شرۆڤە

بۆچی دەنووسین (٢٩)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

نووسین دەستەمۆکردنی پووچگەراییە و گەڕانە لە کەلێن و کونەبەرەکانیدا بە مەبەستی دۆزینەوە و سازکردنی مانا. دەنووسین چونکە خودی نووسین مانای ژیانە و رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ مەرگ. نووسین رەوتی بەردەوامی بەرهەمهێنانی مانایە لە بەرامبەر بەردەوامیی پووچگەرایی.

 

چەمکی 'خوا' هەمیشە دەربڕی هێزێکی میتافیزیک بووە بانتر لە هێز و لە شوێنی مرۆڤ. هێزێکی سەرچاوە ئەوەتەی زەین و بیرەوەری مرۆڤ ئیزن دەدا هەبووە و مرۆڤ وەک نیازێکی دەروونی، رۆحی و بگرە وەک تەفسیرێک بۆ زەروورەتی 'بوون' و بۆ لێکدانەوەی لێی رووانیوە. بەڵام هاوکات لە گەڵ هەبوونی ئەم چەمکە، رەوتێکیش هەبووە کە بوونی رەتکردووەتەوە و وەک زەروورەتێک لێی نەڕوانیوە. چەمکی خودا لە دەق دا هەبووەو هەیە و جا بە گوێرەی جۆری دەق و پیلۆتەکەی، ئەم هەبوونە لە نووسەرەوە بۆ نووسەری تر دەگۆڕدرێ.

زۆر کەس هەن خودا بە بەرهەمی مرۆڤ دەزانن نەک بە پێچەوانەوە. خودا ئەو چەمکەیە مرۆڤ لە رێگای بەخشینی وزەکانی و خەیاڵەکانی خۆی بەو دەیخوڵقێنێ و بەم شێوەیە خودا دەبێ بە وێنای خەیاڵیی مرۆڤ لە خۆی لە جیهانێکدا وا مرۆڤ گیرۆدەی لاوازی و بێدەرەتانییەکانی خۆیەتی.

خودا وەک چەمکێکی خەیاڵی و پارادۆکساڵ دەرفەتی باش بۆ نووسەر دەخوڵقێنێ کە بتوانێ بە کەڵک لێوەرگرتنی مانا و وێنەی نوێ بخوڵقێنێ. چەمک یاخود هێزێکی ئەوەندە بەهێز کە مرۆڤەکان هەر جارەو و بە جۆرێک لە دەقە ئایینییەکاندا تەعبیری لێدەکەن دەتوانێ ئیلهامبەخشی نووسەریش بۆ چێکردنی مانا و وێنای تازە بێت لێی.

خودا چەمکێکە هەم هەڵگری مانا گشتییەکانە و هەم وەک خودابوونی خۆی دیاردەیەکی کۆنکرێتیە. لە مانا گشتییەکانیدا دەتوانێ بابەتی دەقی ئایینی و فەلسەفە بێت و لە مانا کۆنکرێتییەکانیشی بابەتی دەقی چیرۆک و رۆمان. خودا وەک بوونەوەرێکی میتافیزیکی چونکە لە دووامانادا بوونێکە لەدەرەوەی بوون و لە راستیدا بوون هەبوونی خۆی لەوەوە وەردەگرێ، بۆیە کەسایەتییەکی سەربەخۆیە و ئەم سەربەخۆبوونە ئیزنی ئەوەی پێدەدا وەک کاراکتێرێک خاوەن شوێنی خۆی لە ناو دەقدا بێت. زۆر نووسەر هەن لە دەقەکانی خۆیاندا لە خودا وەک کاراکتێرێک کەڵکیان وەرگرتووە.

دیارە یەکەمین کەڵک وەرگرتنەکان لە چەمکی خودا لە دەقدا لە چیرۆکە ئایینییەکاندایە. خودا لەم دەقانەدا هەم وەک خۆی و هەم وەک بەستێنی چیرۆکەکە حوزوری هەیە. بەڵام کەڵک وەرگرتن لە خودا لە چیرۆکی مودێڕندا بەتەواوی جیاوازە لە چیرۆکە ئایینییەکان. لەم جۆرە دەقانەدا خودا شوێنی موقەدەسی خۆی جێدێڵێ و مامەڵەیەکی تری لەگەڵدا دەکرێ.

ئەم شوێنە تازەی خودا پێش لەهەر شتێک پێوەندی بە دەقی مودێڕنەوە هەیە و دەربڕی ئەوەیە کە چلۆن ئەم دەقانە دەیانەوێ مامەڵەیەکی نوێ و سەردەمیانە لەگەڵ چەمکە کلاسیکییەکان بکەن بە مەبەستی تیشک خستنە سەریان لە بەستێنێکی تەواو جیاوازدا. دیارە نیگای کلاسیکیانە لای وایە ئەمە بێ رێزییە بە چەمکە کلاسیکی و موقەدەسەکان. ئەمە ئەوە نیشاندەدا ئەوان لە هەوێن و لە فەلسەفەی چیرۆکی نوێ ناگەن و نازانن کە مرۆڤەکان هەمیشە لە هەوڵی تازەگەری لە هەموو بوارەکاندان بە مەبەستی خوڵقاندنی وێنای نوێ، نەک بە مانای بێ رێزیکردن پێیان.

خودا چونکە بەرهەمی خەیاڵە، دەتوانێ بەم هۆیەوە یەکێک لە باشترین کاراکتێرەکانی ناو دەق بێت. خەیاڵی بوونی خودا باشترین دەرفەت بۆ خەیاڵی نووسەر دەخوڵقێنێ. بۆ وێنە نووسەر ئەوەندە بەسە بە ئەم بۆچوونەی ناو دەقە ئاینییەکان بزانێ کە خودا جیهانی لە شەش رۆژدا خوڵقاند. گەر نووسەر لە دەقێکی خۆیدا بیر لەوە بکاتەوە ئەگەر جیهان لە چوار رۆژدا خوڵقێندرابا، یاخود لە دە رۆژدا جا ئەوجا دەتوانرا لەگەڵ چ جیهانێکی تر رووبەڕوو بین. دەق دەتوانێ لە رێگای خەیاڵەوە رەوتی خوڵقاندنی دونیا لە دەقە ئایینییەکاندا سەر لە نوێ بگۆڕێتە سەر بەستێنێکی تر و بەم شێوەیە خڵقەتێکی تر لە بوون (واتە حیکایەتێکی تر) پێشکەش بکا!

سەردەمانێک نیچە گوتی خودا مرد! جا با دونیایەک بێنینە بەرچاوی خۆمان کە بەرییە لە خودا. داخۆ وەها جیهانێک خاوەنی چ تایبەتەندییەکە؟ مرۆڤەکان لە وەها کۆمەڵگایەکدا چلۆن دەژین و چلۆن هەڵسوکەوت دەکەن؟ وەک دەبینین بەستێنێکی لەم چەشنە دەتوانێ بزوێنەری گەلێک شت بێت. یان خودایەک بێنینە بەرچاوی خۆمان کە کتوپڕ لە خڵقەتی جیهان پەشیمان بووەتەوە، یان رێک لە ناوەڕاستی پلانەکانیدا بڕیاردەدا واز لە هەموو شتێک بێنێ و چیتر لە رەوتی رووداوەکاندا دەخالەت نەکا. داخۆ ئەمە خۆی لە خۆیدا ناتوانێ بزوێنەری گەلێک خەیاڵی جوان و نایاب لە نووسەر بە مەبەستی خوڵقاندنی دەق بێت؟

گەر خودا خوڵقێنەری هەموو شتێکی ئەم دونیایە بێت، ئەوا بیری نەبوونی خودا لە مێشکی مرۆڤەکانیشدا هەر خوڵقێندراوی دەستی خۆدا خۆیەتی. بۆیە ئەم بیرە بەپێچەوانەی رای بەشێکی مرۆڤە ئایینییەکان، نەک کوفر نیە بەڵکو بەشێک لە پێویستیی ژیانە و بگرە باوەڕداران لەم بۆچوونەوەیە دەتوانن هێز وەربگرن. وەک دەگوترێ ئارگیومێنت لە رەتکردنەوەی ئارگیومێنتی بەرامبەری خۆیدایە دەتوانێ ببێتە ئارگیومێنت. باوەڕمەندبوون بە خودا لە جەوێکدا وا هەموو باوەڕیان بە خودایە، چەمکی خودایش بەرەبەرە بەرەو لەبیرکردن دەبا و تەنیا 'هیچ' جێگای دەگرێتەوە.

دەقی مودێڕن بە جیاکردنەوەی چەمکی خودا لە بەستێنی ئایینی و کلاسیکی، ئەو دەرفەتە دەخوڵقێنێ کە خودا لە گۆشەنیگای ترەوە و لە بەستێن و لە پەیوەندی لەگەڵ چەمک و بواری تردا بکەوێتەوە بەر لێکدانەوە و لێڕوانینەوە. بەم شێوەیە خودا خۆی نوێ دەکاتەوە و بە زمان و بە فۆڕمی ئەمڕۆ دێتەوە ناو جیهانی مرۆڤ.

دیارە ئەم گۆڕانە دەبێتە هۆی ئەوەی خودا تەقەدوسی نەمێنێ، بەڵام داخۆ پێوەندی ئێمە لەگەڵ خودا دەبێ بەردەوام موقەدەسانە بێت، یان سەرئەنجام دەبێ بکەوینە ناو بواری دیکەیشەوە؟ پێدەچێ توانای ئەقڵی و توانای ئەدەبی و هونەری مرۆڤ (بە گوێرەی دەقە ئاینییەکان ئەمانەیش لە خوداوە هاتوون) ئەم دەرفەتە بەگشتی بۆ مرۆڤ دەخوڵقێنن کە ئیزنی پێداچوونەوەی بەردەوامیان هەبێ. رەنگە خودایش لە دوومانادا نەیارە ئاقڵەکانی خۆی لە دۆستە گەمژەکانی خۆشتر بووێت و شوێنێکیشی لە بەهەشت بۆ ئەوان دانابێ. ئەو نەیارە ئاقڵانەی وا هەمیشە دنەدەری دۆستە گەمژەکانن بۆ بیرکردنەوە.

دەق پانتایی ئازادی و دیمۆکراسییە. لە وەها پانتاییەک خودا دەرفەتی ئەوە پەیدا دەکا شوێنی باوکسالارانەی خۆی جێ بێڵێ و بۆ ماوەیەکیش بێت وەک خوڵقێنراوەکانی دەستی خۆی هەڵسوکەوت بکا. لە وەها شوێنێکدا ئیتر تەنیا شەیتان نیە بێ ئەمری دەکا، بەڵکو مرۆڤەکانیش راستەوخۆ دەکەونە هەڵسوکەوت و مامەڵە لە گەڵ خودا و بەم شێوەیە سەرلەنوێ خودا تامی شکست و سەرکەوتنەکانی خۆی دەکاتەوە. ئەمە ژیانبەخشینەوە بە میتافیزیایە لەناو دەقدا. زەمینی کردنی چەمکە هەست پێنەکراوەکانە.

ئەو نووسەرەی دەتوانێ لەسەر خودا بنووسێ و خودا بکا بە یەکێک لە کاراکتێرەکانی خۆی کە خاوەن کەسایەتییەکی ئازاد بێت. وەک چۆن خودا لە خەیاڵ و لە گەمەیەکی ئازادانەدا جیهانی خوڵقاند، نووسەریش دەبێ بچێتە شوێن و پێگەیەکی وەها بە مەبەستی خوڵقاندنی دەق. خودا ئێمەی کردە کاراکتێرەکانی رۆمانی خڵقەتی جیهان و نووسەریش لە دژکردەوەیەکدا خودا دەکاتە کاراکتێری رۆمان و چیرۆکی خۆی بۆ ئەوەی بە خودای نیشان بداتەوە کە هەڵەی نەکردووە مرۆڤی لە شکڵ و شێوازی خۆی دروستکردووە.

هەڵبەت دەربازبوون لە بڤەکانی خودا وەک دەربازبوون نیە لە بەربەستە دەرەکییەکان. ئەم دەربازبوونە زیاتر لە رزگاربوون لە بەربەستە دەروونییەکان دەکا و بۆیە رەنگە لە توانای هەموو کەسێکدا نەبێت، بەڵام بەهەرحاڵ ئەو نووسەرەی خودا دەکا بە یەکێک لە کاراکتێرەکانی دەقی مودێڕن (یان بەستێنی ئەم جۆرە دەقە)، دەبێ لەوەها بەربەستێکدا لە گەمە و لە بیرکردنەوەیەکی مەعریفیانە و ئەدەبیانەی نامودێڕن رزگاری بووبێ و کەوتبێتە جۆرێکی تر لە مامەڵە لەگەڵ ئەم چەمکە گرینگە.

نووسین جورئەتی بە جۆرێکی تر نووسینەوەی خڵقەتی دونیایە. بەکاراکتێرکردنی خوڵقێنەری ئەم جیهانە و مامەڵەیەکی بەرامبەرە لەگەڵیدا بە بێ قایلبوونی هیچ شوێنێکی موقەدەس بۆی. ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی دەتوانین ئەو چەمکە گشتییانەی وا بەشێوازی کۆنکرێتیش خۆیان نیشاندەدەن، بکەین بە پاڵەوانی چیرۆکەکانمان. نووسین لاساییکردنەوەی خودایە، یاخود سەلماندنی لاساییکردنەوەی خودایە لە مرۆڤ.

*******************************************

پووچگەرایی بریتییە لە جیهانێک بە بێ مانا، بە بێ هیوا و بە بێ داهاتوو. مرۆڤ لە وەها دۆخێکدا هەست بە هیچ چەشنە پێوەندییەک لەگەڵ دەورووبەری و لەگەڵ بوون ناکا. هەموو شتێک تا ئەوپەڕی خۆی بێ بنەما و لەرزۆکە. هەست بە هیچ چەشنە زەوییەکی رەق لە ژێر قاچەکانیدا ناکا. پووچگەرایی دانیشتن لە ژوورێکی رووت و قووتە بە جووڵەیەکی کەمەوە. هەموو شتێک تا ئەوپەڕی خۆی ئارام و ئەهوەن دەبێتەوە و ساتەکان لە بێ جووڵەترین ئاستی خۆیاندا تێدەپەڕن. لە پووچگەراییدا مەرگ وەها بەرجەستە دەبێتەوە کە ژیان بەگشتی دادەپۆشێ. گەر بەلێنە رۆژێک لە رۆژەکان بمرین، گەر قەرارە لە دووای مەرگ هیچ شتێک نەبێ و 'هیچ' هەموو شتێک داگیربکا، ئیتر چ شتێک مانای دەمێنێ؟ پووچگەرایی لە راستیدا شیوەنی فەلسەفی و دەروونیی مرۆڤە بۆ کاتی بوونی ژیان و بۆ ئەوەی کە مرۆڤ تێدەگا لەگەڵ ماناکان لەدایک نابێ. تازە ئەگەر لەگەڵ ماناکانیش لەدایک بێت ئەوا ئەم مانایانە لە ئاست کورتی ژیان و حەقیقەتی مەرگدا ئەوەندە بچووکن کە هیچ گارانتی و هیچ چێژێکی ئەبەدی نابەخشن. پووچگەرایی ئەو حاڵەتەیە کە لە دووای خوێندنەوەی باشترین دەقەکانیش دەتوانین لەخۆمان بپرسین "کەچی؟"، "ئەی دووای ئەوە؟" دووای ئەوەیش کە جوان چاوهەڵدێنین و دوورتر دەڕوانین دەبینین مەرگە و کۆتاییە و،... ئیتر هیچ.

لەوەها حاڵەتێکدا هەموو شتێک لامان وەک یەکی لێدێت. پاشا بیت یان گزیر، لە کاخدا بژیت یان لە کۆخدا،... فەرق ناکا. پووچگەرا لە ئیستادا نوقم دەبێ و داهاتوو مانای خۆی لەدەستدەدا. ئیستایش چونکە تیژتێپەرە و دەستەمۆناکرێ کەواتە بێ مانایە. رابردوویش کە جیهانێکی یەکجار دوورە. جیهانێک کە بە زیادبوونی بەردەوامی چرکەکان هەتا دێت قەبارە و بارستاییەکەی زیاتر دەبێت و ئەوەندەی تر باری سەر شانمان قورستر دەکا. رابردوویەک کە قەت دەستمان پێی راناگاتەوە.

مرۆڤی پووچگەرا کاتێک پێوەندییەکانی لەگەڵ زەمەن و لەگەڵ ماناکان لەدەستدەدا ئەوەی بۆی دەمێنێتەوە تەنیا زەرفێکی بەتاڵە. ئەو ناوەڕۆک لەدەستدەدا، بەڵام زەرف و چوارچێوە نا. 'بوون'یش بە هەر دوو بوارەکەی، واتە هاوکات لەگەڵ هەبوونی ناوەڕۆک و فۆڕم مانا وەردەگرێ. ونکردنی ناوەڕۆک دەمانکا بە فۆڕمێکی بەتاڵ کە ئەگەرچی دەکرێ بە هەر شتێک پڕبکرێتەوە، بەڵام لە راستیدا پڕناکرێتەوە. کەواتە پووچگەرایی بەرجەستەبوونی فۆڕمە. فۆڕمێک کە تەنیا وەک فۆڕم ژیانی بەسەردا سەپاوە، ژیانێک کە دەکرێ هەر چرکەساتێک لە رێگای خۆکوژییەوە لەناوببرێت.

بۆیە پووچگەرایی دراوسێی خۆکوژییە. گەر ماناکان بزربوون و هومێد نەما، مرۆڤ بۆ دەبێ بژی؟ بۆیە پووچگەرا لەو مەرگەی وا ژیان و بوونی لە مانا بەتاڵ کردووەتەوە هەتا دێت نزیکتر دەکەوێتەوە و بەشێوەی دەستکرد رەوتەکەی خێراتر دەکا. ئەو چاوەڕوانی مەرگ نامێنێتەوە. دەیەوێ پووچی لە رووبەڕووبوونەوەی خێراتر لەگەڵ مەرگ دەستەمۆبکا، دیارە بە قازانجی هەمان پووچی.

بەڵام بەڕاستی دەکرێ مرۆڤ ئاوەها لە ماناکان و لە هومێد بەتاڵ بکرێتەوە؟ بێگومان نا. لۆژیکی ژیان وەهایە هەتا هەبی ئەوا بوونەکەت بەجۆرێک لە جۆرەکان دراوسێی مانا و هومێدە. پووچگەرایش لەمە بەتاڵ نیە، تەنیا ئەوەیکە ئەو لەم دوو چەمکەدا هیچ داهاتوو و هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بە قازانج نابینێ. لای ئەو ماناکان و هومێدیش لە دوواماندا بێکەڵکن. تەنیا دڵخۆشکردنێکی کاتین و ئەوەندەی پێناچێ تەواودەبن و لە دەور دەچنەدەرەوە.

رەنگە بە شێوەیەک لە شێوەکان پووچگەرایی بانگهێشتکردنەوەی ماناکان بێت لە رێگای رەتکردنەوەیان. داواکردنە لێیان گەر دەیانەوێ هەبن، دەبێ بەڕاستی هەبن و ئەوەندە دڕدۆنگی نەبەخشن و ئەوەندە لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ دەورووبەریان درۆنەکەن. گەر ماناکان مانان لەبەر ئەوەی دیوی بەرامبەری پووچگەرایین، کەواتە پووچگەراییش لە خۆیدا هەڵگری مانایە بە پێچەوانەی ناوەکەی و بە پێچەوانەی رواڵەتی فەلسەفەکەی. بۆیە پووچگەرا دەتوانێ خاوەن تەعبیری جوان لە هەموو ماناکان بێت لە عەینی بێ باوەڕی پێیان. پووچگەرایی دەتوانێ شێواز و سەبکێکی باش بێت بۆ شۆڕبوونەوە و قووڵبوونەوە بە ماناکاندا. لەبەر ئەوەی بەخشێنەری جۆرێک لە بێ دەربەستییە و ئەمە هەڵگری ئازادی و بێباکییەکە وا دەتوانێ لە دەربڕینی رادا و لە بەرینکردنی سنوورەکانی بیرکردنەوەدا ئازاترمان بکا.

پووچگەرایی هەروەها دەتوانێ تەژی بێت لە مانا و، خاوەن بنەمای فەلسەفیش بێت. بێهۆ نیە جگە لە ئەدەب و لە هونەر، رەوتێکە لە ناو فەلسەفەیشدا و دەبێتە دراوسێ وجوودگەرایی و نیهیلیزم. پێداگریی وجوودگەرایی (بوونگەرایی) لە سەر ئەوەی بوون پێش زات دەکەوێ و هەروەها پێداگرتن لە سەر ئازادیی مرۆڤ، لە راستیدا پێداگرتنە لەسەر ئەوەی لە ژیاندا بەشێوەی خۆبەخۆ مانا بوونی نیە و ئەوە ئەرکی مرۆڤە ئەم مانایە دابهێنێ. نیهیلیزمیش لە رێگای رەتکردنەوەی ئۆبژەبوونی بایەخەکان پێ لەسەر سوبژەبوونیان دادەگرێ و لێرەوە خودی مرۆڤ دەوری سەرەکی لە داهێنانیاندا دەگێڕێ. پارادۆکسی پووچگەرایی لەوەدایە لە عەینی رەتکردنەوەی مانا، بەڵام بۆ ئەم رەتکردنەوەیە پێویستی بە داهێنانی مانایە! لە بەرامبەر ئەو هەموو رێچکە فەلسەفی و ئەدەبی و هونەرییەدا گەر ئەم کارە نەکا ئەوا ناتوانێ ببێ بە رەوتێکی گرینگ و جێی سەرنج و بۆیە دەبێ زۆر خێرا شوێن چۆڵکا.

ئاڵبێرت کامۆ لای وایە لە بەرامبەر پووچگەراییدا مرۆڤ دەتوانێ سێ شت بکا: یان ملکەجی بێت و دەستبداتە خۆکوژی، یان ئایینێک هەڵبژێرێ، یاخود لەناو خودی ئەم چەمکەدا مانایەک بدۆزێتەوە. بێگومان زۆربەی مرۆڤەکان دەستدەدەنە هەڵبژاردنی ئایین، بەشێکی گرینگیش خۆدەکوژن و بەشێکیش هەوڵدەدەن لەناویا مانا بدۆزنەوە. وادەردەکەوی کە بەشی سێهەم واتا دۆزینەوەی مانا دژوارترین کار و هەڵبژاردنی ئایین ئاسانترینیان بێت. لەبەر ئەوەی دۆزینەوەی مانا ئەرکێکی یەکجار تاقەتپڕوکێنە و مرۆڤ دەبێ لەسەر قاچەکانی خۆی بۆ ئەم مەبەستە راوەستێ و هەڵبژاردنی ئایینیش چونکە هەڵبژاردنی هەڵبژاردەی خەڵکیە و پێویستی بە بیرکردنەوەی زۆر نیە، دەبێتە خۆلەگەڵ خستنێکی هەڕەمەکی. لە ئایین دا مرۆڤ شتێک هەڵدەبژێرێ کە زۆرینەیەک لەوە پێش هەڵیانبژاردووە و ئەوەی لە باشترین حاڵەتدا بۆی دەمێنێتەوە ئەوەیە ئەم هەڵبژاردنە لای خۆی بە شێوەیەک لە شێوەکان پاساوی (بە جۆرێک ئەقڵانی) بداتەوە. دیارە کەسەکە ناچار نیە بەمە. لەبەر ئەوەی بۆ زۆر کەس لەپاڵ زۆرینەبووندا هەمیشە دڵنیایی دەبەخشێ و ئیتر زۆر نیاز بە بیرلێکردنەوە ناکات.
بەڵام ئەوەی لەم قسەیەی کامۆدا زیاتر گرینگە هەمان بەشی سێهەمەیە، واتە دۆزینەوەی مانا لەناو خودی چەمکەکەدا. ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە پووچگەرایی دەتوانێ وەک بەستێنێکی گشتی سەرچاوەی مانا (ماناکان) بێت. خودی ئەم چەمکە ئەوەندە جێی سەرنج و یاخی و قووڵە کە دەتوانێ ببێتە دەستپێکی گەلێک مانا. جا رەنگە لەبەر ئەمەیە ئێمە پێویستمان بەوە هەیە بۆ یەک جار لە ژیانیشماندا بێت (لانیکەم)، پووچگەرا بین. لە مانایەکی هیگلیانەدا پووچگەرایی دەتوانێ لەگەڵ خۆمان، لە رەوتی بیرکردنەوەدا، بمانخاتە ناو سیانەی 'تێز، ئانتی تێز، سەنتێز'ەوە و بەم شێوەیە لە پرۆسەی گەشەی دیالیکتیکیانەوە بچینە ئاستێکی بەرزترەوە. بەهێزترین ماناکان ئەوانەن وا بە باشترین شێواز دەتوانن ئارگیومێنت لەدژی پووچگەرایی بەکاربێنن.

هەڵبەت دەبێ ئەوەیش ئیزافەبکەین کە دۆزینەوەی مانا لە ناو بەستێنی خودی پووچگەراییدا بەمانای هەڵوێستی سەداسەد دژ لەبەرامبەر ئەم بیرۆکەیەدا نیە. رەنگە ئێمە هەمیشە بە جۆرێک لە جۆرەکان پووچگەرا دەمێنێنەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی ماناکان بەشێوەی زاتی لە جیهاندا بوونیان نیە و لە راستیدا خوڵقێندراوی دەستی مرۆڤن؛ یاخود لەبەر ئەوەی مەرگ وەک راستییەکی تاڵ بوونی هەیە و ئێمە جێناهێڵێ. بەڵام گرینگ ئەوەیە بتوانین بەردەوام مانا لە ناو ئەم بەستێنە ترسناکەدا بەرهەم بێنینەوە و بەم هۆیەوە ئاراستە بە ژیانمان بدەینەوە.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەیکە نووسین سەرەکیترین شێوازی چێکردنی بیر و مانایە لە جیهانێکی بێ مانادا. نووسین دەستەمۆکردنی پووچگەراییە و گەڕانە لە کەلێن و کونەبەرەکانیدا بە مەبەستی دۆزینەوە و سازکردنی مانا. دەنووسین چونکە خودی نووسین مانای ژیانە و رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ مەرگ. نووسین رەوتی بەردەوامی بەرهەمهێنانی مانایە لە بەرامبەر بەردەوامیی پووچگەرایی. جگە لە ئامرازی بەرهەمهێنان و کار، نووسین بوارێکی تری داهێنانی مرۆڤ و زیادکردنی بوونێکی ترە بە جیهان.

درێژەی هەیە...