شرۆڤە

شارستانیەتی کەیانگیر (١)

ئازاد کەریمی

کەیانگیر برێتی بووە لە ١٥ شار و شارۆچکە ی وەک خەرکە، لارسە، گەزین، لاجان، خوریوە،کەش و هتد. هەر یەک لەم شارانە پەرستگەی بووە و تێیدا خواوەندەکان ستایش کراون. بەڵام ئانۆ، بل و ئێێا خواوەندی هەموو شارەکان بوون و بەرپرسی پەرستگە نازناوی پات زی هەبووە و دەسەڵاتداری شار بووە.

 

شارستانیەتی کەیانگیر (سومەر)

بەشی (١)

زنجیرەوتارێکە لەسەر شارسانییەتی کۆنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئازاد کەریمی

سومەر وشەیەکی ئاکادی یە، بەڵام بە زمانی خەڵکی سومەر خۆیان بە خۆیان دەکوت "ئوسانگ گی گا (زەنگە ،سەنگە شەنگە، مئوشەنگە)" واتە سەر بەردی سیا، بەردی سیا بۆچی؟ بەردی سیا یان ڕەش هەڵگری هێزی بیرەوەری و هزر و عەقڵە، سەری بەردی ڕەش واتە مێشک کە هزر و بیرەوەری تێدا بەرهەم دێ، ئەمەش واتە مرۆڤی بیرمەند. کەواتە سومەریەکان بە خۆیان کوتووە مرۆڤی بیرمەند. بڕواننە مەسحەفا ڕەش واتە کتێبی زانایی. لە ئاڤێستادا ئەم وشە بە ئاریانەم یان ئاری هاتووە. بەڵام ئاری صفت یان پەسنە، ناو نیە. بڕواننە سەنگە سەر، شەوەزەنگ، زەنگنە، شەنگە، هوشەنگ، سەنگی بوتو. دنیا بە سەنگی سیام هەڵبێنێ، واتە بچمەوە دۆخی گەوهەرم کە واتە سەنگی ڕەشە. سەنگی ڕەش واتە کورد پێیوا بووە لە سەنگی ڕەش درووست بووە. وڵاتی سومەر بە زمانی سومەری ناوی "کی ئێنگیر" واتە کەیانگیر، کەیان ئیر، کەیان ئاری، وڵاتی پیاوماقوڵەکان جێگەی گیرسانەوەی کەیان و سەروەران، ئەوەی وا دواتر لە ئاڤێستادا بە ئارینیم واچە باسی کراوە. ئاریانم واچە وەسف و پەسنە نە ناوی شوێنێکی دیاریکراو. مێژووی ئەم شارستانیەتە لە ٥٧٠٠ ساڵ پێش زایین واتە ٧٧٠٠ ساڵ پێشەوە دەست پێدەکات. کی ئینگیر تووشی وشکەساڵ و بێ بارانی وبێ پیتی هات و مەزراکان بە هۆی وشکبوون و بێ ئاویەوە پاشەکشێیان کرد و بوون بە چۆڵگە و بیاوان. بەرە بەرە خەڵکەکەی ڕێگەی کۆچبارییان گرتە بەر و بەرەو کوێستانەکان هەڵکشان. ئەم پڕۆسە لە ساڵەکانی ٢١٠٠ی پێش زایینەوە واتە ٤١٢٠ ساڵ پێش ئێستا دەستی پێکرد. خەڵکی کەیانگیر یان سومەر بە زاگرۆس و تەورۆس دا بڵاو بوونەوە و چەند شارستانیەتی گەورەیان لە کوێستانەکانی دەوروبەری مەزۆپۆتامیا بەرپاکرد: ١- کاشی ٢- کوتی ٣- لولوبی ٤- هوری هەریەکەو لەم شارستانیەتانە دواتردەوڵەتی دیکەیان لێ کەوتەوە کەوا دوایین و بەهێزترینیان شاهەنشایی ماد بوو وا لە سەدەی ٧ی پێش زاییندا بەرپا کرا. ئەوە لە کاتێکدایە پاشماوەی خەڵکی کەیانگیرلە شوێنی خۆیاندا مانەوە و تووشی شەڕ لەگەڵ ئاموری یەکان و ئاکادیەکان هاتن و هێدی هێدی دەسەڵات لە دەستیان دەرچوو، لە ساڵی ١٩٠٠ی پێش زایین کەیانگیر یان سومەر کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئاموریەکان. کەیانگیر برێتی بووە لە ١٥ شار و شارۆچکە ی وەک خەرکە، لارسە، گەزین، لاجان، خوریوە،کەش و هتد. هەر یەک لەم شارانە پەرستگەی بووە و تێیدا خواوەندەکان ستایش کراون. بەڵام ئانۆ، بل و ئێێا خواوەندی هەموو شارەکان بوون و بەرپرسی پەرستگە نازناوی پات زی هەبووە و دەسەڵاتداری شار بووە. دوای ئاموریەکان زەنگەگان دیسان دەسەڵاتیان گرتە دەست بەڵام ئاگادەکان و ئیلامیەکان وازیان لێیان نەهێنا و وای لێهات کە دەسەڵاتیان نەما و دەوڵەتی بابل و ئاشور و کەلدە بوون بە دەسەڵاتداری نێوان دووڕووانی خواروو، بەڵام زەنگەکانی کۆچکردوو بۆ زاگرۆس و تەورۆس و مەزراپوتان دەوڵەتی خۆیان درووست کرد و یەک لە دوای یەک هێرشیان کردە سەر ئەو شوێنەی وا بە کەیانگیر دەناسرا و دەوڵەتیان لەوێ دامەزراند بۆ وێنە کاشی یەکان لە زاگرۆس هوری (کورتی)یەکان لە تەورۆس و کوتی (هوتی) یەکان لە مەزراپۆتان.

شارستانیەتی ئەڵووان

ئۆلۆ واتە خەڵکی لای سەروو، ئەمە لە ئاسەواری کەیانەکان یان سومەرییەکاندا هاتووە. لە زمانی کوردی کۆندا بەهەوارگەی ئولوکان کوتراوە لوهۆن یان ئولوان .ئەو خەڵکەی وا لە چیاکانی دەوروبەری ئیزین و کەش و لارسادا دەژیان واتە لە ناوچەکانی ئەوپەڕی ڕووباری دیالە و سنووری سیروان هەتا ڕوباری زێ ی بچووک.لە کۆنترین چیرۆکی نووسراوەی کوردی دا واتە "ئەنمەرکار"، باسی "ئارراتە" واتە کوێستان دەکرێ. خەڵکی ئارراتە خواوەندی هانەیان ستایش کردووە وا یەکێ لە خواوەندە پیرۆزەکانی سۆمەر(کەیان) بووە. هەروەها خواوەندەکانی ئوتو، نانە یان خۆشویستووە.  ئارراتە حەوت کەژ و کێو لە "ئونوگ کولابا" دوور بووە، ئونوگ کولابا ئەو شارەیە وا ئەنکەرکار فەرمانڕەوای بووە.  ئولو بەشێک لە هەمان سومەریەکان بوون وا بە هۆکاری جۆراوجۆر ڕویان کردبووە کوێستان. ئایین و بیروباوەڕیان هەمان ئایین و بیرو بڕوای کەیانگیرەکانی دەشت بوو، هەتاو وهانە ونانە بە سەر بەردەنووسی ئانۆ- بانو نی شاژنی ئولوەکانەوە هەڵکەندراوە. هەروەها کەوان و تەوربە دەستێکیەوە و ئاڵقەی دەسەڵات واتە فەڕی یەزدانی بە دەستەکەی دیکەیەوە دیارە. ئولوانەکان وەک هوتییەکان و کەیانەکان بڕوایان بە خواوەندی پارێزەری تیشکی خۆر واتە هەتاو (کوردی) یان هوتوس(هیتی)، هوت (گوتی) ئوتو(کەیانی- سومەر) مەهرو (کاشی) توش (میتانی) و ماهرە (ماد) هەیە. شارەکانیان بریتی بووە لە دەندی، کۆماسی، سۆران، کاشو، سوتو، سیمرا یان سیروان، ئاڵۆت، ماماڵ، دزڵی، میشیاو، نگڵ، ئزگڵە، ئولووان (سەرپێڵ)، هڵوڵ، زاولە، لومار، هەڵەبجە، سەراولە، مەندەلی، ئولولا(جلەولا)، وزمەڵە، زامڵە، نشور، کرنتاش(کرند)، کارمیشی (کرماشان) هەتا دەگاتە ئەلیگودەرز و ئیلام و سەقز (ئیزیرتا) و ورمێ، ڕەواندز، دزێ ی ئاسۆس(قەڵادزێ)، چوارتە، شارباژێر، شارەزور، سورداش، سۆران، دوین، کەلار،.. نارام سین کوڕەزای سارگۆنی ئاگاد لە ٤٣٠٠ ساڵ پێش ئێستادا لەگەڵ ئولووەکان و هوتی یەکان شەڕی کردووە و دەنووسێ سەرکەوتنی بە سەریاندا تۆمار کردووە.  ئولووەکان و خزمە هوتی وهورییەکانیان بە شێوازی کۆنفێدراڵی دەژییان و چەند دەسەڵاتی ناوچەیی وەک ئولوپی (پاوە)، پەرسوماس و لوهون، زاموا و میشی یان بەڕێوە دەبرد و دەوڵەتێکیان دیسانەوە لە ساڵی ٨٠٠ ی پێش زایین بە نێوی ماننا درووست کرد کە لەوێوە هەنگاو بەرەو بەرپاکردنی ئێمپراتۆریەتی ماد هەڵگیرا.  کاتێ هەموو هۆزەکانی ئارراتە یان ساگراتە (یۆنانیەکان بە زاگرۆتس یان زاگرۆس ناویان دەبرد) لە کارکاشی یەکیان گرت و ئەنگومان (ئەنجومەن)یان بەرپاکرد، بڕیاری بەرخۆدانیان دژ بە ئاشوریەکان دا و بەڵێنی هاوپەیمانییان دا و دادوەرێکیان بە نێوی دیائوکۆ یان دیاکۆ هەڵبژارد وەک شاهەنشا و شەڕ دژ بە ئاشور دەستی پێکرد. ئەو کۆبوونەوە مێژووییە ئەوەندە گرنگ بوو کە ناوی کارکەشی گوڕدرا بۆهەنگوماتان. پێویستە بگوترێ کارکاشی واتە هۆزی کاش یان کەش ئاوەدانیان کردوەتەوە.کارکاشی زیاتر لە هەزارساڵ ناوی ئەو شارە بوو وا کۆچکردووەکانی شاری کەش کە یەکێ لە ١٥ شارەکەی دەسەڵاتدارێتی کەیانگیرلە ناودوڕووان (مەزۆپۆتامیای باشور) بوون لە دەشتی ماتان بەرپایان کردبوو.  هەنگوماتان واتە شاری ئەنجومەنی ماتان یان پیاوماقوڵان و سەرۆک هۆزان. ئێستا بە هەنگوماتان دەڵێن هەمەدان. دواتر باسی کاشی یەکان دەکرێ.ئەوانیش بەشێک بوون لە شارستانیەت و ڕەچەڵەکی خەڵکی کەیان گیر. ناسنامەی ئەم وشانە دەگەڕێتەوە بۆ ئولوەکان ئولووان، هولووان، ئولوهون، لهۆن، ئولوران ولوهور.  مێژوو ناوی چەند دەسەڵاتداری ئولۆی بۆ بەجێهێشتووین وەک: شادان،زرێو،داریان،یەکە، زاب و ئاشێوە و تاتە و ئەرتوش. لە ژیاننامەی زانا و فەیلەسوف و پیەغەمەری ناوداری کورد "پیر زەردەشت" دا دەخوێنینەوە کاتێ جەنابیان لە خەڵکی ماتان بێ هیوا دەبێ و لەوێ لە کۆڕی موغان دەری دەکەن دێت بۆ ناوچەی دراوسێ و لەوێ دەسەڵاتدارێک بە نێوی هیستەسپ خزمەتی دەکات و دەچێتە سەر ئایینی زەردەشت و باوکیشی کە نێوی لوهرەسپ بووە و براکەشی کە وەزیری بووە و نێوی زەریواربووە لەگەڵ خانەدانی پاشایەتی هەموویان دەبن بە زەردەشتی. دیارە لوهرەسپ وهیستەسپ و زەریوارو بەستۆرە کوڕی زرێوار، خەسرەوپاڵ یان پاڵە کوڕی زەرێوار، گاماسیاو زاوای زەردەشت وڕاوێژکاری هیستەسپ، ڕۆستەم ،گەرمەک ی بەیاخدارو ناوەکانی دیکە وا لە شانامەی هیستاسپ دا باسیان کراوە هەموویان خەڵکی ئولوان ن. ئەو نێوانە هەمووی بە سەر گوند و ناوچە و شاخ و گۆلاوەکانی کوردستانەوەن. یەک شت زۆر سەرنجڕاکێشە بەشێکی زۆر لە کوردانی جوولەکەی زاگرۆسی ناوەندی واتە لە زێی بچووکەوە هەتا دەگاتە سیروان و دیالە بە هەردوو بەشی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانەوە ئەو ناوە ڕەسەنە ئولووانی و هوتانیانەیان بووە وا لە دوای هاتنی ئیسلام ئەو بەشەی خەڵکی کوردستان بە هیمەت یان بە قیمەت یان بە شەڕە کوتەک و کوژتار بوون بە موسڵمان کەم و زۆر لە بیریان نەماوە لە خۆیان بنێن،لە بەر ئەوەی ئیسلام دژی کولتوری گاورایەتی وموغایەتی (مجوس) بووە و ئەو ناوانەش نێوی سەردەمی گاورایەتی بوون.  من بەش بەحاڵی خۆم شانازی بەو مێژووەوە دەکەم و پێی بەختەوەرم باوک و باپیرانی نەتەوەکەی من ئایینێکی پڕ لە مانای مرۆڤایەتی و شارستانیەت وهزروئەندێشەیان پەیڕەو کردووە وا بە ئێستاشەوە و بە خەرج کردنی میلیۆن میلیۆن دۆلار لە لایەن دوژمنانی کوردەوە و دزین وناوگۆڕین وچاوشارۆکێ سیاسیەکانیشەوە نەیانتوانیوە ئایدێنتیتەو پێناسەی گەلی کورد لە نیو ببەن. کە ئەڕوانمە ئەو مێژووە ،پڕاوپڕ دڵم شاد و گەش و ڕووناک دەبێ. خەڵکێک بەو دیرۆکەوە داهاتووی قەت نەمان نیە.

شارستانیەتی گەوتان

مێژوونووسی بەناوبانگی کورد حەمەمین زەکی بەگ لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا مێژووی کورد و کوردستان سەرەڕای ئەوەی باسی ئەم شارستانیەتە دەکات لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەیدا باسی شای کوردەکان لە کرماشان دەکات وا دژ بە کەمتەرخەمی نەوشیروان شای ساسان ڕاوەستا کاتێ کورد پشتگوێ دەخات لەو سەردەمەیدا وا خەزەرە کێوییەکان لە قەفقازەوە شۆڕبوونەوە بەرەو کوردستان و دەستیان نەپاراست لە کوشتن و تاڵان و دزی - گورگی لە کوردستان. کوردەکان داوایان لە نەوشیروان کرد یاریدەیان بدا و ئەویش پشتگوێی خستن. ئەوسا کوردەکان لە دەوری شای کرماشان کۆ بوونەوە و بە سەرۆکی خۆیان زانی و ئەمجاردژ بە نەوشیروانشای بێدادگەرڕاپەڕینیان کرد، سەرەڕای ئەوەی شۆڕشەکەیان نسکۆی هێنا بەڵام ناوی ئەم سەرۆکە کوردە لە مێژوودا تۆمار کرا.  هوتانشای کورد ئەو سەرۆکە کوردە بوو وا دژ بە نەوشیروان شا ڕاپەڕی.  هوتان ناوی شارستانیەتێک بوو وا دووهەزاروبڕێ ساڵ پێش هوتانشا لە کوردستان و ناوڕووانی باشوور دەسەڵاتی بە سەر زاگرۆس و ئاگاد و بابل دا هەبوو. هوتان واتە هوتی یەکان یان وەک کەیانیەکان (سومەریەکان) دەیانگوت گوتیوم یان گوتی یەکان خەڵکی کوێستان بوون و لە کەرکووکەوە هەتا جزیرابۆتان و زاگرۆس و ئاوی ئاراز و زێ ی گەورە و بچووک لە ژێر ڕکێفیاندا بوو.  سارگۆن شای ئاگاد دەنووسێ هوتی یەکان وا لە هەموو بوارێکدا لە داهێنان و هونەر و پێشکەوتندا ئەستێرەی ئاسمان بوون پەلاماری ئێمەیان دا و من شکستیانم دا.  کاتێ دوژمن پەسنی گەورەییت بدات هەرچەندە نسکۆی بە تۆی هێنابێ هێمای ڕاستی یە.لەوانەیە وا لێکبدرێتەوە سارگۆن بە هوتی یەکانەوە خۆی هەڵکێشابێ و ئەوانی هێندە گەورە کردوەتەوە بۆ گەورەکردنەوەی خۆی وا توانیویەتی دوژمنێکی وا گەورەی شکست پێهێناوە.بەڵام ئەوە لە گەورەیی هوتی یەکان کەم ناکاتەوە.  هوتی واتە ئەوەی سەر بە هوت ە، و هوت یان گوت هەمان ئوتو یان هەتاو خواوەندی تیشکی خۆر لە کولتوری کەیانی/سومەری یە.  ئەم ناوانە هەمان هوتی یە: گوتی،گۆشی(زێرگوشی)، کۆتی (ڕەش کۆتی)، توش ( ئەرتوش)، توس، هوتوس، تاوس و..  هوتی یەکان نارام سین ی ئاگادیان کوشت، ئەو نارامسین ەی وا شانازی بە بەزاندنی ئولووانیەکانەوە دەکرد خۆی کەوتە داوی هوتییەکانەوە وئەوانیش سەریان تێدا برد. لە سەردەمی ئاشوردا واتە١٥٠٠ساڵ دوای نارامسین، هوتیەکان بریتی بوون لە ماننا و ماد و ئورارتو. ئورارتو شارستانیەتێک بوو لە ڕووباری ئاڵ ەوە هەتا دەریای ورمێ. ئەوان پاشکوی میتانیەکان بوون. میتانیەکانیش لە ڕەچەڵەکی هوری یان هورتی بوون وا بە ڕەگەز کەیان یان سومەر بوون لە باشووری ناودووڕووانەوە بەرەو زاگرۆس و تاوروس کۆچیان کردبوو! کەواتە هەموو شارستانیەتەکانی کوردستانی کۆن لە کەیان (سومەر)وە هەتا ئیمپراتۆری ماد لە زاگرۆس وە هەتا تاورۆس هەموویان بە نەبەتەر کەیانی ن واتە سومەرین. سومەر وشەیەکی ئاگادی یە. سومەر وشەیەکی بە زمانی ڕەسەنی باوک و باپیرانی کورد واتای نیە، سومەریەکان خۆیان بە خۆیان کوتووە "کەیان" واتە سەربەرز و ئازا. هەر بۆیە زۆر جوانە بە ناوی ڕەسەنەوە ناوی سومەریەکان بنووسم.  هەرچۆنێک بێ هوتیەکان یان هوتانەکان بە ڕەگەز کەیان ن. ناوی شاهەنشاهانی هوتانی سەرنجڕاکێشن لە بەر ئەوەی لە مێژوودا و دوای ئەوانیش هەتا ئێستا بە سەر شوێنە بە ناوبانگەکانی کوردستانەوە ماون یان ناوی کوڕانەن وەک: ئەردەشێر ساڵی ٢١٤١ ی پێش زایین دەستی بە سەر ئاگاد دا گرتووە.  ناوی هۆز و شوێن و شاخ و کێو وشار و مەڵبەند و پاڵەوان و شا لە کولتوری کورددا ناوی ئەم شاهەنشاهانە وەک جەم، ئەنەو، شاهۆ، سەرلەک، زەڵم، هەڵمەت، ئاریازاب، کوباد، زور، گور، یاپاڵ یان پاڵە، زابلی، سەراولە، زاب، سام، ئاریازەند، تیر، کوڕوژ یان کوڕوز، هوتەن و کەی کاوس (ئین کی شاوش) هۆزێکی بەناوبانگی کورد بە نێوی گەودان لە باکووری کوردستان هەڵگری ناوی ئەم شاهەنشاییەن.  ناوی گەودین یان گەودین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی قوروە هەڵگری ناوی ئەم شاهەنشاییەن.  گەوت یان گەود، گەوەت، کەوەد، کەوات، گاوە، کاوە، گەئو، گەیو، کەیو، کەوە دەیگێڕێتەوە وا هوتی یەکان هەمان کەیانیەکانن، واتە سومەرین.

درێژەی هەیە...