زبان پیسی و قەڵەم پیسی

زبان پیسی و قەڵەم پیسی
لە هەموو شوێنیکی دونیا و لە نێو هەموو نەتەوەیێکدا، یەکێک لە گرینگترین هێز و موتۆڕی بەرەو پێش بردنی کۆمەڵگا، تۆێژی بلیمەت و رووناکبیرە کە شەمەندەفەری کۆمەڵگا بەرەو پێش ببات و، نەهێڵێت کە لە دۆخێکی چەقبەستوو و راوەستاودا بمێنێتەوە.
 
 زانایان و بلیمەتەکانی کۆمەڵگا لەباری زانست و تەکنیک و تەکنۆلۆژیاوە ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکەن و سیاسەتمەداران و رووناکبیران و تۆێژی قەڵەم بەدەست و نووسەرانیش، ئەرکی نوێکردنەوە و سەرخستنی ئاستی زبانی و کلتوری ئەو نەتەوەیان لە ئەستۆیە. ئەمەش یانی ئەوەی کە ئەم رووناکبیرانە ئەوەی رۆژانە بە قەڵەم دەینووسن و بە زبان دەیڵێن، وشیارانە و ناوشیارانە دەتوانی ببێتە بەشێک لە فەرهەنگ و کلتوری ئەو نەتەوەیەو، خەڵکی وەک نەریتی ژیانیان لە ژیانی رۆژانەدا بەکاری دێنن.
لە وڵاتانی پێشکەوتودا کە شارستانییەتیان لە ئاستی ئەمڕۆییدایە و هەنگاوی هاوکات لە بواری زانست و زبان و کلتوردا هەڵگیراوە و رووناکبیرانیان توانیویانە کاریگەری دروست و ئاقڵانە لەسەر کۆمەڵگاکەیان دابنێن،  نەک هەر زبان و قەڵەمی خۆیان بەڵکو زبانی خەڵکەکەیشیان وەها خاوێن کردوەتەوە کە وشەی ناشرین و جنێو تا رادەیێکی ئێجگار زۆر لە زبانی رۆژانەی خەڵکیشدا سڕاوەتەوە و ئیتر زبان پیسی و زارپیسی وەک شتێکی نامۆ و سەیر دێتە بەرچاو و بە بیستن و بینینی وەها کەسانێک هەر خێرا تێدەگەن کە ئەو کەسە پێویستی بە عیلاجی دەروونناسیانەیە و ئیتر قسەکانی و رەفتارەکەی بە هێند ناگرن.
بەڵام لە وڵاتانی  دواکەوتودا بەشێک لە نووسەران و رووناکبیرانیشی نەک هەر زبانیان بەڵکو قەڵەمەکانیشیان خاوێن نەکردوەتەوە و بە بێ رێزدانان بۆ خۆیان و خوێنەرانیان لە نووسینەکانیاندا وەها وشەگەلێک بەکاردێنن کە هیچ چەشنە جیاوازیێکی لەگەڵ شەڕفرۆش و لات و شەقاوەکانی سەرشەقام نییە. ئەم نەریتە خراپە، بە کەڵک وەرگرتن لە تەکنیک و تەکنۆلۆژیایێک کە هێشتا فەرهەنگی بەکارهێنانەکەی سەقامگیرنەبووە، ئاسەوار و کاریگەری نگەتیڤانە و نەرێنیانەی چەند قات دەبێت و دەبێتە هۆی بەلاڕێدابردنی بردنی وڵات و زبان و کلتوری نەتەوەیێک. بە کارهێنانی وشەی پیس و جنێودان بە هیچ زبانێک پاساو نادرێت تەنانەت ئەگەر بەرانبەرەکەیشت لە ئەوپەڕی خراپی و نامرۆڤایەتیدا بێت. زبان و قەڵەم پیسی تەنیا دەلالەت لە دەرونی ئاڵۆز و ئاستی لاوازی فیکری و نزمیی ئاستی زبانی بەکارهێنەرەکەی دەکات و بەس. بە زبان و قەڵەمی پیس قەت ناتوانین بەرگری لە وڵات و لە نەتەوە و لە مرۆڤ و، تەنانەت لەهیچ ئایدیۆلۆژیایەک بکرێ. زبان و قەڵەمی پیس تەنیا زبان و قەڵەمی پیس بەرهەم دێنێت و بەس. دیاردەیەک کە تا دێ ئێمە زیاتر لە مرۆڤایەتی دوورەدەخاتەوە.
 
سایتی قەڵەم
٢٣ مەی ٢٠١٦