شرۆڤە

بۆچی دەنووسین (١٢)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی نووسین پێمان دەڵێ تەنیا رێگای گێڕانەوەی رووداوە گەورەکان و گەڕانەوە بۆیان، تاکە؛ تاکێکی تێکەڵ بە ئەزموون و بە نۆستالۆژیا و بە داوای تێگەیشتن کە نایەوێ رووداوە گەورەکان بۆ هەمیشە وەک رابردوو بمێننەوە.

 

ژیانی مرۆڤ رەنگە تەنیا بەشی یەک رووداوی سەرەکی بکا. ئەو رووداوەی وا وەک هێڵێکی سوور بە ناو هەموو سات و کاتەکانی تەمەنی کەسێکدا تێدەپەڕێ و دەبێتە هەوێنی ژیانی. لەوەها حاڵەتێکیشدا هەموو رووداوە بچووک و کەم ماناکانی تر بە دەوری ئەم رووداوە سەرەکییەدا خۆیان دەتەنن و دەبنە تەواوکەری.

هەڵبەت رووداوە گەورەکان یاخود سەرەکییەکان مەرج نیە لە کاتی روودانیاندا بە درێژایی هەموو ژیانی کەسەکە وەک رووداو بەردەوام بێ. دەکرێ تەنیا ماوەیەک بگرێتەوە، بەڵام کارتێکەرییەکانی بەردەوام دەبن. بۆ وێنە بڕوانە 'شۆلۆخۆف'ی نووسەری رۆمانی دۆنی ئارام کە لە دووای بەشداریکردنی لە شەڕی ناوخۆی روسیا (شەڕێک بە درێژایی پێنج ساڵ) کاتێک دەگەڕێتەوە ماڵەوە دوانزە ساڵی رەبەق لە ماڵەوە خەریکی نووسینی ئەوەی دەبێ کە پێناسەی رووداوی سەرەکیی لە ژیانی ئەودا وەرگرتووە. بەم شێوەیە ئەگەرچی لە بێنەو بەرەی رووداوەکانی ئەو ساڵانە هیچ خەبەرێک نەماوە و ژیان و بە لایەکی تردا وەرسووڕاوە، بەڵام رووداوی سەرەکی و کارتێکەرییەکانی لە جێی خۆیان لە دەروونی ئەودا ماون و بگرە رەنگە ئەمجارەیە کە مانا تەواوەکانی خۆیان لای شۆلۆخۆف بە تەواوی وەردەگرن. چونکە ئەو ساڵانە ئەوەندە لە ناو گێژاوی رووداوە بە رواڵەت بە سەر و بەرەکاندا دەژیا کە رەنگە نەیتوانیبێ بەجوانی لێکیان بکاتەوە و لە مانایان بەگوێرەی پێویست بگا؛ بەڵام هەنووکە لە دووای تەواوبوونی هەموو شتێک حەدەسە گەورەکە دەگەڕێتەوە و لە زەین و دەروونی ئەودا دیسان خۆی دەنوێنێتەوە و ئەمجارە لە قاڵبی دەقدا خۆی دادەڕێژێتەوە. دەبینین کە هەنووکە نەک پێنج ساڵ شەڕی ناوخۆیی روسیا بەڵکو دوانزە ساڵ ئەم رووداوە سەرەکییە دەبێتەوە بە ژیانی ئەو و لە تەنیایی و بێدەنگیی ژووری نووسیندا بە کاوەخۆ دادەنیشێ و دیسان دەیگێڕێتەوە.

دیارە مەرج نیە رووداوی سەرەکی بۆ هەموو کەس لە چەشنی ئەزموونکردنی رووداوە مەزنەکانی ناو رەوتی مێژوو بێ. ئەگەرچی رووداوە گەورەکانی ناو مێژوو خەسڵەتێکی تریان هەیە و لە خۆیاندا هەڵگری چلۆنایەتی و چەندایەتییەکی ترن، بەڵام دەکرێ لە ژیانی هەر کەسێکدا رووداوێکی گەورە هەبێ کە هەموو ژیانی بە جۆرێک بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. بۆ وێنە ئەشق، کێشەیەکی بنەماڵەیی یاخود ئەزموونکردنی لەنەکاوی دیمەنێکی سەرسووڕهێنەری ناو سروشت. وا دەنوێنێ هەموو مرۆڤەکان لە رەوتی ژیانی خۆیاندا خاوەنی وەها رووداوگەلێکن. ئەوانەیشی وا خاوەنی نین، دەتوانین بڵێین کە نەبوونی ئەم رووداوە گەورانە بۆ ئەوان خۆی لە خۆیدا دەبێ بە رووداوە سەرەکییەکە! واتە یەکنەواختی ژیان و دووپاتبوونەوەی وەک یەکی ساتەکانی ژیان، بە بێ هیچ چەشنە بەرز و نزمییەکی ئەوتۆ، دەبێتە ئەو حەدەسە سەرەکییەی کە خۆی لە قەرەی حەدەسە گەورەکان دەدا. هەڵبەت بەو جیاوازییەوە کە لەم حاڵەتەدا رووداوی سەرەکی دەبێ بە رەوتێک بۆ هەموو ساڵەکانی تەمەنی کەسەکە. رەنگە لەم جۆرە ژیانەیشەوە بێت کە دەقە پووچگەراکان سەرهەڵدەدەن و ئێمە لەگەڵ چەمکێکی فەلسەفیی تر بەناوی پووچگەرایی ئاشنادەکەن. کەواتە دووپاتبوونەوە دەتوانێ خۆی لە خۆیدا رووداوی گەورە بێت. بگرە جاری وایە رووداوێکی گەورەی مێژوویی دەبێ بە رووداوێکی رۆژانە و لە دەقێکی وەک ئەفسانەی سیزیف دا وەسفی دەکرێتەوە. لە راستیدا ئەفسانەی سیزیف تێکەڵبوونی ژیانی رۆژانە لەگەڵ خەونە گەورەکان و دووپاتبوونەوەی بێهوودەییەکە کە ئەم دەقە هەوڵدەدا بینوێنێتەوە.

رووداوە گەورەکانی ژیان، وەک هەموو دیاردەکانی تری ناو ژیان، کاتێک دەبن بە رابردوو لەگەڵ نۆستالۆژیا تێکەڵ دەبن و لێرەوە خەسڵەتی تریش وەردەگرن. رەنگە لە نەبوونی ئەم نۆستالۆژیایەدا بۆ نووسەر زەحمەت بێ بتوانێ سەرلەنوێ پیایاندا بچێتەوە و بتوانێ بیانکا بە دەق. رووداو، کاتێک بەرگی رابردوو لەبەردەکا و دەبێ بە دیاردەیەک لە ناو شوێنە دوورەکانی رابردوودا، ئەو شوێنەی کە ئیتر قەت دەستی ئێمەی پێناگاتەوە، سیحرێکی تر پەیدادەکا و بە شیوازێکی تر خۆی پیشانی ئێمە دەداتەوە. بۆیە کاتێک دەچینەوە سەر رووداوە گەورەکان، دەبینین تەنیا رووداوێکی گەورەی ناو سات و شوێنێکی تایبەت نین ئەوەندەی رووداوێکن تێکەڵ بە هەست و نەستی ئێمە وەک تاک و وەک خۆمان.

یەکێک لە خەسڵەتەکانی رووداوە گەورەکان ئەوەن کاتێک دێن نازانین رووداوی گەورەن. بە هۆی ئەو کارەساتانەی وا لەگەڵ خۆیان دەیهێنن، بە هۆی هەڵگربوونی دیاردە دژبەیەکەکان و فراوانیی وردەڕووداوەکان و بێ سەرەوبەرەییان ئەوەندە لە خۆیاندا نوقممان دەکەن کە ناتوانین بگەینە قەراخەکانیان و وەک بوونێکی گشتی دەرکیان بکەین. لە جیاتی ئەوەی بتوانین دەرک بە خەسڵەتی رادیکاڵانەیان بکەین، زیاتر تیایاندا دەژین دیارە بە هەموو ئەو هەوڵانەی کە دەیدەین بۆ ئەوەی بتوانین بە جۆرێک دەربازبین. ئەوە تەنیا لە دووای تێپەڕینیاندایە دەزانین چ رووداوێکی گەورە بوون. دیارە ئەمەیش بە هۆی ئەوەوەیە کە رووداوە کۆمەڵایەتییەکان هەتا بە کۆتایی خۆیان نەگەن، وەک بوونەوەرێکی تەواو خۆیان نانوێنن و زیاتر لە کۆمەڵێک رووداوی وردی بێ شکڵ و بێ چوارچێوە دەکەن. بەڵام هەر کە زەمەنیان بەسەردا تێدەپەڕێ و وەک جەستە و بوونێکی تەواو خۆدەخەمڵێنن، ئەو جارە تێدەگەین کە رووداوێکی خاوەن لۆژیک و خاوەن مەنتقی خۆی بووە و هەموو وردەڕووداوەکانی نێوانی بە شتێکی سەرەکیترەوە گرێدراون و لە راستیدا خاوەن مانایەکی گشتین. مانایەکی گشتی بۆ پێناسەکردنی دەورانێکی تایبەت لە ژیانی ئێمە و لە ژیانی کۆمەڵگادا.

بەڵام مەرج نیە زۆر کۆمەڵگایش لەو توانایە بەهرەمەندبووبێ کە لە رێگای دەقەوە وەها رووداوگەلێک بنوێنێتەوە. بۆ وێنە لە کۆمەڵگای کوردی هەتا ئیستایش، سەرەڕای هەموو ئەو رووداوە گەورانەی روویانداوە، دەقی کوردی نەیتوانیوە لە ئاستی شیاوی خۆیدا بیانوێنێتەوە. بۆ وێنە شۆڕشی ئێران لە ساڵی پەنجاو حەوتی هەتاوی و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگای کوردی، شەڕی کوردستان و هەروەها شەڕی ئێران و ئێراق. تا ئیستا ئەمانە تەنیا کۆمەڵێک رووداوی گەورەن لە دەرەوەی دەقدا! رووداوگەلێکی لەم چەشنەیش ئەگەر نەکران بە دەق مانای ئەوەیە لە راستیدا رووداوی گەورە نەبوون و زۆر جێگای سەرنجی خەڵکی نەبوونە!

رەنگە نووسەری ئێمە ئەوەندەی دەتوانێ رووداوە گەورەکانی تایبەت بە ژیانی خۆی بەرجەستەبکاتەوە و بیانکا بە دەق، لە نوواندنەوەی رووداوە کۆمەڵایەتی، مێژوویی و سیاسییەکان دەستەوئەژنۆ بێت. ئەمەیش مانای ئەوەیە لای نووسەری ئێمە خەون و ئەزموونەکانی خۆی وەک تاک بەرجەستەترە تا هاوپێچکردنی ئەم خەونانە لەگەڵ رووداوە گەورە مێژووی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەمەیش غریب دەنوێنێ. لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵگایەکدا هێشتا چەمکی تاک لە مانای راستەقینەی خۆیدا نەخەمڵاوە و هێشتا نەریت بارێکی قورسە بە سەریەوە، سەرهەڵدانی وەها دیاردەیەک سەیردەنوێنێ.

هەڵبەت رەنگە بتوانین شیعریش بە تاوانبار بزانین. لە کۆمەلگایەکدا شیعر ئەرکی گێڕانەوەی مێژوو و کاریگەرییەکانی بەسەر تاکدا لە ئەستۆدەگرێ، دەقی چیرۆک و رۆمانیش غەدری گەورەیان لێدەکرێ. بۆیە عادەتگرتنی زەینی تاکی کوردی بە شیعر دەتوانێ هۆکارێک بۆ ئەم ئاوڕنەدانەوەیە بێت.

پێوەندی نێوان تاک و رووداوی گەورە، پێوەندی نێوان ورد و گشتە. لەم پێوەندەدا گشت لە رێگای وردەوە سەر لە نوێ خۆی دادەڕێژێتەوە و بۆیە دەبێتە گشتێکی بە تاککراو. ئەمەیش دەست نادا ئەگەر تاک نەتوانێ ئەوەندە لەگەڵ ئەو گشتەدا بژی کە لە دەروونی خۆیدا وەک گشتێکی بە تاککراو کۆی نەکاتەوە.

لێرەدا نووسین دەبێ بەو شوێنەی ئەم تاک و گشتە بەریەکدەکەون. نووسین دەبێ بە پانتایی گێرانەوەی رووداوە گەورەکانی ژیان، جا چ ئەو رووداوانە کۆمەڵایەتی و مێژوویی و سیاسی بن، یاخود رووداوێک بن تایبەت بە ژیانی کەسەکە بەڵام لەهەمان کاتدا هەژێنەر.

ئێمە دەنووسین چونکە دەکەوینە بەر هوروژم و کاریگەرییەکانی رووداوە گەورەکانی ناو ژیانمانەوە. دەنووسین لەبەر ئەوەی بتوانین دەربڕی ئەو نۆستالۆژیایە بین وا ئەم رووداوانە هەڵگرین. دەنووسین لەبەر ئەوەی بتوانین سەرلەنوێ لەو شتەی وا روویدا بگەین، هەم لەو و هەم لە خۆمان لەو کاتانەدا. دەنووسین چونکە دەمانەوێ بگەینە قەراخەکانی رووداوە گەورەکان و وەک گشتییەتێک هەستیان پێبکەین. نووسین، بانگهێشتکردنەوەی رووداوە گەورەکانە بۆ ساتەوەختی ئیستا، رۆچوونە بە ناخی خۆماندا هەم لەو کاتدا و هەم لە هەنووکەدا. دەنووسین لەبەر ئەوەی دەمانەوێ هەتا دەژین لەو رووداوە گەورەی بگەین وا هەموو ژیانی ئێمەی بۆ هەمیشە گۆڕی، جا چ بە حەق و چ بە ناحەق. نووسین، دۆزینەوەی خۆمانە لە ناو هێڵە بە رواڵەت ئاڵۆزەکانی رووداوەکاندا. ئەو رووداوانەی ئاڵۆز دەیاننواند، بەڵام لە راستیدا ئاڵۆزنەبوون. نووسین، بۆمان دەردەخاتەوە ژیان لە راستیدا وەک هەمیشە سادەبوو، بەڵام ئێمە بە هۆی کەم ئەزموونییەوە ئاڵۆزمان بینی.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی نووسین پێمان دەڵێ تەنیا رێگای گێڕانەوەی رووداوە گەورەکان و گەڕانەوە بۆیان، تاکە؛ تاکێکی تێکەڵ بە ئەزموون و بە نۆستالۆژیا و بە داوای تێگەیشتن کە نایەوێ رووداوە گەورەکان بۆ هەمیشە وەک رابردوو بمێننەوە.

درێژەی هەیە...