شێعر و پەخشان

بەفر

رەسول سەفەریانی

بەفر ئەبارێ و جادە ونە 

منیش رێگام زۆر لەبەرە

لەوێ لەوسەر جادەکەوە

چاوەڕوانێک چاوەکانی چەقیووەتە چەقی جادە

خەم ئەبارێ

بەفر

رەسول سەفەریانی

 

بەفر ئەبارێ

ماشینەکەم کە بەفری دی

ھەراسان و سەر لێشێواو

وەک ئەسپێکی سرک و سەرکەش

تاوێ بەم لا و تاوێ بەولا

فەرمان لەدەستم رائەدا

بەفر جادە دەکاتە مار

لە ژێر تایەی ماشێنەکم خۆی بادەدا و

دڵی منیش، مەلێکی ترساوی داو

  فرتەی باڵی تا داڵانی ھەر دوو گوێم دێ

ئێوارەیە و

گوڵە بەفر خۆش ئەبارێ

رەنگەکان گشت دائەشارێ و

 رەنگی شەویش کاڵ ئەکاتۆ و

رێگا بۆ چاو ئەکاتۆ

چاوم وەکو تیشکی چراقوەی دەس رێبواری رێگومکردو

 بەسەر بەفری لوس و خزا

دوور و نزیک

 دێت ودەچێ و جادە ونە

جادەی ونبوو

وەک  مردووێک لە کفنێکی سپییەوە پێچراوەتۆ

 

بەفر ئەبارێ و جادە ونە 

منیش رێگام زۆر لەبەرە

لەوێ لەوسەر جادەکەوە

چاوەڕوانێک چاوەکانی چەقیووەتە چەقی جادە

خەم ئەبارێ

خەم ئەبارێ و

ھەموو شتێک ونە لە ژێر چەتری خەما

دڵی دەڵێ

کێ بزانێ داخۆ بەفر بۆ کوێی دەبا

کێ بزانێت ماشینەکەی لەکام داوەەبەفری رێگای ونبوو ھەڵدەچەقێ

کێ بزانێ جەستەی گەرمم

تەرمی ساردی سەھۆڵگەستەی نەنوسێنێ بەخۆیەوە

کێ بزانێ

کێ ئەزانێ

کێ، کێ ،کێ

 

لە پەنجەرەی روو لە کێڵگە و مەزراکەوە

راوەستاوە پیرەپیاوێک

پێدەکەنێ و قسە لەگەڵ بەفر دەکات

کانیاوێکی بچکۆلانەی بن بناریش

لەبەر خۆوە گۆرانی بۆ بەفر ئەڵێ

"بەخێر بی بەفر گوڵەکەی ژیان

ئەونەم نەمابوو چۆڕم لێببرێت

بچمە نێو زەینی عەرزی وشکەوە و

شوێن و جێپێشم بە خۆل پرکرێ"

 

لێرەش لەم شارە

بەفر ئەبارێت و

ھەناسەی ساردی لە دەلاقە شکاوەکە دەئاڵێت و

زەینی کەلاوە بێ چراکە پڕ دەکات و

دایکێکیش لێفە ئاسا

دەئاڵێتە

جەستەی کۆرپەکەی و

لە چاوی سەرمای دەشارێتەوە

لەو سەری کۆڵانەوە  

پەنجەرەی بینا بەرزە سپییەکە کراوەیە و

قیژە و ھەرای بونەوەرانی ئەو ماڵە

خەوی سەرمابردووی کەلاوەکە دەوەرێنێ

بەفر ئەبارێ لەم کۆڵانە

خەم دەبارێ لەم کۆڵانە