چیرۆک

دەنگی ویژدان

رەسوڵ سەفەریانی

لایان کردەوە، چەند چرکە باوڕیان بە چاویان نەدەکرد. رەنگە تەنیا لێکچوونێک بێت، بەڵام نا خۆیەتی. بێدەنگیێک خۆی دەسەپێنێت بەسەر جەوەکەدا، پاشان گۆڕینەوەی چەند نیگا لە نێوان ھەرچوار کەسەکەدا و لە کۆتاییدا ھەر سێ کەسەکە پێکەوە و بە حاڵەتێکی سەرسووڕمانەوە روو دەکەنە ئەم و دەڵێن: تۆۆۆۆیش!

 

دەنگی ویژدان

رەسوڵ سەرفەریانی

 

تۆ ھەمیشە ئەمە کارت بووە، بەدرێژای تەمەنت، بە تەمەنی درێژی مێژوو ھەر تۆ داردەس و گورز و تەناف و سێدارەت لێدروست کراوە. تۆ ھەمیشە ئامادەیت بۆ بەسەرباز بوون. لەلات گرینگ نەبووە و نییە کێ بتکڕێت،... تۆ کالایت و بۆ فرۆش خۆت داناوە. تۆ بوویت ھەموو پاشاکانت خولقاند، دەس و باڵت پێدان، ھەزاران چاو و چاودێریان لێدەرھات و تەنانەت توانیان بیرەکانیش پێش دەربڕینیان بخوێننەوە. ئەرێ ئەوە تۆ بوویت و تۆیت کە ئێستایش ئاگری کوانووی زوڵم بە تین دەھێڵیتەوە. مەڵێ کە من بە تەنیا ھیچ نیم و بێ منیش ئەم رەوتە دەڕوات. تۆی تاکیت کە سپا و لەشکری زوڵم پێک دێنیت. تۆی تاکی کە تاک دەکەیتە دەسەڵات، ئەگینا ھەموومان ھەر تاکین و کەسیش بە تاک نابێتە دەسەڵات ئەگەر ئێمە خۆمانی پێ نەفرۆشین. ئێستاش جانتایێکت کردووەتە شانت و بەردەوامیت.

 

جانتاکەی بە دەستەوە و لە بەر دەرکی فرۆکەخانە لە تاکسییەکە دابەزی. درگای تاکسیەکەی داخست، بەڵام پێش ھەڵگرتنی یەکەم ھەنگاو سەری پڕ لە خەیاڵی بەدەور خۆیدا سوڕاند. پاشان بێ ئەوەی دەنگی لێوە بێت بە خۆی وت: "زۆر باشە تا ئێرە کەس دیار نییە و نەمیدیوە." ھەرچەند ئەمەی پێ خۆش بووە، بەڵام ئەوەندە مێشکی سەرقاڵی کێشەی نێوخۆیی بوو رووداوە دەرەکییەکان زۆر کاری تینەدەکرد. جەدەلێکی ئەبەدی لە نێوان ئەھریمەن و ئەھورامەزدادا. شەڕی چاکە و خراپە و، خێر و شەر.

لەگەڵ یەکەم ھەنگاو دیسان ھاوارەکە مێشکی پڕ کردەوە و وتی دڵت بەوە خۆش مەکە بەوەی کەس ناتبینێت، خۆت دەزانی من دەتبینم. ئەی چ لەمن دەکەیت. رەنگە بتوانی خۆت لە ھەموو کەس بدزییەوە، یان درۆیان لەگەڵ بکەیت، بەڵام نە منت بۆ فریو دەدرێت و نە دەتوانیت خۆتم لێ بشاریتەوە.

ئەم قسەیە ئەوەندەی تر دڵی داگرت و قورسایی خەمەکەی زیاد کرد. بە داگیراویەوە ھەنگاوە قورسەکانی بەرەو درگای فرۆکەخانەکە ھەڵگرت. لە درگا سوڕخۆرەکە چووە ژوورەوە. یەکەم وێنە پڕ لە قەرەباڵغییەکەی نێو ھۆڵە گەورەکەی شوێنی تەحویلی بار و سەبتی پاسەکان، بڕێک چرچی خەمباریی و شەرمێونانەی لە روخساری کردەوە. بە چپە وتی ھا سەیرکە! بۆ پێت وایە کە ھەر تەنیا منم ئەم کارە دەکەم. بڕوانە ئەوانە، ئەو ریزی دوور و درێژەی سەرەکە، ھەر ھەمووی بۆ ئەوێ دەچن و ھەمووشیان خەڵکی ئەوێن و وەک من لێرە دەژین.

ـ باشە تۆ دەتەوێت بەم قسانە من فریو بدەیت یان خۆت؟ ئەو کەسانە لەوانەیە زۆریان لە رێگەی ھاوسەرگیرییەوە ھاتبێتن و لێرەیش ھات و ھاواریان نەکردووە کە ئەگەر بمنێرنەوە رژێم دەمکوژێت. ئەوانە بە ئێعتبار و سەرمایەی کەسانی تر درۆی خۆیان نەسەلماندوە. جیا لەوەش بەشێکیش لەوانە ئیش بۆ ئەو رژیمە دەکەن کە تۆ خۆت بە دژی لەقەڵەم داوە.

ـ  باشە خۆ من قەت کارم بەو رژیمە نەبووە و بۆ دەبێ ئێستا خۆم بە تاوانبار بزانم؟ منیش وەک ئەو ھەمووە، جیا لەوانە بە نەچوونەوەی من پێت وایە چی دەگۆردرێت. من بچمەوە یان نەچمەوە ئەو خەڵکە ھەر دەڕۆنەوە.

ـ با بچنەوە، وەک وتم ئەوانە جیاوازن و دەکرێت دابەشیان بکەیت بە سێ بەش. یەکەمیان ئەوانەن وا بە ئیش کردن یان ھاوسەرگیری ھاتوون، دووھەم ئەوانەن کە ھەر لەسەرەتاوە بە بۆنەی ئیش یان شتی ترەوە ھاتوون، بەڵام لە ئەساسدا پیاوی رژیمن. بەڵام دەستەی سێھەم ئەوانەن کە وەک تۆ سەرەتا وتویانە گیانمان لەمەترسیدایە، بە ھۆی بارودۆخی وڵاتەکەمان و کوشتن و ئێعدام و زیندانی کردنی بەردەوامی گەنجان و کەسانی خەباتگێڕ، باوڕیان بە تۆ و کەسانی وەک تۆش کردوە و ئیجازەی مانەوە و ھاوڵاتی بوونیان پێدراوە.

بەڵام من تازە بلیتم بڕیوە و کۆڵێ پارەم سەرف کردووە. ئێستا دەچم وخۆمیان تێکەڵ دەکەم و خۆمیان تێدا وندەکەم. ھەر ئەمجارە نەجاتم بێت ئیتر من بێت و قەت کاری واناکەم راست دەکەی منیان نەوتوە و ئەم خێڵە. ئەمانە جگە لە خۆیان بیر لە ھیچکەس و ھیچ شتێک ناکەنەوە. تەنیا ئەمجارە ئەویش لەبەر دایکم.

 

تەواوی رێگاکە لە ناو خەو و بێداریدا سوڕی دەخوارد. ژاوەژاوی خەڵکەکە و خەیاڵاتی خۆی تێکەڵ بە ھەستێکی تایبەت، ھەستێک کە پاش ساڵەھا باوش بە دایکیدا بکات، ھاوڕێکانی ببینێت. ئەوانەی کە سەردەمانێک بە ھۆی بەتاڵبوونی کیفەکەی باخەڵی ئەمەوە تیایاندا دایمە جۆرێک لە لوتبەرزی دەبینی. لەبەر خۆیەوە دەڵێت ئێستا ئیتر ناترسم کە بچین بۆ رەستوران یان بەستەنی خواردن، ئیتر تەعارفی خاڵی و پڕ لە ترس بە سەر گیرفانی بەتاڵدا ناکەم. ئەسڵەن خۆم داوەتیان دەکەم بۆ رێستوران.

 

ھەموو ئەو رێگا دوور و درێژەی کە تەیارەکە بڕیبووی بە لاییک، ئەو ماوەش کە لە پاسەکەدا بەرەو شارەکەی خۆیان دەبووا بیبڕێت بە لایێکی تر. جۆرێک لە بێ ئۆقرەی چووبووە گیانییەوە، ھەستی دەکرد کات ناڕوات. پاسەکە پڕ بووبوو لە پرخەپرخی موسافیرەکان، ئاخر دووریی رێگا و تاریکیی شەو تەنیا بە خەو کورت دەبێتەوە، ئەو شتەی کە ئێستا لە لای ئەم وەک کۆترێکێ تاراو فڕی بوو و نەیدەویست لانیکەمەکەی ئەمشەو بگەڕێتەوە ھێلانەکەی. چاوەکانی دەبەست و ھەوڵیدەدا وای بنوێنێت کە خەوتوە، بەڵام دڵ پڕ لە تامەزرۆیی دیدار مێشک وا لێدەکات کە وەک دەریای تۆفانی ئۆقرە لە ھیچ شوێنێک خۆی نەگرێت.

 

جادە لە باوشی شاردا و، شەو لە کۆشی بەیاندا ئۆقرەیان گرت و سەفەر لە کۆتاییدا بوو، بەڵام بێ ئۆقرەیی و سترێس لە دڵی ئەمدا گەیشتبوونە لوتکە. ھەرچی لە ساتی چاوپێکەوتن نزیکتر دەبووەوە قورسایی جۆرێک لە خۆشی و دڵەڕاوکێ زیاتر دەکەوتە سەر دڵی و دڵیش بۆ خۆڕاگرتن لێدانی توندتر دەکرد، ئەوەندە خێراتر و بەھێزتر کە دەنگی لێدانەکەی دەھاتە گوێی و نیگەرانی دەکرد کە ئەوەی لە نزیکیدا بێت ئەو دەنگە ببیسێت.

 

پاس گەیشتە تێرمیناڵ و لە ھاڕەھاڕ کەوت و ئۆقرەی گرت. مسافیرە خەواڵوەکان بەدەم باوێشک دان و بە بێتاقەتییەوە ھەستان و دەستیان دا جانتاکانیان و یەکەیەکە بە خاوەخاو چوونە خوارەوە. ئەم کە نە خەو لەچاوی نیشتبوو و نە باوێشکێک روخساری دەکێشا، بە رواڵەتێکی پر لە پەلەوە بە بێ ئۆقرەییەوە ھەوڵیدەدا ھەر چۆنێک بێت خێراتر رێ بۆ خۆ دەربازکردن بکاتەوە.

 

ھەر کە پێی بە عەرز گەیشت بە بێ ماتڵ بوون ملی رێگای بۆ دەرەوە گرتە بەر. لەگەڵ بینینی یەکەم ماشینی بەردرگا کە پرسی کار دەکەیت، وەڵامی ئەرێ بوو. بێ چاوەڕوانی دەستی دا درگای ماشینەکەو ھاوکاتیش بە سەر ئاماژەی دا بە کابرایش کە لە پەنای ماشینەکەیدا خەریکی جگەرەکێشان بوو، بە دەنگیش وتی با بڕۆین. کابرایش بێ سێ و دوو لەگەڵی سوار بوو.

 

شوفێڕەکە ھاوکات کە ئوتوموبیلەکەی ھەڵکرد، پێش رێکەوتن پرسیاری کرد: بۆکوێ؟ ئەویش ناوی گەڕەک و کۆڵانەکەی پێ وت. پاش ھاتنەدەر لە تێرمیناڵەکە شۆفیرەکە روویکردە ئەو کە لە کورسییەکەی پێشەوە دانیشتبوو

ـ لەوە ناچێت خەڵکی ئەم شارە بیت.

ـ با خەڵکی ئێرەم ھەر لێرەش لەدایک بووم. بۆچی پرسیارت کرد؟

ـ یەکەم ئەوەی خەڵکی ئێرە بە گشتی سەرەتا لە قیمەت ئەپرسن، بەڵام ئێوە نەتان پرسی. دووھەمیشیان دەموچاوت ئاشنا نەبوو، ئەتوانم بڵێم قەت نەتمدیوە. خۆت ئەزانی لە شاری بچوک پیاو ھەر رۆژێک لە شوێنێک بۆ یەکجاریش بووە بە رێبواریش بووبێت یەک دەبینێت.

ـ راستە، من لێرە ناژیم.

ـ ئەتوانم بپرسم لە کوێ دەژیت؟ ھەرچەند خۆم گومانێکم ھەیە؟

ـ گومانەکەت بڵێ.

ـ لە دەرەوەی وڵات، لەوانەیە لە ئورووپا بژیت.

ـ راستە، رێک وایە.

ـ ئەوە بۆیە باسی پارەت نەکرد. زۆریش بە پەلە بوویت.

ـ  ھەم ماندووم و ھەمیش زۆر تامەزرۆی بینینی دایکمم. ئاخر نازانێت ئەمڕۆ دێمەوە.

ـ ئێستا لەوانەیە لە خەویش ھەڵنەستا بێت. چەند ساڵە نەتبینیوە؟

ـ نزیکەی سێ ساڵە، ئاخر یەک جار ھاتوە بۆ لام.

ـ کە وابێت خۆت لە مێژە  لە دەرەوەیت.

ـ نزیکەی شەش ساڵ.

ـ سیاسی بوویت؟

پاش کورتە وەستانێک وەڵامێکی سارد و کورت:

ـ نا!

ھەر خێرا بەدووایدا بۆ ئەوە باسەکە بگۆڕێت دەڵێت:

ـ شار زۆر گۆڕاوە، پڕ بووە لە بینای تازە. ئا ئەم مەجموعە ھەمووی تازەیە. چەندە ئاپارتمانی تیا روواوە.

ـ بەڵێ وایە. فەرموتان کام کۆڵان؟

ـ ھەر ئەوەی دووھەم بڕۆ پێشتر.

کابرا ئوتوموبیلەکەی لێخوڕی بۆ نێو کۆڵانەکە و بە ئارامی دەڕۆیشت بۆ ئەوەی ماڵەکەی نەدەزانی. تا ئەم وتی ئا لێرە دەستت خۆش بێت. کابرا بە ئارامی تەقریبەن لە ناوەڕاست کۆڵانە بێ دەنگ و چۆڵەکەدا تورمزی گرت. ھاوکات لەگەڵ موسافیرەکەی لە ئوتوموبیلەکەی دابەزی و سەیرێکی خانووەکەی بەرانبەری کرد کە ماڵێکی دوو نھۆمی بوو و ژنێک لە بەر باڵکۆنی روو بە کۆڵان و حەوشەکەی بینی کە راوەستابوو. سەیرێکی موسافیرەکەی کرد کە درگای ئوتوموبیلەکەی داخست و ئەیویست بۆ پارەپێدانەکەی بێت بۆ لای شۆفێرەکە، بەسەر ئاماژەی کرد بۆ باڵکۆنی ماڵەکە و وتی:

 

ـ دایکت خەبەرە و چاوەڕێتە، سەیری کە.

ـ ئەوە ماڵی ئێمە نییە، ئەمەی بەرانبەری ماڵی ئێمەیە. ھاوکات دەستی کرد بە  گیرفانیا و بڕێک پارەی دەرھێنا و کرێکەی پێشکەش کابرا کرد و، سپاسی یەکیان کرد و کابرا رۆیشت.

 

دڵەخورپە، کە لە زۆریی تامەزرۆیی دیدارەوە ھەموو جەستەی گرتبوو، بە بۆنەی قسەکردن لەگەڵ شۆفێرەکە کەمێک دامرکابوو، ئێستا لەپڕ وەک بورکانێک ھەلیدا و جۆرێک لە لەرزین دەستوپێی گرتبوو. بۆ ھێوربوونەوە چەند چرکەیێک لەبەر درگا راوەستا و سەیرێکی دەوروبەری کرد، ژنە جیرانەکەیان ھەر لەوێ بوو و بێ چرکە سەیری ئەمی دەکرد. ئەم نیگای لە نیگای قورسی ئەو دزییەوە و نوساندی بە زەنگی ئایفۆنی درگاکەوە. ئەمجا دەستی کێشا بۆ دوگمەی زەنگەکە و فشاریدا. دەنگێکی لۆلۆلۆلۆ لای ئەمەوە بیسرا. پەنجەی لابرد و چاوەڕی بوو. لەبەر خۆیەوە وتی ئێستا خەوتویشە. زۆر زووە ھێشتا کەس ھەڵنەستاوە، جگە لەو ژنە، ئەویش لە ساخ ناچێت. دەستی بەرەوە دوگمەی ئایفۆنەکە راکێشاوە، بەڵام پێش ئەوەی فریا بکەوێت ڤشاری بدات، خرەی ھەڵگرتنی گوشییەکە لەوسەرەوە بیسرا.

ـ کێیە؟

ـ منم دایە بیکەوە.

ـ تۆ کێیت بەم بەیانییە زووە؟

ـ دەنگم ناناسی، کوڕەکەت.

چەند چرکەیێک بێدەنگ بوو، پاشان قرتەی کرانەوەی قفڵی درگاکە ھات. ئەمیش نەوی لە جانتاکەی و پاڵی لە درگاکەوە ناو بەرەو ناو حەشەکە وەڕێکەوت. چووە حەوشەکە سەری بەرەو درگای ھاڵەکە ھەڵبڕی، دایکی بینی کە بە حاڵەتێکی ناباوڕانە و سەیر راوەستابوو. کاتێک چاوەکانی دەنگە ئاشناکەی کوڕەکەی تەئید کرد و دڵنیا بوو کە کوڕەکەیەتی، ناباوڕی و سەرسوڕمان ونبوون وجێگەی خۆیان دا بە بزە و خۆشی و قفڵی درگای چوونەژوورەوەی ھاڵەکەی  کردەوە.

 

لەباوەشگرتن و ماچبارانێکی دوور و درێژ دەستی پێکرد. پاش ئەوەی ھەردووکیان تاسەکانیان بە ماچ ژمارد، کوڕەکەی وتی باشە دایەگیان ئیزنم بدە با پێڵاوەکانم داکەنم. بەم شێوەیە ماچ و لەئامێزگرتنی یەکەم کۆتایی ھات. ھاوکات کە ئەو خەریکی کردنەوە و داکەندنی پێڵاوەکانی بوو، دایکی وتی تۆ ناترسی من لە خۆشیانا سەکتەبکەم وا بێ خەبەر دیتەماڵەوە.

ـ راستە دایەگیان، بەڵام وتم با زۆر چاوەڕوانی ئازارت نەدات. ئێستاش ئەترسام خەوتبێتی، ئاخر شار چۆڵ و ھۆڵە و کەس ھەڵنەستاوە، جگە لەو ژنەی بەرانبەرتان کە لەو باڵکۆنە وەستابوو ئیتر یەک تاقە بەشەر دیار نەبوو.

ـ لە راستیدا من ھەستام بۆ نوێژی بەیانی، ئیتر ھەر لەخۆوە خەوم لێنەکەوتەوە. ئەڵێی دڵم خەبەری دەزانی.

ـ لەوانەیە ئەو ژنەیش دڵی بۆ شتێک لێداوە وا بەم بەیانییە زووە لە باڵکۆن وەستابوو.

ـ کام ژن؟

ـ ئەمەی بەرانبەرتان، ناڵێم ھەر ئەو لەبەر باڵکۆنەکە راوەستابوو.

ـ ئەھا ئامینە خانم دەڵێیت. ئەو فەقیرە لەو رۆژەوە کوڕەکەی گیراوە ھەمیشە لەوسەرە رادەوەستێت. ئەڵێن ھەر چاوەڕوانە.

ـ لەسەر چی گیراوە؟

ـ نازانم رۆڵە دەڵێن سیاسی بووە .

بە بیستنی ئەو رستە شڵەژا و چووە فکرەوە و چەند چرکەیێک زەینی چووە سەر قسەکانی زەمیری کە پێش ھاتنەوەی بەردەوام سەرزەنشی دەکرد و، ھەوڵی دەدا پەژیوانی بکاتەوە لە ھاتنەوەی.

دایکی ئەو تێکچوونەی لە کوڕەکەیدا ھەست پێکرد، بۆیە پرسی:

ـ ئەوە چی بوو  کوڕم؟ بۆچی وا چوویتە فکرەوە و شڵەژای؟ کوڕەکەی دەناسی؟ خۆ ئیشەللا تۆ سیاسی نیت.

ـ نا نا ھیچ نییە. نا من سیاسی نیم،... کوڕی ئەویش ناناسم.

ـ نەوەڵلا سیاسی مەبە، دەست بە کڵاوی خۆتەوە بگرە و کارت بە کەس نەبێت. بە خوا بێت و شتێک بۆ تۆ رووبدات، من شێت ئەبم و لە ئامێنەخانمم خراپترم بە سەردێت. بە خوا ڕۆڵە ئەڵێن ئەوەندەیان ئەشکەنجە داوە ناتوانێت بڕوات بە رێگادا. ئەڵێن حوکمەکەی ئێعدامە. دایکی شێت بووە. ھەر دەڵێت کوڕەکەم دێتۆ، خۆی قەولی داوە. توخوا رۆڵە ئاگات لەخۆت بێت. دانیشە سەر کار و ژیانی خۆت لە خوا بەزیاد بێت ھەموو شتێکت ھەیە. ھەقت بەسەر ھیچۆ نەبێت.

 

ماندویی رێگا و نەخەوتنی شەو و قسەکانی دایکی قورسایێکی خستبوە سەر شانی و ھەستی بە بێ ھێزی دەکرد. بۆیە بە دایکی وت زۆر ماندووم، ئەمەوێت وەنەوزێک بدەم و بڕێک بحەوێمەوە. دایکیشی وتی وا بکە، تۆ بڕێک بخەوە منیش تەلەفونێک ئەکەم بۆ مناڵەکان با بزانن ھاتویتەوە.

دایکی پێخەفی بۆ راخست لە ژورێک و ئەمیش چوو بخەوێت. ھەر سەری کردە سەر سەرینەکە جەستەی ماندووی وەک تا ئاردێکی بێ ھەست قورس راکشا، بەڵام مێشکی سەرقاڵی تێکەڵاویێک لە ترس و دوودڵی بوو. شتێک بوو کە نەیدەزانی چۆن باسی بکا، یان باشترە بڵیین نەیدەوێرا باسی بکات. شتێک کە بیستبووی، بەڵام قەت کەس بە روونی بۆی نەدرکاندبوو. شتێک کە دەبێت ھەرکەسەو خۆی ئەزموونی بکات و لەدڵی خۆیدا حەشاری بدات و شاراوە ڕایبگرێت، وەک ئەزموونەکانی نێوجێگای خەو، بۆ باسکردن نابێت. بۆیە تەنیا دەیتوانی بیشارێتەوە و تەنیا ویژدانی ئاگادار بوو لەو شتە. ئەو کە ھەر لەسەرەتاوە دەنگی دەدا و ھەموو ئەوانەی بیر دەخستەوە کە ئەمڕۆ وەک نووکەچەقۆ جارجار تا دڵی دەچەقێت. بیری لە ئەوھەموو نووکەچەقۆیە دەکردەوە کە ویژدانی لێیدەدا. ھەروەھا لەوەی کە دەبێت تا چەند رۆژی تر بە سەفەرێک تەکلیفی کێشەی نێوان خۆی و ویژدانی یەکلا بکاتەوە. بە خۆی دەڵێت ژیان وانابێت. وەستان لە نێوان دوو بەردەئاشدا ژیان نییە. ئەبێ یەکیان ھەڵبژێرم.

سەیری کاغزەکەی دەستی دەکات، دەبینێ دروست ھاتووە،  لە تاکسیەکە دادەبەزێت و بە بێ دوو دڵی دەچێتە بەر پرسگەکە و پرسیاری شوینی دیاریکراو دەکات و رێنوێنی وەردەگرێت و دەرواتە جێگەکە. پێی دەڵێن دانیشە چاوەڕێ بکە بانگت دەکەن.

زۆر دادەنیشێت، ماندوو دەبێت، ماندووی دەکەن. دەیەوێت پرسیاربکات. جوابی نادەنەوە و رایدەگرن. پاشان بانگی دەکەن. لێی دەپرسن چیت دەوێی؟ پاسەکەم. کابرای پشت مێزەکە پیدەڵێت پاس بە بەلاش نادرێتە دەس کەس. تۆ پەروەندەت ھەیە لە ھەندەران دەژیت و ھەزاران کردەوەی نایاساییت بەرانبەر بەم نیزامە کردووە. ئەم دەڵێت من ھیچ کارێکی نایاساییم نەکردوە، قەت دژی ئەم نیزامەش نەجوڵاوم. پێی دەڵێن ئەمانە ناخوات یان پاست نابینیت و بە دەیان تاوان لە زیندانت دەکەین یان چیت پێدەڵێین دەیکەیت. ئەم دەڵێت ئێوە لە خۆتانەوە ناتوانن بوختانم بۆ ھەڵبەستن من ھیچ بۆ ھیچ کەس ناکەم. من کەسێکی بێلایەنم و حەزیشم لەمکارانە نییە. کابرای پشت مێزەکە بە سەر ئاماژە بەو سەربازە دەکات کە لە تەنیشت درگاکەدا ڕاوەستاوە کە قۆلبەستی بکەن و بیبەن بۆ زیندان. کابرا دەڵێت با بڕێک لەوێ بیت جا دەزانی کە ئێمە چی ئەتوانین بکەین. ئەم دەنگ بەرزدەکاتەوە، ھاوار دەکات و دەڵێت من ھیچ تاوانێکم نەکردووە و ئێوە حەقتان نییە من راگرن. سەربازەکە رایدەکێشێت و کابرا دەڵێت بیبە با بزانێت حەق چییە. ئەم دەنەڕێنێت و ھاوار دەکات و دەیەوێت قسە بکات، بەڵام پێش قسەکردن بە دەنگی براکەی دادەچڵەکێت.

چاو دەکاتەوە دەبینێت ھەموو برا و خوشکەکانی لەوێن. لێی دەپرسن ئەوە چی بوو بە دەم خەوەوە دەتناڵاند و ھاوارھاوارت بوو. وادیار بوو خەونت دەبینی. ئەمیش کە ئێستا ئیتر خەبەری بووبووەوە و دانیشتبوو، وتی ھیچ نییە رەنگە ھی ماندووی بێت. ھەستا و دەستی کردە ملیان و خۆشحالی دەنواند.

پاش ئەو خەوە مێشکی زۆر سەرقاڵی ئەو بابەتە بوو. ویژدانی دایمە دەیپرسی ئێستا دەتەوێ چ بکەی. پێش تێکەوتن بیر لە ھەموو شتێک بکەرۆ.

 جارجار ئەو کاتانەی وا ویژدانی ماندوو دەبوو بەدەست حەرەکەتەکانی ئەمەوە و سەرخەوێکی دەشکاند، ئەم بەدزییەوە بیری لەوە دەکردەوە لێرە  خانوو و دوکان و زەوی بکڕێت. جارێکیان بەخۆی دەگوت کە ویژدان قسەی قۆڕە و پیاو دەبێت بیر تەنیا لەخۆی بکاتەوە و لە داھاتوەکەی. بە ویژدان و ئەخلاق و پرێنسیپ بێت...  ویستی بڵێت  پیاو بە ھیچ ناگات. بەڵام وشەی  پرێنسیپ بۆ یەک چرکە بردیەوە بۆ ھەندەران، بۆ ئەو شەوەی وا لە لای ھاوڕێیەکی میوان بوو، ئەو کاتە ھێشتا ئێقامەی وەرنەگرتبوو، باسی ھاتووچۆی ھاوڵاتیانیان دەکرد. ئەم بە تووڕەییەوە دەیگوت: "ئەگەر ئەو خەڵکە تەنیا تۆسکاڵێک پرێنسیپیان ببێت لەبەر رێزی خۆشیان بێت قەت ناڕونەوە بۆ وڵات. ئەمە یانی چی ئەگەر خۆتانیش درۆتان کردبێت و موشکلەتان نییە، لانیکەم پرێنسیپتان هەبێت و رێز لەوانە بگرن کە ئێستا گیانیان لە مەترسیدایە." ھاوڕێکەیشی بەگەرمی قسەکانی ئەمی تەیید دەکرد و دەیگوت ئەگەر ئەوانە مۆراڵیان ببێت و درۆکانی خۆیان بەم رۆیشتنەوەیان بۆ ئیدارەی مھاجرەت نەسەلمێنن و ئێعتمادیان بە ئێمە کەم نەکەنەوە، ئیتر ئەوندە بۆ کەسانی وەک تۆش سەختی ناگرن. ئەم رستانە وەک بروسکە بە ئاسمانی ئاڵۆزی مێشکیدا تێپەڕی، بەڵام  خێرا خۆی لێدزییەوە و بیری بردەوە سەر ئاکامی کڕینی ملک و پارە خەواندن لە وڵات.

دووانیوەڕۆ بە مەبەستی سەردانی ھاوڕێکانی لەماڵ ھاتەدەر، بە بێ ئەوەی خۆی بیەوێت نیگای لەودیو درگای حەوشەکەیانەوە وەک تۆپێک کەوتە بالکۆنی ماڵەکەی بەرانبەریان. دایکەکە ھەر لەوێ بوو، بە خێرایی چاوەکانی بەدەم تروکاندنەوە کێشایەوە نێو کۆڵانەکە، بەڵام خەیاڵی بۆ ماوەیێک لەوێ مایەوە. ھەوڵیدا بە بیرکردنەوە لە یەکەم دیداری لەگەڵ نزیکترین ھاوڕێی سالانی زووی بێتەوە ژیانی خۆی. حەزیدەکرد بە پەلە بچێتەوە ئەو کۆڵانانەی وا منداڵی خۆی تێدا بەجێ ھێشتبوو، بەڵام ھاوکات زۆر تامەزڕۆی دیداری ھاوڕێکانیشی بوو. حەزیدەکرد پێش ئەوەی ئاگاداری ھاتنەوەی ببن، بیانبینێت و سورپرایزیان بکات. بۆیە بە تاکسی چوو بۆ دوکانی ھاوڕێ نزیکەکەی. دەیزانی کە بە عادەت ئەوانی تریش دەھاتن بۆ ئەوێ. بە پەلە لە تاکسییەکە دابەزی و سەرێکی بەدەوروبەری خۆیدا سوڕاند، خەلکێکی زۆری بینی، بەڵام کەسی نەدەناسی. خۆی گەیاندە دوکانی ھاوڕێکەی، چووە ژوورەوە و لەناو درگاکەدا راوەستا. بە ھاوڕیی خاوەن دوکانەکەیەوە سێ کەسی لێ بوو، سەرقاڵی قسە بوون. ئەم وەک تارماییێک سێبەری خستە سەر چاوییان. لایان کردەوە، چەند چرکە باوڕیان بە چاویان نەدەکرد. رەنگە تەنیا لێکچوونێک بێت، بەڵام نا خۆیەتی. بێدەنگیێک خۆی دەسەپێنێت بەسەر جەوەکەدا، پاشان گۆڕینەوەی چەند نیگا لە نێوان ھەرچوار کەسەکەدا و لە کۆتاییدا ھەر سێ کەسەکە پێکەوە و بە حاڵەتێکی سەرسووڕمانەوە روو دەکەنە ئەم و دەڵێن: تۆۆۆۆیش!

 

تۆۆۆیش، تۆیش،... ئەم وشەیە و دەنگی ھاوڕێکانی، سێ ھاوڕێی کۆن ھەر لە مێشکیدا کە وەک ئەشکەوتێکێ چۆڵ ھەستی بە بەتاڵی دەکرد، دەنگی دەدایەوە و پرسیاری دروست دەکرد. مەبەستیان چی بوو لە وتنی بەو شێوەی "تۆیش"؟... منیش چی؟ منیش...

ھەر بەم بیر وخەیاڵانەوە ھەموو ڕێگاکەی لە ھەوای تاریک و لێڵی ئێوارەدا بەرەو ماڵی دایكی كوتا. لە چەند مەتری ماڵەوەدا وەک بڵێی دەنگێک بانگی بکات ملی بەرەو بالکۆنی جیرانەکەیان وەرسوڕاند، ژنەکە ھەر لەوێ بوو.

 

لە ماڵەوە براکانی و خوشکەکانی و ماڵ و مناڵیان کۆببوونەوە و، دەنگە دەنگ و قرم و قاڵێک رێکەوتبوو کە کەس ئەمی لەبیر نەمابوو. ئەمیش مێشکی پڕ بوو لە دەنگەکەی ئێوارە. حەزیدەکرد باسی بکات بەڵکو ئەوان بزانن ئەمە یانی چی، بەڵام ھاوکاتیش دەترسا لەوەی ئەم "تۆیش"ە جۆرە تەوسێکی خراپ بێت بۆیە بڕێک سڵی دەکرد لە گێڕانەوەی، بۆ ئەوەی کەس نەزانێت نزیکترین ھاوڕێکانی چۆنیان لەگەڵ ھەڵس وکەوت کردووە. جگە لەم، ھەموو خێزانی ماڵەکە قسەیان دەکرد و پێدەکەنین. دایکی جاروبار دەھات و ماچێکی دەکرد. براکەی سەرنجی بێدەنگییەکەی ئەمی دابوو، بۆیە پرسیاری کرد بزانێت بۆ وا ماتە. ئەم کە وەسوەسە و خەیاڵی پاسەکەی و ھەڵسوکەوتی ھاوڕێکانی وەک خەمێکی قورس سەر دڵ و لێوی گرتبوو و نەیدەتوانی لێیان دەرباز بێت، ھەلەکەی قۆستەوە و بە زەردەیێکی سارد و بێ رەگەوە روویکردە براکەی و وتی ھیچی وا نییە تەنیا بیر لەڕابردوو دەکەمەوە. دەبینم ھەموو شتێک گۆڕاوە، تەنانەت ئینسانەکان، ھاوڕێکان، شار و کۆڵان و... تەنانەت گاڵتە و مەتەڵەکانیش. ئەرێ راستی ئەمە یانی چی کە بە حاڵەتێکی کێشدارەوە پێت بڵێن "تۆۆۆییش"؟

ـ بۆچی،... کێ وای پێوتی؟

ـ ھاوڕێکانم ئێوارە کە منیان بینی واقیان وڕما و پاشان پێکەوە وتیان "تۆۆیشش" و، پاشان دایان لە قاقای پێکەنین.

ـ لێیگەڕێ کاکە ھیچ نییە گاڵتەیان لەگەڵ کردووی.

ـ باشە دەزانم گاڵتە بوو، بەڵام یانی چی؟ منیش چی؟

ـ ئێستا ھەر کەس کە لێرە ھەڵاتووە و لە ھەندەران ئێقامەی وەرگرتوە و دەگەڕێتەوە  پێی دەڵێن "ئەویش تەقاندی".

ـ تەقاندی یانی چی؟

ـ لێگەڕێ کاکە گیان، ئیتر با زۆر شی نەکەینەوە. گوێی مەدەرێ.

کاکە مات بوو. بیری لەوە دەکردەوە کە ئەم چەندە تامەزرۆی دیداری ئەوان بوو. لای وابوو ئێستا دەبێ ئەوانیش ھەر وەک ئەم شاگەشکە بن و فرمێسکی شادی بە دیداری بڕێژن. بەڵام کەس وای نەکرد، کەس. ھاوکات بە خۆی دەگوت لێرە ئەمان پێکەوەن و ھەست بە نەبوونی ئەم ناکەن، بۆیە ئەو تامەزرۆیی و حەزی دیدارەیان قووڵ نییە.

مێشکی ئاڵۆز و مەلی خەیاڵ ھەر تاو لە دارێک دەنیشت. وڵاتی خۆی و ھەموو شتەکان، تەنانەت ھاوڕێکانی لێ نامۆیە. تەنیا چەند ساڵ دووری و ژیان لە دونیایێکی تر خۆڵی فەرامۆشی داوەبەسەر ھەست بە بوونی ئەودا لە ھەموو بارێکەوە. لای ئەم تاسە و تامەزرۆیی و نوستالژی، لەوبەرەوە لەبیربردنەوە و فەرامۆشی و نەناسینەوە. خەیاڵ لە سەر بیری بەیانی نیشتەوە، بەیانی کە دەبێت وەڕێکەوێت بۆ ئەوەی دووبەیانی بۆ وەرگرتنەوەی پاسەکەی لە شوێنی دیاریکراو بێت.

لەم بیرانەدا بوو  کە دایکی ھات و لەلای دانیشت، ماچێکی کرد و وتی ئەرێ ئەوە بۆ وا داڵغە لێیداوی. بیر لە چی دەکەیتەوە؟

ـ شتێکی وا نییە دایەگیان . کە ھاتمەوە لە تەیارەخانەی ئێرە پاسەکانمیان گلداوەتەوە و کاتیان بۆ دیاریکردووم کە دووبەیانی بچم وەریبگرمەوە. ئێستا بیرم لەوە دەکردەوە کە بەیانی بچم بلیتێک بکڕم و ئێوارەکەی رێکەوم بۆ ئەوەی بەیانییەکەی زوو لەوێ بم.

ـ بۆچی گلیانداوەتەوە؟ مەگەر خۆیان پیان نەداویت؟

ـ نازانم، بەڵام ھیچ نییە وەریدەگرمەوە.

ـ خوا ھۆشی پێتەوە بێت و بتپارێزێت. لەوانەیە داوای بەرتیل و شتی وا بکەن، بیاندەرێ و خۆت دەرباز بکە. شاخ مەگیرێنە شاخیان.

ـ سپاس دایەگیان! تۆ نیگەران مەبە ھیچ نییە، پێم ئەدەنەوە.

 بەیانییەکەی بلیتی کڕی و ئێوارە بەرەو ئەوێ وەڕێکەوت. رێگاکە دوورودرێژ و ئەمیش لە موسافیرەکان کەسی نەدەناسی. بۆیە زۆرتر بە چاوی قونجاوەوە خەریکی بیرکردنەوە بوو. بیری لەوە دەکردەوە کە ئەگەر ئاکامی ئەم پاسە وەک خەوەکەی لێبێت چ بکات. ئەگەر وای لێ بێت و رایگرن بڵێی چەندەی پێ بچێت تا بەریدەن. لەوە خراپتر ئەوەیە کە ئەگەر شتی وا رووبدات و پاش ماوەیێکی درێژ بەریبدەن ھەم ئیش و کارەکەی ھەندەرانی لە کیس دەچێت و ھەمیش ئیتر ناتوانێ ھاتووچۆ بکات. ھاوکات وڵاتی جێ نیشتەجێ بوونی دەزانێت کە ئەم ھاتووچۆ دەکات، مەترسی لێسەندنەوەی ئێقامەکەی ئەبێت. جیا لەوە خۆ ئەگەر ئەمان بمگرن وڵاتی نیشتەجێ بوونم ھەوڵ بۆ ئازادیم نادات چون ئەوان پێمیان وتوە بۆ ھەموو شوێنێکی ئەم دونیا بڕۆیت وەک شارۆمەندی ئێمە ئازادیت، ئێمەش لە کاتی موشکلەدا پشتگیریت دەکەین جگە لە وڵاتی خۆت. بیری لەو پارانەی دەکردەوە کە بە رەش و سپی کۆی کردبووە و ناردبووی بۆ براکەی و ئەویش ملک و خاکی بۆ کڕیبوو، چی لێ دێت و چۆن بیانکات بە ناوی خۆیەوە. رێسی خەونەکانی ھەمووی دەبێتەوە بە خوری. بەڵام ئەگەر...

ـ ئەگەر چی؟ ئەگەر چاو ببەستی و بیر لە ھیچ نەکەیتەوە و پێ بنی بە سەر ئەخلاق و شەرەف و مۆڕاڵ و ویژدانتا و بیانخنکێنیت و دەنگیان ببڕی بۆ ئەوەی نەبنە لەمپەری ڕێگەت، بۆ ئەوەی تۆ بتوانی پاساوی کردەوە چەوت و ناشرینەکانت بدەیتەوە.

ـ تۆ بێڵا من خەیاڵەکەم بکەم. مەگەر تۆ نابینیت رۆژانە چەندەھا کەس وەکوو من و گەورەتریش لە من دێنەوە و ھاتوچۆ دەکەن و مەعامڵە دەکەن و...

ـ با دەیبینم و دەیشزانم ھەمووی ئەوانە سەرەتا دەستی دڕندانەیان ناوەتە بینی تەنیا جیاوازی ئینسان و حەیوان بوونی خۆیان. دەبینم و دەشزانم کە ئەم کۆمەڵگای ئێمە بۆیە وا بێ رۆح و سەرناکەوتوە چونکا ھەموویان چەقۆی تەماحیان ناوەتە ملی ئەخلاق و ویژدان و خۆیان  لەوانە بەتاڵ کردوەتەوە. ئەوانە تۆ دەیانبینیت لە مرۆڤ بوون تەنیا شکلەکەیان لای خۆیان ھێشتوەتەوە.

ـ باشە لە وەھا کۆمەڵگایێکدا بە تەنیا من چم پێ دەکرێت جگە لەوەی قوربانی دەبم و ھیچم بە ھیچ نابێت. بۆیە ئەگەر منیش وەک ئەوان نەکەم، دەبم بەژێرەوە.

 

ـ  ئەمڕۆ دەڵێیت من ھیچم پێ ناکرێت چوار رۆژیتر کە منت لە کۆڵ خۆت کردەوە دەڵێیت بە من چی ئەوخەڵکە چییان بەسەر دێت. پاشان وەک ئەو بەتاڵ لە ئەخلاقانە دەبیتە دڕندە و بۆ قازانجی خۆت دەیانکەیت بە پرد و بەسەریاندا دەڕۆیت. بەڵام با بزانیت کە ھەر ئینسانێک بەرپرسایەتی ئەخلاقی خۆی ھەیە و بە ھیچ پاساو نادرێتەوە. ئەخلاق بناغەی ژیانی کۆمەڵایەتییە، بە بێ ئێمەی ئەخلاق ئێوە تەنیا کۆمەڵێک حەیووانی ترسناکن کە بە چەکی عەقڵ نەک ھەر بۆ خۆتان بەڵکو بۆ بوون بە گشتی مەترسیسازن.

لێرەدا پاسەکە گەشتە بەرەوە و، کاتی دابەزین بوو. ئەمیش ھەلەکەی گواستەوە بۆ خۆی، بە پەلە دابەزی و ھەوڵیدا بەم شێوە خۆی لە دەنگ و نوتقی ویژدانی دەرباز بکات. چوو بەرەو شوێنی تاکسییەکان و بەرەو شوێنی مەبەست رێکەوتن. ویژدانی بەپەلە و ھەڵاتن خۆی کرد بە تاکسییەکەدا و وتی چییە خەریکی بەجێم دێڵیت و لەکۆڵ خۆتم دەکەیتەوە. بەڵام ئەم ھەرچی زۆرتر لە ھەوای ئەو وڵاتەی ھەڵدەمژی ئاسانتر بیری لە لەقەبرنانی ویژدانی دەکردەوە. گۆێی خۆی لێ خنیبوو و دەنگی ویژدانی نەدەبیست و وەک لەمپەرێک و موزاحمێک دەھاتە بەرچاوی. ویژدانیشی ھەر درێژەی دەدا و دەیگوت: تەنیا پێویستیت بە ھانێک و پاساوێکە تا بچێتە ریزی ئەو سەربازانەی کە بە فرۆشتنی ئەخلاقیان ھیتلر و ئاغەکان و شاکان و دیکتاتۆرەکانیان خولقاند. ئەخلاق تەنیا لەمپەری سەر رێگای بەرەو خراپە رۆیشتنە. تەنانەت زانست و زانیاریش ناتوانێت مرۆڤایەتی بپارێزێت.

ئەخلاق تا بەر دەرکی شوێنی دیاریکراو لە گەڵی بوو، ھانیدەدا بۆ ئەوەی کە نەکات، لێی دەپارایەوەو وەگ سەگ دەیقروسکاند و ھەوڵیدەدا ساحێوەکەی بپارێزێت لە فەساد و بەتاڵبوونەوە، بەڵام لەبەر درگاکەدا بەستیوە بە داربەرقێکەوە و خۆی چووە ژوورەوە. پاش وەرگرتنەوەی پاسەکانی لە درگایێکی ترەوە بەرەو شەقام بووەوە.

 

 Bilderesultat for skygge kunst