دیمانە

گفتوگۆ لەگەڵ رۆستەم خامۆش

ئامادەکردنی: سایتی قەڵەم

بە سادەیی شیعر دەنووسم، پێمخۆشە هەموو کەسێک لە شیعرەکانم تێبگا، واتە دەمەوێ بۆ هەموو ئاستەکان بنووسم، چونکە لە ڕێگەی شیعرەکانم دەمەوێ پەیامی خۆم بگەیەنم. ئەو پەیامەش دەبێ  بە زمانێکی سادە و ناسک و پاراو و شیرین بێ. نابێ زۆر قورس و ئاڵۆز و گرێی هەبێ، بۆ ئەوەی هەموو ئاستەکان لێی بگەن. کاتێ کەلێی تێگەشیتن، ئەو کات چێژی لێدەبینن.

بەشێکی زۆری شیعرەکانم بۆ جوانیی سروشت، هەستی نەتەوەیی و باسکردن لە ژیانی کرێکاران و هەژارانم تەرخان کردوون

رۆستەم خامۆش شاعیرێکی بەتەمەن گەنجی بە شیعر کلاسیکی، لە نووسینی شیعر چالاکە و وەک خۆی دەڵێ دەیەوێ لە رێگای هۆنراوەکانییەوە چێژی کلاسیکیمان پێ ببەخشێ. هەرچەند کلاسیکی بوون بە مانای بەجێمان لە رەوتی شیعر و ئەدەب نیە و زیاتر بریتیە لە لە هەڵبژاردنەوەی فۆڕمێک کە رەنگە زۆرمان پێمان وابێ سەردەمی بەسەرچووە. بەڵام داخۆ فۆڕمەکان کۆن دەبن؟ داخۆ ناکرێ سەرلەنوێ بژیێنەوە و نێوەڕۆکی نوێمان پێشکەش بکەنەوە؟ وەک خودی شاعیر دەڵێ داخۆ شیعری کلاسیکی ئاوڕدانەوە نیە بۆ سەر چینی هەژار و نەخوێندەواری کۆمەڵگا کە بەردەوام لەم شێوازە شیعرییە چێژ دەبینێ و دڵنیایی کلاسیکی لە رۆح و دەروونیدا تازە دەبێتەوە؟ داخۆ چێژی کلاسیکی چێژێکی خۆبەرهەمهێنەر نیە کە بەردەوام خۆی بە ساتەوەختی هەنووکەدا دەکاتەوە؟ داخۆ رۆستەم خامۆش بەم کارەی خۆی ئاوڕی نەداوەتەوە سەر بەشی لەبیرکراوی کۆمەڵگا و بیرمان دێنێتەوە کە ئەوانیش هەن و دەبێ چێژ ببینن؟

سایتی قەڵەم گفتوگۆیەکی لە گەڵ شاعیر رۆستەم خامۆش سازداوە. فەرموون بۆ خوێندنەوەی!

 

ـ بۆ فۆڕمی کلاسیکت هەڵبژاردووە بۆ دەربڕینی نێوەڕۆکی شیعریانە؟

رۆستەم خامۆش: لە سەرەتادا کە دەستم بە شیعر نووسین کرد تەمەنم ١٦ ساڵان بوو، واتە لە ساڵی ١٩٩٦ زایینی بوو. بەڵێ هەر لە سەرەتاوە بە فۆڕمی کلاسیک دەستم پێکرد و، هەتا ئێستاش هەر بەردەوامم  لەسەر نووسینی شیعر بە فۆڕمی کلاسیک، بەڵام بە کێشی پەنجەی خۆماڵی و وشەی نوێ شیعر دەنووسم. شیعری ئازادیشم نووسیوە و ئێستاش هەر دەینووسم. بەڕاستی خۆم زیاتر چێژ لە شیعری کلاسیک دەبینم و پێم وایە زۆرێک لە خەڵکیش شیعری کلاسیکییان پێخۆشترە و زیاتر چێژی لێدەبینن. بۆ نمونە کاتێ شیعرێکی کلاسیکی دەخوێنیتەوە بۆ کەسێکی نەخوێندەوار، یان بۆ کەسانێک کە ئاستی خوێندەوارییان زۆر بەرز نەبێ، یەکسەر دەزانن ئەوە شیعرە، چونکە کێش و سەروای هەیە و ناسینەوە و زانینی بە شیعر ئاسانترە، بەڵام کاتێ شیعرێکی ئازاد دەخوێنیتەوە بۆ کەسانی نەخوێندەوار، پێت دەڵێن کوا ئەوە شیعرە!؟ چونکەلای زۆربەی خەڵکی شیعر واتای کێش و سەروایە، وەکو "قودامەی کوڕی جەعفەر" دەڵێ: (( شیعر ئاخاوتنێکی کێشدار و سەروادار و واتادارە، یاخود "ئیمامی غەزالی" دەڵێ: ((شیعر گوتنێکی کێشداری واتادارە))، یان "ریتشارد هێرد "دەڵێ: ((شیعر هونەرێکە مەبەستی ئەنجامدانی گەورەترین چێژبەخشینە بە گوێگر، جا بەڕای من ئەو چێژبەخشینە بە گوێگر زیاتر لە شیعری کلاسیک بە دی دەکرێ و، دەکرێ لە شیعری تازەش چێژبەخشین هەبێ، بەڵام بەو مەرجەی  شیعری تازەش کێش و سەروای هەبێ، بەڵام وەک دەزانین: شیعر تەنها کێش و سەروا نیە، بەڵکو لە چەند ڕەگەزێک پێکدێ. وەکو (سۆز،خەیاڵ، بیر، زمان، هێما، وێنە، کێش، سەروا، مۆسیقا و واتا). پێم وایە شیعری کلاسیک لە هەموو سەردەمەکانی ڕابردوو جێگەی بایەخ و گرنگی خۆی هەبووە و لە ئایندەش هەر بایەخ و گرنگی خۆی دەبێ و لەگەڵ بەردەوامی ژیان، ئەویش هەر بەردەوام دەبێ.

ـ پێت وایە ئەم فۆڕمە لەم سەردەمدا دەتوانێ دەربڕی نییەت و خەیاڵی شاعیر بێت؟

رۆستەم خامۆش: بەڵێ بێگومان شاعیری بەهرەمەند و بە توانا و بیر ڕۆشەن و خەیاڵ فراوان دەتوانێ لەم جۆرە فۆرمەدا نیاز و خەیاڵی خۆی بگەیەنێ بە خوێنەر و گوێگر و دۆستی شیعر، بەڵام بە دڵنیایی شاعیر لە شیعری ئازاددا، باشتر دەتوانێ پەیامی خۆی بگەیەنێ.

ـ رەوانیی و سادەییەکی جوان لە شیعرەکانتدا حوزوریان هەیە، هەم لە کێش دا و هەم لە ناوەڕۆکدا، کە زۆر جار هەستدەکرێ دەگاتەوە دووپاتبوونەوەی هەندێ وێنەی جاران. بۆ ئەمە؟

رۆستەم خامۆش: لە بەر ئەوە بە سادەیی شیعر دەنووسم، پێمخۆشە هەموو کەسێک لە شیعرەکانم تێبگا، واتە دەمەوێ بۆ هەموو ئاستەکان بنووسم، چونکە لە ڕێگەی شیعرەکانم دەمەوێ پەیامی خۆم بگەیەنم. ئەو پەیامەش دەبێ  بە زمانێکی سادە و ناسک و پاراو و شیرین بێ. نابێ زۆر قورس و ئاڵۆز و گرێی هەبێ، بۆ ئەوەی هەموو ئاستەکان لێی بگەن. کاتێ کەلێی تێگەشیتن، ئەو کات چێژی لێدەبینن، بەڵێ بێگومان ڕاستە هەست بە دووپاتبووەنەوەی هەندێ وێنە دەکرێ لە شیعرەکانم، بەڵام مەرج نیە وەک لاسایی تەماشای بکرێ، چونکە پێم وایە ئەوە هەست و سۆز و خەیاڵی خۆمە و توانیومە ئەو وێنە شیعریانە درووست بکەم، بەڵام  لێک نزیکبوونی وێنەکان وات لێدەکا بڵێی پێشتر ئەو وێنانە هەبووبن.

ـ مانا سروشتی، نەتەوەیی و چینایەتییەکان حوزورێکی بەرچاویان لە شیعرەکانتدا هەیە، کە ئەمەیش رەنگە بۆ پێوەندیی لەمێژینەی فۆڕمی کلاسیک بەم چەمکانە بگەڕێتەوە. داخۆ قەت بیرت لە داڕشتنی فۆڕمی تر بۆ دەربڕین کردووەتەوە؟

رۆستەم خامۆش: بەڵێ ڕاستە، بەشێکی زۆر لە شیعرەکانم بۆ جوانیی سروشت و هەستی نەتەوەیی و باس کردن لە ژیانی کرێکاران و هەژاران تەرخانکردووە، یان بۆ بێنازیی منداڵان  هەستی خۆم  بە شیعردەربڕیوە، یاخود بۆ خەم و ژانەکانی مرۆڤایەتی شیعرم هەیە، یاخود وێنەی منداڵێکی چاو بە فرمێسک و برسی و بێ بەرگم خستۆتە نێو شیعرەکانمەوە. بە لای منەوە هەموو خۆشیی و جوانییەکانی دونیا بە قەت ئەوە خۆش نیە کە بتوانی  دڵی پڕ لە خەمی هەژاران شاد و ئاسودە بکەی، یان ئەوان هەست بکەن کەسانێک هەن هاوبەشی خەم و ئازارەکانیان دەکەن، یان بتوانی خەندە بخەیتە سەر لێوی منداڵان، جا بە شیعر بێ یان بە هەر جۆرێک بێ. بۆ نمونە من زۆر هەست بە ئاسودەیی ویژدان و ئارامیی دەروونم دەکەم کاتێ شیعر بۆ ئەو چیـن و توێژانە دەنووسم. وە بە ئەرکی خۆم زانیوە کە شیعریان بۆ بنووسم. بەڵێ، بە دڵنیاییەوە بیرم لەوە کردۆتەوە کە بە  فۆڕمی تر شیعرم بنووسم، بەڵام ڕەنگە ئەوە لە داهاتوو دەربکەوێ.

ـ لەم سەردەمە جەنجاڵەدا خوێندنەوەی شیعرەکانی تۆ دەتوانن جۆرێک لە دڵنیایی کلاسیکیانە بە خوێنەر ببەخشن، وەک یادەوەرییەک بۆ جاران، کە هەڵبەت ئەمەیش لەم سەردەمە پۆستمودێڕنەدا رەوایە. دەتوانین بڵێین رۆستەم خامۆش لە جیهانی دەروونیی خۆیدا، ئەویش بە شوێن ئەم جیهانە لەدەستچووەوە وێلانە؟

رۆستەم خامۆش: بێگومان ڕاست دەفەرموون کە ئەم سەردەم جەنجاڵە و ژیان پڕ بووە لە نیگەرانیی و ئێش و ژان. هەڵبەت من ناتوانم بڵێم شیعرەکانم جۆرێک لە دڵنیایی کلاسیکی بە خوێنەران دەبەخشن. ئەوە خوێنەرانن دەتوانن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، یان لێکۆڵەران و شارەزایانی شیعر دەتوانن قسەی خۆیان هەبێ، بەڵام خۆم بەو نیازە دەنووسم کە شیعرەکانم ئاسودەیی و ئارامیی  بە دڵ و ڕۆحی خوێنەران ببەخشن. من بە ئومێدم شیعرەکانم دڵنیایی کلاسیکیانە بە خوێنەران ببەخشن. من کەمتر بە دوای شتە لەدەستچووەکان دەگەڕێم ئەوەی دەینووسم زیاتر بە گشتی خەم و ئێشەکانی خەڵکە کە من وەک شاعیرێک هەستی پێدەکەم.

ـ داهاتووی فۆڕمی کلاسیکیی دەقی شیعری چۆن دەبینی؟

رۆستەم خامۆش: وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، لەگەڵ بەردەوامیی ژیان، شیعری کلاسیکیش هەر بەردەوام دەبێ و دەتوانێ پارێزگاری لە مانەوەی خۆی بکات، بەڵام لەگەڵ ڕەوتی پێشکەوتن و گۆڕانکاریەکان شیعریش گۆڕانکاری بەسەر دادێ لە ڕووی فۆڕمەوە. وەک ئاشکرایە هەر لە سەرەتای بوونی شیعرەوە تا ئێستا چەندین جار گۆڕانکاری بەسەر داهاتووە.

ـ وتەیەکی زیاتر گەر جێمابێ؟

رۆستەم خامۆش: زۆر سوپاس بۆ ستافی سایتی قەڵەم کە دەفەرتتان ڕەخساند بۆ ئەم گفتوگۆیە. هیوای بەردەوامیی و سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم. خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم و سوپاستان دەکەم کە شیعرەکانم لە سایتی قەڵەم بڵاودەبنەوە.

زۆر سوپاست دەکەین و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ بەڕێزیشت

ستافی سایتی قەڵەم

 

رۆستەم خامۆش