دیمانە

وتووێژ لەگەڵ جاناتان ئیشپەربێر

و: عەلیرەزا حەیدەری

رەخنەگرەکانی، مارکس بە تیۆریدانەرێکی تیرۆریسمی توتالیترانەی سەدەی بیست ناو دەبەن و، لایەنگرانی، ئەو بە پەیامهێنەری دیموکراسی دەزانن، رەنگە ئەگەر مارکس لە سەدەی هەژدەهەم نەژیابایە کێشەکانی ئێمە لەگەڵی  ئەوەندە قووڵ نەبوون.

 

 

وتووێژ لەگەڵ جاناتان ئیشپەربێر نووسەری کتێبی “مارکس ژیانێکی سەدەی نۆزدەیی، کاتێک مارکس لە سەرمایەداری قسە دەکات”

و: عەلیرەزا حەیدەری

“مارکس: ژیانێکی سەدەی نۆزدەیەمی” وەکوو باس هەڵگیرسێنەرترین کتێبی ئەم دەیەی دوایی کە لە بارەی مارکسەوە نووسراوە، کەوتۆتە سەر زمانەکان. جاناتان ئیشپیر بێر راڤە و خوێندنەوەیەکی نوێی لە روخسارێکی بە تەواوەتی مێژوویی خستۆتە روو.

کەم تا زۆر نێزیکەی سەدەیەک دەبێت کە خوێندنەوەی ئەندێشەکانی کارل مارکس تەنیا بە دەست هاوێشتن بە “ئیسمەکان، نووسینە بەجێ ماوەکان لە ئەنگلەس یان ئامانجە رەهاخوازانە و رادیکاڵانەکانی لینین و ئیستالین دەنوێندرێتەوە و دەنگدانەوەی دەبێت. مارکس لە ژێر ئەم توێژە قووڵ و چەسبناکانە دا شاردراوەتەوە و ئەمە هەر هەمان شتە کە جاناتان ئیشپیر بێر، مامۆستای مێژووی زانکۆی میسووری و پسپۆڕی مێژووی ئەورووپا لە سەردەمێکی زۆرەوە لەگەڵی دا دەستەویەخە بووە. ئەو لە ویبلاگە بەناو بانگەکەی دا بە شێوەیەکی بەردەوام لەم بارەیەوە دەینووسی و هەوڵی دەدا مارکس لە ژێر و پشت ئەو هەموو تەپ و تۆزەی دەیان ساڵە بێنێتە دەرەوە و یەکێک لە دواهەمین بابەتەکانی پێداهەڵشاخانێکی بەناوبانگ لەگەڵ دوو نووسەری ناودار ((ئەندرۆ سالیڤان)) و ((نائۆمی کلاین)) بوو لە بارەی هەڵگۆستە و خوێندنەوەگەلێکی هەڵە لە مێژوو و سیاماگەلێکی وەکوو مارکس.

هەموو ئەمانە لە ساڵی ٢٠١٣ نووسین و بڵاوکردنەوەی کتێبی ((مارکس: ژیانێکی سەدەی نۆزدەیەمی)) لێکەوتەوە؛ کتێبێک کە لە ناوەندە زانکۆیی و نێوان مامۆستایان و خوێندکارانی فەلسەفە و مێژوو شەپۆلێکی تازەی لە وتووێژەکات رێک خست و تەنانەت لە ژێر سێبەری کتێبی ((سەرمایە))ی پیکتیش دا ون نەبوو. جاناتان ئیشپیر بێر ئەم پەیکەرە کۆن و دێرینەی لە روانگەیەکی دیکەوە خوێندۆتەوە و کردوویە بە گیر و گرفت، ئەو لەم کتێبە دا پیشانی دەدات کە هاوبەشییەکانی مارکس لەگەڵ رووبێسپییەر زۆر زۆرترە تاکوو کۆمۆنیستەکانی سەدەی بیستەم، ئەو گەیشتۆتە هەڵگۆستە و خوێندنەوەیەکی نوێ لە بەراوردی ئەوەی وا رۆبێسپییەر و مارکس لە دوای خۆیان هێشتوویانەتەوە، و لە درێژە دا بە دەیتا و زانیاریگەلێک کە لە سەنەدە تازە دۆزراوەکان کەوتۆتە بەردەستیان، پیشانی دەدات کە مارکس و ئەنگلەس لە ئەورووپای پڕهەڵپەی ١٨٤٨ و ١٨٤٩ بیر لە چی دەکەنەوە و لە درووست کردنی دا چ رۆڵێکیان هەبووە؟

نووسەر لە بەشێک لە پێشەکییەکەی خۆی دا بۆ ئەم کتێبە وای باس کردووە: ((لە درێژەی چەندین دەیە دا مشت و مڕێک لە سەر مارکس دا لە ئارا دا بووە کە هیچ کات بەم ئەندازەیە تاڵ و ئاڵۆز نەبووە. کاریگەری ئەو لە سەر زەمانەی خۆی لە هیچ کەسێک شاراوە نییە. تاقمێک ئەو بە ئەهریمەن، دوژمنی شارستانییەت و سوڵتانی ئاشووب دەزانن و هەندێکی دیکە ئەو بە رێبەرێکی دووربین دەزانن کە مرۆڤایەتی بەرەو داهاتوویەکی درەوشاوەتر رێنمونی کرد. لە رووسیا و لە ساڵی ١٩٣٦ فەلسەفەکەی بنەمای ئامۆژگاری و فێرکارییەکانی دەوڵەتە. دەوڵەتە فاشیستییەکان خوازیاری لەناو بردنی ئەندێشەکانین. لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شووراکان لە چین دا وێنەی مارکس لە سەر پارەکان نیگار کراوە و لە ئاڵمانی نازی دا کتێبەکانی دەسووتێنرێن. ئەگەر لە گۆشەنیگایەکی پۆزەتیڤەوە چاوی لێ بکەین، مارکس پێغەمبەرێکی دووربینی ئاڵووگۆڕە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و لایەنگری ئاڵووگۆڕە بنەڕەتییە رزگاری خوازەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگایە. لە گۆشەنیگای نیگەتیڤ و نەرێنییەوە، ئەو لە بەرپرسترین سیماکانی رووخێنەر و ئەهریمەنیانەی جیهانی مۆدێرنە. لە بەشێکی دیکەی پێشەکی ئەم کتێبە دا هاتووە:  لە ساڵی ١٩٨٩ لە سەدوپەنجایەمین ساڵوەگەڕی بڵاوبوونەوەی “مانیفیست” بەردەوام ئاماژە بە مارکس و پێش بینییەکانی ئەو لەبارەی بەرخۆری خوازی(کۆمەڵگەی بەرخۆر)ی داهاتوو دەکرا. ئەریک هابزباوم، مێژوونووسی ناودار، لە سەر ئەم باوەڕە بوو کە لە ساڵی ١٨٤٨ مارکس و ئەنگلس تەنانەت سەردەمی سەرمایەداریی جیهانگیریان پێشبینی کردبوو.

هەڵبەت لە هابزباوم کە خۆی مارکسیستە چاوەڕوانییەک لەمە زۆرتر ناڕوات کە نرخ و بایەخی قسەکانی مارکس بە بیر بخاتەوە. بەڵام تایمزی لەندەن چی؟ لە ئەوپەڕی قەیرانی ئابووری ساڵی ٢٠٠٨ دا سەردێڕی گەورەی ئەم رۆژنامەیە کە کەمتر کەسێک دەتوانێت تۆمەتی هاودڵی لە گەڵ کۆمۆنیستەکان بخاتە پاڵی، ئەمە بوو:”ئەو (مارکس) دەگەڕێتەوە!” و لە نیکۆلای سارکۆزی سەرۆک کۆماری باڵی راستی فەرانسە وێنەیەک بڵاو بۆوە کە چاوی بریوەتە کتێبی سەرمایە. وا دێتە پێش چاو کە هەل و مەرجی مارکس لە جیهانی هاوچەرخ دا هێشتا ئامادەیە.

*****

ئیجازە دەخوازم وتووێژەکە بە پرسیارێکی گشتی دەست پێ بکەم، هەر بە هەمان شێوە کە ئێوە لە ژێر سەردێڕی ئەم کتێبە نووسیوتانە کتێب”ژیانێکی سەدەی نۆزدەیەمییە”: ئێوە بە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی مارکس لە بەستێنێکی مێژوویی دا لە هەمان سەرەتا دا بۆمان روون دەکەنەوە کە مارکس بیرمەندی هاوچەرخی ئێمە نییە. سەدەیەک ئەوتان بردە پاشەوە و بارودۆخی ئەوتان لێک داوەتەوە، دەی ئەگەر بەم حاڵەوە مارکس سیمایەکی بەرچاو لە رابردوو دایە تا ئەوەی کە “پەیامهێنەری سەدەی ئێستا” پرسیار ئەمەیە کە بۆچی دەبێت زەحمەت و ماندووبوونی نووسینی بیۆگرافییەکی نوێ لە بارەی ئەوەوە لە لایەن کەسێکەوە بدریت؟

یۆرگێن ئۆستەر هامێل لە کتێبی ناوداری ((گۆڕانی جیهان)) بەڵگە دێنێتەوە کە سەدەی نۆزدەهەم لە هەندێ حاڵەت دا زۆر زۆرتر لەوەی کە وا چاوەڕوان دەکرێت لە ئێمە نێزیکە و هەڵبەت لە زۆر حاڵەتیش دا لە ئێمەوە دوورە و مەودایەکی مێژوویی سەرەنج راکێشی هەیە. مارکسیش لە تێڕوانینی مندا وایە، دەتوانرێت لە گۆشەنیگاگەلی زۆرەوە بخوێنرێتەوە و لێک بدرێتەوە- سەرەڕای لێک دانەوەگەلێکی نوێ کە بۆ ماناکردنی ئەو لە سەدەی ئێستا دا دەیخەینە روو، رووبەرووبوون لەگەڵ مارکس لە سەردەمی مێژووی خۆی کێشە و گرفتی جۆراوجۆر بۆ ئێمە درووست دەکات و پیشانی دەدات کە راڤە و خوێندنەوەکانی جیهانی ئێستە بۆ چارەسەری کێشەکانی دونیای ئەمڕۆ زۆریش راست و درووست نین. بۆ نموونە ئەو لە یادداشتەکانی دا لە وشە و دەستەواژەگەلێکی وەکوو سەرمایەداری و زاراوەگەلی هاوچەشن کەڵک وەردەگرێت کە باری مانایی و چەمکییانەی کە مەبەستی مارکس بووە لەگەڵ مانا و واتای سەرمایەداری لە جیهانی ئەمڕۆ دا جیاوازی هەیە. کاتێک کە مارکس لە چوارچێوەی ئەو سەردەمە دا لێک بدەینەوە بە روونی دەبینین کە کاتێک ئەو باسی سەرمایەداری دەکات لەگەڵ هەڵگۆستە و خوێندنەوەی ئەمڕۆییانەی ئێمە مەودایەکی زۆری هەیە. بۆرژوازییەک کە مارکس باسی دەکات هەر هەمان توێژی سەرمایەداری ئەمڕۆ نییە. بە داخەوە ئەو وەرگێڕانانەی کە ئەمڕۆکە لەگەڵیان رووبەڕووین ئەم مەودایە ناپارێزن و هەر ئەم پرسەش دەبێتە هۆی درووست بوونی ئاڵۆزی و چەواشەفامی لە بەرهەمەکانی دا. بەڕای من کێشەی دونیای ئەمڕۆ لەگەڵ مارکس بۆ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە، رەخنەگرەکانی مارکس بە تیۆری دانەرێکی تیرۆریسمی توتالیترانەی سەدەی بیست ناو دەبەن و ئەو بە تیۆری داڕێژی قڕان و کوشتنە کۆییەکانی ئیستالین دەزانن و لایەنگرانی ئەو بە پەیامهێنەری دیموکراسی دەزانن، رەنگە ئەگەر مارکس لە سەدەی هەژدەهەم ژیا بایە کێشەکانی ئێمە لەگەڵی دا ئەوەندە قووڵ نەبوون.

بەشێک لەم دووفاقێتییە کە لە خوێندنەوەی مارکس دا هەیە، لەبارەی هەل و مەرجی سەدەی نۆزدەهەمیش دا بەدی دەکرێت. کاتێک کە مارکس لە دۆزینەوەی ئیشێکی زانکۆیی و کورسی مامۆستایی ناهومێد بوو(بە هۆی بارودۆخێک کە لە سەردەمی ویلهلێمی چوارەم هاتە ئاراوە و سیاسەتی دژە هیگلییەکانی دەوڵەتی پرۆس) ئەویش وەکوو زۆرێک لە هاوبیران و هیگلییە گەنجەکان رێگەچارەیەکی هاوچەشنی هەڵبژارد، چاوپۆشین لە ئیشی زانکۆیی لە خزمەت حکومەتی پرۆس و رووکردنە دنیای نووسین و رۆژنامەنووسی لە دژی حکوومەت. هاوکاری ئەو لەگەڵ رۆژنامە بووە هۆی ئەوەی کە رێگای بە رووی دونیا دا بکرێتەوە. راشکاوانە لەوەی کە رۆژنامەنووسێکی مشت و مڕخوازە، سەرنووسەری رۆژنامەیەکی نەبەردخوازە چێژی دەبرد. لە ماوەی دوو دەیە هەوڵ و تێکۆشان بۆ ژیان هاوڕێ لەگەڵ بەرەوپێش بردنی بەرنامە سیاسییەکانی لە سەر تەوەری روژنامەنووسی شکڵی گرت. ئەو لە یەکێک لە یەکەمین وتارەکانی دا پەرژایە سەر ئازادی میدیاکان و بڵاڤۆکەکان.. مارکس لەو وتارە دا بەشێوەیەکی توند هێرش دەکاتە سەر دوژمنانی و باسەکانیانی لەگەڵ سیستەمی ریزتەوەری کۆن هەڵپێکا، ئەویش لە کۆمەڵگایەک دا کە حکوومەتی تووتالیتەری پرۆس و رۆشنبیرەکانی پشتیوانیان لەو حکوومەتە دەکرد. من لە ٤ لایەنەوە ئەو ئەزموونە سیاسیانەی کە مارکس لە ژیانی دا بەدەستی هێنا لێکم داوەتەوە، یەکەمینیان پێوەندی ئەو و کاریگەری وەرگرتنی لە هەل و مەرجی زاڵ لە سەر حکوومەتی پرۆس بوو. ئەو لە دایک بووی شوێنێک بوو کە دواتر لکێنرایە حکوومەتی پرۆسەوە و خەڵکەکانی بە قووڵی لەگەڵ حکوومەت دژایەتییان دەکرد. خودی مارکسیش نیگایەکی دووفاقانەی بۆ ئەم حکوومەتە بوو. وەکوو رۆشنبیرێکی هیگیلی لە سەرەتای کار دا هیوای بە چاکسازی هەبوو، ئەو بە زووی و لە دواجار دا بوو بە یەکێک لە دوژمنان و رەخنەگرانی حکوومەتی پرۆس.  ئەم دابڕانە لە بیرۆکە و ئایدیا لیبراڵییەکانی حکوومەتی پرۆس دەورێکی گاریگەر و سازێنەری لە شکڵ دان بە کەسایەتی و جیهانی زەینیی مارکس هەبوو. لەدواجار دا رووبەڕووبوونی مارکس لەگەڵ ئایدیا و بیرۆکە کلاسیکەکانی ئادام ئیسمیت کە لە قەوارەی رەقەم و رێژە دا دەخرایە روو و قوتابیانێکی وەکوو دەیڤیدریکارد و جەیمز ئیستوارت میل پەرەیان پی دەدا، رەخنەگرێکی سەرسەختای لێ درووست کرد. ئەو بە دژایەتی لەگەڵ بازاڕ و لیبراڵیسم بەرە بەرە بوو بە هەمان سیمایەک کە ئێمە ئەمڕۆ دەیناسین: کۆمۆنیستێکی راستەقینە. پاش ئەوەش رووبەڕووبوونی مارکس لەگەڵ شۆڕشی فەرانسە وەکوو یەکێک لە گرینگترین رووداوەکانی نیوەی سەدەی نۆزدەیەم ئەزموونە سیاسییەکانیان بردە لووتکە. ئەوەی وا مارکسی درووست کرد مێژووی ئەورووپا بوو.

ئێوە لەم کتێبەش دا ژیانی تایبەتی و تاکەکەسی مارکسیشتان بە وردی لێک داوەتەوە و پێوەندی ئەو لەگەڵ هاوسەرەکەی و لە زۆر جێگە دا تەنانەت لە ئەندێشەکان و دوژمنایەتی و پەرچەکردارەکانی لەهەمبەر دۆستان و هاوبیرانی پڕرەنگ کردووە. وا دێتە بەر چاو یەکەمین جارێکە کە مارکس لەم لایەنەوە لێک دەدرێتەوە و دەخوێنرێتەوە. هۆکاری ئەم تێڕوانینە باس دەکەن بۆمان؟

بەڵی، لەگەڵتام من بە مەبەستێکی پێش وەخت و تایبەت مارکسم لەم چوارچێوەیە دا لێک داوەتەوە. بنەماڵەی مارکس سیمایەکی سیاسییە کە دۆستی، دوژمنی، بنەماڵە و پێوەندی لە گەڵ منداڵان و دەوروبەرییەکانی بایەخی هەیە. مارکس سیمایەکی گشتگیرە. تەنانەت لەو لێکدانەوانەش کە تا هەنووکە دەیبینین بە سەردەمێک کە ئەو رۆژنامەنووس بووە بایەخێکی ئەوتۆ نادرێت.. بە تەواەی ئەمانەشەوە باوەڕم وایە تا کاتێک کە وێنەیەکی گشتگیر و هەمەلایەن کە دەرهاوێشتەیەک لە ژیانی تایبەتی تێدا گونجێنرابێت، نەخوێنینەوە، ناتوانین لە بارەی ئەوەوە داوەرییەکی درووستمان هەبێت. هەر بۆ ئەمەش لێکدانەوی ژیانی تایبەتی ئەوم لە بەستێنی سەدەی نۆزدەهەمی دا پێڕەو کرد. لە ژیانی مارکس دا مرۆڤگەلێکی کاریگەری زۆر ئامادە بوون  بەڵام لە نێوان هەموویان دا دوو سیما زۆرترین کاریگەرییان لە  ژیانی تاکەکەسی دا هەبوو، یەکێکیان بەردەست و هاوکار و یەکەم لایەنگری واتە ئەنگلس بوو و ئەویتریان جێنی، هاوسەرەکەی. لە سەردەمانێک لە ژیانی مارکس شایەتی ئەوەین کە شێوەی پێوەندی ئەنگلەس و جێنی و بیرۆکەکانی ئەو سەبارەت بە ژنێک کە بەشوێن ئەنگلەس دا دەڕوات لە سەر پێوەندی ئەنگلەس و مارکس کاریگەری دادەنێت. لە راستی دا لیرەدا پەراوێزەکان بە ئەندازەی دەقەکان بایەخیان هەیە. کاتێک کە ئەنگلەس قبووڵ دەکات کە ناوی وەک باوکی خزمەتکاری ماڵی مارکس تۆمار بێت، پێی دۆستایەتییەکی تەواو و چڕ دێتە نیوەوە. دواتر ئەنگلەس لە کاتی گیانەڵڵا و لە نوێنی مەرگ دا وتی لە سەر داخوازی مارکس قبووڵی کردووە کە منداڵە دڵنشینەکەی وەکوو منداڵی خۆی قبووڵ بکات. بایەخی ژیانی تایبەتی و تاکەکەسی ئەو دەبێت لێرەوە درکی پێ بکرێت کە ئەم باس و گێڕانەوانە دواتر بوون بە نوقڵ ق نەباتی مشت و مڕ و ئاژاوە سیاسییەکان. هەواڵی راستەقینەی ئەم رووداوە تا دەیەی ١٩٦٠ رانەگەیەندرا. ئەمڕۆکەش زۆرێک لەبارەی ئەم بابەت و باس و خواسانە گومانیان هەیە و نەتەنیا نایانەوێت قبووڵی بکەن کە مارکس باوکی منداڵی خزمەتکارەکەی بووە بەڵکوو ددان پێدانانی ئەنگلەس لە کاتی مەرگ دا بە ساختە و پیلانێکی فاشیستی دەزانن. ئەگەر ئەمە قبووڵ بکەین ئەم کارەی فاشیستەکان زۆرێک لە وردەکارییەکانی ژاینی تایبەتی مارکسیان زانیوە. لەم مابەینە دا من سەنەد گەلێکی زۆرم بەردەست کەوتووە، سەنەدانێک کە دەیڤید ریازانۆڤ مێژوونووسی رووسی ساڵانێک کۆی کردۆتەوە بەڵام لە کوشتن و بڕینەکانی ئیستالینی دا کوژرا و ئەم سەنەدانە بۆ ماوەی شەش دەیە لە ئەرشیڤەکانی سەردەمی ئیستالین دا بە شاراوەیی مایەوە. ئەم سەنەدانە پاش ساڵی ١٩٩٠ ئاشکرا بووون و لایەنانێکی نوێ لە ژیانی مارکس و پێوەندیان لەگەڵ ئەنگلیس و بنەماڵە رۆشن کردەوە. داکۆکیم لەسەر ژیانی تاکەکەسی و تایبەتی ئەو لەم رووەوە بایەخی هەیە کە بۆ نموونە پێوەندی مارکس و کارل گرۆن دەگەڕایەوە بۆ کێشە شەخسی و تایبەتییەکان و هەڵبەتیش تێڕوانینە جیاوازە سیاسییەکان.

ئێوە نە تەنیا دەچنە سۆراخی ژیانی تایبەتی مارکس، بەڵکوو هەوڵیش دەدەن وا وێنەیەک کە لە ئەو وەکوو پیاوێکی بێ دەربەست خراوەتە روو زەقتر بکەنەوە. هەمان وێنەیەک کە وادێتە پێش چاو کە مارکس خۆیشی لە نامەکانی دا دەیەوێت لە خۆی درووستی بکات، ئەو بۆ جێنی دەنووسێت: ((هەر کاتێک لە نێوان من و تۆ  و رۆڵەکانم دا مەودایەک پێش دێت، دونیا یەک پەردە رەشتر دەبێتەوە.))

بنەماڵە بۆ مارکس بایەخێکی زۆری هەبوو؛ ئەو بەشێکی زۆر لە هەژاری و دەسکورتییەکان بۆ پاراستنی بنەمای بنەماڵەکەی قبووڵ دەکات، هەر چەندە کە وا دێتە پێش چاو کە خیانەتگەلێکیش رووی داوە، بەڵام ئەو بۆ پاراستنی جێنی و بنەماڵەکەی تەنانەت داوا لە دۆستی راستەقینەی خۆی دەکات کە بنەماڵەکەی لە لێک ترازان رزگار بکات و ئەنگلەس وا دەکات. بەڵام جێنی بایەخێکی زۆری بۆ ئەو هەبوو، مارکس هەرگیز پێشی پێ ناگرێت، ئەمە لە حاڵێک دایە کە ئێمە خەریکین لەبارەی ژاینێکی سەدەی نۆزدەیەمی قسە دەکەین. لە سالەکانی ١٨٤٦ و ١٨٤٧ سێ دەستەویەخەبوونی گشتی لە رەوتی چالاکییە سیاسییەنای مارکس درووست بوو؛ لەگەڵ فریدریش ئەنگلەو و موزەس هێس و دواتر لەگەڵ ویلهلێم وایتلینگ و لەگەڵ کارل گرۆن. یەکەمینیان لەگەڵ ئەنگلەس بوو و لە دوای ئەوە رووی دا کە هاوسەرەکەی مارکس واتە جێنی فۆن وستفالین لەبارەی ماری برۆنز مەعشووقەی ئەنگلەس و کرێکاری کارگە بیروڕایەکی دەربڕی. جێنی حەزی لە خاتوو برۆنز نەدەهات و بە مارکس دەڵێت کە ئەو ژنێکی دەسەڵات خواز و خاتوو مەکبێسە. یەکەمین جوداوازییەکان هەر لێرەوە دەستی پێ کرد و دوو ساڵ دواتریش ئەنگلەس و مارکس لەگەڵ یەکدی ئاشت بوونەوە دیسان جێنی ئامادە نەبوو لەگەڵ خاتوو برۆنز هاوقسە بێت.  لەو لاشەوە جینی لەگەڵ کچە دۆستی موزێس هێس هەڵس و کەوتێکی دۆستانەی هەبوو. ئەنگلەس و مووزێس هێس بە جارەها مارکسیان بە هۆی ئەم کارانە و هەڵس و کەوتانەی جێنییەوە لۆمە و سەرکۆنە کردووە و رەخنەیان لی دەگرت کە ئەو وەکوو پیاو و سەرۆکی بنەماڵە بۆچی دەهێڵێت وا ژنەکەی لەبارەی ئەوانیتر بەو شێوە ئازادانەیە قسە بکات. ئەو بۆ جێنی رێزێکی زۆرتر لەوەی وا لە سەدەی نۆزدەیەم زاڵ بوو، دادەنا.

سەرچاوە: روانین