شرۆڤە

رۆمان چییە (١٢)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

 خاڵی هاوبەشی نێوان ئەم دوو نووسەرە ئەوەیە هەردووکیان لە تکنیکی سبکێک کەڵک وەردەگرن کە هەم بیر و دەنگی کەسی گێڕەرەوە بە ئێمە نیشاندەدن و هەم بیر و دەنگی کاراکتێرە سەرەکییەکان، واتا ئەوەی پێی دەگوترێ سەبکی ناڕاستەوخۆی ئازاد ـ

 

بیر و گوتە

بەڵام سەبارەت بە کەسەکانی ناو رۆمان. با کەمێک لابدەین و نزیکتر لەوە بروانین چلۆن نووسەرێک جیاوازییە وردەکانی نێوان کاراکتێرەکانی خۆی پیشاندەدا. لێرەدا دەمەوێ کەمێک 'تکنیکیانە' لەباسە نزیک بکەومەوە و لە روانگەیەکی تایبەتی سەبکناسییەوە کە پێوەندی بە 'لایەنە پێکهێنەرەکانی رۆمانەوە' هەیە بڕوانمە پرسەکە. بە دوو 'ئێما'وە دەستپێدەکەم: ئێمای (١٨١٥) 'جۆن ئۆستێن' و ئێما بوڤاریی (١٨٥٧) گوستاڤ فلۆبێر، دوو رۆمان کە بە دوو زمانی جیاوازەوە نووسراون و بە نزیکەی شەست ساڵ جیاوازیی نێوانیانەوە، هەردووکیان بەو کاراکتێرە سەرەکییانەوە وا ژنن، بەڵام هەر لەو کاتەدا جیاوازن بەهۆی تێما و پلۆت و کەسایەتییەکانیانەوە. لەکاتێکدا 'ئێما'ی ئۆستێن لە گوندێکی ئینگلیزیدا روودەدات و بەهۆی گەیشتنی ئێما بە 'مستەر نیتلی' کۆتاییەکی خۆشی هەیە، 'ئێما'ی فەڕەنسیی فلۆبێر لە چیرۆکێکی نەرێنیی خۆشەویستیدا خۆی دەبینێتەوە کە لە کۆتاییدا بە مەرگی خۆی کۆتایی پێدێ. خاڵی هاوبەشی نێوان ئەم دوو نووسەرە ئەوەیە هەردووکیان لە تکنیکی سبکێک کەڵک وەردەگرن کە هەم بیر و دەنگی کەسی گێڕەرەوە بە ئێمە نیشاندەدن و هەم بیر و دەنگی کاراکتێرە سەرەکییەکان، واتا ئەوەی پێی دەگوترێ سەبکی ناڕاستەوخۆی ئازاد ـ سەبکێک تێیدا قسە یاخود ئەو بیرەی پێشکەش دەکرێ وەها بە کەسایەتییەکانەوە گرێدراون کە تارادەیەکی زۆر دەبنە قسە و بیری خۆیان. بەڵام تەنیا تا رادەیەکی زۆر، چونکە لەبەر ئەوەی فۆرمی رابردوو ئەوە ئاشکرادەکا قسەکان بەردەوام هی نووسەرەکەن ئەگەرچی لەلایەن کەسایەتییەکەوە دەگوترێن. ئەمە تکنیکێکە بواری خۆگونجاندن لە خوڵقاندنی کەسایەتی و بۆچوونەکاندا دەڕەخسێنێ؛ ئەمە دەتوانێ هەروەها نامتمانەییەک ببەخشێ سەبارەت بەوەی داخۆ ئەوە لەراستیدا کێیە  بیردەکاتەوە و قسەدەکا، بەڵام گرینگتر ئەوەیە هاوکات دەرفەتی ئاشنایی لەگەڵ دوو روانگە پەیدادەکەین: روانگەی کاراکتێرەکان و روانگەی نووسەرەکە بە بێ ئەوەی یەکیان بەسەر ئەوی تریاندا زاڵ بێت بەم شێوەیە جیاوازییەکانی نێوان کاراکتێرەکان روونتر خۆیان دەردەخەن. سەبکی ناڕاستەوخۆی ئازاد بە کورتی جۆرێک فۆرمی تێکەڵە لە گوتنی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. با لێرەدا بڕوانینە هەندێ نموونە لەم دوو رۆمانەدا.

لە نموونەی ئۆستین دا دەبینین چلۆن هەلەکانی کاراکتێری سەرەکی بەدرێژایی رۆمانەکە لە رێگای بیر و لێکدانەوەکانی خۆیەوە پێشکەش دەکرێن. چیرۆکەکە بە گشتی لە گۆشەنیگای 'ئێما'وە  دەگێڕدرێتەوە. ئەگەرچی نموونەی وەها دەبینین کە تێیدا نووسەر داوەری لەسەر ئێما دەکا، بەڵام زۆرجار دژوارە بزانین داخۆ ئێمایە یان گێڕەرەوە بەرپرسی چاوەدێرییەکانە. لەدووای گەلێک بەسەرهاتی ئێما وادێتەبەرچاو نووسەرە ئەرکی گێڕانەوە دەکەوێتە سەرشانی، بەڵام هەر بەو رادەیە وشەکان دەتوانن رەگیان لە زیرەکیی لاتاویانەی خودی ئێمایشدا هەبێ: "مستەر نیتلی وادەهاتە بەرچاو خۆی لە پێکەنین دەبوێرێ و بە بێ کێشە توانی ئەمە بکات کاتێک خاتوو ئێلتۆن روویکردە ئەو،"٣٧ داخۆ ئەمە خودی ئێمایە وا بیردەکاتەوە یان نووسەرە کە بە شێوەی ئیرونی پێشکەشی دەکا؟ وەڵام دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی چلۆن ئێمە لە ئێما دەگەین، لەڕاستیدا نادڵنیایی ئێمە پێ لەسەر چەندلایەنەبوونی چێکردنی کاراکتێر و دۆخەکان دادەگرێتەوە.

لە ئێما بۆڤاری دا رووداوێکی لەم چەشنە روودەدات، بەڵام جیاواز چونکە ئەو دەرفەتەی بۆ باشکردن و گۆڕانی ئەخلاقی هەیە و لە لایەن شێوازی 'ئۆستێن'ەوە بۆ پیشاندانی ئێما پیشکەش دەکرێ، لای فلۆبێرت بوونی نیە. لێرەیشدا گۆشەنیگای گێڕانەوەکە وەها گرێدراوە بە کاراکتێری سەرەکییەوە کە جیاکردنەوەی نێوان کاراکتێری سەرەکی و گێڕەرەوە دژوارە، بەڵام گرینگتر ئەوەیە بیرەکانی ئێما وەها بە چیرۆکە رۆمانسییەکانەوە گرێدراوە کە ئەوە ئەوانن نیگای ئەویان بۆ خۆشەویستی شکڵ پێداوە. کاتێک ئەو بۆ یەکەم جار ئاشق دەبێ و 'لێون'ی جەوان سەفەردەکا بە بێ ئەوەی شتێک لەنێوانیاندا روویدابێ، فلۆبێرت دەنووسێ: "ئاە، ئەو سەفەری کرد ـ تەنیا شادیی ژیانی ئەو، تەنیا هومێدی خۆشبەختی! بۆچی ئەو هەوڵینەدا دەست بە خۆشبەختییەکەوە بگرێ، کاتێک خۆی پیشاندا! بۆچی بە هەر دوو دەستەکانی مەحکەم راینەگرت، لەسەر چۆکەکانی، توند توند کاتێک دەیەویست بفڕێ؟ ئەو نەفرینی خۆی کرد لەبەر ئەوەی لەگەڵ لێون جووت نەببوو؛ ئەو تامەزرۆی لێوەکانی لێونی دەکرد."٣٨ لێرەدا قسە ناڕاستەوخۆ ئازادەکان لەچاو نموونەکەی ئۆستین روونتر و بەرچاوترن: ئەو سێ پرسیارە بەجوانی بیرەکانی ئێما بە خۆیانەوە مەشغوڵ دەکەن، بەڵام ئەمە هەموو ئەو رۆمانسانە دەگرنەوە وا کاتی خۆی خوێندوونییەوە. دیارە ئەمە نەک لە شێوازی گێڕانەوەی قسەی کەسێکی تر (نقل قول) بەڵکو لە شێوازی 'گوتەی هاوبەش' دا پیشکەش دەکرێ. لەدووای ئەوەی بۆ یەکەم جار لەگەڵ ئەو کوڕە دەبێ و بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا ئاشق دەبێ، بیر لەهەموو ئەو کاراکتێرە خائینانەی ناو رۆمانەکان دەکاتەوە وا خوێندوونیەوە و هەستدەکا ئەویش یەکێک لەو کچانەیە وا لە ژێر ناوی 'ئیمە' کۆدەبنەوە: "ئەو بۆخۆی بەشێوەیەک ببووە بەشێک لەم خەیاڵانە و خەریکی بەحەقیقەتکردنی ئەو خەونانەی بوو وا تەواوی سەردەمی لاویەتی پێیانەوە سەرقاڵ ببوو: ئەو خۆی لە رۆڵی خۆشەویستێکدا دەبینی کە بە تەواوی ژیانی خەونی بوو. جگە لەمە ئەو حەزی بە تۆڵەکردنەوە بوو و ئەمە هەستێکی خۆشی پێدەبەخشی. داخۆ بە ئەندازەی پێویست ئازاری نەچێشتبوو! بەڵام ئیستاکە دەیتوانێ سەرکەوێ و ئەو خۆشەویستییەی ئەو تا توانیبووی بەری پێبگرێ وەک رووبار تەقیبووەوە. ئەو بە بێ پەشیمانی و ترس و دڵەڕاوکێ لەزەتی لێدەبرد."٣٩

لێرەدا دەبینین چلۆن وشەکانی گێڕەرەوە لەسەر ئەوەی ئێما چلۆن لەخۆی دەڕوانێ دەبن بەو وشانەی وا قسەی راستەوخۆن (داخۆ بە ئەندازەی پێویست ئازاری نەچێشتبوو!)، بەڵام قسەیەک کە لەو جیهانە خەیاڵییەوە هەلێنجراوە وا باسی لەوە پێش دەکا. دۆخی ئێما بەهۆی ئەوەوە هەست بە هیچ گەشەیەک ناکا و لەهەڵەکانی خۆیەوە فێرنابێ، باش نیە؛ هاوکات ئێمە سەبارەت بە مەبەستی فلۆبێرت، نووسەری رۆمانەکە، نادڵنیا دەبین: داخۆ ئەو ئێما مەحکوم دەکا یاخود سیپماتی هەیە بۆی؟ 'ئێریک ئۆرباخ' لە کتێبە بەنابانگەکەیدا Mimesis دەنووسێ: "نووسەر باس لە کەسایەتییەکانی و ئەوەی لێیان روودەدا ناکا."٤٠ ئەمە کێشەی ئەم سەردەمەیش بوو. فلوبێرت بە هۆی ئەم رۆمانەوە بە نائەخلاقیبوون تاوانبارکرا و خاڵی تاوانبارکەرەکان ئەوە بوو لە رۆمانەکەدا هیچ چەشنە ئاماژەیەک بە مەحکوم کردنی خەیانەت و هەڵبژاردنەکەی ئێما نەکرابوو.

لەگەڵ ئەوەی مەبەستی نووسەر بەجوانی شاردراوەتەوە، بەڵام شوێن پێیەک لە گێڕانەوە لەدەرەوەی کاراکتێری سەرەکی دەبینرێ کە ئاماژەیە بە روانگەیەک. بۆ نموونە لە شوێنێکدا باس لەوە دەکرێ خەون و خەیاڵە زۆرەکانی ئێما "شێتانە"ن. بەڵام لەچاو ئۆستین، ئەو پەیامە ئەخلاقیانەی دەنێردرێن بۆ خوێنەر لاوازترن و هەر بۆیە زۆر شت ئاماژە بەوە دەدەن ئەوە تەنیا خەونەکانی ئێما بوڤاری نین لە تەنز و ئیرونیدا پیشکەش دەکرێن، بەڵکو هەر بەو رادەیەیش ئەوە کۆمەڵگا و جۆری خوێندنەوەیە ئەمە بەرهەم دێنێ.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫مادام بواری‬‎