چیرۆک

کەیبانووەکەی ئیفیسوس

 

 

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

ئەم خانمە پێنج رۆژان بە بێ خواردن لەوی مایەوە و وەک نموونەیەکی درەخشانی مرۆڤایەتی بووە مایەی خەم و پەژارە بۆ هەمووان. کارەکەرە دڵسۆزەکەی ئەم ژنە داماوەی بەجێنەهێشت، فرمێسکێکی  زۆری لەگەڵیا هەڵئەرشت و چرای گۆڕەکەی بۆ هەلئەکرد.

 

رۆم ٥

پیترۆنیوس

مەرگ ساڵی ٦٦ دوای مەسیح

گایوس پیترۆیوس ئاربیتێرGaius Petronius Arbiter سەرەتای ساڵەکانی سەدەی یەکەمی سەردەمی عیسای مەسیح لە دایک بووە و ساڵی ٦٦میلادیش بەخۆ کوژی کۆتایی بە ژیانی هێناوە. پیترۆنیوس، نووسەر و  کاربەدەست و هونەردۆست و هاورێی نێرۆ Nero ئیمپراتۆری رۆم بووە.  وەک تاسیتوس بۆمان ئەگێڕێتەوە: " ئەو لە پێناوی بەناوبانگبووندا پیاوێکی زیرەک نەبووە.''

The Satyriconساتیریکۆن بەناوبانگترین نووسراوەی پێترۆنیوسە، ئەم نووسراوەیە جۆرێک رۆمانی سەیر و دواکەوتووانەیە، کە لەودا شاکاری 'کەیبانووەکەی ئیفیسوس'ی خوڵقاندوە. لەوەدەچێ ئەم چیرۆکە بە شێوەی دانەیەک لەو چیرۆکە بەناو میلیسیانە(Milesian باپیرەگەورەی ئەفسانەیی ئیرلەندییەکان) لەنێوچووەکان بێت، کە کۆمەڵێ چیرۆکی بەناوبانگە بە هۆی بیروڕا و روانگەی رەشبینییان، لەسەر مرۆڤ بەتێکڕایی و ژنان بەتایبەتی.

ئەم چیرۆکە کورتە (بەم شیوەیە یان شێوەیەکیتر) لە هەموو وێژەیەکدا،  بە تایبەت لەو نووسراوانەدا کە پیاوان نووسیویانە، دەبینرێ. ئەم دەقەی بەردەستیشمان گێڕانەوەیەکە، کە ( Barret H. Clark and Maxim lieber ) لە رووی دوو گێڕانەوەی کۆنتر، دەسکارییان کردوە.

 

کەیبانووەکەی ئیفیسوس

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

کەیبانووە بەناوبانگەکەی ئیفیسوس ئەوەندە رەسەن و داوێن  پاک بوو، ژنان لە دوورەوە، بۆ رێزلێنان ئەهاتن بۆ سەرلێدانی. کاتێک میردەکەی مرد و بردیان بۆ بە خاک سپاردن، هەر بەوە رازی نەبوو، وەک باوی رۆژ، بە سنگ کوتان و پرچ رنینەوە، لەبەر چاوی خەڵکا، دوای تەرمی شووەکەی کەوێ: بەڵکوو بەدوای هاوسەرە مردووەکەی، تا نێو گۆڕەکەی، کە بە شێوەی یونانییەکان ژێرزەمینێک بوو، چوو. لەوێیش مایەوە بۆ چاودێری کردن و گریان بە شەو و رۆژ. باوک و دایک و خزموکەسی نەیانتوانی پێشی بگرن لە مانەوەی لەم گۆڕەدا، تا بەدەم ئێش و ئازار برسییەتییەوە نەمرێ، بە ناچار بەنائومێدی بەجێیانهێشت.

ئەم خانمە پێنج رۆژان بە بێ خواردن لەوی مایەوە و وەک نموونەیەکی درەخشانی مرۆڤایەتی بووە مایەی خەم و پەژارە بۆ هەمووان. کارەکەرە دڵسۆزەکەی ئەم ژنە داماوەی بەجێنەهێشت، فرمێسکێکی  زۆری لەگەڵیا هەڵئەرشت و چرای گۆڕەکەی بۆ هەلئەکرد.

لە نێو شارا قاو بڵاو بۆوە، هەموو دەیانگوت ئەمە نموونەیەکی بێ هاوتایە، لە خۆشەویستی و وەفاداری ژن ومێردایەتیدا.

هەر لە هەمان کاتدا، پارێزگاری هەرێمەکە، لەو نزیکانە، نزیک بەو گۆڕەی کە ئەم ژنە بەسەر تەرمی مێردە خوالێخۆشبووەکەیدا دەگریا، سی دزی لە سێدارە دان و سەربازێکی بە دیاریانەوە دانا بۆ ئەوەی نەهێڵێ تەرمەکان دابگرن و بیاننێژن. شەوی دوایی ئەم سەربازە لە نێو دارەکانا رووناکیی چرایەکی بەدی کرد و دەنگی ناڵینی ئەم ژنەی هاتە گوێ. وەک هەموو مرۆڤێک حەزی کرد بزانێت کێیە دەناڵینێ و لەبەرچی دەناڵێنێ. بۆیە هەستا چووە گۆڕەکە، بە بینینی ژنێکی جوان، نەختێک راوەستا، هەر وەک چاوەڕوانیئ هاتێکی باش یان خێوێک لە دنیایەکی ترەوە بکا، هەنگاوەکانی هێواش کردەوە. لەو دەمەدا  چاوی بە تەرمی مردووەکە کەوت و سەرنجی دایە فرمێسکەکان و دەموچاوی بە نینۆک رنیاوی ژنەکە، زوو تێگەیی ئەو ژنە دڵشکاو و داماوی خۆشەویستەکەیەتی: ئەو پیاوە مردووەی کە وا لەبەردەمیا. سەربازەکە دوایی چوو نەختە خۆراکەکەی خۆی هێنا بۆ نێو گۆڕەکە و داوای لە ژنەکە کرد،  ئەوەندە بێهوودە خەم نەخوا و دڵی خۆی نەشکێنێ بە گریان. مەرگ  چارەنووسی هەمووانە و گۆڕیش دوا ئارامگەمانە. ژنەکە ئەم دڵخۆشیدانەوە بیتامەی بەلاوە ناخۆشبوو، بۆیە  توندتر سنگی خۆی کوتا و قژەکانی خۆی رنی و رژاندی بەسەر تەرمی مێردەکەیدا. سەربازەکە ئیستاش هەر بەجێینەهێشت. هەوڵی دا خواردنی بداتێ. ئەگەرچی ئەو ژنە نەیخوارد، بەڵام کارەکەرەکەی بە بۆنی شەرابەکە دڵی  لێیچوو، دەستی برد بۆ خواردنەکە، کە لەبەر دەمیا راگیرابوو. دوای ئەوەی ئەو بەو خواردن و خواردنەوە هێزی هاتەوە بەرخۆ، هەوڵی دا خانمەکەشی بەخواردن رازی بکا. "چۆن؟" کارەکەرەکە پرسیاری کرد، " چ سوودێک دەبەی، ئەگەر خۆت لە برسا بمرێنی و خۆت زیندەبەگۆڕ بکەی، بەر لە وەی چارەنووس  ڕۆحت لێ بستێنێ؟ لات وایە رۆحی ئەم پیاوە مردووە، کە لە خاکدا نێژراوە، بەم گریان و شینەی تۆ رازی دەبێ؟ باشتر نییە ژیانێکی نوێ دەسپێبکەیتەوە؟ بۆ ئەم داوێن پاکییە هەڵخەڵەتێنەش، کە تەنیا ژنان پەیڕەوی دەکەن، فەرامۆش ناکەی ـــ و لەم رۆژە رووناکانەی کە خوا داویە کەڵک وەرناگری؟ ئەم لاشە سارد و سڕەی بەردەمت دەبێ ئاگادارییەک بێ بۆ تۆ، کە لەم ژیانە ئەوپەڕی خۆشی بەری."

بە گشتی لەم جۆرە کاتانەدا، پیاو گوێ ئەگرێ لە کەسێک کە پێشنیاری خواردن یان ژیانی پێ ئەکا، ئەم خانمەش پاش پێنج رۆژان بەڕۆژوو بوون، هەم برسیی بوو هەم تینوو؛ بۆیە بڕیارەکەی شکاند و هەر بەو چڵێسییەی کارەکەرەکەی، دەستی کرد بەخواردن. ئەوانەی کە تێرن، زووش هەڵدەفریوێن. سەربازەکە هەر بەو زمانە شیرین و سازکەرەی کە لە پێشدا بەکاری هێنابوو، دەستیپێکرد بە فریودان و لە خشتەبردنی. خانم تەماشای کرد ئەم سەربازە گەنجێکی ئێسک سووک و خوێن شیرینە، لەوە ناچێ پیاوێکی گێلۆکەش بێت. کارەکەرەکەی زکی پێی سووتا و گوتی، "دەخوازی بەربەرەکانێی ئەو هەستە بکەی کە خۆشیت پێ دەبەخشێ؟ لەبیرت چووە لە کامە دنیادا دەژیت؟

داستانەکە بە کورتی ببڕینەوە، دوای ئەوەی خانم  راڕاییەکەی کز بوو، سەربازەکە زاڵ بوو بەسەر پاشماوەی دوودڵییەکانیدا. ئەوان نەک هەر ئەو شەوە ، شەوی دووهەم و سێهەمیش پێکەوە بوون. دەروازەکانی گۆرەکە داخران، بۆ ئەوەی گەرهاتوو ئاشنایەک یان نائاشنایەک رێی کەوتە ئەوێ، وابیر بکاتەوە ئەو خانمە داوێن پاکە لەلای تەرمی مێردەکەی گیانی سپاردوە. سەربازەکە زۆر دڵخۆش بوو بە جوانی و دڵڕفێنی و باوەشی بەردەوامی خانم؛ هەموو ئێوارەیەکیش کە تاریکی دادەهات، هەر چەندیش کە دەیتوانی بکڕێ، خواردەمەنی خۆش و بەچێژی بۆ ئەهێنایە گۆڕەکە.

دایک و بابی یەک لە دزەهەڵواسراوەکان، بەمەیان زانی کە سەربازەکە ئاگاداریی لە سێدارەکان بەتوند نەگرتووە، تەرمی کوڕەکەیان هێنا خوارەوە و ناشتیان. رۆژی دواتر، سەربازەکە کە بینی تەرمی دزێکیان نەماوە، دەیزانی سزاکەی چی دەبێ، چوو بەلای ژنەکەوە و پێی گوت: دەیهەوێ بە شمشێرەکەی خۆی بکوژێ، چونکە لەو سزایە باشترە کە دادگای سەربازی بەسەریدا دەبڕێ و بە ژنەکەی گوت، لە پاڵ مێردە کۆنەکەیدا جێگایەکیش بۆ ئەم دڵدارەی ساز بکات. بەڵام خانم هەر بەقەد داوێن پاکییەکەی بە سۆز و بەبەزەییش بوو.  وتی: "رەنگە خواکان پێیان خۆش نەبێ، بە جارێک چاوم بە دوو مەیت بکەوی کە زۆر بەلامەوە خۆشەویستن! چاکترە تەرمی پیاوێکی مردوو هەڵواسرێ تا پیاوێکی زیندوو بکوژری." ئەمجا بە سەربازەکەی وت، تەرمی مێردەکەی هەڵگرێ بە سیدارە بەتاڵەکەیدا بکا. سەربازەکەش خێرا پێشنیارە زیرەکانەکەی خانمی جێبەجی کرد. رۆژی دواتر خەڵکی لایان سەیر بوو چۆن ئەو مردووە لە سێدارە دراوە.