شرۆڤە

داهاتووی پرسی... (٦)

محەممەد محەممەدمورادی

هەتا ئێستەش بەهۆی چڵ ساڵ ستەم و هەڵاواردنی ئابوورییەوە، ڕەوشی کوردستان گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە نەدیوە و نەک هەر ئیمکانی سەپاندنی حکوومەتی کرێکاری لە ئارادا نییە بگرە هێشتا هەمان ئەرکە دیموکراتیکەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و ڕانەپەڕێندراون.

 

داهاتووی پرسی نەتەوەیی لە ڕۆژھەڵات (٦)

کۆمەڵە - حکوومەتی کرێکاری (٢)

محەممەد محەممەدمرادی

 

وەک لە بەشی پێشوودا بەوردی باسم کرد بەپێی هەموو واقعیەتەکان، چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و چ لە ناوخۆی ئێران، بەداخەوە ئەبێ قبووڵی بکەین کە ئاسۆی حکومەتی کرێکاری هیچ ڕوون نییە. تەنانەت ئەگەر سەرەڕای ئەزموونی شکستخواردووی سۆسیالیزم لە یەک وڵاتدا - سۆڤیەت - هەوڵ بدرێت لە ئێران یاخود لە ڕۆژھەڵاتدا حکوومەتی کرێکاری دامەزرێت، دیسان هاوسەنگی و تەناسوبی هێزی چینی کرێکار ئەوندە نییە کە بتوانێ هێژمونیی خۆی بسەپێنێت. ئێران لەباری ئابوورییەوە خۆی وڵاتێکی دواکەوتووە لە پەڕاوێزدا و ڕۆژھەڵاتیش لە زۆربەی بەشەکانی ئێران دواکەوتووترە و لە پەڕاوێزی وڵاتێکی پەڕاوێزکەوتوودایە. ئەی کەواتە لەم ڕەوشەی ئێستادا کە (کۆمەڵە CPI) هەڵگری دروشمی حکومەتی کرێکارییە ئەبێ چی بکات؟

  وەکوو خۆم لەسەر ئەو باوەڕەم کە لایەنێکی کۆمۆنیست و پێشڕەو لە ئۆکسیجن زەروورترە بۆ داهاتووی ڕۆژھەڵات و ئەتوانێ دەوری سوپاپ ئیتمینانێک بگێڕێت کە ڕۆژهەڵاتیش بە دەردی باشوور نەچێت. بەڵام چۆن و ئەبێ چی بکات؟ بو وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئەبێ چەند هەنگاو بگەڕێینەوە دواوە.

-  پێش هەموو شتێک (کۆمەڵە (CPI ئەبێ لەم تەعارفە بێمانا خۆی دەرباز بکات و ڕاشکاوانە ڕایگەیەنێت جوغرافیای دیاریکراوی خەباتی ئەو حیزبە کوێیە؟ ڕۆژهەڵات یاخود ئێران؟ وەڵامەکەشی زۆر ئاسانە، ئەگەر ئەوندە کادر و تەشکیلات و لەوانە گرنگتر پێگەی کۆمەڵایەتیی لە سەرانسەر ئێراندا هەیە کە سبەی ڕۆژ بتوانێ لە تاران و قەزوین و قوم و کرمان و ئسفەهان و شیراز بنکە و بارەگا و مقەڕی هەبێت ئەوە ئیتر ئەساسەن هەر پێویست ناکات خۆی لە پرسی نەتەوەیی و کوردستانەوە بگلێنێت، بەڵام ئەگەر ئەم حیزبی سەراسەری‌بوونە زیاتر لەجبازییەکە لەگەڵ مێژوودا و وەک خۆیان و خەڵکیش ئەزانن پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەم حیزبە نەک هەموو ڕۆژهەڵات بەڵکوو بەشێکی ڕۆژهەڵاتە و ئیسرار و پێداگری لەسەر سەراسەری‌بوون ترس و لەڕوودامانە لە ڕەخنە و تانە و تەشەری چەند وردە جەریان و کۆمەڵێ چەپی ئێرانی باشتر وایە هەتا زووە بڕیاری خۆیان بدەن و ئەگەر پێویستیش بوو شەڕە تیۆریکەکەی دانێن بۆ ئێمە.

-  پرسێکی هەرە گرنگی تر، ماهیەتی ئەم حیزبەیە. چونکە ئەم پرسە ژیانی سیاسیی داهاتووی حیزبەکە دەستنیشان ئەکات. ئایا ئەم حیزبە حیزبی شۆڕشگێڕی چینی کرێکارە یاخود وەکوو باقیی حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات حیزبێکی سیاسییە، بەڵام بڕێک چەپتر. سەرەتا ئەبێ بزانین حیزبی شۆڕشگێڕی چینی کرێکار چۆن و بۆچی پێک دێت؟ چینی کرێکار بەردەوام لەبواری ئابووری و ئایدۆلۆژی و سیاسەتدا دژ بە سەرمایەداری لە خەبات و موبارزەدایە. هەندێک جار کرێکاران بەتەنها لەگەڵ خاوەنکارێک ڕووبەڕوو دەبنەوە کە لایەنی ئابووری بەخۆیەوە دەگرێت و هەندێک جاریش لە ئاستی سەراسەریدا خەبات بۆ خواستەکانیان دەکەن کە ئیتر لەگەڵ دەوڵەتدا ڕووبەڕوو دەبنەوە و ئەچێتە خانەی خەباتی سیاسییەوە. هەرچەند لە ئێراندا هەرجۆرە ناڕەزایەتییەک تەنانەت بەرامبەر بە یەک خاوەنکاریش بێت لایەنی سیاسی بەخۆیەوە دەگرێت. بۆیە چینی کرێکار حیزبی خۆی وەکوو تەشکیلاتێک بۆ خەباتی سیاسی دادەمەزرێنێت. ئەم خەباتە سیاسییەش دیسان دوو حاڵەتی هەیە، یان ئەوەی کە هەر لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا خەباتی سیاسی ئەکەن بۆ باشترکردنی هەلومەرجی کارکردن، کەمکردنەوەی سەعات کار و زیاترکردنی حەقدەست و بیمەی سڵامەت و بیمەی بێکاری و خانەنشینی و... یان ئەوەی کە چینی کرێکار وای لێکدەداتەوە شەرایتی عەینی و زێهنی ئامادەیە بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی و تێپەڕین و عبوورکردن لە خودی سیستەمی سەرمایەداری.

کۆمەڵە نەک هەر پاش پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەڵکوو لە سەرەتای دامەزراندنییەوە حیزبێک نەبووە کە بە مانا لێنینیەکەی لەلایەن کرێکاران و لە میانە و لە دڵی خەباتی چینایەتیی چینی کرێکاردا پێک هاتبێت، حیزبێک بووە کە لەسەرەوە و لەلایەن ڕۆشنبیرانەوە و بە خەت و بەرنامەی مائۆئیستییەوە دامەزراوە. هەر لە سەرەتاوە لەبری چینی کرێکار تەئکیدی لەسەر زەحمەتکێشان بووە. بەڵام زەحمەتکێشان کێ بوون؟ زەحمەتکێشان لە گوند و لادێکاندا جووتیاران و خەڵکی ڕەعییەت و چەوساوە بوون و لە شارەکاندا هەمان جووتیارانی پێشوو بوون کە کۆچیان کردبووە شارەکان و ئیتر ببوون بە هەژاری/تهیدستی شاری. کۆمەڵە ئەوکات بە پێی واقعییەتەکان هەنگاوی نا، کوردستان لە باری ئابوورییەوە کۆمەڵگایەکی زۆر دواکەوتوو بوو و ئەوەندەی بەرهەمهێنان و پیشەسازی تێدا نەبوو کە چینی کرێکاری پێشکەوتوو و ڕێکخراوی هەبێت و بتوانێ تەشکیلات و حیزبی خۆیان دامەزرێنن. بەپێی هەموو بەڵگەنامەکانی خودی ئەو حیزبە، خەباتی ئەوکاتی کۆمەڵە زیاتر لە ئاراستەی هەمان ئەرکە دیموکراتیکەکاندا بوو (پرسی نەتەوەیی، ئازادی، یەکسانی ژن و پیاو، هەڵوەشاندنەوەی دەرەبەگایەتی و...) کە ئەمانە ئەبووا بورژوازی جێبەجێی بکردایەتن.

 بێگومان هەتا ئێستەش بەهۆی چڵ ساڵ ستەم و هەڵاواردنی ئابوورییەوە، ڕەوشی کوردستان گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە نەدیوە و نەک هەر ئیمکانی سەپاندنی حکوومەتی کرێکاری لە ئارادا نییە بگرە هێشتا هەمان ئەرکە دیموکراتیکەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و ڕانەپەڕێندراون.

لەباری تیۆرییەوە لێنین کاری کردووە لەسەر ئەوەی کە ئەگەر لە کۆمەڵگایەکدا بورژوازی توانا و خواستی شۆڕشگێڕانەی پێویستی نییە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکە دیموکراتیکانە چینی کرێکار ئەبێ پێشقەدەم بێت و هاوکات لەگەڵ سەپاندنی هێژمۆنیی خۆی ئەم ئەرکانەش ڕاپەڕێنێت. ئەم ئەرکانە لە کوردستان ڕانەپەڕێندراون و ئێستە ئیتر بەتایبەت پرسی نەتەوەیی بووە بە دالە مەرکەزییەکەی هەموو جووڵانەوەیەکی سیاسی. 

با وای دانین کۆمەڵە(cpi) جوغرافیای خەباتی خۆی بە ڕۆژهەڵات دەزانێ، لە لایەکەوە ڕەوشی بزووتنەوەی کرێکاری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەشێوەیەک نییە کە بتوانێ یەک هەنگاو پاشەکشێ بە سەرمایەداری بکات و لەلایەکیشەوە فرەحیزبی و ڕەنگاوڕەنگیی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات کارێکی کردووە کە کۆمەڵە (CPI) بە زەحمەت بتوانێ هێژمونیی خۆی بەسەر دوو سێ  شاری ڕۆژھەڵاتدا بسەپێنێت. گومان لەوەدا نییە کە بەپێی باڵانسی هێز، ئەم حیزبەش لەباشترین حاڵەتدا دواجار هەر ئەبێ بچێتە ناو دەوڵەتی ئێتلافییەوە و حاڵەتە رەشبینانەکەش ئەوەیە کە لەلایەن هێزەکانی ترەوە بە هەمان دەردی شیوعییەکانی باشووریان ببەن. کەواتە ئەم حیزبە بە حەزی خۆی نییە و ناچارە ئێتلاف بکات. ڕەنگە ئێستە ناچار نەبێت، بەڵام لە داھاتوودا بێگومان ناچار دەبێت. جێی ئاماژەیە کە گشتییەتی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات، لانیکەم لە پێڕەو پڕۆگرامدا گشتییەتێکی سیکیۆلار و کەمتازۆر موتەرەقی و پێشکەوتنخوازن، بەجۆرێک کە کۆمەڵەCPI) تەنانەت ئەگەر لە مەوزەعی هێزیشەوە) ئێتلاف و هاوکارییان لەگەڵ بکات بەپێی هەموو پڕەنسیپە کۆمۆنیستییەکان و تێکستەکانی خودی مارکس هیچ هێڵێکی سوور تێناپەڕێنێت. پێویست بە گوتن ناکات کە بەشی سەرەکیی پێشکەوتنی وڵاتانی ئەورووپی دەرەنجامی بەشداریی حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەو وڵاتانەیە لە حکومەتدا.

بەپێی هەموو ئەم واقعییەتانە لە ئێستەدا ئەرکی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵەCPI ئەوەیە کە جەخت و تەئکید بکاتەوە لەسەر خاڵە پێشکەوتووەکانی هێزەکانی تر و نەک هەر چالاکانە بەشداری پێکهێنانی گشتییەتێکی یەکپارچەی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات بکات بەڵکوو پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی ئەم پڕۆژەیە بکات و زیاترین پێداگری بکات لەسەر پێکهێنانی مەجلیسی موئسسان. 

بەشەکانی داهاتوو تایبەت ئەبن بە سۆسیال دیموکراسی، سۆسیالیزمی دیموکراتیک و کۆدار، خاڵە هاوبەشەکان، ناکۆکییەکان و ئەرکەکانیان.

 

درێژەی هەیە...