چیرۆک

چۆلەکە کوژەکە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

وەستا، کە دەمی بۆنی چۆلەکەی دەدا، پێدەکەنی و دەیگوت "رەنگە لەمەبەدووا واچاکە پەڕەکانیشیان لەکیس نەدەین." ئیتر هەندێ رۆژ کاری من ئەوە بوو لە گۆشەیەکی شەقام لە تەنیشت ئەو داشقەوە راوەستم وا کڵاوی پەڕی چۆلەکەی لەسەر بوو. 

 

چۆلەکە کوژەکە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سوێندی دەخوارد گەر کەسێک هەبایە و وردەبەردی فریا خستایە، رۆژانە بە قۆچەقانییەکەی، بە قەدەر باخێک چۆلەکەی دەکوشت! کە بەسەرسامییەوە لێیان دەپرسی "بەقەدەر باخێک؟" لە وەڵامدا دەیگوت "مەبەستم ئەوەیە هەموو ئەو چۆلەکانە رۆژانە روو دەکەنە باخەکە، دەیانکوژم!"

راستی رۆژانە چەند چۆلەکە روودەکەنە باخەکە؟

ئەو ساڵەی وا نزیکترین هاوڕێم گیانی لەدەست دا و مرد، من بە چەند رۆژ لەوە پێشی، بەڕێکەوت لە سەر فەیسبووک، خووم بە گوێ گرتن لە کلیپێک لە موسیقا و ئاوازی هیندییە سوورەکانی ئامریکا گرتبوو کە هاوڕێیەکی فەیسبووکی لەسەر پەیجەکەی خۆی داینابوو. هەر ئەوەندەی دەرفەتم بۆ بڕەخسایە، دادەنیشتم و لە سەر یوتوپ، سەرم دەخست و سەرم دەخستەوە،... بێ ئەژمار. لێی تێر نەدەبووم. ئەو رۆژەی وا هەر لە رێگای فەیسبووکەوە هەواڵی مردنی هاوڕێکەم بە رێکەوت بینی و چۆکم لەرزی و لە بەرچاوی هاوکارەکەمدا خۆم نەگرت و لەسەر زەوی ئەژنۆم دادا، ئەو مۆسیقایە هاتەوە گوێم. هەستم کرد رازێک لە گوێگرتنی ئەو ئاوازەدا هەبووە: "رازی مردنی نزیکترین هاوڕێ"، بە بێ ئەوەی بە خۆم بزانم!  ئاخر من تا ئیستا قەت ئەوەندە لە کاتی گوێگرتنی مۆسیقادا خەمگین نەببووم. چۆلەکەکوژەکە دەڵێ "لەخۆوە وامەڵێ، گەر تۆ قەولم پێبدەی و وردەبەردم فریا بخەی، وەک ئەو چۆلەکانە، خەمەکانت دەکوژم، بە قەدەر باخێک!"

راستی رۆژانە چەند خەم روودەکەنە باخەکە؟

ئەو بە هەموو وردەبەردێک رازی نابێ. هەڵیاندەبژێرێ. خڕ و سپییەکانیان جیادەکاتەوە و ئەوانی تر فڕێدەدا. دەڵێ "لە گەڕانی هەسارەکانەوە ئەمە فێربووم، ئەو کاتەی لە قوتابخانە بووم، خۆ لەبیرت دێ  ئەو کاتەی مامۆستا ئەو هەتاوەی پیشان دەداین وا کۆمەڵێک کەللا بەدەوریدا دەسووڕانەوە؟!" منیش دەڵێم "ئەرێ لە بیرم دێ." دەڵێ "هەسارەکان فێریان کردم باشترین بەرد بۆ کوشتنی چۆلەکەکان، بەردە خڕەکانن، جا سپیش بن چ باشتر، چۆلەکەکان شەیدای جوانییەکەی دەبن و ئیتر جوانتر دەپێکرێن، چاویان یارمەتی دەدا، یارمەتی بەردەکە بۆ ئەوەی راست تر بڕوات، رێک بەرەو نیشانەکە، هە هە هە...،"

بەڵام کێشە ئەوەیە بەردی سپی لە هەموو شوێنێ پەیدا نابێ، بەتایبەت بەقەدەر چۆلەکەکان. سەیر نیە! بەڵام ئەو پێی وایە ئەمە لە گەمژەیی یاخود تەمبەڵیی ئەوانەیە وا بەردی بۆ کۆدەکەنەوە. دەڵێ "گێژترین مرۆڤی دونیایش دەزانێ کە بەردی سپی لە چۆلەکە زۆرترە!" دەڵێ "تەنانەت هیندییە سوورەکانیش بە بەردی سپی ئاوریان دەکردەوە، ئاخر تەنیا ئەوانن چەخماخە دەدەن، لێکیان بسوو، دەیبینی!" من کە حەز ناکەم باسی هیندییە سوورەکان بکا، دەڵێم "دڵم زۆر تەنگە، زۆر!" ئەو کە لەمە تێناگا و پێی وایە لە دڵ سوتانمەوەیە بۆ چۆلەکەکان، دەڵێ "هەمیشە سەرەتا وەهایە، بەڵام بەرەبەرە عادەت دەگری، رادێی. تەنانەت وات لێدێ کە ئەوجار تاسەی دەکەی، بێ ئەوەی کەس پێت بڵی بۆ خۆت قۆچەقانییەک سازدەکەی و تێیان دەکەوێ، ئاوا... هە هە هە...،" من سەرەڕای ئەوەی دەزانم ئەو تێم نەگەیشتووە و هەر لە حاڵ و هەوای خۆیدایە، بەڵام هەوڵ نادەم بۆی شیبکەمەوە. شتێک لە دەروونمەوە پێم دەڵێ "خەمی مەرگ تەنیا هی ئەو کەسانەیە وا بیر لە بەردی سپی ناکەونەوە!"

باخەکە، تەنیا باخی شارە. لە نێوان خانووە قوڕە تێک تەپیوەکاندا بە چەند درختی چنار و سێوی پەرپووتەوە کە زۆربەی لقەکانیان وشک هەڵاتوون، راکشاوە و بە ئاسانی خاکی سەرسینگی، خۆی دەداتە دەست ئەو بایە وا جاروبارە هەڵیدەپێچێ و دەیکا بە ئاسماندا. ئەو تەپ و تۆزەی وا چۆلەکەکوژەکە یەکجار رقی لێیەتی. بەڵام سەیر ئەوەیە کاتێک 'با' هەڵدەکا، بەردە سپییەکان باشتر دەردەکەون. لە هەموو سووچ و قوژبنێکی ناو باخەکە شۆق دەدەنەوە. بە دەم کۆکردنەوەیان، دەزانم هەر کامەیان بە چەندین جار بەکاربراون، رەنگە بێ ئەژمار جار. ئەوانەی وا چەندین و چەندین جار پەیامی مەرگیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتبوو. بە فڕکە و وژەوژ. بەردەکان ئاودیوی سنووری باخەکە ناکەون و لێرە دەمێننەوە،... هەتاهەتایە. بە چاو و شێوەی نیگای چۆلەکەکوژەکە تێدەگەم کە ئەو لەمێژە ئەم رازە دەزانێ، من کە ئیستاکە ئیتر یەکجار رقم لێیەتی، بیر لەو رازە دەکەمەوە کە من و هەموو ئەوانی تری، بە تورەکەیەکی بچوکی بەر کەممەرەوە، کرد بە بەردەستی چۆلەکەکوژەکە. تورەکە پڕ لە بەردەکە. بەڕاستی بۆ ئێمە تووشی بووین و، رۆژ تا ئێوارە لەم باخە بەردی سپی بۆ خڕدەکەینەوە؟

چۆلەکەکان بە شێوەی جۆراجۆر بەردەبنەوە و دەکەونە خوارەوە. هەندێکیان هەر کە دەپێکرێن یەکسەر شۆڕدەبنەوە، هەندێکیان کەمێک دەفڕن و ئەوسا دەکەونە خوارەوە، هەندێکیان دەگەنە زەوی بەڵام سەرلەنوێ دەفڕنەوە، بە برینداری. ئەوسا بە لەزەتەوە بە شوێنیاندا هەڵدێ. لای چۆلەکەکوژەکە، ئەم بەشە خۆشترین و سەرنجڕاکێشترین بەشی چیرۆکەکەیە. لای ئەو هەمیشە وا بووە. دوواساتەکان، یاخود جۆری ئاکامی پێکانی بەردەسپییەکان ئەو بەشەیە وا لەگەڵ خۆی هەڵگری دڵنیاییە. ئەو قەت ناهێڵێ ئێمە بچین و تەرمەکان کۆبکەینەوە و بۆی بێنین. بۆ خۆی هەڵدێ. هەر دەگا، دەستبەجێ ملیان هەڵدەکەنێ و بە ئارامی دەیانخاتە ئەو تورەکە گەورەیەوە وا بە کەممەرییەوە شۆڕە. ئەو تورەکەیەی بۆنی خوێن دەدا. سەریان هەڵدەکەنێ و لەناو باخەکە بۆ پشیلەکانی جێ دێڵێ. ئەو پشیلانەی گەر کەمێک سەرنجی دەورووبەری خۆت بدەی، لێرە و لەوێ لە باخەکەدا بە دزییەوە چاوەدێریی سات بە ساتی هەموو چیرۆکەکەن. پشیلە سەرەخۆرەکان.   

لەسەر یەکێک لەو کۆڵانانەی وا دەگەنە باخەکە، هەموو رۆژێک سەیارەیەکی رەش رادەوەستێ، چاویلکە رەش لەچاوێک لێی دادەبەزێ و قەڵەم و کاغەزێک لەگیرفانی دەردێنێ و بە قاتە رێک و پێکەکەیەوە سەرنجی ئێمە دەدا و، شتێک دەنووسێ. من کە یەکجار لەم نووسینانە دەترسم، هەوڵدەدەم چۆلەکەکوژەکە ئاگادار بکەمەوە، بەڵام ئەو بە سیلەی چاو تێم دەگەیەنێ گوێی نەدەمێ. دەڵێ "هەمیشە هەندێ کەس هەن حەزیان لە نووسینی ئەوەیە وا روودەدا، ئەوانەی وا  بۆخۆیان لەگەڵ هیچ رووداوێک نین. لێیان گەڕێ!" من کە پێم وایە ئەو کابرایە تەنیا بۆ نووسین لەوێدا نیە و شتی تریشی لە ژێر سەردایە، پێی دەڵێم کە لانیکەم تا ئەو دەڕوا قۆچەقانییەکەی بشارێتەوە و چۆلەکە نەکوژێ. بەڵام ئەو هەر گوێیشی لێ نیە. منیش ئارام دادەنەوێمەوە و ئەو بەردە سپییە خڕ و لوسەی دەدەمە دەست کە لە وێنەی هەسارەی زەوی لە ناو کتێبی قوتابخانە دەچێ.

نووسەرەکە، کە دووا نۆت هەڵدەگرێ، قەڵەم و کاغەزەکە دەخاتەوە گیرفانی، چاویلکە رەشەکەی دادەکەنێ و لە کاتێکدا بە پەڕۆیەکی رەشی خاوێن، خاوێنی دەکاتەوە، لە دووا دیمەنی ئەو رۆژە کە جگەرە کێشانی چۆلەکەکوژەکەیە دەڕوانێ و سواری ماشینەکەی دەبێ و دەڕوا. ژنێک لە پشت پەنجەرەی ماڵەکەیانەوە بە دەمییەوە پێدەکەنێ و بە سەر ئیشارەتی دەداتێ. من دڵنیا نیم قات لەبەرەکە ژنەکەی بینیبێ، بەڵام دڵنیام لەوەی گەر کتێب نووس بێت، رۆژێک بۆ ئەهوەنکردنەوەی دیمەنەکەی ناو باخەکە، لە خەیاڵی خۆیەوە باسی دەکا.

باخەکە، درەختە نیوە وشکەکان و تەنانەت هەموو ئەو کۆڵانانە، بۆنی خوێنیان گرتووە. خوێنی چۆلەکە. شتێک پێم دەڵێ گەر ئاوا بڕوات، ئەو بۆنە لە کۆڵانەکانیشەوە تێدەپەڕێ و دەگاتە زۆر شوێنی تر. بەوە نیە چۆلەکە جەستەی بچوکە و خوێنی کەم. نە راکردنەکانی چۆلەکەکوژەکە بۆ هەڵگرتنەوەیان و نە لستنەوەی خوێنی جێماوی سەر خاک لە لایەن پشیلەکانەوە، ناتوانێ خوێنەکان بۆ هەمیشە بشارنەوە. ئیستا دەزانم بۆ وەستاکەم رقی لە 'با'یە. تەنیا 'با' بۆنە نادیارەکان لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێ.

رۆژێکیان کاتێک دانیشتووین و خەریکی حەسانەوە و پشوودانین، بە وردی سەرنج دەدەمە قۆچەقانییەکە کە لە سەر زەوی بە تەنیشت خۆیەوە دایناوە. لە دارگوێزە. دڵنیام. ئەوەندە لووس و بێ گرێیە، نەبێتەوە. وەک بڵێی کیلۆیەک رۆنت لێدابێ! رەنگە رۆنی جەستەی خۆی بێت. قایشەکەیشی ئەوەندە رەش و تازە و جوانە، کە حەزدەکەم بە پەنجە نەوازشێکی بکەم. کتوپڕ ئەم شتە سادەیە ئەوەندە بچوک و بێ بایەخ دێتە بەرچاوم کە پێم سەیرە چلۆن دەتوانێ ساڵانی ساڵ، باخ باخ کارەسات بخوڵقێنێ. مەچەکی وەستایش ئەوە نیە. سپی و ناسکە، وەک هی خۆم. (ئەوەیکە رەنگە بە جۆرێک رەنگی بەردەکانمان گرتبێ، توڕەم دەکا). ئێمە ناسکترین بکوژەکانی ناو ئەم باخە بووین.    

ساڵێکیان وەستا وتی لەبەرئەوەی بەوەفاترین شاگردی بوومە، دەیەوێ ئیتر بەرەبەرە فێری بەکار‌هێنای قۆچەقانییەکەم بکا و لە کۆکردنەوەی بەرد قوتارم بکا. من کە لەبیرم نەدەهات چەند ساڵ بوو بە شوێنیەوە بووم، لە خۆشیا قیژەیەکم کرد. وەستا تووڕە بوو "وست!... چۆلەکەکان دەتارێنی!" چەند چۆلەکەیەک هەڵفڕین و ئەو دیوی سنووری باخەکە کەوتن، بەڵام ئەوەندەی پێنەچوو هاتنەوە. وەستا وتی "لەبیرت بێت هەمیشە لەو شوێنەی دەمری وا دڵت زۆر پێی خۆشە!" قۆچەقانییەکەی دایە دەستم و فێری سیرە گرتن و هاویشتنی بەردی کردم. یەکەم چۆلەکەم لە کلکییەوە پێکا، لەگەڵ ئەوەی چەند پەڕێکی لێ بووەوە، بەڵام سەرئەنجام فڕییەوە و دوورکەوتەوە. وەستا پێنەکەنی. بە پێچەوانەوە، کەوتنە خوارەوەی پەڕەکانی بە نیشانەیەک بۆ داهاتوویەکی باشی من لێکدایەوە.

من کە لە دووای ساڵانی ساڵ شاگردی و بەردکۆکردنەوە و قۆچەقانی هاویشتن، هێشتا نە گۆرانیی هیندییە سوورپێستەکانم لەبیرکردبوو و نە مەرگی هاوڕێکم، بە پەڕی چۆلەکەکان کڵاوێکم بۆ خۆم دروست کرد و لە کاتی راو، وەک هیندییە سوورپێستەکان، لە سەرم دەکرد و شوێنی وەستا دەکەوتم. وەستا، کە دەمی بۆنی چۆلەکەی دەدا، پێدەکەنی و دەیگوت "رەنگە لەمەبەدووا واچاکە پەڕەکانیشیان لەکیس نەدەین." ئیتر هەندێ رۆژ کاری من ئەوە بوو لە گۆشەیەکی شەقام لە تەنیشت ئەو داشقەوە راوەستم وا کڵاوی پەڕی چۆلەکەی لەسەر بوو. مشتەرییەکان هەموو پێنج شەممەیەک بە موشتاقی چاوەڕوانی من دەمانەوە. هەموو پێنج شەممەیەک من لانیکەم دە دانەم لێ دەفرۆشتن. شار پڕبوو لەو منداڵانەی وا خەونیان بەوەوە دەبینی رۆژێک وەک وەستاکەی منیان لێ بێت.

کتوپڕ رۆژێک وەستا نەخۆشی رووی تێکرد و لە جێگادا کەوت. نەک دەمی، بەڵکو لە هەموو جەستەیەوە بۆنی چۆلەکە دەدەڵا. ئاوێکی لینج جێگاکەی خوساند. وەستا کە بە دژواری هەناسەی هەڵدەکێشا، گوتی "هیوادارم ئیتر لە دووای ئەم هەموو ساڵە، مۆسیقای هیندییە سوورەکان بیری هاوڕێکەت نەخاتەوە!..."

پلانی وەستا سەری گرت. کە مرد، من قۆچەقانییەکەم بە میرات بەرکەوت و رۆژ تا ئێوارە لە باخەکە خەریکی کوشتنی چۆلەکە دەبووم،... پێنج شەممانەیش کڵاوە لەپەڕ چێکراوەکانم لە سەر شۆستە دەفرۆشت و بۆ ئەوەی باخەکە زۆر قەرەباڵغ نەبێ، هەوڵم دەدا ئادرەس و ناونیشانی ئەو باخانەی تر بۆ چۆلەکەکوژەکانی تر بدۆزمەوە وا ژمارەیان هەتادەهات زیادی دەکرد.

 

ئەو چۆلەکەکوژانەی وەک من رۆژێک لە خەمی مەرگ چۆکیان دادابوو و، هاتبوون لە باخەکە لەبیری بکەن!

Image result for fugel dreper kunst