شرۆڤە

هیومانیسم و ژینڕوانگە دونیاییەکانی تر (٢٢)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

لە بەرنامەکاندا مۆسیقا، گۆرانی، شیعر و گوتارخوێندنەوە پێشکەش دەکرێ. گوتار و تا رادەیەک هەڵبژاردنی شیعر، چوارچێوەی ناوەڕۆکی رێوڕەسمەکە دیاری دەکەن. لێرەدا رێزێکی زۆر لە کەسایەتی منداڵ و بایەخی مرۆڤ دەگیردرێ و، هەروەها رێزی ئەو هومێدە گەورەیەی کە بە هۆی هەبوونی منداڵەوە چاوەڕوانیان دەکا.

 

ژینڕوانگە لە ژیانی رۆژانە و لە جەژنەکاندا

داخۆ ژینڕوانگە دونیاییەکان لەگەڵ خۆیان خەمۆکی دێنن؟

کاتێک زۆربەی شتەکان لە ژیاندا بەشێوەی سارد و زیرەک و ئەقڵانی وەڵام بدرێنەوە، زۆر کەس لەوە دەترسن کە ناوەڕۆکی ژیانی مرۆڤ بەتاڵ و خەمگین هەڵگەڕێ. داخۆ تاجە گوڵ خستنە سەر گۆڕێک کاتێک مردووەکەی تەنیا مردوویەکە و بەس هیچ مانایەک دەبەخشێ؟ بۆچی دەبێ شادی خۆمان دەربڕین بۆ بەختەوەریی ئەو تازە هاوسەرانەی کاتێک بەشێوەی ئەقڵانی سەیریان دەکەین دەبینین بە هۆی حەزی سێکسییەوە سەرنجیان بۆ لای یەکتر راکێشراوە؟

یەکێک لەو کەسانەی باس لەم پرسە دەکا 'ماکس وێبێر'ی (١٩٢٠ ـ ١٨٦٤) فیلسووفە. ئەو لە راڤەی خۆی سەبارەت بە چلۆنایەتی گەشەی زانستی ئەقڵانی، باس لەم پرسە دەکا. ماکس لە ئایدیاڵی ئازادی لە زانستدا وەک بەرهەمی سەد ساڵەی رەوتێکی رۆشنگەری دەڕوانێ کە تێیدا خودی زانست هێزی دنەدەری بووە. ئەو دەڵی ئەقڵگەرایی "چارەنووسی خۆسەپێنەری سەردەمی ئێمەیە" کە جادوو و خوداکان رادەماڵێ و، ژمارە و ئەندازە و دەستەواژە ئەقڵانییەکان دەخاتە جێی. وێبێر لە رەوتی بەئەقڵانیکردن وەک زەروورەتی مێژوویی دەڕوانێ بە بێ ئەوەی لای وابێ ئەمە پێشکەوتنێکی مێژوویی و کلتوورییە کە لەگەڵ خۆی خۆشبەختی دێنی. لای ئەو گەشەی ئەقڵگەرایی رەوتی زاڵە و، پێی وایە ئەقڵگەرایی لەوە "وەڕەزکەر"ترە کە هەنووکە بەرچاودەکەوێ، لە لایەکی ترەوە و بە پێچەوانەی ئەمانەی وا وتمان لای ماکس وێبێر ئەقڵگەرایی وەک شێوازێکی سەرنجڕاکێشیشە بۆ نزیکبوونەوە لە پێداویستییەکانی گەشە و پیشکەوتن. یەکەم شت کە لە بەرامبەر ئەم نیگایەدا رادەوستێ ئەو روانگە رەشەیەیە وا سەبارەت بە مێژوو هەیە و ناتوانین خۆی لە دەربازکەین و، دووهەم شتیش ئەو روانگە ساویلکانەیە سەبارەت بە پێشکەوتن کە لە ئەقڵگەراییدا دەبینرێ، واتە ئەوەیکە هەموو شتێ بەرەوپیش دەڕوا و لەمەبەدووا لەسەر رێگای راستی خۆی دەبێ.١٥

وێبێر دەڵێ زانستی ئەقڵانی چرا لامپا کۆنەکان دەکوژێنێتەوە و لاوازییەکانی باوەڕ بەخودا و ئەو نەزمەی لەگەڵ خۆی دەیهێنێ، ئاشکرایان دەکات. جەژن و ئایینەکانی یەکشەممانە جێگای خۆیان دەدەن بە رۆژە خۆڵەمێشییەکان، بە هەموو ئەو شەڕە خەمناکەی لە نێوان ئەم بەشە دژانەدا هەیە. ئەمە چارەنووسی ئێمەیە لە سەردەمی مودێرنیتە و ئەقڵانییەتدا کە مرۆڤی مودێڕن ناتوانێ چاوی لە ئاستدا بقونجێنێ و یاخود لێیان دەربازبێت، بەڵام بە شوێن ئەوەوەیە بتوانێ زاڵ بێت بەسەریدا لە رێگای بەڕۆژانەکردنێکی وشیارانەوە.١٦

ئەم پرسانەیە کە شاعیری مودێڕنی نۆروێژی 'رۆڵف یاکوبسن' لە شیعرێکی خۆیدا باسیان لێدەکات: "ژمارەکان پێمان پێدەکەنن / ئەوان هەموو شتێکمان بۆ روون دەکەنەوە / شەویلکەی ئەوان لە ئاسنە و لەو دیانانەی / دەزرینگێنەوە / ئێمە دەپرسین و دەپرسین و / ژمارەکان وەڵامدەدەنەوە / بەڵام نەک وەک ڤیۆڵۆن / یاخود خۆشبەختیی نێوان باوەش / لەسەر سەفحەکە گوێمان لە کۆکەیە: / ـ پرسیارەکە ناڕوون بوو / جارێکی تر پرسیارەکە بکەوە."

مۆڤی مودێڕن بەهەرحاڵ نیازی خۆی بۆ دەرچوون لە ژیانی رۆژانە لەدەست نەداوە. مرۆڤە باوەڕمەندەکان بە ژینڕوانگە دونیاییەکان مۆم دادەگیرسێنن، بە خۆشی یەکتر پێک هەڵدەدەن، لە بۆنەکاندا گوڵ بۆ یەکتر دەنێرن، خانوو و جێژنەکانیان دەڕازێننەوە، خۆشبەختی شادیان دەکا، ئاشق دەبن، جوانییەکانی هونەر و سرووشت سەرسامیان دەکا و سەرئەنجام بە سەر گۆڕی مردووەکانیاندا دەگرین. وەها نیە کە جیهانبینیی ئەقڵانی بەری بەمانە گرتبێ. بە پێچەوانەوە، دەرکی ئێمە سەبارەت بەوەی یەکانەیەک هەیە (واتە مونیسم) لە نێوان رۆح و ماددە، کلتور و سرووشت، رۆح و جەستە ئەمانە هانمان دەدەن هەتا سەر لەگەڵ ئەم بوارانەیش بژین. ژینڕوانگەی هیومانیستیی سەردەم کراوەیە بەرەوڕووی هەستەکان، خۆشەویستی، پێکەوەبوون و تەواوی ئەو شتانەی وا دەتوانن مانا بە ژیانی رۆژانە و جەژنەکانمان بدەن. بەڵام بە بێ ئەوەی ئەمانە دیسان بەرەو شتە بانسرووشتییەکان رامانبکێشنەوە و دوورمان بخەنەوە لەو پێوەندییەی مرۆڤ هەیەتی بەم ژیانە. دەتوانین بڵێین هیومانیسم دیسان ئەو بایەخانەی دۆزیوەتەوە وا لە شکڵەکانی خۆشگوزەرانیدا هەن، بەڵام تێیدا ناوەڕۆکە ئایینیەکان شوێنیان داوە بە ناسینی قووڵ و بەرفراوان  لە پێوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکان.

وەها نیە کە رێوڕەسمەکان دەبێ ئایینی بن بۆ ئەوەی خەڵکی لە خەمینیی ژیانی رۆژانە بهێننە دەرەوە. چونکە رێوڕەسمە دونیاییەکانیش کەم تا زۆر وەک رێوڕەسمە ئایینیەکان پەرستشی جوانی دەکەن و رێز لە رۆژە مەزنەکان دەگرن.

ئەو رێوڕەسمانەی وا ناوەڕۆکی دونیاییان هەیە دەتوانن بە مانایەک زیاتر مرۆڤ لە ناوەنددا دابنێن هەتا رێوڕەسمە ئایینیەکان کە تێیدا پرستشی خودا دەبێتە ناوەند و نیگاکان لەسەر مرۆڤ بۆ خۆی دەقۆزێتەوە.

هەم ئامادەکارییە کلتووری و جوانناسییەکان و هەم کاری رێوڕەسمەکان لە بزووتنەوەی ژینڕوانگەی هیومانیستیدا جێگای بایەخی گرینگن. بە رێکخستنی جەژنەکانی ناوەڕاستی هاوین، رێوڕەسمەکانی درێژترین و کورتترین رۆژەکانی ساڵ هەتا کۆنسێرتەکان و شەوانی سەرگەرمی، هیومانیستە نۆروێژییەکان نیشانیان داوە کە ژینڕوانگە دونیاییەکان دەتوانن مرۆڤ لە دووبارەبوونەوەی ژیانی رۆژانە دەربهێنن.

جەژنی ناولێنان

هەموو کلتورەکان کاتی لە دایکبوونی منداڵ و ناولێنانی، رێوڕەسمی تایبەتی خۆیان هەیە. جەژنی ناولێنان یەکێک لەو رێوڕەسمانەیە کە هاتنە دونیای منداڵ نیشاندەدا و هەروەها بەخێرهاتنکردنی منداڵە بۆ ناو کۆمەڵگا و راگەیاندنی ناوەکەیەتی. جەژنی ناولێنانی منداڵ لە روانگەی کۆمەڵایەتییەوە هەمان کارکردی هەیە کە رێوڕەسمی بە مەسیحی کردن منداڵ لە کلیسادا هەیەتی، ئەگەرچی رێوڕەسمی بە مەسیحی کردن کارکردی تریشی هەیە، وەک بەئەندامکردنی کەسەکە لە کلیسا، راهێنانی بەشێوەی مەسیحی و هەروەها کارکردە ئایینیەکانی دیکەیش.

ئەم رێوڕەسمە لە نۆروێژ لە لایەن رێکخراوی ئەخلاقی هیومانیستیەوە رێکدەخرێ و، کراوەیە بۆ چەندین منداڵ لە هەمان کاتدا. ژمارەی ئەم منداڵانە لەو رێوڕەسمە گەورانەی وا لە ئۆسلۆ بەڕێوەدەچن، دەتوانێ تا سی کەس بەرزبێتەوە. جەژنی ناولێنان چەندین جار لە ساڵدا لە زۆر شوێنی نۆروێژ بەڕێوە دەچێ. یەکەم جەژنی ناولێنان لە کۆتایی دەیەی ١٩٨٠دا گیرا. شایانی گوتنە نزیکەی هەزار منداڵ هەموو سالێک لەم رێوڕەسمانەدا بەشداری دەکەن.

لە بەرنامەکاندا مۆسیقا، گۆرانی، شیعر و گوتارخوێندنەوە پێشکەش دەکرێ. گوتار و تا رادەیەک هەڵبژاردنی شیعر، چوارچێوەی ناوەڕۆکی رێوڕەسمەکە دیاری دەکەن. لێرەدا رێزێکی زۆر لە کەسایەتی منداڵ و بایەخی مرۆڤ دەگیردرێ و، هەروەها رێزی ئەو هومێدە گەورەیەی کە بە هۆی هەبوونی منداڵەوە چاوەڕوانیان دەکا. دوواتر منداڵەکان و دایک و باوکەکانیان بانگ دەکرێن و ناوی منداڵەکەیان لەسەر تابلۆیەکی جوان پێشکەش دەکرێ. ئەوسا دەچنەوە ماڵەوە و لەگەڵ بنەماڵە و هاوڕێکانیان جەژن دەگرن.

هەتا دێت منداڵگەلێکی زۆرتر بە لەبەرکردنی کراسی رێوڕەسمی بەمەسیحی بوونیان لەم رێوڕەسمانەدا بەشداری دەکەن. ئەمە سیمبۆلێکە هەم بۆ نەریت و هەم بۆ بەردەوامیی بنەماڵە.

رێوڕەسمی گەورەبوون بە شێوازی مەدەنی

رێوڕەسمی گەورەبوون بە شێوازی مەدەنی یەکێک لە کۆنترین رێوڕەسمەکانە لەناو رێوڕەسمە دونیاییەکاندا و، مێژوویەکی درێژتری لەوانی تر هەیە. ئەمە لە لایەن یەهوودییە سکۆلار و رادیکاڵەکان لە بەرلین لە دەیەی ١٨٨٠دا هاتەئاراوە و، لەناو بزووتنەوەی کرێکاریی ئاڵمان دا لە زۆر شوێن گەشەی سەند. ئەم رێوڕەسمە هەروەها هاتە دانمارک و لەم ولاتەیش لە لایەن سۆسیال دێمۆکراکەکانەوە لە ١٩١٥وە بەڕێوەدەبرێ.

خودی ئەم دەستەواژەیە (کە پێی دەگوترێ konfirmasjon ـ وەرگێڕی کوردی) وەک وشەی جێگیر سەیری دەکرێ، چونکە لە زمانی نۆروێژی گرێدەدرێتەوە بە رێوڕەسمی بەمەسیحیکردن.١٧ ئەم وشەیە بەمانای 'بەهێزکردن' و 'یارمەتیدان'یش دێت لە پاڵ مانای 'دانپیانان'دا. وشەی 'مەدەنی'یش ئاماژە بەوەیە کە رێوڕەسمەکە بۆ هەمووان کراوەیە.

'رێکخراوی گرتنی رێوڕەسمی بەگەورە بوون بە شێوازی مەدەنی' لە ساڵی ١٩٥٠ لە ئۆسلۆ لە لایەن 'کریستیان هۆڕن'وە (١٩٨١ ـ ١٩٠٣) بونیات نرا، کە دوواتر دەستپێکەری رێکخراوی ئەخلاقی ئینسانی بوو. خەڵکە گرینگەکانی ناو بزووتنەوەی کرێکاری لە نۆروێژ، کەسانی وەک 'وەرنا گێرهاردسێن' لەگەڵیا بوون. ساڵی دوواتر یەکەمین رێوڕەسم لە ئۆسلۆ گیرا بە بەشداری ٣٤ کەس (واتە ئەوانەی رێوڕەسمەکەیان بۆ دەگیردرا ـ وەرگێڕی کوردی)، کە لە شوێنگەلی جۆراوجۆرەوە بوون. بەرەبەرە ژمارەی بەشداران زیادی کرد. لە ١٩٦٨ەوە شاری 'بەرگێن'یش بەم رێوڕەسمە پەیوەست بوو و لەوێوە بۆ هەموو شارە گەورەکانی دیکەیش پەرەی سەند. ئەمڕۆکە لە هەموو نۆروێژ ئەم رێوڕەسمە دەگیردرێ، لە 'مانداڵ'ەوە (لە باشوور)، هەتا 'سڤاڵبارد' لە باکوور.

وەک لە پاژی ١٢دا باسمان لێکرد ئەم رێوڕەسمە گرینگترین کار و سیمای رێکخراوی ئەخلاقی مرۆییە رووبەدەرەوەی خۆی. لە رێوڕەسمی پەنجا ساڵەدا لە ساڵی ٢٠٠١ لە ئۆسلۆ، ئەم مەاسیمە گیرا بە ئامادەبوونی شازادە، وەزیری کلیسا و کلتور و خوێندن، کۆمیتەی شارەداری و گەلێک میوانی تر کە لە لایەن ئایین و رێکخراوە هیومانیستییەکانی ترەوە لە دەرەوەی وڵات بەشدارییان کردبوو. لەم رێوڕەسمەدا نزیکەی ٨٧٠٠ گەنج لە نۆروێژ (لەسەدا شانزەی هەمان پێڕ) ئەم فۆڕمەیان بۆ رێوڕەسمی گەنجەکان هەڵبژارد. لە ناوچە ناوەندییەکانی وڵات ئەم ژمارەیە تا لەسەدا بیست بەرز دەبێتەوە. نزیکەی لە سەدا هەشتادی ئەوانەی وا ئەم شێوازە لە رێوڕەسم هەڵدەبژێرن لەو بنەماڵانەوە دێن کە ئەندامی رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی نین. بە واتایکی تر زۆربەیان ئەندامی کلیسای دەوڵەتین. مەبەست لە بنەماڵە ئەندامەکان ئەوەیە کە تا سەد هەزار مرۆڤ ساڵانە لەم رێوڕەسمانەدا بەشداری دەکەن.

رێوڕەسمی بەگەورەبوونی مەدەنی تەنیا رێوڕەسم نیە. بە پلەی یەکەم کۆرسی فێرکردنە بۆ مێرمنداڵ کە تێیدا باس لە بابەتی جۆراوجۆر دەکرێ، وەک یاسا بۆ مێرمندالان، زانیاری لەسەر سێکس، مافەکانی مرۆڤ و هتد. ئامانج، وشیارکردنەوەی گەنجانە لەسەر مافەکانیان، ئەرکەکانیان و بەرپرسایەتییان لە ئاست کێشەکانی دونیادا. لە رێگای ئەم وشیارکردنەوە و هاوکاری لەگەڵ گەنجانی دی دەیانەوێ بۆ ژیانی دوواڕۆژ یارمەتیان بدەن و بەهێزیان بکەن.

خودی رێوڕەسمەکە وەک جەژنێکە بۆ گەنجەکان. مەبەست ئەوەیە تا ئەو جێگایەی دەکرێ باش بن هەم لە ژیانی لۆکاڵ و، هەم لە رواڵەت و لە ناوەڕۆکدا. مۆسیقا، شیعر و گوتار بەشە سەرەکییەکانن و، نوێنەرێکی گەنجەکانیش گوتار پێشکەشی ئامادەبووان دەکا. گەنجەکان بەڵگەی تەواوکردنی کۆرسەکەیان پێ دەدرێ. هەروەها لەم رێوڕەسمانەدا پەیامی گوتار گرینگترینە. لە ئاستێکی بەریندا هەر هەمان بایەخانەی لە کاتی کۆرسەکەدا باسیان لێکراوە، لە گوتارەکەدا دیسان باسیان لێدەکرێتەوە.

زەماوەند و پەیمانی ژیانی هاوبەش بەستن

بەشێک لە رێکخراوەکانی ژینڕوانگە دونیاییەکان خاوەن نەریتی درێژخایەنن لە رێکخستنی زەماوەندەکاندا. لە نۆروێژ، هەندێ بنکەی تایبەت و شوێنی دیکە زەماوەندە مەدەنییەکان داڵدە دەدەن و، تا ئەو کاتەی ئەوان هەن هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی تر بۆ کلیسا لەم بوارەدا دەستناکەوێ.

رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی بەتازەیی داوای مافی بەهاوسەرکردنی هاوسەرەکانی نەکردووە. چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ گۆڕان لە یاسای هاوسەرگیریدا بێتە پێشێ و ئەم مافەی تیا دەستەبەربکرێ (2002). بەهەرحال نیاز هەیە بۆ بە هاوسەرکردنی هاوسەرەکان لە فۆڕمی هیومانیستیدا. یەکەمین لە ساڵی ١٩٩٥ روویدا، بەڵام خەڵکانێکی کەم لەم ئەڵتەرناتیڤە کەڵکیان وەرگرتووە، واتە کەمتر لە پەنجا هاوسەر لە ساڵدا. هەتا رێکخراوەکە ئەم مافەی پێدەدرێ، ئەو کەسەی هاوسەر گیری دەکا مافی ئەوەی هەیە لە بەڕێوەبەری رێوڕەسمەکە قازییەک وەرگرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی بەهاوسەرکردنەکە بەئەنجام بگەیەنێت. رێگاچارەیەکی تر ئەوەیە هاوسەرەکان بچنە بنکەیەکی فەرمیی پێوەندیدار بەم کارەوە و، ئەوسا بە شێوەی هیومانیستی رێوڕەسمەکەیان بەڕێوەبەرن.

بە بڕوای من بەستنی پەیمانی هاوسەرگیری رەوتێکی یاساییە کە تێیدا هەموو کاغەزبازییەکان لە لای بنکە فەرمییەکانی تایبەت بەم کارەن. وەها کە رۆڵی کۆمەلە ژینڕوانگەکان تەنیا پێشکەشکردنی رێوڕەسمی جەژنەکەیە بۆ هاوسەرەکان، بنەماڵە و هاورێکانیان.

کاتێک هاوسەرگیری هیومانیستی لەم ساڵانەی دووییدا سەریهەڵدا لەبەر ئەوە بوو کە زۆربەی گەنجەکان رایان وابوو هاوسەرگیری بەشێوەی مەدەنی کە لە لایەن بنکە فەرمییەکانەوە ئەنجام دەدران، وەڕەزهێنەر بوون و خاوەن رەوتێکی دوور و درێژ. ئەوان پێیان وابوو ئەم شێوازە ئەوانی لە رۆتینی ژیان رۆژانە دەرباز نەدەکرد، ئەمە لە کاتێکدایە کە مرۆڤ پێویستی بە رێوڕەسمێکی رۆمانسییە لە باغەکەی خۆیدا، لە شوێنێکی خۆشی ناو دارستان، یاخود لە لوکاڵێکی گەڕەکەکەیدا.

ناشتنی مردوو بە شێوازی مەدەنی

ناشتنی مردوو بە شێوازی مەدەنی لە لایەن گەلێک رێکخراوی هیومانیستییەوە بەڕێوەدەبرێ و، لە نۆروێژ رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی لە ساڵی ١٩٥٦ەوە ئەم کارەدەکا. ئەم خزمەتە بۆ هەمووانە، بەڵام ئەوە ئەندامانن زۆربەی کات لەمە کەڵک وەردەگرن. چەند جارێک ناشتنی مەدەنی لەگەڵ ناشتنی مەسیحی رێوڕەسمی هاوبەشیان هەبووە. ئەمەیش بە هۆی داوای بنەماڵەیەکەوە بوو کە ئەندامی کۆمەڵی ژینڕوانگەی جۆراوجۆر بوون. یاخود کاتێک خانەوادەیەک تیاچووبوون کە هەر کامەیان خاوەن ژینڕوانگەیەکی تایبەت بە خۆی بوو. هەموو ئەندامان بەهۆی ئەندامەتییانەوە گارانتی ئەوە کاون کە لە کاتی مردنیاندا خاوەن ناشتنی مەدەنی بن. هێشتا ژمارەی ئەم کەسانە ساڵانە لە دەوری سێ سەد کەسدایە، بەڵام لە گەشەی تووندایە کە پێوەندی هەیە جۆراوجۆریی تەمەنی ئەندامانەوە هەیە. دەرفەتی ئەوەیش هەیە کە ناشتنی مەدەنی بە شێوەی پریڤات بێت و چەندین سەد کەسێک ئەم کارە ساڵانە ئەنجامدەدەن. ئەو مردووانەی بەشێوەی مەدەنی دەنێژرێن لە قەبرستانەکانی سەر بە کلیسا دەنێژرێن. لە ساڵی ١٩٩٧ەوە لە نۆروێژ دەرفەتی سوتانی تەرمیش دراوە.١٨

بەرەبەرە دامەزراوەکانی ناشتن، لە بواری هاوکاری لەگەڵ بنەماڵەکان و نوێنەرانی بەشی ناشتن لە رێکخراوی ئەخلاقی مرۆی، توانایەکی باشتریان لەخۆیان نیشاندا. رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی خەڵکی شارەزای خۆی هەبوو بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ کەس و کاری مردووەکە و خوێندنەوەی گوتار لە لایەن بنەماڵەکەیەوە.

ئەم پێوەندییە زیاتر لەسەر ئەوە راوەستاوە کە ئەو کەسەی گوتارەکە پێشکەش دەکات، خەمخۆریی خۆی لە ئاستی رووداوەکە نیشاندەدا و هەروەها هەوڵدەدا تا ئەو جێگایەی بۆی دەکرێ زانیاری بەکەڵک و پێویست پێشکەشی بنەماڵەی مردووەکە بکات، جا بەگوێرەی نیاز. ئامانج ئەوەیە وێنەیەکی وەها لە مردووەکە پێشکەش بکرێ کە گوتارەکە لە چوارچێوەیەکی مەحکەمدا خۆی بنوێنێ. هەروەها ئەو وشانەی وا خاوەن مردووەکە حەزدەکەن لە گوتارەکەدا هەبێ، دەنووسرێنەوە و کەڵکیان لێ وەردەگیردرێ. رێوڕەسمەکە بە مۆسیقا ، گۆرانی و گوتار دەڕازرێتەوە. زۆربەی ئەوانەی لەم جۆرە رێوڕەسمانەدا بوون باس لە چلۆنایەتی باشیان دەکەن لە بواری پێشکەش کردنی گوتاری بیرەوەرییەکان لەسەر مردووەکە. ئەو گوتارە هیومانیستییەی لە کاتی ناشتنی مردووەکاندا پیشکەش دەکرێ لە ناوەڕۆکی خۆیدا دونیاییە، واتە باس لە ژیان و مردن دەکرێ لە روانگەی دەرکێکی حەقیقی کە مونیستییە و دوورە لە ئایین.

هەروەها لەم شێوازە ناشتنە، کاتێک باس لە خەمە و نەک شادی، رێوڕەسمەکە وەهایە کە دەتوانێ ئێمە لە ژیانی رۆژانە دەربهاوێ.

ژێرنووس:

١٥ـ لێرەدا وێبێر لەو روانگە مێژووییە تراژێدیە نزیک دەکەوێتەوە کە لە هەندێ شوێن لای نیچە دەستدەکەوێ: "رەشبینی لەگەڵ بەختەوەریی 'دێسینیزی' جووتدەبێ.". بەڵام رەشبینی وێبێر لە چەشنی رەشبینی نیچە نیە کە خۆی لە یەقینی مەرگدا دەبینێتەوە، بەڵکو لەو وشیارییەدا خۆی دەبینێتەوە وا مرۆڤ لە شەڕی ترسناکی رۆژانە لە نێوان لایەنە دژەکان، روانگە و بایەخە جۆراوجۆرەکان و شەڕ لە نیوان لایەنگرانی باوەڕە جۆراوجۆرەکاندا دەیانبینێتەوە. وێبێر لە بیری دیالکتیکی فیلسووفی کەونارا 'هێراکلیت' (نزیکەی ٥٠٠ ساڵ پێش زایین) نزیک دەکەوێتەوە کە دەیگوت لە جیهاندا شەڕ حەقیقەتە.

١٦ـ بە ئاڵمانی Veralltäglichung واتە 'بەعادەتکردن'. وێبێر ئەوەی کەشفکرد کە زۆر مەرجی بنەڕەتیی بواری کۆمەڵایەتی لە کاپیتالیزمدا، بۆ وێنە نەزمی کار، کەسابەت،... ، بە کورتی ئەقڵانییەتەکەی جۆرێک لە بەرۆژانەکردنی ئەخلاقەکانی وەک دەست پێوەگرتن و سەرسەختییە کە لە ئایینی کالوینیستەکاندا قبوڵکراون(Weber 1992). ئەنالیزە ئایینیەکانی وێبێر بە جۆرێک بە ناو کۆنفۆسیۆسیسم، تاویسم، هیندویسم، بودیسم و یەهوودییەتدا تێدەپەڕن. ماکس وێبێر نیشانی دەدات چلۆن زانستی رەخنەیی پەردە لەسەر ئەوە لادەبات کە نۆرمە ئایینی و ئەخلاقییەکان لە سەر کۆمەڵگا و مێژوو کاریگەری دادەنێن.

١٧ـ کلیسای نۆروێژی چیدی لە وشەی konfirmasjon لە مانای تەئیدی ئەو کەسە بۆ هاتنە ناو دونیای مەسیحی کەڵک وەرناگرێ. ئەوە کلیسایە کە لە رێگای رێوڕەسمی بە مەسیحی کردنەوە، بەمەسیحی بوونی کەسەکەیش دەسەلمێنێ. ئەم وشەیە لە رۆمی کۆنەوە وەرگیراوە و بریتی بووە لەو رێوڕەسمانەی وا بۆ وەرگرتنی سەربازە گەنجەکان دەیانگێڕان. کە دوواتر لە لایەن کلیساوە قۆسترایەوە.

١٨ـ مەرجی ئەمە ئەوەیە کەسەکە خۆی لە کاتی ژیانیدا حەزی خۆی لەم بوارەدا بە شێوەی نووسین پێشکەش کردبێ بۆ ئەوەی بەشێک لە داواکارە فەرمییەکانی بەجێ گەیاندبێ، بەڵام ناتوانێ لە پێش مردنیدا داوای بکا. ئەمە لە راستیدا لە لایەن کەس و کارەکەیەوە دەبێ ئەنجام بدرێ. لەو پێشنیارەی بۆ گۆڕانی ئەم یاسایە  پیشکەش کراوە، داوا کراوە ئەو کەسەی حەزی بە سووتانی جەستەیەتی خۆی، دەتوانێ داوای بکا.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for borgerlig konfirmasjon