شرۆڤە

"نیگابان" رۆمانێک بۆ دوای ترس

رزگار لوتفی

هەرچەندە رۆمانەکە لە یاسای یاڵ بە یاڵ پێڕەوی دەکات و تەپۆڵکە بە تەپۆڵکە داگیری دەکات بەڵام لە فۆڕمێکی بازنەییدا دەچێتە پێش‌ و پێدەچێت بە کەوانی گەمارۆیەکدا بئاژوێ‌ کە پڕۆسەیەکی پڕ رووداوو تژی لە وێنە ساپۆرتی بکات. ئەو پڕۆسەیەی کە نوێنەرایەتی ئۆستوورەیەکی کۆنی ئێرانی دەکات لەم چیرۆکەدا بە دیزاین و فۆرمێکی نوێی"دوا زەمەن"ی‌یەوە. 

 

رۆمانی "نیگابان"م خوێندەوە.

گەر ئەدەبیات بە داهێنانی هەستی نوێ دابنێین وهەمووشمان لە سەر ئەم وتەیە کۆک بین کە: "گەر لە رێگای دەقەوە هەستێکی نوێ بخوڵقێ سەداسەد کارتێکەر دەبێ و گەریش پێچەوانەی ئەمە روو بدات بە نەزۆکی دەمێنێتەوە"، ئەوا ئەم رۆمانە دەچێتە بازنەی داهێنانەوە و راشکاوانەش دەری ‌دەبڕم کە جگە لەوەی وەک کارێکی جیاواز هەستی سەرپڕی بزواندم و کاری تەواوی تێکردم ئاسۆیەکی جیاوازیشی لە ئەدەبیات‌دا بۆ من کردەوە.

 

"نیگابان" رەوایەتی مڵملانێ‌ و چەنە بە چەنەی دوو کەسایەتی سەرەکی ژیانە بە ناوەکانی: مرۆڤ‌ و سرووشت، واتە لە بەستێنی ئوستوورەیی ئەم رۆمانەدا ناتۆڕالیسم (سرووشت‌گەرایی) بە واتا ناسکەکەی نا، بە مانا زبرەکەی وەک ماشینێک دەکەوێتە کار و پرۆسەی بە باوک‌کردنی سیامەک (ئەکتەری سەرەکی رۆمانەکە) بە ئەنجام دەگەیەنێت. بەو مانایەی لە چەمکە رۆژئاواییەکەیدا باوک ‌کوژی‌یەک روو ئەدات و بە چەمکە رۆژهەڵاتییەکەی، کوڕکوژی، کە ئەم کوشتنەش بە دەستی کەسایەتییەکی جیاواز دەکرێ کە ناوی راستەقینەی:"سرووشتە!"

 

گەر بمهەوێ بڕێک باسەکە بکەمەوە دەبێ ئاماژە بە جەوهەری چیرۆکەکە بدەم و دواتر لە سەر پشتی ئەو ئاماژەیەوە بینای خوێندنەوەکەی خۆم چێ بکەم.

 

پەیمان ئیسماعیلی نووسەری رۆمانەکە لە خەڵکی کرماشانە و لە دایک‌ بووی ساڵی ١٣٥٦ی هەتاویە‌. پێشتر دوو کۆمەڵە چیرۆکی لە ژێر ناوەکانی:"گیرفانەکانی بارانی‌یەکەت بگەڕێ"و"بەفر و سەمفۆنیای هەوری" چاپ و بڵاو کردۆتەوە. لە ساڵی ١٣٨٧ دا کۆمەڵە چیرۆکی "بەفر و سەمفۆنیای هەوری"، خەڵاتەکانی:١- توێژەران و نووسەرانی میدیاکان ٢- گوڵشیری ٣- ئەدەبی مێهرەگان ٤ـ روژێ رۆژگارێ‌ی بردەوەو بووە ناوێکی ئاشنا بۆ چالاکوانانی بواری ئەدەبیات لە ئێراندا. دوای ئەم سەرکەوتنانە و پڕۆپاگەندەی بەربڵاوی میدیاکان، پەیمان ئیسماعیلی چووە خەفاوە و بۆ ماوەی ٦ساڵ لە پیشانخانەی میدیاکان دابڕاو فەزاکەی بە ئارامی زرینگاندەوە. تا ئەوەی لە ساڵی ١٣٩٢دا دیسانەوە بە رۆمانێکی جیاواز بووەوە بە مانشێتی سەرەکی سایت ‌و بڵاڤۆک‌ و زۆربەی هەرەزۆری میدیاکان. رۆمانێک کە دەوترێ ترووسکەیەکە بۆ کردنەوەی دەلاقەیەی نوێ لە ئەدەبیاتی داستانی ئێراندا. کەسایەتی سەرەکی چیرۆکەکە سیامەکە، کە بە منداڵی لە گەڵ بنەماڵەکەی ‌و لە جاددەیەکی باشووری کوردوستانی ئێراندا تووشی کارەساتی پێکدادانی ئۆتۆمبیل دێ‌ و لەو رووداوەدا باوکی سیامەک(کیوومەرس) لە شیشەی پێشەوەی ئۆتۆمبیلەکە فڕێ‌ دەدرێتە دەرەوە و دەمرێت. هەر بەو کارەساتە سیامەکیش نەزۆک دەبێ‌ و فەترەیەکی زۆر لە ژیانی، لە حەسرەتی بوون بە باوک تێدەپەڕێ ‌و ئەم ئەرکەی لە پرۆسەی بەرە وپێش‌چوونی چیرۆکەکەدا بە سرووشت دەسپێردرێ ‌و لە کۆتایی‌دا و پاش ئەوەی پرۆسەکە بە ئەنجام دەگات و دەبێتە باوک، بە شێوازێکی ناخوێنی و جیاواز لە نەریتی باو، ئەو ئاواتەشی وەدی دێت. پاش گەورەبوونی سیامەک و دوای ئەوەی دەبێتە ئەندازیار، تاران جێ‌ دێڵێ‌ و لە خاڵێک لە بیابانەکانی باشووری ئێراندا دەگیرسێتەوە و کار بۆ کۆمپانیایەک ‌دەکات کە ئەرکی راکێشانی بۆری گازی لە ئەستۆیە. لەو بیابانەدایە کە گەرای روودانی گەورەترین کارەساتی ئەکتەری سەرەکی رۆمانەکە" سیامەک" دەچێندرێ‌ و بە شێوەیەکی سامناک‌ و لە وێنەگەلێکی هونەریانەی سیخناخ لە ترسی دەگمەندا پیاوێکی خۆجێیی بە دەستی دەچێت. دوای ئەوەی لە فەزایەکی پڕ لە خۆف و دڵەڕاوکە و شڵەژاودا هاکەزایانە تەرمەکەی لە شوورەی بۆرییەکاندا دەنێژێ بۆ ئانێک هەست دەکا سنوورە پۆڵایینی‌یەکانی ترسی بەزاندووە و لە مەملەکەتێکی جیاوازی زەینی‌دا باڵای هەڵێناوەتەوە. ئەوەندەی پێ ناچێ شەپۆلی موولەرزەی کارەساتەکە راپێچی دەکاتەوە بەرە و تاران و دواتر لە ناوچەی قەندیل ‌و لاجانی سەر بە شاری پیرانشار دەیگیرسێنێتەوە. پاشان بە هیوای دەربازبوون لەو وەزعەی تێی‌کەوتووە و بە ئۆمێدی بەزاندنی سنوور، لە گەڵ کوێستان و کڕێوە و رووداوگەلێکی سامناکدا دەست ‌بە یەخە دەبێ ‌و زەمەنی دوای ترسە گەورەکە ئەزموون دەکات. لێرەدایە کە سرووشت و دالەکانی ئەم پاژە لە چیرۆکەکە ئەو رایەڵ ‌و پۆ دەستکردانەی لەوەپێش بۆی چنرابوون و هەیمەنەی مرۆڤ‌بوونی خۆی لە سەر بونیاد نابوو لێکبەر دەبن‌ و دەگەڕێتەوە بۆ خوو و خەدە ئاژەڵییە کۆنەکەی خۆی‌ و لە سرووشتی واقعی و بنەڕەتی خۆی نێزیکی دەخاتەوە. هەر لەم شوێنەشدایە کە مەودای نێوان گورگەکان و مرۆڤەکان بەر تەسکتر دەبێتەوە و سەر و کەللـەی بوونەوەرانێکی نامۆ بە دیار دەکەون کە؛ نە بە گورگ دەژمێردرێن و نە بە مرۆڤیش!

 

هەرچەندە رۆمانەکە لە یاسای یاڵ بە یاڵ پێڕەوی دەکات و تەپۆڵکە بە تەپۆڵکە داگیری دەکات بەڵام لە فۆڕمێکی بازنەییدا دەچێتە پێش‌ و پێدەچێت بە کەوانی گەمارۆیەکدا بئاژوێ‌ کە پڕۆسەیەکی پڕ رووداوو تژی لە وێنە ساپۆرتی بکات. ئەو پڕۆسەیەی کە نوێنەرایەتی ئۆستوورەیەکی کۆنی ئێرانی دەکات لەم چیرۆکەدا بە دیزاین و فۆرمێکی نوێی"دوا زەمەن"ی‌یەوە. ئەو ئۆستوورەیەی بە خوڵقاندنی کیوومەرس و گایەک بە دەستی ئاهوورامەزدا دەست پێدەکات و بڕیارە تا سەر هەرمان بێت، بەڵام دوای ئەوەی لە لایان دێوزمەی سەرماوە فریو دەخوات و ناوی دەکرێتە کیوومەرس(ئینسانی فانی)، پاش سی ساڵ دەمرێت‌ و سێ‌ تووخمی لە دوای جێ دەمێنێت، کە لە یەکێکیان سیامەک بەرهەم دێت. شایانی باسە خوێنەری ئەم رۆمانە ئەگەر زانیاری لە سەر ئۆستوورە کۆنەکانی ئێرانی نەبێ رەنگە نەتوانێ بنەماکانی ئەم چیرۆکە بە باشی شرۆڤە بکات ‌و لە گەڵیاندا پەیوەندییەکی ئەوتۆ بگرێت، هەر چەندە بە هۆی ئەو دیالۆگ و فەزا دەستکردانەی کە تا لاپەڕەکانی ٤٠ و دواتریش درێژە دراون رەنگە تووشی پرینگانەوەش ببێت.

 

هەندێ جار کاتێک فەزاسازی بە چڕی ئاوێتەی ترس و خۆفێکی لە ڕادەبەدەر دەبێ، رەنگە خوێنەری ساکار ببا بەرە و ئەو ئاقارەی کە پەیمان ئیسماعیلی بەم بەرهەمەی ویستوویەتی ئاشتەوانییەکی سەردەمیانە لە گەڵ ژانڕی گوتیک‌دا بکات و ئەفڕاندنانەو خوڵقێنەرانە مامەڵە لە گەڵ ئەم جۆرە ئەدەبیاتەدا بکات، بەڵام کاتێک توێکانی ژێرەوەی چیرۆکەکە هەڵدەدەینەوە و بنچینەیەکی ئۆستوورەیی دەبینین کە چەندە بە هەیبەتەوە لەو جێگایەدا خەمڵیوە دەست‌ بە جێ بەو قەناعەتە دەگەین کە ئەگەر بە باشی لێکچواندنەکانی بەینی ژانریکی نەناسین لەوانەیە لە خوێندنەوکانماندا تووشی هەڵەی سیستماتیک ببین و بۆ مێژوو دادوەرییەکانمان بخەینە ژێر پرسیارەوە. ئەو بە لاڕێدا چوونانەش راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیری و دەسەڵاتی نووسەرەکەیەوە هەیە کە تا چ رادەیەک دەتوانیبێتێ خوێنەرەکانی بۆ زۆرانبازی بانگهێشت بکات.

 

هیوادارم بەم زووانە، دەقە کوردییەکەی لە کتێبخانەی کوردیدا ببینم.