ئاسمانەوە دەسوڕانەوە. ئارام دەستی لە شانەکردنی قژەکانی هەڵگرت و بە کاوەخۆ چووە بەر پەنجەرەکە. بیری کردەوە نەکا ئەو باڵندانە بن وا ئەو ساڵانی ساڵ بوو چاوەڕووانیان بوو، ئەو باڵندانەی بەڵێن بوو پەیامێک لە شوێنێکی نادیارەوە بێنن، پەیامێک لە رەگەزی ئەو خەیاڵانەی لە دایەگەورەی دایەگەورەیەوە لە ئاوێنەکەدا بە نەوتراوەیی بەجێمابوون.

لە حەوشەکە وەک هەمیشە درەختە سێوەکان و گوڵەکان خەریکی خۆخەمڵاندن لە بەر شنەی بایەکی نادیاردابوون. رەنگی خۆڵەمێشیی دیوارەکان لە نێو هەوادا خۆیان پڕش و بڵاودەکردەوە و زەردەواڵەیەک لەو نەختە ئاوە خۆی نزیک دەکردەوە وا لە تەنیشت شلینگی ئاوەکەدا لە سەر زەوی مابووەوە. بەڵام،... بەڵام باڵندەکان دیارنەبوون! لە کوێ بوون؟ چاوێکی بە قەراخ و قوژبنی حەوشەکەدا گێڕا. حەوشەکە بێ ئەوان چەند خاڵی لە لوتف بوو. دەڵێی جوانی بە تەنیا مابووەوە، بە بێ جوڵەی بزوێنەرێک بۆ خۆ نیشاندان و خۆنواندن.

فڕۆکەوانەکە خەریکی مەلەق لێدانی خۆی بوو کاتێک هاوڕێکانی سەرئەنجام بڕیاریان دا ئاسمانی شارەکە بەجێ بێڵن و بگەڕێنەوە بۆ بنکەکانی خۆیان. کە گەیشتنەوە، بە تێکڕا راپۆرتێکی دوورودرێژیان لە سەر خیانەتی فەرماندەکەیان نووسی، ئەوەی کە یەک ئاوێنە توانیبووی بیری وڵات لە مێشکی دەربێنێ و نەتەوەی پێ لەبیر بکا و بەو شێوە سوک و رەزیلانەیە لە بەرچاوی دوژمندا بکەوێتە سەما و تەقلەلێدانێکی ئابڕوبەرانە. سەرۆک بە بیستنی ئەم هەواڵە، وەها توڕەهەڵگەڕا کە هەرچی بڕنۆی دونیا بوو کۆی کردنەوە و لە باڵکۆنی پەنجەرەکەیەوە پێیان کەوتە تەقەکردن. بەو هیوایەی سەرئەنجام یەکێک لەو فیشەکانە بە هەڵکەوتیش بێ بگاتە فڕۆکەوانە خاینەکە و لە ئاسمانی شارەکەی دوژمن بەریبداتەوە. وەها، ببێتە پەند بۆ هەموو ئەوانەی لە کاتی شەڕی نیشتمانیدا ئەو جورئەتە بە خۆیان دەدەن ئاشق ببن و سەرفرازیی خاک لەبیربکەن. بڕنۆکانی سەرۆک هی دەیان ساڵ لەوە پێش بوون و کەچی ئەو هێشتا پێی وابوو باشترین چەکی دونیان، وەها کە بۆ راویش هەر بەوانەوە دەچوو. ئەو بڕنۆیانەی بۆنی ئاسکیان گرتبوو!

کچەکە ئارام بەرەو ئاوێنەکە گەڕایەوە. ئەو هێندە دوورییە، وەڕزی کردبوو. چ دەبوو یەکجار بۆ هەمیشە توانیبای ئاوێنەکە لە دیوارەکە بکاتەوە و لە گەڵ خۆی بیگێڕێ، لەم ژوورەوە بۆ ئەو ژوور، لە ماڵەوە بۆ حەوشە، لەم درەختەوە بۆ ئەوی تر، لەم گوڵەوە بۆ ئەو گوڵی تر. بەڵام،... بەڵام ئاوێنەکە بۆ هەمیشە بە سیحرێکی سەیر بە دیوارەکەدا داکوترابوو،... وەها جیانەدەکرایەوە. هیچ دایەگەورەیەک نەیتوانیبوو جیای بکاتەوە. ئەوان تەنیا دەبا لە ژوورەکەدا خۆیان جوان بکەن و پرچیان دابێنن. ئەوان دەبا تەنیا لە ئاوێنەکەدا باسی نهێنییەکان و حەزە دەروونییەکانی خۆیان بکەن. کە گەیشتەوە بەر ئاوێنەکە، کتوپڕ لە جیاتی خۆی، وێنەی چوار ژنی دیکەی بینی. ژنەکان قژ و روخساری خۆیان دەڕنی و هاواری شتێکیان لێدەکرد. ئەم کە تەنیا جوڵە و سەمای لێوەکانی ئەوانی دەبینی، لە خەیاڵی ئەوەیدا دەیانەوێ باسی سەرگوزەشتەی خۆیانیان بۆ بکەن، کەوتەوە شانەکردنی زوڵفەکانی خۆی و لەبەرخۆیەوە بە خۆی گوت کە رۆژێک دەبێ دانیشێ و بە دڵ گوێ لە چیرۆکەکانیان بگرێ.

لە دەرەوە، فڕۆکەوانەکە، کە ئیستاکە بە تەقلەلێدان گەیشتبووە شاخەکانی دەرووبەری شار، دەستی کرد بە گیرفانیدا و ئەو چارەکە ویسکییەی دەرهێنا کە بە دزیی سەرۆکەوە لە گیرفانی شاردبوویەوە. لە هەموو ئەو چارەکە، توانیی تەنیا قومێک بخواتەوە و ئەوی تر رژایە ناو فڕۆکەکە، یاخود بە سەر جل و بەرگەکانیدا. بۆنی ویسکی تێکەڵ بە دوکەڵ و بەنزین بوو و دڵ و دەروونی تێکدا. هەستی بە حاڵەتی رشانەوە کرد. ئەوسا دەستی کرد بە گیرفانەکەی تریدا و سیگارێکی بەغدای دەرهێنا و بە موتۆڕی فڕۆکەکەی دایگیرساند.بە دەم تەقلەلێدانەوە، مژێکی وەهای لێدا کە ئاسمانی شار لە ساماڵەوە سەرتاسەر بوو بە هەور، هەورێکی وەها چڵکن و رەش کە هەتا ئیستاکەیش ئاسمانی شاری بەرنەداوە و هەر لێیەوە چڵکاوێکی سەیر بەسەر خاکدا دادەبارێ.

کچەکە دیسان بیری باڵندە سەیرەکان کەوتەوە. دیسان بەرەو پەنجەرەکە گەڕایەوە. بەڵام ئەمجارە لە جیاتی ئاسمانی ساماڵ بە سەر هەوایەکی لێڵ و گوشراودا کەوت. هەوایەک لە رەگەزی ئەو کاتانەی بەڵێنی پەیامەکان تێیاندا ژێر پێ دەخرێن. خەمێکی سەیر دڵە گچکە و ئاڵەکەی لە خۆگرت. بیری کردەوە نەکا دایەگەورەکان یەکجار بۆ هەمیشە تەسلیمی ناهومێدییەکانیان بووبێتن. دوو قەترە فرمێسکی ئاڵ بە گۆنا خەیاڵییەکانیدا رژانە خوارەوە.

فڕۆکەوانەکە بە دیتنی فرمێسکەکان ئەوەندەی تر شێت بوو. سوێندی خوارد کە گەڕایەوە بۆ وڵات، بەڵێن بێ هەرچی ویسکیی باڕەکانی بەغدایە بیانکڕێ و بە یەک شەو بیانخواتەوە و ئەوسا بۆ رۆژی دوواتر مەستی مەست باسی هیچ و پوچیی شەڕ بکا، باسی ئەوەی کە لەو وڵاتەی ئەو وا بەڵێن بوو بوردوومانی بکا، کچێکی ئەوەندە جوانی لێدەژی لە رەگەزی خودی خۆشەویستی. ئەوەی کە لە سەرۆکەکان گەمژەتر و نامەردتر لە دونیادا دەست ناکەون، ئەوەی کە فڕۆکە تەنیا بۆ تەقلەلێدان باشە و بەس.

دایەگەورەکان کە نەیانتوانیبوو کچەکە لە قسەکانی خۆیان تێبگەیەنن، نائومێدانە بەرەو دیوی ناوەوەی ئاوێنەکە کشانەوە و دیسان جارێکی تر بۆ هەمیشە ون بوونەوە. کچەکە بە بزربوونیان، خۆشییەک لە دڵیدا گەڕا و بە خۆی گوت ئیدی هەر کەسەو سەردەمێک. ئەوسا سەردەمی وەک شانە و قژێک هاتە بەرچاو کە هەر جارەی بە دەست و سەری کەسێکەوەیە. لێرەدا وەها دڵی تەنگ هەڵگەڕا کە شانەکەی بە توندی بە ئاوێنەکەدا کێشا. ئاوێنەکە بۆ یەکەم جار لە دووای ساڵانی ساڵ، درزێکی تێکەوت و لە درزەکەوە بۆنێکی سەیر و نەرمە دووکەڵێکی عەجایەب هاتە دەرەوە و ژوورەکەی تەنی.

فڕۆکەوانەکە بە دەم تەقلەلێدانەوە کتوپڕ چاوی بە سیمایەکی دووشەق کراو کەوت کە بۆنی رابردووی دەدا. ئەوسا ئەو دووکەڵەی بینی بەرەبەرە سیماکەی لە خۆ دەگرت. چ روویدابوو؟ چلۆن دەکرا کتوپڕ هەموو شتێ ئەوەندە خێرا گۆڕانی بەسەردابێ؟ کەوتەوە بیری کە جارێ سەرۆک لە کۆبوونەوەیەکدا پێی گوتبوو جوانیی ژن وەک جوانیی گوڵە، دوو رۆژە و بەس، بەڵام جوانیی وڵات هەمیشەییە. ئیتر هەم مەستی لە کەلەسەری پەڕی و هەم تامی جگەرەکە سییەکانی جێ هێشت. ئارام فڕۆکەکەی خستەوە سەر باری ئاسایی خۆی. دەستێکی بە قژ و سەری خۆیدا هێنا. یەخەی کراس و یۆنیفۆرمەکەی رێک و پێک کردەوە. ئەوجا وەها رق و توڕەییەک لە خۆی دایگرت کە لەوانە بوو خۆی بە بێ پەڕەشوت بخاتەو خوارەوە. باشە ئیستا چلۆن وەڵامی سەرۆک و نیشتمان بداتەوە؟ چاوی بە دەوروبەری خۆیدا گێڕا. کەسی لێنەمابوو. کتوپڕ زانی چ قەوماوە. نوکی فڕۆکەکەی وەرگەڕان و بەرەو شار گەرایەوە. بەرەو ئەو ماڵەی وا ئەوی چەواشە کردبوو. بێگومان ئەمە فێڵێکی تری دوژمن بوو بۆ بەلاڕێدابردنی ئەوان. ئەو دەبێ یەکجار بۆ هەمیشە ئەو تەکنۆلۆژیا نوێ و پڕ لە مەترسییەی دوژمن لەناو ببات،... ئا، لە ناوی ببات پێش ئەوەی فریای پیلانی تر بکەوێت.

کچەکە لە ترسی ئاوێنەکە هەڵاتە دەرەوە. بۆنەکە، بۆنی هەرە کۆنی دەدا و دووکەڵەکە لە رەگەزی قوڵترین هەناسەکانی دەروونی مرۆڤی مێینە بوون. ئاە حەوشە! ئەو دەبێ بگاتە ئەوێ،... دەرەوە! لای درەخت و گوڵ و زەردەواڵە و باڵندە بزرەکان. ئیستا دەزانێ چ حیکمەتێک لە ونبوونی باڵندەکاندا هەیە. ئیستا دەزانێ بۆچی زەردەواڵەکە دەیەوێ لە ئاوەکە نزیک بکەوێتەوە. کتوپڕ رازی دونیا بە تەواوی لە بەر چاویدا ئاشکرا بوو. کەواتە هەموو شتێک بریتی بوو لە قومێک و بەس، لە فڕینێک و بەس. ئەو دەبێ بگاتە باڵندە ئاسنینەکە. حیکمەتێک لە هاتنی دا هەبوو.

کە گەیشتە حەوشەکە، فڕۆکەکەیش هاتبووەوە هەمان شوێنی یەکەم، رێک ئەو شوێنەی وا بۆ یەکەم جار کچەکەی بینیبوو. لەوێوە سیرەی لە خانووەکە گرت. ئۆخژنێک بە دڵیدا گەڕا. مرۆڤ گەر بیەوێ چەند ئاسان دەتوانێ پەڵەکانی ژیانی بسڕێتەوە. تەنیا پەشیمانی بەسە. کە لە نیشانەگرتنەکەی دڵنیا بوو، قامکی بە دوگمەکەدا نا، بەڵام،... بەڵام هیچ شتێک رووی نەدا. چ روویدابوو؟ بیری کردەوە. ئەها!... لە کاتی تەقلەلێدانەکاندا هەرچی بۆمب بوو لێی کەوتبوونە خوارەوە. دونیا لەبەرچاوەکانیدا رەش هەڵگەڕا. لەمە خراپتر نەدەبوو. شەرمێکی وەها لە خۆی دایگرت کە چاوەکانی بۆ ماوەیەکی چاک قونجاند. ئەوسا گەیشتە بڕیارێکی دەگمەن و سەیر. بیری فڕۆکەوانەکانی شەڕی دووهەمی جیهان کەوتەوە، فڕۆکەوانە ژاپۆنییەکان. ئەوانەی وا خۆیان بە فڕۆکەکانیانەوە بە کەشتیی ئامریکاییەکاندا دەکوتا.

کاتێک ئەو بەرەوخوار بووەوە و پێش مەرگ بۆ هەمیشە بزەیەکی پڕ لە سەرکەوتن لێوە وشک و ماندووەکانی تەنی، لە وڵاتی سەرۆک ساڵانی ساڵ دوواتر، کەسێک بە ریشێکی درێژ و پان، وەها کە هەموو روخساری داپۆشیبوو، بە جل و بەرگێکی رەش، باسی لە شێوازی شەڕی ئەو فڕۆکەوانەی دەکرد لە دژی کچێکی هەوسبازی سەربازخەڵەتێنەر کە خۆکوژیانە پیلانێکی سەیری دوژمنی پوچەڵ کردبووەوە. ئەو بە هاوڕێکانی دەگوت خۆتەقینەوە تەنیا چەکی کاریگەر و تەنیا رێگای سەرکەوتنە. ئا،... لەم دەورەو زەمانەدا!