شێعر و پەخشان

قەسیدەیەک لە شاعیرى ئەفغانى

و. نەژاد عزیز سورمێ

سێ مانگ دەبێ

لە مۆتەکەکانمدا

پێم لەسەر مشکاندا دەنێم ...

خەون دەبینم شارەکەم

لەسەر شارەمێروولەیەک هەڵنراوە!

گوێم لەدەنگی تەورە

 

قەسیدەیەک لە شاعیرى ئەفغانى

(ئەبو تالبى مزەفەرى)یەوە

و. نەژاد عزیز سورمێ

 

خۆشەویستم!

لە دوا ئیمێلتدا نووسیوتە:

لەم ڕۆژانەدا

لە سنووری یۆنانستانی.

نووسیوتە:

لەگەڵ کەشتییەوانە سەرخۆشەکان

ڕێک دەکەوی و

لە قاچاخچییەکانی مرۆڤ دەپاڕێیەوە و

مێینەتیت هەمووى

خستۆتە مەزاتەوە...

تا هەرچی زووترە بتبەنە دوور و دوورتر ..

لە تارماییەک ،

کە ناوی نیشتمانە...

 

داوات کردووە

قەسیدەیەک بنووسم

ببێتە تریاکی گەستنی

ئەوانەی هاوڕێگاتن.

 

خۆشەویستم!

داخۆ نووکە بیر لە تۆ بکەمەوە

یا برینە ئاودزبووەکانی کابول؟

یان ئەو کرمانەی

بە پێمدا هەڵدەگەڕێن

بەدوای ئەوەن

جەستەم هەڵدڕن؟

کە وەک جەنازەیەک وایە

خەریک بێ پێوەی گیرۆدە بێ و

گۆڕهەڵکەن هەڵەیان

لە وادەی ناشتنیدا کردبێ...

 

 

ئەتۆی موسافیری ناچاری

لە باهۆزێکی غەریبایەتیدا...

منیش بوونەوەری ناچاری

ئەو خۆڵە سەرسوڕهێنەرە...

غەریبێک لێرە

غەریبێک لەوێ

وەک بڵێی دونیا

بەرگەی جەنجاڵی غەریبان ناگرێ

کە با  

هەر گەڵایەکی ئێمە

بەلایەکدا داوێ...

 

خۆشەویستم!

سێ مانگ دەبێ

لە مۆتەکەکانمدا

پێم لەسەر مشکاندا دەنێم ...

خەون دەبینم شارەکەم

لەسەر شارەمێروولەیەک هەڵنراوە!

گوێم لەدەنگی تەورە

بەدوای سەرمدا دەگەڕێن و

لە قووڵایی بوونمدا

بەشێوەیەکی گومانلێکراو هەڵدەکەنن...

 

 

ڕۆژگار سەیرە

بەدوای ماڵێکی ئاسوودە و

کوچەکانی دۆڵی (برشی)

بەو ڕێگاوبانانەدا دەسووڕێمەوە

بەدوای کونەمشکە قرتێنەرەکانەوە...

پاشان بەم زووانە

ڕۆژێک، لەم ڕۆژانەدا

دەمگرن

بەتاوانی ئەوەی

من خۆکوژم!

بە تاوانی ئەوەی شاعیرم

لە ئێرانەوە هاتووم و

وشەی بێگانەم بە زمانەوەیە...

شارەزایانی زمان پێیان وتم :

تێبینیان کردووە

زمانی قسەکردنت

خڵت و خاڵی زۆری تێدایە...

 

خۆشەویستم !

هیچ گۆرانییەکم لە قوڕگدا و

ڕەنگم لە چاودا نەماوە...

قەوارەم دەتەقێننەوە

وەک ئەوەی پەیکەرەکانی (بامیان)

دەتەقێننەوە...

پیتەکانم بە تاڵان دەبەن

وەک تابلێتە بەردینەکانی

گۆڕستانی (کازرکاه)ى بوهرات...

وشەکانم یەک بەدوای یەک دەدزن

وەک لایەکی دەروازەی

گۆڕی ناسر خەسرەو لە (بەدخشان)

لایلایەی دایکم و

ئاوازی باوکم ، کە شانامەی دەخوێندەوە...

ئەفسانەکانی وڵاتەکەم دەدزن

ئەدی زمان ماڵی بوون نییە؟

 

 

بەم نزیکانە

ڕۆژێ لە ڕۆژان

پیاوێکی ئاسایشی نیشتمانی دێت و

بە تاوانی (کردەوەیەکی خۆکوژی

بە وشەی فارسی)

بەرەو بەندیخانەی (بلکرام)م دەبا

دەفتەری شیعرەکانم دەبەن

دەڵێن لێت نووسیوە (بەلخ)

نووسیوتە شیراز

نووسیوتە مەولانا

نووسیوتە شەمس

خۆم بە پشتێنیەکی وشەڕێژکراو دەکوژم!

بە بۆمبای سەروا

بە ڕەگەزەکانی شیعر و چیرۆک

هێشتا وەخت ماوە

بە بارهەڵگرێکی پڕ لە شیعر

لە وەزارەتی ڕۆشنبیری بدەم.

 

 

با لەوە گەڕێین خۆشەویستم!

بمبورە گوێت پێ نادەم و

شیعری دڵداریت بۆ نانووسم

من شیعر و گۆرانیم لەبیر چووەتەوە

دەمم خوێنی لەبەر دەڕوا

ناکرێ بە دەمی بەخوێنەوە

باسی خۆشەویستی بکرێ.

 

 

بیستم کەشتییەک

لە کەنارەکانی ئوستورالیا تێکشکاوە

خۆشەویستم!

لە نیشتمان مەپرسە

مشک خواردیان

تا دڵنیاشت بکەمەوە

گەر هەندێ چەو لە پەقرەجێک بکەی و

ڕایوەشێنی

ئەنجام

دەبێتە ئەفغانستان

دوای ئەمڕۆ

هیچ سوودێک

لەو درەختە پیرۆزەدا نییە

کرم بە بۆشی بەجێی هێشتوون...

 

 ئاماژە: سەید ئەبو تاڵیبـی مزەفەری ساڵی 1344ی هەتاوی لە گوندی چوارباغی ویلایەتی ئارزگان لە دایک بووە، هەر لەوێش چووەتە بەر خوێندن و قۆناغی سەرەتایی تەواو کردووە، ساڵی 1364ی هەتاوی یەکەمین شیعری نووسیوە، شیعری ئەبو تاڵیبیش دیارە خاڵی نییە لە کەش و هەوای شاعیرانی ئەفغانستان کە زۆربەی عاریفانی دونیایێی لێ هاتوون، ئەو وا دیارە بە هەناسەیەکی نیشتیمانخوازی و مرۆڤدۆستی لە بواری مرۆڤی وڵاتەکەیدا خەمی گەورەتر دەگێڕێتەوە. ئەمەش بێگومان توولەڕێیکی باریکە لە ڕێگای پان و بەرینى ڕێبوارانی ڕێی عاریفان، بەڵام لە شێوە و ڕوانینێکی جیاوازدا. ئەم شیعرەی ئەبو تاڵیب، لە سایتی (جدار الێوت)ـەوە کراوە بە کوردی.

 

 Image result for immigrant havet kunst