خۆی خۆخۆر

  خۆی خۆخۆر

یەکێک لە دیاردە سەیرەکانی ئەو کۆمەڵگایانەی خۆیان بە ئایینی دەزانن و لە ناویاندا دین و دەوڵەت تێکەڵ کراون ئەوەیە کە دین یاخود ئایینی زاڵ و فەرمی، ئایینەکانی تر دەخاتە پەراوێزەوە. ئەم پەراوێزخستنە بگرە ئایینە جۆراوجۆرەکانی سەر بە یک دینیش دەگرێتەوە و لێرەوە بۆ وێنە لە ناو ئیسلام دا تەنیا یەک ئایین زاڵ دەبێ و ئایینەکانی تر دەکەونە ژێر گوشارەوە و پەراوێز دەخرێن.

بۆ وێنە لە ئێران بە گوێرەی خاڵی دوانزەی ناو یاسای گشتی وڵات، ئیسلام و شیعەی دوانزە ئیمامی کراوە بە دین و ئایینی فەرمی کە تێیدا بە کردە ئەو دەسەڵات و رۆڵەی بەخشراوە بە شیعەی دوانزە ئیمامی، هیچ ئایینێكی تر لە ناو ئیسلام دا نیەتی.

تازە ئەوانەی ئەم ئایینەیان کردووە بە ئایینی زاڵ، تەنیا پشت بە زۆرینەبوونی خۆیان و کردەی توندوتیژی دەبەستن و ئەگینا هیچ لۆژیکێک ئەم کردەی ئەوان بە گوێرەی ئەقڵی ناتوانێ پاساو بداتەوە. ئەمە لە وڵاتانی تریش واتە ئەوانەی وا بە ناوی ئایین و دینەوە حوکم دەکەن، دەخوا.

کەواتە یەکێک لە دیاردە سەیر و کۆمێدییەکانی دەسەڵاتی دینی و ئایینی ئەوەیە کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا ستەم و غەدرێکی زۆر لە دین و ئایینەکانی تر تا رادەی پەراوێزخستن و سەرکوت دەکرێ و، ئەمەیش بە ویژدانێکی ئارام و رازییەوە لە لایەن بکرەکانیانەوە ئەنجام دەدرێ.

بۆیە دەتوانین بڵێین هیچ سیستمێک بە قەدەر خودی دین و ئایین، کاتێک جڵەوی دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە دگرێ، سەبارەت بە رەگەزی دین و ئایین بێ رەحم نیە و کەس بە قەدەر ئەوان سەرکوتگەر نین.

بێهۆ نیە لە وڵاتانی مودێڕن بۆ دوورکەوتنەوە لەم دیاردەیە سیستمی سکۆلاریزم دامەزراوە کە تێیدا بە جیاکردنەوە دین لە دەسەڵاتی سیاسی هەوڵدەدرێ لە سەرکوتگەریی دین بەرامبەر بە دین بەرگری بکرێ و بە گواستنەوەی دین و ئایین بۆ ژیانی تاکەکەسی و دوورخستنەوەی لە بواری گشتی، رێزی دین بگێڕنەوە و نەهێڵن بکەوێتە دۆخی خواردنەوەی خۆی.

دەسەڵاتی ئایینی، بە درێژایی مێژوو، زاڵمترین دەسەڵات بووە لە دژی دین و ئایین.  

سایتی قەڵەم ١٥ مارسی ٢٠١٩

Image result for islam against islam