شرۆڤە

هیومانیسم و ژینڕوانگە دونیاییەکانی تر (٢٠)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

ئاتەئیستەکان و ئەگنۆستیکەکان دەڵێن بە پێی لۆژیک ئەمە بە هیچ جۆرێک ناتوانێ بەڵگە بێت. مرۆڤ پێویستی بە هومێدە، بەڵام ئەم دەلیلە کە دلیلێکی پراگماتیستیە بۆ باوەڕ بە خودا، خۆی لە خۆیدا بە هیچ جۆرێک ناتوانێ سەلمێنەری بوونی خودا بێت. ئەم شێوازە لە نزیکبوونەوە بە هەبوونی خودا دەتوانێ ئاماژە بێت بە دڵەڕاوکێ و بێهومێدی لە مرۆڤدا.

 

بەڵگەی ئەنترۆپۆلۆژیکیانەی سەلماندنی خودا

٤ـ هیچ شتێک لە هیچ شتێکەوە نایەت. ئەمە بەڵگەی کۆسمۆلۆگیانەی سەلماندنی خودایە. بەڵگەیەکی تریش هەیە کە پێی دەگوترێ ئەنترۆپۆلۆگیانە. واتە پێوەندی هەیە بە تیۆرییەکانی لەمەڕ جووڵە یاخود گەڕان. وزەی جووڵە دەبێ بە وزەی راوەستاو و، بۆیە هەموو جووڵەکان رادەوەستن وەها کە هیچ شتێک نامێنێ "چەرخەکان لە جووڵەدا راگرێ". ئەم بەڵگەیە باس لەوە دەکا کە دەبێ خودایەک هەبێ کە "هەموو شتێک لە جووڵەدا رادەگرێ". هەموو جووڵەیەک هۆکارێکی هەیە. هیچ شتێک لە هیچ شتێکەوە نایەت.

سەرەڕای دروستیی خاڵی دەستپێک سەبارەت بە جووڵە، ئاتەئیستەکان و ئەگنۆستیکەکان دەڵێن ئەم بەڵگەیە بۆ سەلماندنی بوونی خودا کورتی دێنێ، ئەگەرچی لایەنگرەکانی دەڵێن کە بەهەرحاڵ جووڵە بەهۆی خوداوەیە. ئەوان دەڵێن ئەمە دەتوانێ جووڵەیەک بێت بەهۆی 'بیگ بەنگ' (تەقینەوەی گەورە)وە کە هەنووکەیش بەردەوامە. تیۆری 'بیگ بەنگ' تیۆری سەرەکیی زانستی سرووشتیە کە باس لە سەرەتای گەردوون و گەشەی دەکا لە رێگای هێزێکەوە کە دەکشێ و کۆدەبێتەوە. بەهەرحاڵ ئەمە بەڵگەیەکی نەگونجاوە بۆ سەلماندنی ئەوەی خودا هەڵگری وەها جووڵەیەکە. هەروەها ئەم بەڵگەیە چاو لەوە دەقونجێنێ کە گەردوون یان گەردوونەکانی پێش گەردوونی ئێمە دەتوانن بە شێوەیەکی بێکۆتا هەبن. مرۆڤ سەرقاڵی پەیداکردنی سەرەتایەکە لە شکڵی خودایەک کە هەموو شتێکی دەستپێکردووە بە بێ ئەوەی هەمان لۆژیک سەبارەت بە درووستکردنی خودی خودا بەکارببا. داخۆ دونیا ناکرێ هەمیشە هەبووبێ، رێک وەک هەبوونی خودا؟

وەک ئەو سێ بەڵگەی باسمان لێکرد، ئەم بەڵگەیەیش یاسای فیزیکی و لۆژیکی ئەقڵی ـ وەک جووڵە، هۆکار و دەلیل ـ لەم بوارەدا بەکاردەبا بە بێ ئەوەی بزانین داخۆ دەتوانرێ بەم شێوازە بەکارببرێن یان نا.

بەڵگەکانی تری سەلماندنی خودا

بەڵگەیەکی تری سەلماندنی خودا باس لەوە دەکا کە هەبوونی خودا بە بێ بەکارهێنانی زانستی سرووشتی دەسەلمێندرێ. ئەمەیش بەڵگە کۆسمۆلۆژییەکانی سەلماندنی خودان. لە درێژەدا شێوازگەڵێکی تر لە دەلیلهێنانەوە دەبینین کە وەک بەڵگە بەکاردەبرێن بۆ سەماندنی هەبوونی خودا.

٥ـ  خودا دەبێ هەبێ چونکە مرۆڤ دەتوانێ لە مێشکی خۆیدا وێنای بکا. لە گفتوگۆ ئایینیەکاندا زۆر کەس دەڵێن کاتێک مرۆڤایەتی وێنایەکی لەسەر خودا بە گشتی هەیە، کەواتە دەبێ خودا هەبێ. خاڵی سەرەکی لەم بەڵگە پێنجەمەدا ئەوە نیە کە زۆر کەس باوەڕیان بە خودایەک هەیە یان نا، بەڵکو ئەوان باس لەوە دەکەن چونکە وێنایەک لە خودا لە مێشکی مرۆڤدا هەیە، ئەمە دەبێتە هۆی سەلماندنی. بە رای ئەوان مرۆڤ ناتوانێ وێنای شتێک لە دەروونی خۆیدا بکا گەر نەبێ.

یان دەتوانین ئەمە بکەین؟ کانت، فیلسووفی ئاڵمانی دەیگوت ئەم بەڵگەیە ناخوات. ئەو دەڵێ ئێمە دەتوانین خاوەن وێنا لەسەر خودا بین بە بێ ئەوەی خودا هەبێ. هەر بەو شێوەیەی کە ئێمە دەتوانین خاوەن ئایدیا بین لە سەر سەد ریکسداڵێر (پوڵی قەدیمی دانمارکی و نۆروێژی)، بە بێ ئەوەی ئەو پوڵانە چیدی هەبن. 'ئاڵفرێد ی. ئایەر'ئ ئاتەئیست دەیگوت ئاتەئیستەکان و ئەگنۆستیکەکان دەبێ بە تەواوی خۆیان لە پرسی هەبوونی خودا بپارێزن و وشەی خودا بەکارنەبەن، لەبەر ئەوەی ئەم وشەیە دەتوانێ ئەم بەڵگەیە بەهێز بکات. مرۆڤ دەتوانێ لە دژی ئەم بەڵگەیە بڵێ کە ئاتەئیستەکان و ئەگنۆستیکەکان هیچ وێنایەکیان لەسەر خودا نیە، ئەگەرچی ئەوان لە لایەن ئەو باوەڕدارانەوە ئابڵۆقە دراون کە هەوڵدەدەن وەها وێنایەکیان بدەنێ. کەس ناتوانێ ئەم پرسە بە لایەکدا ساخبکاتەوە تەنانەت ئەوانەی وا زۆرینەشیان لەگەڵدایە.

٦ـ کاتێک ژیان خاوەن مانایە، دەبێ کەسێک هەبێ ئەم مانایەی پێ بەخشیبێ. ئەمە بەڵگەی شەشەمی سەلماندنی خودایە کە دەڵێ هەموو شتێ لە مانا دادەماڵدرا گەر خودا نەبایە. وەک چۆن کەشتیوان کەشتی لێدەخوڕێ، هەر بەو شێوەیە دەبێ خودایەک هەبێ کەشتیی دونیا بەڕێوە دەبات. چونکە گەر وا نەبێ کەس نازانێ ئەم کەشتییە بەرەو کوێ مل پێوەدەنێ. کاتێک 'بوون' خاوەن مانا و ئامانجە، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێ خودایەک هەیە و ئێمە بەرەو ئاراستەیەکی دیاریکراو هیدایەت دەکا.

ئەم بەڵگەیە ئایدیای خۆی لە ئەزموونەکانی مرۆڤ سەبارەت بە بەڕێوەبەری و کاریگەرییەکانی وەردەگرێ. بەم شێوەیە ئەمە دەبێتە بەڵگەیەکی ئانترۆپۆمۆرفیسک واتە (لە رووی مرۆڤەوە ـ وەرگێڕی کوردی)، دەلیلێک کە هەوڵدەدا دیاردە مرۆییەکان بگوازێتەوە بۆ دیاردە خوداییەکان. ئایا ئێمە لەوە دڵنیاین کە بوون دەبێ وەک پاپۆڕ هیدایەت بکرێ؟ دووهەم، دڵنیا نین لەوەی مانای ژیان و بوون لەوە پێش پێشکەشکرابێ و بڕیاری لەسەردرابێ. وجوودگەرایەکی ئاتەئیست دەتوانێ بڵێ مانای ژیان دەبێ لە لایەن مرۆڤ خۆیەوە بخوڵقێندرێ، چونکە هێج مانایەک دەستناکەوێ کە لەوە پێش (واتە پێش بوونی مرۆڤ ـ وەرگێڕی کوردی) بە مرۆ درابێ.

٧ـ باش، باشتر، باشترین. حەوتەمین بەڵگەی سەلماندنی خودا بەڵگەیەکی قۆناغبەندە و باس لەوە دەکا کاتێک شتێک باشە و، شتێک باشترە لە باش، ئەوسا دەبێ شتێکی تریش دەستکەوێ کە باشترینە. جا ئەمە شتێکی کامڵە و، ئەم شتە کامڵەیش خودایە. ئەمە خۆی گرێدەداتەوە بە باسەکەی دوواترمان و بۆیە لەگەڵ ئەودا باسی لێدەکەین.

٨ـ 'کامڵ' دەبێ هەبێ. لە ناکامڵی مرۆڤانەی خۆماندا و، لە هەوڵدانمان بۆ بەدەستخستنی خۆشبەختی، ئێمەی مرۆڤ سەرقاڵی 'کامڵ'ین. ئێمە بە شوێن خوشبەختی کامڵەوەین. هەوڵی ئێمە و حەزی ئێمە بۆ ئەم کامڵبوونە، سەلمێنەری هەوڵ و حەزی ئێمەیە بۆ خودا، چونکە ئەوە ئەوە کامڵە. ئەمانە ئەو قسانەن وا لایەنگرانی بەڵگەی هەشتەم بەکاریدەبەن. (بەمە دەگوترێ بەڵگەی تیۆلۆگیانەی سەلماندنی خودا، کە لە وشەی یۆنانی 'تێلیوس'ەوە دێت بە مانای ئامانج یاخود ئەو شتەی ئێمە بە شوێنیەوەین). وەک دەبینین ئەمە زۆر لە بەڵگەی حەوتەم دەکا.

ئەم دەلیلانە کە لە هەر دوو بەڵگەکەدا بەکاردەبرێن بە گوێرەی ئاتەئیستەکان و ئەگنۆستیکەکان ڵی تێگەیشتنیان وەک بەڵگە بۆ سەلماندنی خودا دژوارە. چونکە بۆچی ئێمە ناتوانین لەم قۆناغبەندییە روو لە باشەی ئەواندا بگەیەنە شتێکی تر جودا لە 'کامڵ'ی موتڵەق؟ حەز، هەوڵ و بەشوێنداداچوون بۆ باشتربوون مەرج نیە ئامانجی خۆی لە یۆتۆپیادا بدۆزێتەوە. هۆکاری وەها رەوتێک هەروەها دەتوانێ ئەوە بێت کە ئێمە دەمانەوێ لە شتێک دووربکەوینەوە حەزمان لێی نیە. هەروەها ئێمە ناتوانین لەخۆوە ئایدیاکانی خۆمان لەمەڕ دۆخێکی باشتر و ژیانێکی وەک بەهەشت بخەینە پاڵ خودا. یۆتۆپیا لە ژینڕوانگە دونیاییەکانیشدا لە ئاستێکی بەرزدا باسیان لێکراوە. زۆر کەس دەیانەوێ بەهەشت لێرە لەسەر زەوی سازبکەن بە بێ ئەوەی ئەم بەهەشتە خۆی گرێبداتەوە بە 'کامڵ'ێکی میتافیزیکی. گەر بمانەوێ وێنایەک لەم پێوەندییەدا لە میتۆلۆژیای پرۆمیتۆس وەربگرین دەبێ بڵێم کە ئایدیای 'کامڵ' دەکرێ وێنایەک بێت وەک نەبوونی زەردەواڵەکان لە جەعبەی پاندوراس دا.

٩ـ بە بێ رێبەرێکی راستەقینە هەموو شتێ دەشێوێ. دۆستۆیڤسکی نووسەری رووسی دەنووسێ "بە مردنی خودا هەموو شتێ شیاو دەبێ". هاوڕا لەگەڵ ئەم نووسەرە زۆر کەس پێیان وایە مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانی ئەخلاقی بێت، پێویستی بە خودایە. ئێمە پێویستمان بە رێبەرێکی راستەقینەیە کە بە پیشاندانی رێگای راست بۆمان دیاریدەکا باش هەڵسوکەوت بکەین. کاتێک ئێمە بە باشی دەجووڵێینەوە، ئەمە خۆی لە خۆیدا نیشاندەری ئەوەیە خودایەک هەیە کە بەشێوەی درووست خەریی رێنومایی کردنی ئێمەیە. بە بێ ئەم خودایە مرۆڤ بە شێوەی نامرۆڤانە هەڵسوکەوت دەکا و چی شتی خراپە لێی سەرهەڵدەدا.

یەکەم، ناباوەڕداران دەڵێن بێگومان شتی زۆر خراپ و بگرە شەڕ و شۆڕ هەیە کە ئێمەی مرۆڤ لە دژی یەکتر دەیانکەین و بەرپایان دەکەن، بۆیە لێرەدا دەبێ بڵێین ئەم رێبەرە راستەقینەیە ـ ئەگەر هەبێ ـ بەهەرحاڵ هەتا ئێرە بە خوڵقاندنی ئەم جۆرە دونیایە کارێکی خراپی کردووە. بەڵام چ باوەڕداران و چ ناباوەڕداران کاری چاکیش دەکەن، بە بێ ئەوەی سەرنج بدەنە "دەستی ئاسنین و پڕ لە بەزەیی خودا". چونکە دژوار دەبێ لێکدانەوەی ئەوەیکە بۆچی خەڵکانێکی زۆر بە بێ ئەوەی باوەڕیان بە خودا و بە رێبەرایەتی راستەقینەی ئەو بێت، کاری باشیش دەکەن.

کاتی هۆلۆکاست زۆر خەڵکی مەسیحی و یەهوودی هەبوون کە بوونە ئاتەئیست تەنیا لەبەر ئەوەیکە لە دووای ئەو کارەساتە باوەڕیان بە هەبوونی خودا نەما، لانیکەم باوەڕ بە خودایەکی میهرەبان، چونکە لای ئەوان هیچ خودایەکی میهرەبان ئیزنی وەها کارەساتێک نادا. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەگەر کردەی مرۆڤ لە ژێر کونتڕۆڵی خودادا بایە، قەت هۆلۆکاست رووینەدەدا.

١٠ـ باوەڕبەخودا مەرجی هومێدە بۆ مرۆڤ. مرۆڤ پێویستی بە هومێدە. بە بێ هیوا هەموو شتێ بێ مانا دەبێ. باوەڕ بە خودا و هیوا بەوەی خودا مرۆڤەکان دەباتە بەهەشت، تەنیا هومێدێکە ئێمەی مرۆڤ هەمانە. ئێمە کاتی و ناکامڵین لە جیهانێکی غەمگیندا کە هیچ چەشنە هومێدێک بە مرۆڤ نابەخشێ. بۆیە باوەڕی ئینسان بە خودا کردەیەکی زیرەکانەیە. بەمە دەگوترێ بەڵگەی پراگماتیستی.

ئاتەئیستەکان و ئەگنۆستیکەکان دەڵێن بە پێی لۆژیک ئەمە بە هیچ جۆرێک ناتوانێ بەڵگە بێت. مرۆڤ پێویستی بە هومێدە، بەڵام ئەم دەلیلە کە دلیلێکی پراگماتیستیە بۆ باوەڕ بە خودا، خۆی لە خۆیدا بە هیچ جۆرێک ناتوانێ سەلمێنەری بوونی خودا بێت. ئەم شێوازە لە نزیکبوونەوە بە هەبوونی خودا دەتوانێ ئاماژە بێت بە دڵەڕاوکێ و بێهومێدی لە مرۆڤدا. وەک ئاکامیش دەتوانێ ئاماژە بە بۆچوونێک بدا کە دەڵێ: "من باوەڕم بە خودا هەیە لەبەر ئەوەی نەکا هەبێ!" یان: "لەبەر مەحکەمکاری باوەڕم بە خودا هەیە!"هەندێ کەس دەڵێن باوەڕیان بە هیچ خودایەک نیە، بەڵام خەڵکی دەبێ باوەڕیان پێی هەبێ، چونکە باوەڕ بە خودا پێویستیی مرۆڤە بۆ هەبوونی هومێد، یان لەبەر ساخی و سەلامەتی و لەبەر هەبوونی ئەخلاق لە کۆمەڵگادا. بەڵام ئەم پێداویستیانە خۆی لە خۆیاندا هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی هەبوونی خودا بە دەستەوە نادەن. هەم ئاتەئیستەکان و هەم ئەگنۆستیکەکان دەڵێن بە بێ خودایش بە تەواوی دەرفەتی ئەوە هەیە سەبارەت بە ژیانی خۆمان خاوەن هیوا بین.

١١ـ ئەو هەموو خەڵکە ناتوانن لە هەڵەدابن! ئەمە تەنیا بەڵگەیەکی سەلماندنی خودایە، کە پێی دەگوترێ مێژوویی و من لەگەڵ بەڵگەی پێنجەم لەوە پێش باسم لێکردبوو. ئەوەی خاڵی سەرەکی لەم بەڵگەدایە، ئەمەیە: هەموو مرۆڤەکان هەمیشە خاوەن باوەڕ بە خودا بوونە. بۆیە دەبێ خودایەک هەبێ. خۆ ئەو هەموو خەڵکە هەڵەناکەن!

ئەم بەڵگەیە لە لایەن 'کارنێدس'ی یۆنانی کۆنەوە رەد کراوەتەوە. هاوڕا لەگەڵ ئەم بیرمەندە دەتوانین بڵێین ناباوەڕداران دەتوانن پێش لەهەر شتێک بڵێن ئەوە راست نیە هەموو مرۆڤەکان باوەڕیان بە خودایەک هەیە. من لە زۆر شوێندا نیشانم داوە لە مێژوودا هەمیشە مرۆڤی ئاتەئیست و ئەگنۆستیک هەبوون، هەم لە بیری کلاسیکی هیندیدا و هەم لە بیری کلاسیکی چینی و ئۆرووپیدا. لێکۆڵەرانی ئایین دەڵێن ئەمڕۆکە نێزیک دوو میلیارد مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی باوەڕیان بە هیچ خودایەک نیە. جا چ ئاتەئیست بن یان ئەگنۆستیک، پێیان وایە پرسیار لەمەر خودا ئەوەندە گرینگ نیە ئەوان بیری لێبکەنەوە و هەڵوێستی لەسەر وەربگرن، یاخود باوەڕ بە دینێک بێنن کە خاوەن هیچ خودایەک نیە. ئەگەر وەهایە، چۆن بیر لەمانە بکەینەوە و هەڵیانسەنگێنین؟ بۆچی ئەوان لەچاو ئەو خەڵکەی باوەڕیان بە خودا هەیە دەبێ لە هەڵەدابن؟ مرۆڤەکانی پێش سەردەمی ئێمە زیاتر لە ئێستاکە باوەڕیان بە خوداکان بوو، ئەمە دەتوانێ رەنگە بەو هۆیەوە بووبێت کە بەسەریاندا سەلماوە یاخود لەسەر شتی باشتر زانیاریان نەبووە. هەندێ لە ئاتەئیستەکان هەمان دەلیل لە دژی باوەڕداران بەکاردەبەن. دەڵێن لە سەردەمی مودێرنیتەدا خەڵکێکی زۆرتر باوەڕیان بەوە هەیە خوداکان بوونیان نیە، جا چ بە هۆی باوەڕیان بە زانست بێ، یان زۆر سادە بەو هۆکارە کە ئەوان هەست دەکەن ئایدیا ئایینیەکان لەسەر هەبوونی خودا لۆژیکی نایەنە بەرچاو. جا لەم روانگەیەوە دەڵێن ئەم هەموو مرۆڤە وشیارە ناکرێ لەهەڵەدابن: بۆیە هیچ خودایەک بوونی نیە!

جگە لەمە ئەمە بەڵگەیەکی سەلماندنی خودایە کە لە گەڵ بەڵگەی پێنجەمدا هاوتایە و، بۆیە هەر بەهەمان ئەو دەلیلانەی وا سەبارەت بە بەڵگەی پێنجەم هێناومانەتەوە، دەتوانرێ بەرپەرچ بدرێتەوە.

١٢ـ خودا هەیە لەبەر ئەوەی سەرچاوەی ئایدیاکانی ئێمەیە لەسەر خۆی. دووازدەهەمین و ئاخرین بەڵگەی سەلمێنەری خودا پێی دەگوترێ بەڵگەی سایکۆلۆژی و، باس لەوە دەکا کە دەبێ بە هۆی هەبوونی خوداوە بێت مرۆڤ خاوەنی ئایدیای هەبوونی خودایە. لە غەیری ئەمەدا قەت ئەم ئایدیایە نەدەبوو. ئایدیاکانی سەر خودا یان خوداکان دەبێ لە شوێنێکەوە سەرچاوەیان گرتبێ.

ئەم بەڵگەکە کەمێک بیری بەڵگەی پێنجەممان دەخاتەوە، بەڵام بەهەرحال هەر هەمان نیە. ئەوەیکە ئایدیای خودا بەشێوەی لۆژیکی ئێمە بەو ئەنجامە دەگەیەنێ کە خودایەک هەیە، رێک هەر ئەوە نیە کە دەڵێ هەبوونی خودا سەرچاوەی ئایدیای خودایە. بەڵام سەبارەت بەمەیش هەندێ لە هەمان دەلیلەکانی ئاتەئیستەکان و ئەگنۆستیکەکان بەکاربراون. گرینگترین دەلیل لێرەدا ئەوەیە کە دەڵێ سەرچاوەی ئایدیای ئێمە لەسەر بوونی خودا زۆر سادە دەتوانێ شتێکی تر بێت لەوەی وا لەم بەڵگەیەدا باسی لێدەکرێ. بە کورتی دەگوترێ مرۆڤ دەتوانێ بۆ خۆی سەرچاوەی ئەم ئایدیایە بێت. ئەوە مرۆڤەکانن خوداکانیان چێکردووە، نەک بە پێچەوانەوە.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for Ateismen