شرۆڤە

چەمکە شیعرییەکان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین

ناڵە حەسەن

شیعریش وەک بەرهەمی بیری مرۆڤ، وەک جووڵە و پێکهاتەیەکی ئیستاتیکی، لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی جوانی دەبێتە سەرچاوەی ئارامبوونەوە و چێژبەخشین، بۆیە غەریزەی (ئیرۆس) هەمیشە لەنێو شیعر ئامادەیی هەیە.

 

چەمکە شیعرییەکان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین

ناڵە حەسەن

بەشی سێیەم :-

  • شیعر و (نەرجسییەت)
  • شیعر و (ناخودئاگایی)
  • شیعر و (ئیرۆسییەت) یان شیعر و (ژایاندۆستی)

 

  • شیعر و (نەرجسییەت)

هەوڵدەدەین لەم وتارەمان بە کورتی پەیوەندی شیعر بە (نەرجسییەت) یان بیرکردنەوەی شاعیر بەم چەمکەوە ڕوونبکەینەوە ، نەرجسییەت مێژوویەکی کۆنی هەیە و لە ئەفسانەی یۆنانییەوە وەرگیراوە، ماناکەی (خۆشەویستی بۆ خود) یان (بەرز لەخۆ ڕوانین) دێت، هەروەک لە کتێبی (نەرجسیەت)یش دا هاتووە ، بیرمەندی دەروونناس ( تیۆدۆر ئای ڕۆبین) دەڵێت، (کەسی نەرجسی لە دنیای تایبەتی خۆیدا دەژی و پێیوایە هەموو دنیا هی ئەوە ..!)، پێویستە لەوەش ئاگادار بین کە نەرجسییەت پێنج جۆری هەیە، تەنها دوو جۆری بە شێوەیەکی سروشتی لە کەسانی ئاسایی و لەکەسە داهێنەرەکان دا هەن، ئەوانیش جۆرەکانی (ئەدگاری نەرجسییەتی نێرایەتی ، ئەدگاری نەرجسییەتی)، بۆ ئەم وتارەمان ئەم دوو جۆرە جێگای مەبەستی ئێمەن ، بەڵام سێ جۆرەکانیتری نەرجسییەت (کەسایەتی سنووردار، کەسایەتی دەروون نەخۆش، کەسایەتی گومانکردوو) ئەم سێ جۆرە زێتر ڕۆچوون و سەرسامبوونێکە بەخۆد تا ئاستی سنووربەزاندن و توشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان ، ئێمە لێرەدا پیویستمان بەوە نییە زۆر هەڵوێستە لەسەر ئەم بەشەیان بکەین ، تەنها خاڵێک بە پێویستی دەزانم ئەویش ئەوەیە، کەسە دیکتاتۆرەکان ئەوکەسانەن کە کەسی دەروون نەخۆشن نەرجسییەتەکەیان لە ئاستێکی سنووبەزاندندایە ، بۆیە دەبینین ئەوکەسانە زۆرترین تاوان ئەنجام دەدەن بەبێئەوەی پەشیمان ببنەوە و یان خۆیان بە تاوانبار بزانن ...! لەبەرئەوەی ئەو کەسانە تەنها بە ئاراستەی مێشک یان بیرکردنەوەکانییان ئیشدەکەن و بڕیار دەدەن ، لووتبەرزی و سەرسامبوونییان بە خود هەست و سۆزییان دەکوژێت، بۆیە تەنها بە مێشک بڕیار دەدەن نەک بەدڵ و هەست و سۆز ..! بەڵام شیعر لەگەڵ ئەمجۆرەی نەرجسییەت ناتەبا و دژ دێتەوە ، چونکە لە پڕۆسەی نووسینی شیعر فیکر و هەست پێکەوە ئیشدەکەن و هاوتەریب دەڕۆن . هاوکات خاڵێکیتر بە پێویستی دەزانم لەبەرامبەر ئەوبەشەی نەرجسییەت ئەویش ئەوەیە کە / (هیستریا) و (نەرجسییەتی دەروون نەخۆش) هەردووکیان باری نائاسایی و نەخۆشی دەروونین ، بەڵام خاڵێکی زۆر گرینگ هەیە کە سنووری ئەم دووانە لە یەکتری جیا دەکاتەوە ئەویش / کەسە هیستریکەکان کاتێک تاوانێک دەکەن بەدواید هەست بە گوناه و تاوان دەکەن و پەشیمان دەبنەوە بەڵام ، کەسە نەرجسییە دەروون نەخۆشەکان نە هەست بە تاوان دەکەن نە پەشیمانیش دەبنەوە ...! جا لێرەوە دەگەڕێینەوە لای پەیوەندی نێوان شیعر و نەرجسییەت ، چەند پرسیارێک دەکەین / ئایا پێویستە شاعیر نەرجسییەتی هەبێت ؟ یان خۆشەویستییەکەی بۆ خود هێندە بێت ، بەرز لەخۆی بڕوانێت ؟ یان منی خۆی وەک منێکی باڵا وێنە بکات ..؟ من بۆ هەموو ئەمانە لە وەڵامدا دەڵێم ( بەڵێ ..!). ئەویش بە چەند هۆکارێک ، لە خوارەوە هەوڵدەدەین هۆکارەکان باسبکەین . بەڵی / شاعیر لەنێو ڕووبەری شیعرو داهێنان پێویست دەکات خۆشەویستی بۆخود هەبێت و بەرز لەخۆی بڕوانیت چونکە ، شیعر و داهێنان بەهایەکی گەورەیان هەیە ، شاعیر پێویست دەکات لەنێو شیعرەکانی ( منی خۆی ) وەک منێکی باڵا ببینێ ، کەسێکی خودان هێز و سوپەرمانی، وەک ئەو کەسە باڵا و بەهێزەی (نێتچە) بانگەشەی بۆ دەکات ، وەک مرۆڤێکی داهێنەر خۆی لەو ئاستە بەرزە ببینێت کە ، نەچەمێتەوە بۆ هیچ دەسەڵات و میر و حاکمێک ، یان بە مانایەکیتر نەبێتە ( کەوچکی نێو پیاڵەی هیچ دەسەڵاتێک ..!) ، (تەنها و تەنها ) خۆی بێت و جووڵەکانی لەژێر کاریگەری ئارەزووەکانی خۆی ئاراستە وەربگرن . واتە کەسێکی (کۆیلە و نامۆ) نەبێت . ئێمە لە بەشەکانی پێشتری ئەم نووسینەمان گتومانە / کەسە ( نامۆکان ) ناتوانن داهێنان بکەن یان داهێنانەکانییان دەکەونە ژێر پرسیارەوە ..! بەڵێ کەسی شاعیر دەبێ هێندە خۆشەویستی بۆخۆی هەبێت و بەرز لەخۆی بڕوانێ کە، لەوە تێبگات مرۆڤ هۆشمەندترین بوونەوەرە و ئاستی تێڕوانینی بۆ ( ژیان و مرۆڤ و داهێنان) بەرز بێت، دەبێ لەوە تێبگات مرۆڤ لە ڕێگەی داهێنانەکانی مانایەک بە بوونی خۆی دەبەخشێ و بەهای مرۆڤیش لە سەرووی هەموو بەهاکانەوەیە بەڵام، دەبێت وریا بێت لەوەی نەرجسییەتەکەی نەگاتە ئاستی سنووربەزاندن و نێو رووبەری نەخۆشییە دەروونییەکان ، هاوکات لەوەش دڵنیا بێت نەرجسییەت و بەرز لەخۆڕوانین تێکەڵاوی ( لەخۆباییبوون ) نەکات ، چونکە ئەو شاعیرانەی لەخۆیانبایی دەبن بەتایبەت ( هەندێک) لە شاعیرە خاوەن ئەزمونەکان ، خۆیان لەسەرووی خەڵکانی تروە دەبینن و پێیانوایە ئەوان باشترینن ، بەڵام ئەوان ئەوەیان بیرچۆتەوە کە شی ئیش لەسەر جوانی دەکات و جوانیش بوونێک یان چەمکێکی (ڕیژەیی) هەیە یان زۆرجار، ئەمجۆرە شاعیرانە بەرگەی هیچ جۆرە تێبینی و ڕەخنەیەک ناگرن ، واتە مەبەستمە بڵێم لەنێو ڕووبەری (شیعر و داهێنان) باشترین بوونی نییە، دەکرێ کەسە داهێنەرە گەورەکان ( یەکێک بن) لە هەرە داهێنەرەکان ، یان هەرە باشەکان ، خاڵێکیتر کەسە لەخۆباییەکان هەمیشە پێیانوایە ئەوان گەیشتوونەتە لوتکە بەڵام، بیئاگا لەوەی هەموو گەیشتنە لوتکەیەکیش هاتنەخوارەوەی بەدوادایە...! ئەمەش جۆرە بەدحاڵیبوونێکە بۆ ڕووبەری شیعر و داهێنان، ئێمە لە کتێبی (گەیشتن بە ڕووبەری شیعر) بە ڕۆشنی باسمان لە ڕووبەری شیعر و داهێنان کردووە ، بەومانایەی نا ، کە مەبەستمان بێت بازنەیەک بەدەوری ڕووبەری شیعر بکێشین ، بۆیە هەر لەم کتێبە بە ڕۆشنی گتومانە / شیعر جووڵەیەکی بەردەوامی ئیستاتیکییە ..! مادام جووڵەیەکی بەردەوامە دەبێ لە نێو ڕووبەرێکی کراوەدا بێت ، واتە رووبەری شیعر و داهێنان ڕووبەرێکی بەرینی کراوەن ، بەمانایەک گەر بە دەریایەک وێنای بکەین دەڵێین / دەریایەکی بێبن و ئەوبەریشی کراوەو و نادیارە ، هیچ کام لە داهێنەرێکان تا ئێستا نەگەیشتوونەنەتە بنی بنەوەی قووڵاییەکان و یان ئەوبەری ڕووبەری دەریاکە ، لەبەرئەوەی هەموو مرۆڤەکان دەگەنە خاڵێک کە لەوێدا داهێنانەکانییان دەوەستێ ، ئەویش خاڵی مردنە ، چونکە مردن کۆتایی بە پڕۆژەکانی بوون دەهێنێت ، بۆیە تا ئێستا هیچکام لە داهێنەرەکان نەگەیشتوونەتە تەواوی ئاستی کەمال ، بە شەیکسپیر و دەستۆفسکی ) شەوە ، بۆیە لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێناندا / نە باشترین بوونی هەیە نە گەیشتن بە لوتکە ، لەبەر ئەم هۆیانەی باسمان کردن ، زۆر گرینگە بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پەیوەندی نێوان چەمکەکانی ( شیعر و نەرجسییەت )دا بکەین و خۆشەویستی و تێڕوانینمان بۆ خود لە ئاستێکی بەرزدا بێت.

 

  • شیعر و (ناخودئاگایی)

(سیگمۆند فرۆید ) لە تیۆری دەروونشیکاری خۆی بۆ کەسایەتی ، بەم شێوەیە باس لە ناخودئاگایی دەکات و پێیوایە کە ، ڕووبەرێکی تاریکە شوێنی هەستەکان و حەز و ئارەزووەکان و بیرکردنەوە و خەون و ئومێدەکان و یان یادەوەرییەکانی دەرەوەی ئاگایی مرۆڤە ، هەروەها فرۆید وایدەبینێ کە ئەم ڕووبەرە واتە ( ناخودئاگایی ) ، بە بەردەوامی کاریگەری هەیە بەسەر ڕەفتار و جووڵە و کار و کردەوە و بیرکردنەوەکانی مرۆڤ ، هاوکات باس لەوەش دەکات کە / ( خەون ) ئەویش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ناخودئاگاییەوە هەیە ، بۆیە ( فرۆید ) گرینگی بە خەونەکان داوە و ئیشی لەسەرکردوون و شیکردنەوەی بۆ کردوون ، چونکە باوەڕیوابوو / ئەو حەز و ئارەزوو و مەیلانەی لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ دەستەبەرنابن لە ڕووبەری ناخودئاگایی دەمێننەوە و لە کاتی نائاگایی لە خەونەکاندا دەردەکەون ، دەبینین کە ناخودئاگایی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کەسایەتی و بە خەونەکانی مرۆڤەوە هەیە ، پێویستە ئەوەش بزانین دەربارەی کەسێتی هەروەک لە کتێبی ( لەگەڵ سایکۆلۆژیادا هاتووە ) ، (کە کەسێتی ، لە حەقیقەتدا مرۆڤ خۆی نییە ، بەڵکو ئەو ڕوخسارەیە کە لەبەردەم خەڵکدا خۆی پێیەوە نمایش دەکات و ڕەفتار دەنوێنێت ..) ، ( کەواتە کەسێتی دەمامکێکە دەیپۆشین ، ئەو ڕوخسارەیە ڕەفتارەکانمانی پێدەنوێنین و مامەڵەی پێدەکەین ..! ) ، بەمانایەکیتر / کەسێتی ئەوخودە کۆمەڵایەتییەیە یان ڕۆڵی تاکە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ، کەواتە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە / کەسایەتی حەقیقەتی بوون نییە ، چونکە بوونی مرۆڤ لەسەرەتاوە بێناوەڕۆک و بێمانەیە ، بەڵکو مرۆڤ لە ڕیگەی هەوڵ و داهێنانەکانی مانایەک بە بوونی خۆی دەبەخشێ ، دەتوانین بڵێین کەسایەتی / ئەو دەمامکەیە کە مرۆڤ بوونی خۆی پێ نمایشدەکات . لێرەدا دەبینین کە کەسایەتی مرۆڤ و خەون و بیرکردنەوەکانی ، هەمووی لەژێر کاریگەری باری دەروونی بەتایبەت ناخودئاگایی دان ، بۆیە بە پێویستی دەزانین کە پەیوەندی ئەم ڕووبەرەی ناخودئاگایی لەگەڵ شیعر باسبکەین و لایەنە گرینگەکانی بە دەربخەین . شاعیر لە پڕۆسەی نووسینی شیعر / لە ڕیگەی بیرکردنەوەکانی لە دەوروبەرو لە دنیای واقیع دادەبڕێ ، بۆ نێو ڕووبەری خەیاڵ دوور دوور دەڕوات، لەنێو ئەو ڕووبەرە نادیار و تاریکەی خەیاڵدا ، بوخچەی ئارەزووەکانی دەکاتەوە / خەونەکانی ، مەیل و حەرەزووەکانی ، یادەوارەرییەکانی ، منداڵی و ڕۆژانی تێپەڕیو ، کە ئەمانە لەنێو رووبەری ناخودئاگایی خۆیدا هەڵیگرتوون ، لەنێو ئەو ڕووبەرە تاریکەی خەیاڵدا ڕووبەری ناخودئاگایی گرێی بوخچەکانی خۆی دەکاتەوە ، لەو چرکە ساتە ئەم ڕووبەرە تەواوی مێشکی شاعیر کۆنترۆڵ دەکات و هاوکات بیرکردنەوە و خەیاڵەکانیشی ، بۆیە ئەم رووبەرە ناخودئاگاییە تەعبیر لە بوون و شوناسی شاعیرەکە دەکەن . بۆیە دەتوانین بڵێین / شیعر لەو ساتەدا نووسینەوەی ئاوێزانبوونی ناخودئاگاییە لەنێو رووبەری خەیاڵ و گەڕانەکانی شاعیردا ، هاوکات ئیشکردن لەسەر قوڵاییەکانی خەیاڵ و قووڵاییەکانی ناوەوەی خودیش گرینگییەکی ناوازەی هەیە بۆ شیعر . هەروەک لە نووسینەکانیترمان باسمان لەوەکردووە کە / لە دوای ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم واتە ، لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی مۆدێرنە ، وەک قوتابخانەکانی ( هونەر بۆ هونەر ) و ( سومبولیزم ) و ( دادایی ) و ( سوریالیزم ) و ئەوانیتریش .. کە تەنها جیاوازییان لە ڕووی فۆرم و زمانەوە نەبوو لەگەڵ قوتابخانە ئەدەبییەکانی پێشخۆیان بە تایبەت ، ( ڕۆمانسیزم) و ( ڕیالیزم ) بەڵکو ، جیاوازییەکیتری جەوهەری هەبوو ئەویش ، لە قوتابخانە ئەدەبییەکانی مۆدێرنە زێتر گرنگیدرا بە خود واتە لەنێو شیعر و ئەدەبەکانییان زێتر ئیشییان لەسەر خود و ناوەوەی خۆیان دەکرد ، گرینگی زۆریان بە خەون و هێماکان دەدا ، ئەم ئیشکردنە لەسەر (خود ) و خەون و ناوەوەی خود لەلای سوریالیستەکان بە لوتکە گەیشت ، چونکە سوریالیستەکان بە فۆرمی ( ئۆتۆماتیزم ) ئیشییان دەکرد واتە ،( تەقاندنەوەی ناوەوەی خود یان باری ناخودئاگایی ) ، بۆیە لە نێو شیعر و تابلۆ و نیگارەکانییان بە چڕی ئیشییان لەسەر خەون دەکرد ، تا ئەو ئەندازەیەی ( سلفادۆر دالی ) وتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێت ،(ژیانی ڕاستەقینە یان حەقیقەتی ژیان لەنێو خەونەکان دایە ..! ) ، واتە ئەو واقیعەی تیایا دەژین ئەوە حەقییەتی ژیانی مرۆڤەکان و شایستە بە مرۆڤەکان نییە ...! بۆیە دەبینین تابلۆکانی (سلفادۆر دالی ) بە شێوەی سەیر و سەمەرە کێشراون چونکە وێنەی خەونەکانی خۆی ڕەسمکردوون . یان شاعیرەکان لەکاتی نووسینی شیعرەکانییان ، کاتێک دەکەوتنە نێو قووڵایی خەیاڵەکانییان ، لە چرکەساتی تەواوبوونی دەقەکانییان قەڵەمەکانییان دادەنا و چیتر دەستکارییان نەدەکردن ، چونکە باوەڕییان وابوو کە شیعر نووسینەوەی چرکەساتەکانی نێو رووبەری خەون و خەیاڵ و باری ناخودئاگاییەکانە ، تێکهەڵکێشییان نەدەکرد بە باری واقیع و ئاگایی خود ، هاوکات لەگەڵ ئەم بارە دەروونیانە و گرینگیدان بە زمان و ئیشکردن لە سەر دوالیزمەکان و چەمکە دژەکان و هیما و میتافۆرەکان و گومان و پرسیار و پێکهاتەکانیتری زمان ، هەموو ئەمانە قووڵایی و بڕستێکی بێوێنە بە دەقە شیعرییەکان دەبەخشن ، لێرەدا دەبینین باری دەروونی ناخودئاگایی چ کاریگەرییەک و ڕۆڵێک دەگێڕێ لە پرۆسەی نووسینی شیعر ، بۆیە هەموو ئەو دەقانەی لەنێو ڕووبەری خەیاڵ زێتر ڕۆدەچن ، دەبینین قووڵایی زیاتر بە ناوەڕۆک و بە پێکهاتەی دەقەکە دەبەخشن ، چونکە گەیشتن بە رووبەرە تاریکەکانی خەیاڵ گەیشتنە بە ڕووبەرە تاریکەکانی ناوەوەی خود و ڕووبەرە تاریکەکانی ناخودئاگایی . بۆیە زمانی شیعر زمانی چرکەساتەکانی وڕینەکردنە ، چونکە مرۆڤەکان لەکاتی وڕێنەکردندا بە قووڵی لەژێر باری دەروونی ناخودئاگاییدا دەبن ، دەتوانین بڵێین زۆرجاران / شیعر هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعی ڕۆژ نییە ، لەڕێگەی ئیشکردن لەسەر ناوەوەی خود و باری ناخودئاگایی و هەڵدانەوەی مەیل و ئارەزوو و خەونەکان و یادەوەرییەکان و ئومێدە کەڵەکەبووەکانەوە لەوێدا ، بەواقیع پەیوەست دەبێتەوە ، چونکە لە بنەڕەتدا / مەیل و ئارەزوو و خەون و یادەوەرییە لەسەریەک دانراوەکانی نێو ڕووبەری ناخودئاگایی کەسەکان ، بەرهەمی واقیعێکی ناتەبا و نەشیا و ناشایستەن بە مرۆڤ و بەها جوانەکانی مرۆڤبوون . لەبەرئەوەی لە کولتوور و کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو ، مرۆڤەکان خەون و ئارەزوو و مەیلەکانییان ، یان کێشە و ئومێدەکانییان لەیەکەوە نزیکن ، بۆیە زۆرجاران لەنێو دەقێکی شیعری یان دەقێکی ئەدەبی دەبینین بە سەدان یان هەزاران خوێنەر خۆی لەنیو دەقەکەدا دەبینێتەوە ، هۆکارەکەی زێتر ئەوەیە کە / شیعر یان دەقە ئەدەبییەکان ، بە تۆخی ئیش لەسەر ناوەوەی خود و باری ( ناخودئاگایی ) دەکەن .                                                   

 

  • شیعر و (ئیرۆسییەت) یان شیعر و (ژیاندۆستی)

(ئیرۆس و ساناتۆس ) دووچەمکی ناتەباو دژبەیەکن ، ( فرۆید ) وا خوێندنەوەی بۆ کردوون کە ، ( ئیرۆس ) غەریزەیەکە مامەڵە دەکات لەگەڵ بنەما بنچینەییەکان و هاوکات ، پەیوەندی هەیە بە چێژ و هەستە ئیرۆتیکیەکان ، وەک هێزێکی بەرگریکارە لە مرۆڤ  بۆ مانەوە و گەشەکردن ، دواجار بە غەریزەی ( ژیاندۆستی ) ناوی دەبات ، لە بەرامبەردا غەریزەی ( ساناتۆس ) هەیە ، کە وەک هێزێکی دژ و مەیلی کاوڵکاری و شەڕانگیزی هەیە ، ئەویشی بە غەریزەی ( ساناتۆس ) ناوبردووە ، واتە ( مەرگدۆستی ) ،  ئێمە لێرەدا باس لە پەیوەندییەکانی ( شیعر و ئیرۆسییەت ) یان ( شیعر و ژیاندۆستی ) دەکەین . بەو پێیەی شیعر ئیش لەسەر جوانی دەکات و ئامانجی بەرهەمهێنانی جوانییە ، بۆیە تەریبە لەگەڵ ژیان و هاوکات لەگەڵ مرۆڤ و بەهامرۆییەکان . مەبەستمە بڵێم کاتێک شیعر و داهێنان چرۆی جوانییەکانیان دەردەکەوێت ، ئەوکاتەی کە لەنێو ناواخنی خۆیان یان بەو ئاراستەیە کاربکەن کە / بەهای مرۆڤ لەسەرووی هەموو بەهاکانەوە ببینن ، ژیانیش بەبێ بەرزڕاگرتنی بەهاکانی مرۆڤ هەموو جوانییەکانی خۆی لە دەست دەدات ، بێگومان دەرخستن و بەرهەمهێنانی ئەو جوانییەش لە شیعردا ، لە ڕێگەی هونەرکاریکردن لە زمانەوە دەبێت ،  ئەگەر بە خێرایی چاوێک بە ڕابردوو و مێژوودا بخشێنین ، یەکێک لە هەڵە گەورەکانی مرۆڤ ئەوە بووە کە / تا ئێستا نەیتوانیوە چێژ یان سوود لە جوانییەکانی ژیان ببینێت ، یان بەو ڕێگایەدا بڕوات کە ژیان بگەیەنێت بە کەناری ئارامی ، هەمیشە ژیانی بە ئاقار و ڕێگا ناشرینییەکاندا بردووە ، هەمیشە ململانێکان و پەیوەندییەکان ناتەندروستبوون ، ئاکامی نەخوازراوییان لێکەوتۆتەوە ، هیچکاتێک بەو هاوکێشەیە کاریان نەکردووە کە / ( بەشێک ) لە حەقیقەتەکان لە لای منە نەک ( هەموو ) ...! ، هەمیشە خۆیان وابینیوە کە خاوەن حەقیقەتی ڕەها و ئەوانیتریش ( هیچ ) ، واتە لە کێشمەکێشمی نێوان غەریزەکانی ( ئیرۆس ) و ( ساناتۆس ) دا ، هەمیشە هێزی ( ساناتۆس ) لەمرۆڤدا زاڵ بووە ، واتە مەیلی جەنگ و کاوڵکاری و لەناوبردن یان مەیلی خۆپەرستی و تاکڕەوی ئامادەیی هەبووە، ئەوەش مێژوویەکی درێژی هەیە ، لە ڕۆژگارە هەرە سەرەتاییەکان کە بە ڕۆژگاری ( کۆمۆنەی سەرەتایی ) ناوبراوە لە مێژوودا ، لە دوا ڕۆژەکانی ئەو قۆناغە سەرەتاییە کاتێک / ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە ( ملکدارێتی گشتییەوە ) دەگۆڕیت بۆ ( ملکدارێتی تایبەت ) ، لەوێوە چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە دەستپێدەکات و جەنگ و کوشتن و کاوڵکارییەکان ، لەوێوە درێژەیان دەبێت ، قۆناغە یەکبەدوای یەکەکانی مێژووش وەک ( کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی و سەرمایەداری ) بەدوای خۆیدا دەهێنێت ، ئەم قۆناغانەی مێژوو و پەیوەندییەکانی تاکەکان ، لە ئەدەبیاتی ( مارکس ) بە ڕۆشنی باسکراوە ، واتە ئەوە مرۆڤ خۆیەتی ژیان ناشیرین دەکات یان ڕیزبەندی و چینەکان لە کۆمەڵدا دروست دەکات ، نەک ئەوەی چینەکان و ڕیزبەندییەکانی تاک ، یان ئەوەی کە ناشیرینیەکان لەنێو ژیاندا پێشوەخەتە ئامادەییان هەبووبێت . شیعریش وەک بەرهەمی بیری مرۆڤ ، وەک جووڵە و پێکهاتەیەکی ئیستاتیکی ، لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی جوانی دەبێتە سەرچاوەی ئارامبوونەوە و چێژبەخشین ، بۆیە غەریزەی ( ئیرۆس ) هەمیشە لەنێو شیعر ئامادەیی هەیە ، چونکە شیعر لە سەنگەری ژیان دایە بەڵام ، ئەوە بەو مانایە نایە کە شیعر بکرێتە هۆکار و بۆ مەبەستی تایبەت بەکاربهێندرێت ، جا ئەو مەبەستە هەرچییەک بێت ..! لەڕیگەی شیعر مرۆڤ دەتوانێ بیر لەخەون و ئومێدە جوانەکانی بکاتەوە ، ئەدەب دەتوانێ وا لە مرۆڤ بکات کە بیر لە ئازادی و ڕزگاری و جوانییەکانی ژیان بکاتەوە . دەمێکیشە گتومانە ( شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە ...! ) ، بەمانای شیعر لەگەڵ ژیان و بوونی مرڤ دایە ، لێرەدا / دەمەوێت قسە لەبارەی ئەوە بکەم کە ، هەرچەندە شاعیر لەنێو شیعرەکانی باس لەنائومێدیش بکات ، بەڵام مەبەستی رەشبینی و گەیشتن بە خاڵیی (پووچی ) ، واتە ( ئەبسێرد و نەهیلیزم ) نییە ، چونکە گەیشتن بە خاڵی ( پووچی ) واتە گەیشتن بەو ڕەشبینیی و نائومێدییەی یان بەو دەرئەنجامەی کە / ژیان ئەوە ناهێنێ یان ئەو بەهایەی تیا نەماوە کە بۆی بژیت ، بۆیە ئەو مرۆڤانەی بەو ئەنجامە دەگەن زۆربەیان پەنا بۆ خۆکوشتن و کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆیان دەهێنن ، یان کەنارگیر وەک جەستەیەکی مردوو و وەک ڕۆحێکی وشک و خاڵی لە هەموو ئومێدێک و هیوایەک دەمێننەوە ، بەڵام شیعر لەگەڵ خۆکوشتن و ڕەشبینی دا نییە ، چونکە مردن کۆتایی هێنانە بە هەموو پڕۆژەکانی بوون بە شیعریشەوە ...! . ئێمە بە دژی ئازادی هیچ کەسێک ناوەستینەوە چونکە ، ئازادی ئەوکاتە مانای هەیە کاتێک مرۆڤەکان مومارەسەی بکەن ، چونکە لە دەرەوەی مومارەسەکردن ( ئازیدی )ش وشەیەکە تەنها لە چەند پیتێک پێکهاتووە و هیچیتر ، بۆیە کەسەکان ئازادن چۆن بیردەکەنەوە یان چۆن مامەڵە لەگەڵ جەستەی خۆیان و  ژیانی خۆیان دەکەن . بەڵام ئێمە باس لە ( شیعر و ئامانجی شیعر ) دەکەین ، نەک لە بیرکردنەوەی شاعیرێکی دیاریکراو یان نەک شاعیرێکی ( ڕەشبین و بێ هیوا ) . (ئەلبێر کامۆ ) لە کتێبی ( ئەفسانەی سیزیف )دا دەڵێ / ( پووچی لەناو مرۆڤدا نییە ، لە جیهانیش دا نییە ، بەڵکو لە سای بوونی هەردووکیان هەیە ، پووچی ئەو پەیوەندییەیە کە ئەم دووانە پێکەوە دەبەستێتەوە ..! ) ، ئێمە گوتمان ژیان لە بنەڕەتدا ڕەنگڕێژ نییە بە ناشیرینییەکان هاوکات مرۆڤیش ، بەمانای پووچی و هەموو دیاردە دزێو و ناشیرینیەکان لە ئەنجامی بەیەکەوەبوون یان پەیوەندی نێوان ( ژیان و مرۆڤ ) یان پەیوەندی ( مرۆڤ و جیهان ) هاتوونەتە بوون ، پووچی یان دیاردە نێگەتیڤەکان بەرئەنجامی جووڵە و پەیوەندییە ناڕێک و نادروستەکانی مرۆڤە ، باوەڕهێنان بە ( پووچی ) ئیشکردنە بە ئاراستەی مردن ، شیعر بە پێچەوانەی ئەم ئاراستەیە کاردەکات ، وەکچۆن لە دەستپێک گوتمان ، ( ئیرۆس و ساناتۆس ) دوو چەمکی دژ و پێچەوانەن ، هاوکات ( شیعر و مردنیش ) بەهەمانشیوە ، یان ( شیعر و ساناتۆس )یش بەهەمانشیوە ، بۆیە لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە / شیعر بەئاراستەی ئیرۆسییەت ئیشدەکات و دواجاریش دەڵێین / ( شیعر پەرچەمی ژیاندۆستییە ...! )

 

                                                             نۆڤومبەری ٢٠٢٠

 

تێبینی :

بۆ نووسینی ئەو بەشەش سوودمان لەو کتێبانە بینیوە .

  • کتێبی ( نەرسیسیزم ) .. نووسینی( ئەلیکساندەر لۆوین ) .. و / ناڵە حەسەن
  • کتێبی ( لەگەڵ سایکۆلۆژیادا ) .. نووسینی ( سۆزان جەمال ) .
  • کتێبی ( ئەفسانەی سیزیف ) .. نووسینی ( ئەلبێرت کامۆ ) .. و/ ئازاد بەرزنجی