چیرۆک

بژی هۆگر

غەفوور ساڵحی

مامە خولە، ھەر گێلەگێلی دەکرد و بەجێی وەڵامی پرسیارەکەی کوێخا، بەشوێن ئەوەوە بوو کە چۆن تووڕەو تووڕەتری بکات. دەرس و دەور بەتاڵ و، خوێندگە ھەموو داخرابوون. خاشیرین، لە بێتاقەتی خۆی ھاتبووە ڕێ پێوان و تەنانەت سۆزان ی کچیشی کە خوێندکاری پۆلی سێھەمی سەرەتایی بوو، لەگەڵ خۆی ھێنابوو.

 

بژی هۆگر

غەفوور ساڵحی

حەشر و حەلەلایک بوو، سەیر. ڕێ پێوان، لەم شەقامەوە بۆ شەقامێکی دی دەگوێزرایەوە. دەگەیشتنە هەر شەقامێ دووکاندار لە ترسا دەڕابەکانیان شەقەشەق دادەکێشایە خوارەوە. دەنگی دادانەوەی پەستاپەستای دەڕابەکان تێکەڵ بە ھەراوھۆریاو شیعارەکان ببوو. ھەر دووکان بوو دادەخرا و کە دەگێشتە حاست ھەر کووچەیەک، خەڵکیی وەک شارەمێروو وروژابێت، لە کۆڵانە بەرەو شەقام خلۆردەبوونەوە و ڕویان لە شەپۆلی ڕێ پێوان دەکرد. بەزۆربوونی حەشیمەتەکە، نەعرەتەکان بەرز و بەرزتر دەبوونەوە: «بژی ھۆگر....» «بژی....» «بژی... بمرێ....»

مامە خولە، ھەر گێلەگێلی دەکرد و بەجێی وەڵامی پرسیارەکەی کوێخا، بەشوێن ئەوەوە بوو کە چۆن تووڕەو تووڕەتری بکات. دەرس و دەور بەتاڵ و، خوێندگە ھەموو داخرابوون. خاشیرین، لە بێتاقەتی خۆی ھاتبووە ڕێ پێوان و تەنانەت سۆزان ی کچیشی کە خوێندکاری پۆلی سێھەمی سەرەتایی بوو، لەگەڵ خۆی ھێنابوو. پاتۆڵەکەی تا پشت ناو قەدی ھەڵکێشابوو و چارشێوێکی گوڵگوڵی ڕەش وسپیی، بەجۆرێک لە پشت شانە پان و ئەستوورەکانیەوە گریدابوو کە ھەتا دوو بست خوار نێوقەدیەوە بە سەر جەستەیدا شۆڕ ببۆوە. خاشیرین لە ڕیزی دواترەوە بوو. وێدەچوو ئەویش وەک مامە و کوێخا، ئاگای لە ھەمزەو ھەباس نەبێت و سەری لە دروشم و زەنازەنای ڕێپێوانەکە تەقەی بێت. هاتە پێش، بێتاقەتی قسە بوو:«ئەیەڕۆ کوێخا چۆن نازانی ھۆگر کێیە؟ بەبیللا منیش خەریکم دەچمە سەر قسەی مامە خولە کە دەیگوت: ''خەڵک لەخۆڕا بە کوێخات ناودەبەن. کوێخا نا، تەڕەماش!''» - باشە خاشیرین خۆ من و خولە، ئەوە بەزمی خۆمانە و قسەمان بۆ خۆمان دەکرد. بۆخۆشت باشمان دەناسی؛ خوومان پێگرتووە و ورتەورت و دەمەتەقە بۆمان بۆتە سەرگەرمیی و کاری هەمە ڕۆژە. بەڵام پێم سەیرە تۆ چۆن گوێت لە ھەموو قسەکانمان بووە؟! ڕەنگە گوێت ھەڵخستبێ ئاور! «دەیجا چم بکردایە کوێخا؟ بەخوا خۆ منیش وەک ئێوە سەر لەم ھاتوھاوارە دەرناھێنم. ماڵتە تۆ لە قسەکەم لە بیر مەبەرەوە. با پێت بڵێم ئەو ''ھۆگر''ەی کە ئاھا بەسەر دەست و شانی ئەو خەڵکەکەوەیە، کێیە؟ بەخوا پێموانییە بیناسی!» - ناوەڵڵا نایناسم دەیدەی!! بۆ ئەوە کێیە؟! «دەی ئەوە کوڕە بزێوە شەیتانەکەی خاڵە ڕەحیمە. ڕەحیمە سوور. ئەو لۆتیە ھەموو کۆڵان و گەڕەکی ئێمەی بەزاکە هێنابوو. ئاها لەترسی وی کچەکانمان دەشاردەوە. پێم سەیرە! باشە تۆ چۆن دەبێ نەیناسیت. بەلای ناخێرت کوێخات پێدەڵێن. ڕەحمەت لە شیرت مامە خولە کە پێت دەڵێ گێلەکوێخا. کوڕە کوێخا خۆ زۆردەمێک بوو خەڵکیی بەدەست ئەم هەتیوەوە زاکەیان بوو. ھەتا ماوەیەک لەمەوپێش گوتیان ون بووە و کەس نەیدەزانێ چووە بۆ کوێ.» - دەی لە کوێ بوو؟ «لە کوێ بوو؟! ئاخرەکەی کاری خۆی کرد و کچی کابرایەکی وەک تۆی هەڵفریواند و ڕەدووی خۆی خست و دوای ١١ ڕۆژ لەگەڵ کچە گەڕانەوە.» - ١١ ڕۆۆۆژ! ئەی چۆن ئێستا بۆتە پێشەنگ و ساحەب دەنگ و ئەو هەموو عالەمەی شوێن خۆی خستووە؟ «تەحح! بەخوا گێلی کوێخا. وا نییە کە مەحموو؟! دەیجا کوێخا ئەوە چییە؟! وەڵڵا وا ئەڵێ خەڵک!! خەڵکی چی؟! بۆ نایەی بیکەینە گرێو؛ هەر ئا ئێستا دەنگ هەڵبڕم و بە چەن دانە هاوارهاوار، هەموو ئەو عالەمەی لەگەڵ خۆم هاودەنگ کەم و وەشوێن خۆمیان خەم!» مامە خولە کە تا ئەوکات هەر گوێی گرتبوو و پێدەکەنی، گوتی: «بەخوا خاشیرین قسەی ڕاست وا بەلا تۆوە، سەت ڕەحمەت لە دایەو بابت. ئەوەی بە تۆ دەگوترێ و بە تۆ دەکرێ، نەک بە پیاوانی گەڕک، بەڵکوو بە هەموو پیاوانی ئەم شارەی ناکرێ...»

بەردەوام، پانتایی ڕێ پێوانەکە بەرفراوانتر و دروشمەکان چڕتر دەبوونەوە. دەتگوت ئەو لافاوە بەتەمایە گشت کووچەو شەقامەکانی شار بگرێتەوە، کە لە پڕ دەنگی چەن تەقە لە چەن لاوە، بەزم و نەزمی ڕێپێوانی شێواند. خەڵکیی شڵەژان و دەست و قاچەکان تێک ئاڵان و ئاڵۆزان. ئێستا ئیتر خەڵکی بەعەکسەوە ڵەشەقامەو بەرەو کۆڵان دەبوون و هۆگر ئیدی بەسەر دەست و شانانەوە دیار نەمابوو...