شرۆڤە

 مرۆڤ، کائینێکى ئاڵۆز

                    

محەمەد نەبى

ئاڵۆزى  و نائاشکرایى و تەمومژ لە خەسڵەتە سەرەکییەکانى مرۆڤن. زێدەڕۆیى نییە، ئەگەر بڵێَین بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ، هێندەى ژمارەى مرۆڤەکان پێویستمان بە مانا و پێناسەو ڕاڤەى جودا هەیە. 

 

زانین تەنها ژوورێکە لە ماڵ

نەزانین کۆشکێکە پڕ لە ژوور

((هیوا قادر))

مرۆڤ ئەو بوونەوەرەیە کە ناخرێتە چوارچێوە و پێناسە ناکرێت، هەمیشە لە پێناسەو سنوربەندیى رادەکات و لە دەرەوەى دەستورو قاڵبەکانەوە دەبینرێتەوە، هەر هەوڵێک بۆ پێناسەکردنى، هاوکات هاتنە کایەى پێناسەیەکیترە پێچەوانەى ئەو پێناسەیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازى لە بیرکردنەوە و تێڕوانیندا، هەروەها هەر مرۆڤەو خاوەنى تایبەتمەندیى و دانسقەیى خۆیەتى جیاواز لەوانیدى؛ ئەمەش لەخۆیدا چەندەها پێناسەى جودا جوداى بەرهەمهێناوە؛ هەموو ئەو پێناسە جۆراوجۆرانەش دەلالەتى ئاڵۆزى و پەنهانیى ئەو بوونەوەرەن، کە ناوى (مرۆڤ) ە. لە مرۆڤدا پنتێک (بەشێک) هەیە هەمیشە بە نادیارى ئەمێنێتەوە؛ رەگێکى ئینسانى هەیە، کە ناگیرێ و شیاوى تێگەیشتن (لێ حاڵیبوون) نییە: ئاڵۆزى  و نائاشکرایى و تەمومژ لە خەسڵەتە سەرەکییەکانى مرۆڤن. زێدەڕۆیى نییە، ئەگەر بڵێَین بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ، هێندەى ژمارەى مرۆڤەکان پێویستمان بە مانا و پێناسەو ڕاڤەى جودا هەیە. ئەوەى لەم باسەدا مەبەستمە: وێناکردنى ئینسانە وەک بوونەوەرێک لە دەرەوەى سنورو چوارچێوەکانەوە، پێناسەکردنى ئینسانە لە (پێناسەنەکردن)دا، ئەمەش رێم پێئەدا پێداگیرى بکەم و بڵێم: (مرۆڤ بوونەوەرێکى پێناسە نەکراوە) بە رەهایى نابەسترێتەوە بە ناوچەو دین و کلتور و فەرهەنگێکى دیاریکراو. وە ئەو مرۆڤەى دەمەوێ وێناى بکەم؛ مرۆڤێکى موسوڵمان و مەسیحى و جولەکە و مرۆڤێکى کورد یان عەرەب یاخود ئەوروپایى نییە، چونکە هەموو ئەمانە هەلومەرجێکى مێژووین، نەک ئەزەلى، ئەوەى من مەبەستمە (مرۆڤ) ە وەک خەڵقکراوێکى داماڵراو لە کلتور و دین و ناوچە و عەشیرەت و خوێندەوارو نەخوێندەوارو....هتد، چونکە هەموو ئەمانە دەتوانن ببنە بەشێک لە پێناسەو حەقیقەتى مرۆڤ، نەک هەموو حەقیقەتەکە، وە خاڵى سەرەکییش لەم باسەدا ئەو بەشەى مرۆڤە کە پێناسە ناکرێت و دەرناکەوێت و نابەسترێتەوە بە هەڵومەرجە مێژووییەکان.

     بە درێژایى مێژووى فیکر و مەعریفە سەدان لێکۆڵینەوە دەربارەى مرۆڤ کراون و هەوڵدراوە پێناسە بکرێت، بەڵام بە هیچ جۆرێک دوا لێکۆڵینەوە و دوا پێناسە نابینین، بەو واتایەى هەمیشە لێکۆڵینەوەى زیاتر و پێناسەى جیاوازتر سەرهەڵەدەن. ئەگەر مرۆڤ بابەتێک بوایە تەعریف کرابا، ئەوا دەمێک بوو لێکۆڵینەوەکان کۆتایى دەهاتن و دوا پێناسەشمان ئەدیت، بەمەش وێنەیەکى چەسپاوى مرۆڤمان ئەبینى، کە دەبووە شوناسێکى جێگیرى مرۆڤ.

ئەگەر بەخێرایى بە مێژووى مەعریفەدا بچینەوە، دەبینین چەندین قوتابخانەى فیکرى و فەلسەفى و سۆسیۆلۆژى و سایکۆلۆژى و ئەنترۆپۆلۆژى و..... دروستبوونە، کە لە هەوڵى ئەوە دابووینە مرۆڤ بناسن و پێناسەى بکەن و لایەنە شاراوەکانى بخەنە بەر رۆشنایى تێگەیشتن، زانستێکى سەربەخۆش هەیە کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە مرۆڤ، ئەویش (ئەنترۆپۆلۆژیا) یە، ئەنترۆپۆلۆژیا بە کوردى (مرۆڤناسى): زانستى مرۆڤ :ئەو زانستەى لە مرۆڤ دەکۆڵێتەوە. ئەگەرچى هەریەک لەو زانستانە هەوڵیانداوە مرۆڤ بناسێنن و هەریەکە پێناسەى تایبەتیى خۆى بۆ کردووە، بەڵام دواجار پێناسەکان کەمایەتییان هێناوە و توشى ئیشکال بوونەتەوە و سەرەڕاى ئەوەى چەندین رەخنەشیان لێگیراوە، هەڵبەتە بۆچوونەکان ستایشیش کراون و  بەشێک لە حەقیقەتى مرۆڤیان دۆزیوەتەوە، بەڵام ئەوەى بۆ ئێمە جێى سەرنجە دیوە نادیارو بێشووناسەکەى مرۆڤە، بۆیە ئەمانەوێت دیوە کورتهێنەکەى پێناسەکان زەق بکەینەوە.

   ئەگەر سەرەتا لە روانگەى ئایینەوە لە مرۆڤ وردبینەوە، دەبینین، کە خودا تەنها کتێبێکى بۆ مرۆڤ نە ناردووەو تەنها یەک پێغەمبەریشى بۆ هەڵنەبژاردووە، بەڵکو خودا زیاد لە کتێبێک و زیاد لە پێغەمبەرێکى بۆ هەڵبژاردووە بۆ رێنوێنیکردنى و رۆشنکرنەوەى ژیان و بوونى و تێگەیشتن لە خۆى و لە دونیا: گۆڕانى مرۆڤ و ناجێگیریى دۆخى مرۆیى و هاوکات لەگەڵیدا گۆڕانى سەردەم، وایکردووە تەنیا کتێبێک بەس نەبێ بۆ مرۆڤ (ئەمە جگە لە هەزاران کتێب کە هەر مرۆڤ دەربارەى خودى خۆى نوسیونى) بە واتایەکیتر: ناجێگیرى و دینامیکییەتى مرۆڤ، واى کردووە کتێبەکانیش بگۆڕێن (تەنانەت کتێبە یەزدانییەکانیش ). مرۆڤ ئەوەندە ئاڵۆزە خودا زیاد لە کتێبێک و زیاد لە پەیامبەرێکى بۆ ناردووە. مرۆڤ ئەو مەخلوقەیە، کە لە ساتێکەوە بۆ ساتێکیدى ئەگۆڕێ ؛ تێڕوانین و بیرکردنەوەکانى ئەگۆڕێن، ئەو مەخلوقەیە کە لە پنتێکدا جێگیر نابێ، بۆ تێگەیشتنیش لێی، هەمیشە لە بەشێکى بچووکى تێئەگەین، ئەوەى تێیناگەین بەشێکى گەورەترە لەوەى تێیئەگەین. بە گەڕانەوەمان بۆ باوەگەورەى مرۆڤ (ئادەم) ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە سەرەتاکانى دەرکەوتنى مرۆڤ، پڕە لە ئاڵۆزى و  گرێ کوێرەو ناجێگیرى و بڕیارى ئاڵۆزو سەیر، کە بەڵگەى ئاڵۆزیى مرۆڤن: سەرەتا کە خودا ئادەم دروستدەکات، بە ئادەم دەڵێ، کە لە سێوەکە نەخۆن، بەڵام (ئادەم) ئەو (مەخلوق)ەیە، کە گوێ بە قسەى (خالق) نادات و لە سێوەکە دەخوات، ئەگەرچى لەم رووداوەدا (ئیبلیس) رۆڵێکى گەورە ئەبینێ لە هەڵخەڵەتاندنى ئادەمدا، بەڵام ناشبێ بکەرى سەرپێچییەکە فەرامۆشکەین، کە (ئادەم) ە.

ئەوەى لەم رووداوەدا کۆمەکمان دەکات لەوەى بڵێین: (مرۆڤ بوونەوەرێکى ئاڵۆزە) ئەو پرسیارانەن، کە لە دەرئەنجامى رووداوەکەدا بەرەو روومان دەبنەوە: بۆچى ئادەم قسەى ئەو خالقە دەشکێنێت، کە درووستى کردووە؟! ئایا لە پشت ئەم کارەوە چ پاڵنەرێک هەیە؟! ئادەم ئەو بوونەوەرەیە، کە خودا بە جوانترین شێوە خەڵقى کردووە: [ لقد خلقناالانسان فى ڕحسن تقویم] سورەتى (التین) ئایەتى (4 )..وە ئەو بوونەوەرەیە کە خودا رێزى لێناوە:[ ولقد کرمنا بنى ادم] سورەتى(الاسرا) ئایەتى ( 70). ( ئەگەر لێکدانەوە سەتحییەکان بڵێن کە لەم ئایەتەدا خودا مەبەستى رێزگرتنە لە منداڵ و نەوەکانى ئادەم، چونکە لە ئایەتەکەدا هاتووە: [ بنى ادم ] ، نەک خودى ئادەم، بەڵگەیتر بۆ ئەم رێزەى خودا بەرامبەر ئادەم ئەوەیە، کە خودا ئەمر بە فریشتەکان ئەکات بەوەى سەجدەى رێز بۆ ئادەم بەرن)_ (سەجدە نەبردنى ئیبلیس بۆ ئادەم و خواردنى سێوە قەدەغەکراوەکە لەلایەن ئادەم، دوو کردارن مرۆڤ و ئیبلیس لە دیوێکدا هاوشان ئەکات و کۆیان دەکاتەوە ئەویش: بێ ئەمریکردنى خالقە؛ ئەمەوێ سەرکێشیى وێکچوویى مرۆڤ و ئیبلیس بکەم لە دیوێکدا ئەویش لاساریکردن و نەڕاوەستییە، سەرکێشییە، بێئۆقرەییە ، تاقیکردنەوەى ئازادییە، دەستلێدانە لە سنورەکانى مەحاڵ، وە هەرگیزیش نامەوێ چاوم بنووقێنم لە ئاست دیوە فریشتەییەکەى مرۆڤ، واتە ئەو بەشەى مرۆڤ کە لە خودا ئەچێت: ئەڵێن کە خودا مرۆڤى لەسەر شێوەى خۆى درووستکردووە).

 هەر لەسەرەتاکانى مێژووى مرۆڤدا دەمێنینەوە و لە رووداوێکى فەنتازیى تردا ورد ئەبینەوە، ئەویش رووداوى (کوشتنى هابیلە بە دەستى قابیلى برایەوە): بۆچیى قابیل هابیل ئەکوژێت؟ ئەوە چ رەگێکە لە ئینساندا کە هێندە قوولڕ و نائاسایى بێت بەوەى دەستى بچێتە خوێنى براکەیەوە؟! ئەوە چ پاڵنەرێکە، کە زاڵ دەبێ و پێدەنێ بەسەر هاوخوێنى و برایەتى و مرۆڤبوونەوە؟!! ئایا مرۆڤ کائینێکى ئاڵۆز و سەمەرە نییە لەوەى دەستى دەچێتە خوێنى براکەیەوە؟! ئەمە ئەمانباتەوە سەر گوتە بەناوبانگەکەى تۆماس هۆپز (مرۆڤ گورگە بۆ مرۆڤ) ئەوەى لێرەدا سەیرە ئەوەیە، کە بۆچى مرۆڤ گورگ بێت لە دژى مرۆڤ؟!

ئاڵۆزى و نائاشکرایى و تەمومژو لێڵییەکانى مرۆڤ، بەشى هەرەزۆرى رەوت و تیۆرە و قوتابخانەکانى مەعریفەى بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، بە جۆرێک بە درێژایى مێژووى فیکرو مەعریفە قۆناغێک نابینینەوە، کە تێیدا ئیشکردن لەسەر مرۆڤ بەشى هەرە زۆرى فیکرى داگیر نەکردبێ؛ چەندین پێناسەى جۆراوجۆر لە روانگەو بۆچوونى جیا جیاوە بەرهەمهاتوون، بە جۆرێک هەر رەوت ء قوتابخانەیەک بە پێى ئەو بنەمایانەى باوەڕى پێیەتى پێناسەى کردووە، ئەمە جگە لەوەى هەمان ئەو رەوت و قوتابخانانە، لەناو خۆیاندا دیدو بۆچوونى لێکدژو جیاوازیان هەبووەء بەمەش پێناسەى لێکدژ و جیاوازیش هاتوونەتە کایەوە:

لە رووى سایکۆلۆژییەوە( دەروونناسى) مرۆڤ پێناسە ئەکرێ بەوەى ( بوونەوەرێکى سایکۆلۆژییە ) ئەمەش واتە هەموو کارو کاردانەوەکانى وابەستەى دەروونن و رەهەندێکى دەروونیان هەیە. لە لایەنى سایکۆلۆژییەوە، پێویستە ئاماژە بەو شۆڕشە مەعریفییە بکەین، کە ( سیگمۆند فرۆید ) بەرپاى کرد، ئەویش دۆزینەوەى ئەو رووبەرە نادیارە بوو کە ناوى ( نەست_ لاشعور ) ە. نەست ئەو پانتاییە بزرەى مرۆڤە، کە زۆربەى کردەوەکانى لەوێوە سەرچاوە ئەگرن، ئەو شۆڕشەى فرۆید شۆڕشبوو دژى ئەو باڵاڕەوییەى عەقلڕ و هەست، کە هەر لە ئەفڵاتوون و ئەرستۆوە سەرچاوەى گرتبوو تا سەردەمى فرۆید درێژ ببووەوە، راشیۆنالیستەکان(ئەوانەى باوەڕیان بە رۆڵى عەقلڕ هەبوو) و  ئیمپریستەکان ( ئەزموونگەراکان_ئەوانەى باوەڕیان بە رۆلى هەست و ئەزموونى رۆژانەو دەرگیربوون لەگەڵ شتەکاندا هەبوو) مرۆڤیان دابەشکردبووە سەر عەقڵ و هەست و لەمەدا کورتیان کردبووەوە، ئیتر فرۆید دێت و گورزێکى کوشندەى مەعریفى ئەوەشێنێت دژ بەم بۆچوونانەوە:  فرۆید باوەڕى وابوو لەسەدا نەوەدى کارەکانى مرۆڤ لە نەستەوە سەرچاوە ئەگرن، نەستیش ئەو رووبەرە نادیارەیە، کە ئاشکرا و بەرهەست نییە. ( فرۆید ) مرۆڤ بە شاخێکى بەفرین ئەچوێنێ، کە لە چوار بەشى تەنها یەک بەشى لە دەرەوەیە و سێ بەشى نادیار و بزرە: ئەم فیکرەیەى فرۆید کە بە راڕەوى ( دەروونشیکارى ) بەناوبانگە، بەڵگەیەکى گرنگە دەربارەى ئاڵۆزى و نائاشکرایى مرۆڤ.

لە رووى سۆسیۆلۆژى( کۆمەڵناسى )یەوە، مرۆڤ پێناسە ئەکرێ بەوەى: ( بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتییە ) ئەمەش بەو واتایەى مرۆڤ بەندە بە کۆمەڵگاوە، لەرێى کۆمەڵ و کۆمەڵگاوە بوونى مرۆییانەى وەدەست دێنێ، یان وەک ( هایدیگەر و سارتەر ) ئاماژەى پێدەکەن: ( بوون لەگەڵ ئەوانیدى پێشمەرجێکى ئۆنتۆلۆژییە بۆ بوونى مرۆڤ ) ئەمەش بە واتاى ئەوە دێ، کە ( مرۆڤ بوونێکى کۆمەڵایەتییانەى هەیە ). ئەگەر باسیش لە گۆشەگیریى ئینسان بکەین دیسان ئەم گۆشەگیرییە، گۆشەگیرییە لە هەمبەر کۆمەڵگادا و کاردانەوەیەکە بەرامبەر رووداو و پرسێکى کۆمەڵایەتییەوە. بۆ نمونە سارتەر ئەڵێ ( ئەوانیدى دۆزەخى منن ) ئەم دۆزەخبوونەى خەلکیى نیشانەى ئەوەیە کە بوونى ( من ) بەستراوەتەوە بە ( ئەوان)یدى و دۆزەخ و ناخۆشییەکانى من سەرچاوەکەى ئەوانیدیین.

لە رووى فەلسەفیشەوە مرۆڤ ( بوونەوەرێکى بیرکەرەوەیە ) ئەمەش خاڵى جیاکەرەوەى مرۆڤە لە حەیوان، مرۆڤ بیر دەکاتەوە؛ بۆیە هۆشیارە بەرامبەر بوون و مەرگى. بەبۆچوونى خۆم هەر ئەم بیرکردنەوەیەشە واى کردووە مرۆڤ بوونەوەرێکى ئاڵۆزبیت: مرۆڤ بیر دەکاتەوە: ئایا بیر لەچى دەکاتەوە؟ هۆشیارە بەوەى کە دەمرێت: ئایا کەى دەمرێت؟ چۆن و بە چى دەمرێت؟ پێَش ئازیزانى دەمرێت یان دواى ئەوان؟ ئایا داهاتوو چۆن دەبێت؟   پرۆژەکانى بوونى بە ئاکام دەگەن؟ خەونەکانى وەدى دێن؟ هەموو ئەو پرسیارانە دەرئەنجامى بیرکردنەوەن؛ هاوکات نادیارى ئەم پرسیارانە واى کردووە مرۆڤ بەرەو ئاڵۆزى و نادیاریى زیاتر بچێت. مارتن هایدیگەر لە فەلسەفەکەیدا باس لەوە ئەکا، کە بوونى مرۆڤ ناتەواوەو هەمیشە لە رێگەدایە بەرەو تەواوبوون، بەڵام تا لە ژیان ماوە بە تەواوکۆیى (پڕبوون و جێگیرى و چەسپاوى) ناگات. ئەم فیکرەیەى هایدیگەر کۆمەکمان دەکات لەبارەى بێناسنامەیى مرۆڤ و پێناسەنەکردنییدا: (ناتەواوى) بە ماناى ئەوەى پڕ و تەواو نییە، بوونى مرۆڤ بە پێچەوانەى بوونى شتە بێگیانەکانە، بۆ نمونە (بەرد) بوونێکى پڕو تەواوى هەیە، بەرد پێناسە ئەکرێ، چونکە بوونى ئەو جێگیرە، ناسنامەیەکى جێگیرى هەیە، بەڵام مرۆڤ ناجێگیرە. بۆ نمونە مرۆڤێک ئەمڕۆ دیندارە، بەڵام ئێمە نازانین بەیانیش هەروا ئەبێ یان نا، ئەمڕۆ  ئەچێتە مزگەوت، رەنگە بەیانى بگۆڕێت و بچێتە مەیخانە، یان بە پێچەوانەوە. شووناسى مرۆڤ شوناسێکى بێئۆقرەیە*، بەردەوام لە گۆڕان دایە، بوونێکى ناتەواوە و مردن تەواوى ئەکا: مردن کۆتایى بوونى مرۆییە و مردن کۆتایى بە هەموو پرۆژەکانى ژیانى مرۆڤ ئەهیەَنێ1. بەمپێیە ئەتوانین بڵێین ناتەواوى واتە پێناسەنەکراو، یان دینامیکى، بوونێک کە بە پێچەوانەى بەرد، نەوەستاوە، بە مانا هایدیگەرییەکەى بوونێکى روو لە داهاتووە2 . فەلسەفە کارى زۆرى لەسەر مرۆڤ کردییە، رووبەرى هەرە گەورەى ئیشکردن لەسەر مرۆڤ لە ناو فەلسەفەدایە. هەر لەسەردەمى سۆفستاییەکان (پێش سوکراتییەکان) ەوە بیگرە تا ئەفڵاتوون و ئەرستۆو سەدەکانى ناوەڕاست و رێنیسانس و مۆدێرنەو پۆست مۆدێرنەو تا سەردەمى ئێستا، مرۆڤ بوونێکى سێنتڕاڵى هەبووە لە ناو کایەى فەلسەفەدا... هەروەها ئەدەبیش بەدەر نییە لە نیشاندانى ئاڵۆزیى مرۆڤ و وێنەکیَِشانى دیوە نادیارەکەى: کارەکانى (دۆستۆڤسکى) نمونەى بەرچاوى ئەمەن، بە تایبەتى لە هەردوو رۆمانى(تاوان و سزا) و (برایانى کارامازۆڤ) بە روونى بەر ئەو دیوەى مرۆڤ ئەکەوین کە ئاڵۆزو نادیارە: لە رۆمانى تاوان و سزا (راسکۆڵنیکۆف) پیرەژنێک بە تەور ئەکوژێت تەنیا بۆ بڕێک زێڕ و پارە، لە برایانى کارامازۆڤ ( دیمیترى فیۆدۆرۆڤیج ) باوکى خۆى ئەکوژێ، لەسەر ئەوەى هەردووکیان بە نیازى یەک ئافرەتن. کارەکتەرەکانى دۆستۆڤسکى وێناى مرۆڤن لەوپەڕى ئاڵۆزى و بێ ناسنامەییدا. (میلان کۆندێرا) لەبارەى کرۆکى کارەکانى دۆستۆڤسکییەوە کۆمەڵێک پرسیارى گرنگ ئەورووژێنێ کە کەم تا زۆر خزمەت بە باسەکەمان ئەکەن: کۆندێرا دەڵێ: (تاک چیییە؟ شوناسنامەى تاک لە چییدایە؟... ئیگۆیەک لەڕێى چییەوە خۆى پێناسە ئەکات؟ لەڕێى هەڵسوکەوتەکانییەوە؟ وەلێ کردار هەمیشە لە بکەرەکەى هەڵدێ... کەواتە لەڕێى ژیانى ناوەوە؟ لەڕێى بیرەکانییەوە؟ لەڕێى هەست و نەستە پەنهانەکانییەوە؟...بەڵام ئایا مرۆڤ لە توانایدایە لە خودى خۆى تێبگات؟... : ئەمە ئیستاتیکاى دۆستۆڤسکییە)3. کۆندێرا ئەیەوێ بڵێ کارەکتەرەکانى دۆستۆڤسکى بە دواى شوناسنامەیەکدا دەگەڕێن بە بێ ئەوەى ئەو ناسنامەیە بدۆزنەوە و دواجار گومانکردن لەو شوناسە_ ناشوناسەى پێشتر دایانتاشیوە، بەوەى ئایا لە توانایاناندا هەیە لە خودى خۆیان تێبگەن تا شوناسنامەیەکیان هەبێ؟  لە رۆمانى  بەدگۆڕان) ى فرانتس کافکا (جۆزێف ک) بەیانییەک هەڵدەستێتەوەو دەبینێ بووە بە سیسارکێکى قێزەون و زەبەلاح، ئەم بە دەعەجانبوونە خۆى میتافۆر (خوازە) ێکە لەبەرامبەر رووداوێکى واقیعیدا، واتە لێکچواندنێک هەیە لەنێوان واقیعێکى تاڵ و تاریک و نادیار لەگەڵ  سیسرکە پیس و زەبەلاحەکەدا: نوسەر ژیانە ئاڵۆز و نادیارەکەى بە سیسارکێکى قێزەون چواندییە و نیشانەیە بۆ بوونێک کە لە مرۆڤبوون داماڵراوە، لێرەدا مرۆڤ و واقیعى مرۆڤیش وەک پرسێکى نادیار و ئاڵۆز وێنەکێشراوە. لە ئەفسانەى (ئۆدیب) یشدا ئۆدیب باوکى خۆى ئەکوژٍێ و دایکى خۆى مارە ئەکاتەوە، ئەگەرچى ئۆدیب نازانێت کە ئەوان دایک و باوکى ئەون، بەڵام ئەم (نەزانین)ە خۆى بەڵگەى ئاڵۆزیى مرۆڤ و تاریکى و نادیاریى بوونى ئەون.

هەموو ئەم پێناسە زۆر و لێکدژانە، نیشانەى ئەوەن کە بەشێکى گەورە لە حەقیقەتى مرۆڤ دەرناکەوێت؛ نیشانەى ئەوەن مرۆڤ پێناسەیەکى دیاریکراوى بۆ ناکرێت و ناخرێتە چوارچێوەوە، چونکە هەمیشە بەشێکى بە نەزانراوى ئەمێنێتەوە، رەنگە گونجاوترین پێناسە بۆ مرۆڤ ئەوەبێ کە بڵیین (بوونەوەرێکى پێناسەنەکراوە) هەموو ئەمانەش کۆمەکمان دەکەن لەوەى بڵێین: مرۆڤ کائینێکى ئاڵۆزە...زۆۆۆر ئاڵۆز.

پەراوێز و سەرچاوەکان:

*(شوناسێکى بێئۆقرە) ناونیشانى کتێبێکى سەردار عەزیزە.

1_  هایدیگەرو شۆڕشێکى فەلسە‌فى، نوسینى: د. محە‌مەد کەمال، دە‌زگاى چاپ و پەخشى سەردە‌م، چاپى یەکەم، سلێمانى، 2007.

2_ مارتن هایدیگەر، بون و کات، و: د.محەمەد کەمال، دە‌زگاى چاپ و پەخشى سەردە‌م، چاپى یەکەم، سلێمانى، 2013.

 

3_ میلان کۆندێرا، وەسیەتنامە خیانەتلێکراوەکان، وەرگێڕانى: کەریم پەڕەنگ، دەزگاى چاپ و پەخشی سەردەم، چاپى یەکەم، سلێمانى، 2012، لا20.