چیرۆک

بوومە خۆراکی قرشەکان

کاروان محەمەد فەتاح

دوای نەشتەرگەرییەکەی، بەردەوام ئاوی ڕەش لە چاوانی دێنە دەرێ و بەکارهێنانی قەترەکان ناتوانن ڕێگری لە هاتنەدەرەوەی ئاوەکە بکەن. ڕۆژانە دایکی لە دووکانەکەی نزیکی ماڵیان کیلۆیەک گێزەری بۆ دەکڕێت، ئەم لە جیاتی ئەوەی بیانخوات، قاچەکانی پێ دەخورێنێت. جەستەی تووشی هەستیارییەکەی زۆر بووە و بە قسەی خۆی بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکەی پێویستە بەردەوام بیخورێنێت. 

 

 

 

«هەموو کەس لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی ژیانیدا دەیەوێ پاڵەوانیی خۆی پێشان بدات، بەڵام من دەتوانم لە ڕێی ئەم بەسەرهاتەوە بیسەلمێنم پاڵەوانی چیرۆکەکە نیم، بۆیە هەر لە ئێستاوە دەڵێم ژیان ناخۆشە.» (دڵبرین)

بەردەوام ئەو پێستە ناسکەی خۆت دادەماڵی. ئازار لە شێوەی هەوا بە جەستەتدا بڵاو بووەتەوە. مێشێک خوێنی سەر یەکێک لە ئەژنۆ ڕووتەکانت دەمژێ، کە بە هۆی خوراندنی زۆرەوە برینی قووڵیان تێکەوتووە. نینۆکەکانی دەست و تەنانەت قاچیشت بە تەواوی ماندوو کردوون، لە یەک کاتدا بە نینۆکی دەستت سەرەوەی پێیەکت دەخورێنی و بە پێیەکەی تر ڕانی چەپت. لە ژوورەکەتدا و بەو چاوە ڕەشانەوە، کە هیی خۆت نین، سەیری شتومەکە ڕەنگاوڕەنگەکان دەکەیت و وا دەزانی ڕەنگی هەموویان ڕەشە، ڕەنگە بڵێی ئاخر هەموویان لە یەک ڕەنگدا دەبینم، بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە، ئەوە هەستی خۆتە وای کردووە هەموویان بچنەوە سەر ڕەش. ئەوەتا من سەیریان دەکەم و هەریەکەیان ڕەنگی خۆی هەیە، بگرە ڕەنگی ڕەشیشی هەر تێدا نییە، جگە لە سەرینەکەت، کە ئەویش چەند خاڵێکی بچووکن، ئەگەر زۆریش لێیان ورد نەبیتەوە، ناتوانی بیانبینی. لەم نزیکانەدا دایکت هەموو کەلوپەلەکانی ژوورەکەتی گۆڕی، کەچی هەر سوودی نییە. دەتوانم بڵێم ژووری هیچ کچێکی ئەم شارە هێندەی ئێرە ڕەنگاوڕەنگ نەکراوە. لەبەر چی ئازاری خۆت دەدەی؟ چەندین جار (دڵنیا)ی خوشکت پێی گوتووی وەک دوژمنێک سەیری جەستەت مەکە، بەڵام تۆ نەک گوێڕایەڵی نەبووی، بەڵکو بۆ یەک ساتیش دەستت لە خواردنی لاشەت هەڵنەگرتووە، بە تایبەتی پێیەکانت. وات لێ هاتووە لە خەویشدا هەر جەستەی خۆت دەخورێنی، تەنیا بەهانەی ئەو کارە، چێژوەرگرتنە.

«باشترین شت بۆ لەبیرکردنی تەنیایییەکەم، خوراندنی جەستەی خۆمە.» لەم دواییانەدا (دڵبرین) هەمیشە وا دەڵێت.

لە هۆڵی چاوەڕوانییدا چەند نەخۆشێک، کە دەستیان لەسەر چاویان داناوە، لەسەر کورسییەکان و لە نزیکی (دڵبرین) و دایکی دانیشتوون. لێرە و لەوێ ورتەورتی هەندێکیان دەبیسترێ، دەنگیان هێندە نزمە، چەندیش گوێ شل بکەی ناتوانی بزانی چیی دەڵێن، گرنگیش نییە بزانی چیی دەڵێن، لە شوێنی وادا بە دەگمەن گوێت لە قسەی گرنگ دەبێت. کچە بلیتبڕەکە ناوی (دڵبرین) دەخوێنێتەوە و بلیتی چوونەژوورەوە بە دایکی دەدا، کە ژمارە (2)ی ئینگلیزی لێ نووسراوە. پاش تێپەڕینی پانزدە ڕۆژ بەسەر نەشتەرگەرییەکەی چاویدا دەچنە ژوورەوە، بە ئاماژەی سەڵاوەکەیدا تێدەگەی (دڵبرین) لە دۆکتۆر نیگەرانە، لەسەر کورسییەکەی بەرانبەری دادەنیشێت و بە بێباکییەکەی لەڕادەبەدەرەوە پێی دەڵێت:

_ دۆکتۆر، لە ڕۆژی نەشتەرگەرییەکەوە چاوەکانم ئازارێکی زۆریان هەیە و ئاسایی نین، وام لێ هاتووە بڵێم هیوام نییە وەک پێشتر دنیا ببینمەوە.

_ من هیوادارم.

_ بە شێوەیەک «هیوادارم» دەڵێیت، وەک ئەوەی لە چاکبوونەوەیان دڵنیا بیت. بە ڕاست وایە؟!

(دڵبرین) بە سەرسووڕمان و کەمێک هەڵچوونەوە ئەم پرسیارە دەکات.

_ بەڵێ، هەمیشە دەبێت هیوادار بین. هیوا شتێکە دروست دەکرێ و بۆ هەتاهەتایە لەناو ناچێت، بە هۆی هیواوەیە هەموو ئەو بیرۆکانە لە بیر دەکرێن، کە زیان بە مرۆڤ دەگەیەنن. ئەمەم یەکەم دیدار پێ گوتی، بۆ وا زوو لە بیرت کرد؟! بۆ ئەوەی چاکتر ببیت پێویستە ئەو دەرمانانەی بۆم نووسیویت لە کاتی خۆیاندا بە کاریان بهێنیت و خەمساردییان لێ نەکەیت.

دوای تەواوکردنی ئەم قسانە دۆکتۆر دەست لەسەر کورسییەکە دادەنێ و هەناسەیەکی ئارام هەڵدەکێشێت. ئەم ڕستانە وەک شتێکی بێمانا و فریودەر دەچنە گوێی (دڵبرین)ەوە، کە زیاتر لە هیی پزیشیکێکی دەروونیی دەچن، بەردێکی گەورە بە سەریدا بکێشی، هێندەی ئەم قسانە ئازاری نادات. ناچار هێز بە قاچەکانی دەدا و بێ ئەوەی بۆی گرنگ بێت بۆچیی و بۆ لای کێ هاتووە، دەرگاکە دەکاتەوە و بە توندی پێوەی دەدات، دایکیشی بە دوایدا، دۆکتۆر بە هێمنییەکەی خۆیەوە جگە لە تەماشاکردنێکی پڕ بزە، هیچی تر ناکات. دەمەوێ ئەوە بڵێم هێشتا (دڵبرین) ئەوەی نەزانیوە ئەو چاوانەی دۆکتۆر بۆی داناون، هیی خۆی نین (چاوە سەوزەکانی خۆی لە ڕووداوی هاتوچۆکەدا وردەشووشەیان تێچووبوو.)، بەڵکو چاوانی ڕەشی مردوویەک بووە، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە باشووری عێراقەوە بۆ ئیشوکار هاتووەتە ئێرە، شەوێکی درەنگ پۆلیسەکان لەسەر شەقامێک بە مردوویی دەیدۆزنەوە و شوێنەواری پێنج چەقۆ لەسەر جەستەی دیار بووە. دوای دەستگیرکردنی تاوانباران و لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە ئەوانەی کوشتوویانە پارەکەیان بردووە و ناسنامەکەیشیان بە شێوەیەک دڕاندووە، کە ناتوانی بە هۆی هیچ شتێکەوە پارچەکانی پێکەوە ببەستیتەوە. مانگێک دوای کوشتنی، هاوڕێیەکی نزیکی دەدۆزرێتەوە و ڕوونی دەکاتەوە ئەو کەسە لە بێکاری و نائومێدیدا لە باشوورەوە بۆ ئێرە هاتووە، چارەنووسی بەمە گەیشت. دۆکتۆر لە یەکێک لە دیدارەکانی دواییدا ئەمە دەدرکێنێت و بە (دڵبرین) دەڵێت کاتێک کەسێک دەمرێ دەتوانرێت حەفتاودوو کاتژمێر گلێنەی چاوی بۆ کەسی زیندوو بە کار بهێنرێت، من کە زانیم چاوەکانی خۆت وردەشووشەیان تێدایە و هیوای چاکبوونەوەیان نییە، چاوی ئەو کەسەم بۆت دانا. تەرمەکەیمان چلویەک کاتژمێر لە مردووخانە هێشتەوە، تا ئەو کاتە چەندین هەوڵمان دا زانیاریی لەبارەوە دەست بخەین، کەچی هەرچی هەوڵمان بوو، بێئاکام بوو.

دوای نەشتەرگەرییەکەی، بەردەوام ئاوی ڕەش لە چاوانی دێنە دەرێ و بەکارهێنانی قەترەکان ناتوانن ڕێگری لە هاتنەدەرەوەی ئاوەکە بکەن. ڕۆژانە دایکی لە دووکانەکەی نزیکی ماڵیان کیلۆیەک گێزەری بۆ دەکڕێت، ئەم لە جیاتی ئەوەی بیانخوات، قاچەکانی پێ دەخورێنێت. جەستەی تووشی هەستیارییەکەی زۆر بووە و بە قسەی خۆی بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکەی پێویستە بەردەوام بیخورێنێت. سەر لە پەنجەرەی ژوورەکە دەردەهێنێت و لە کۆڵانەکەدا منداڵێکی دراوسێیان دەبینێ، کە دوو بەرد لە یەک دەخشێنێت، داوای بەردێکیانی لێ دەکات، بۆی دەهێنێت و لە قاچ و ئەژنۆکانی دەخشێنێ، جەستەی تەواو گەرم دەبێت، قاچی ڕاستی سوور سوور دەبێتەوە و کەمێک خوێن دێتە دەرەوە، هەر کە واز لە خوراندنی دەهێنێت، چەند مێشێک لەسەری دەنیشنەوە و خوێنەکە دەمژن، ئازاری دەدەن و بە دەست پانیان دەکاتەوە. جارێک لەبارەی ئەوەوە (دڵنیا) پرسیاری لێ کردووە بۆچی لە ئازاردانی خۆیدا ئەوەندە چێژ وەردەگرێ و کەچی بە مێش بێزار دەبێت، ئایا زۆر ئازاری پێ دەگەیەنن؟ گوتوویەتی نەخێر، من کە خۆم ئازار دەدەم، واتا تا ئێستا دەژیم، بەڵام کە مێشەکان خوێنم دەمژن، هەست دەکەم مردووم.

بیست ساڵی ڕێک لەگەڵ (دڵبرین)ی خوشکمدا شەو و ڕۆژ پێکەوە بووین و ژووری نووستنیشمان هاوبەش بوو، هەر کاتێک تەماشام دەکرد زیاتر لە هەر ئەندامێکی لەشی، چاوەکانی سەرنجیان ڕادەکێشام، چاوەکانی پێش ئەوەی لە ڕووداوەکەدا وردەشووشەیان تێ بچێت، وەک ئاوێکی مەنگی قەوزەگرتوو، سەوز بوون. دەتوانم بڵێم ئەو ئێستا ڕقی لێمە، نایەوێ هیچ کات لای بم و حەز بە تەنیایی دەکات، هۆکارەکەی ڕوونە، بۆ ئەوەی ئازاری جەستەی خۆی بدات، ئەگەر من لای بم دەستی دەگرم و تەنانەت ئەگەر بیەوێ بشمکوژێ ناهێڵم ئەوە بکات. دوای نەشتەرگەرییەکە بە ناچاری ژوورەکەیمان بۆ جیا کردووەتەوە و پڕمان کردووە لە کەلوپەلی ڕەنگاوڕەنگ، کەچی هەر دەڵێت ڕەنگی هەموویان ڕەشە و حەزیان پێ ناکەم.

 

«دەمەوێ بڵێم کەسێکی لاوازم، هیچ کات توانای مژینی مەمکەکانی دایکم نەبووە.»

 

جارێک (دڵنیا) و دایکی بێ ویستی خۆی (دڵبرین) بۆ لای پزیشکێکی دەروونیی دەبەن، پزیشکەکە کاتێک دەزانێ تووشی ڕەنگکوێری بووە و لەچاوی ئەودا هەموو شتێک ڕەشە، دەیکاتە دەرەوە و بە خوشک و دایکی دەڵێت: «ئەم کچەی ئێوە تووشی ڕەشبینی بووە و ئومێدی بە ژیان نەماوە، ئەو بەردەوام ڕەنگی ڕەش دەبینێت، ئەم ڕەنگە مرۆڤ خەمۆک دەکات. وێنەکان سەرەتا دەچنە چاوەوە و دواتر بۆ بیری مرۆڤ، کاتێکیش هەر وێنەیەک دەچێتە چاوی (دڵبرین)ەوە، یەکسەر لە بیری خۆیدا دەیگۆڕێت بۆ ڕەنگی ڕەش.» (دڵبرین) لە پشتی دەرگاکە وەستاوە، کاتێک ئەم قسانە دەبیستێت خۆی بە ژووردا دەکات و بە توندترین شێوە و خراپترین دەربڕین بە ڕوویدا هەڵدەشاخێت:

_ بەڕێز، هەست ناکەی هەندێ بابەت بۆت نییە خۆتیان تێدا هەڵقورتێنیت، کەچی خۆت قووت دەکەیتەوە و تێیاندا قسە دەکەی؟

_ وەک هەندێ ڕۆژ، کە هیی تۆ نین و تێیاندا دەژیی.

دایکی (دڵبرین) تەمەنی لە پەنجا دەدات، بە هۆی کچەکەیەوە هێندە ئازاری چەشتووە، کاتێک سەیری دەکەی وا دێتە بەرچاو حەفتا ساڵی تێپەڕاندووە. ڕۆژێک (دڵبرین) بۆ لای دۆکتۆر دەبات و دوای پشکنین بە دایکی دەڵێن لە دنیادا ڕێژەی تووشبوون بە ڕەنگکوێری لە سەدا 0،4ـە، ئەمە زیاتر تووشی ڕەگەزی نێر دەبێت و بە دەگمەن ڕەگەزی مێ وایان لێ دێت. ئەم ڕێژە کەمە وڵاتی خۆیشمانی گرتووەتەوە و لە چانسی خۆتاندا ئەم کچەی ئێوەیشی تێدایە.

من (دڵدار)م، هاوتەمەنی (دڵبرین)، هەر لە منداڵییەوە دراوسێی یەک بووین و پێکەوە یارییمان دەکرد. زۆر جار لە قوڕی شل مرۆڤ و ئاژەڵمان دروست دەکرد، ئەو هەمیشە مرۆڤێکی دروست دەکرد، ئینجا دەکەوتە گیانی و بە دەم گاڵتەوە بە نینۆکە قوڕاوییەکانی بەشی خوارەوەی لێ دەکردەوە و لەناوی دەبرد، دیسان دروستی دەکردەوە و هەر بە پێکەنینەوە دەیکوشت. کاتێک تەمەنی گەیشتە سیانزدە ساڵی ئیتر لە من دوور خرایەوە و تەنیا ساتێک، کە بۆم هەبوو بیبینم، بەیانیان بوو. ئەگەر دەتزانی لەو کاتانەدا بەرەو قوتابخانە دەڕۆیشت چەند جوان بوو، ئێستا تۆی خوێنەر حەزت دەکرد یەکێک لە تەماشاکەرانی بیت. دوو چاوی سەوز، لووتێکی ڕێک و قژێکی خاو، کە لە سەرەوە بە تەوقەیەک کۆی دەکردەوە و دەیبەست، قردێلەیەکی سوور، ڕێک لەسەر بەشی چەپی دڵی بوو، کەمێک خوار مەمکە بچووکەکانی، ڕیباتێکی هەمان ڕەنگ تا نزیکی کەمەری هاتبوو... ئەوەندە بەسە بۆ خرۆشاندنی هەستتان...

لە ژوورەکەی خۆیدایە و بە توندی دەستەکانی لە جەستەی دەخشێنێت. ئەمڕۆ دۆکتۆر پێی گوت ئەم چاوانەی پێی دەبینی، هیی خۆت نین، ئێستا تێدەگات بۆچی دایکی و (دڵنیا) ئاوێنەیان لە ژوورەکەی هەڵنەواسیوە، ئەوان دەزانن ئەگەر (دڵبرین) ئاوا سەیری ڕوخساری ناپەسەندی خۆی بکات، کە هۆکارەکەی ئەم چاوە ڕەشانەن، ئازاردانی جەستەی زیاتر دەکات. وا ئەم ڕاستییە دەزانێت و دڵتەنگییەکەی وەک ڕووبارێک درێژ دەبێتەوە، کە هیچ شتێک ناتوانێ بەری پێ بگرێت.

لە ژووری نەشتەرگەرییدا (دڵبرین) لەسەر سیسەمەکە پاڵ کەوتووە و لە هۆش چووە. لە ڕەنگی هەڵبزڕکاوی دۆکتۆردا هەست بە شڵەژان دەکرێ، ئەم حاڵەی دۆکتۆر ڕێ بە سیستەرەکە دەدات لێی بپرسێ:

_ دۆکتۆر، تۆ دەترسی؟!

_ بەڵی.

_ بۆ؟

_ چونکە ژیانی کەسێک لە دەستی مندایە.

دوای نەشتەرگەرییەکە، کە هێشتا هۆشی نەهاتووەتەوە، بەم شێوەیە باسی (دڵزار)، برا تاقانەکەی دەکات: «براکەم لە دەریای ئیجەدا قرشەکان چاویان هەڵکۆڵی.» لە ڕاستیدا وا نەبوو، ئەو کاتێک بەرەو هەندەران ڕۆیشت، لەژێر ئاوەکەدا خنکا، بە هێنانەوەی تەرمەکەیدا زانیمان ئەو نەک هەر چاوی هەڵنەکۆڵرابوو، بەڵکو هێشتا هەر خاوەنی چاوە سەوز و بریقەدارەکانی خۆی بوو. هێشتایش بە ئاگا نەهاتووەتەوە و چەند ڕستەیەکی ئەو چیرۆکەی دەڵێتەوە، کە لەم دواییانەدا نووسیویەتی و تا ئێستا پاکنووسی دووەمی بۆ نەکردووە، من و ئەوانەیشی لە دەوری بووین هێمن هێمن گوێمان بۆ ڕستەکان شل کرد:

«ئێمە تێیاندا دڵخۆش بین، یان نا، ڕۆژەکان ئاسایی تێدەپەڕن... ڕۆژەکان لە بەرچاوی خۆم زیندوو دەکەمەوە، ئەوانەیشی، کە لام ناخۆش بوون و ژمارەیان لە ڕۆژەکانی هەفتە تێناپەڕن... برینەکان لە دڵمدا نووستوون، بە بینینی وێنەیەک و بیستنی دەنگێک بە ئاگا دێنەوە... ڕێگەم دەدەن لەبارەی ئەو شتەی، کە هەرگیز نەمدیوە، چیرۆکێکتان بۆ بگێڕمەوە؟!... هەموو کەس لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی ژیانیدا دەیەوێ پاڵەوانیی خۆی پێشان بدات، بەڵام من دەتوانم لە ڕێی ئەم بەسەرهاتەوە بیسەلمێنم پاڵەوانی چیرۆکەکە نیم... دەمەوێ بڵێم کەسێکی لاوازم، هیچ کات توانای مژینی مەمکەکانی دایکم نەبووە.»

«من نەخۆشم، یانی لە ئێوە نیم.» بەردەوام ئەمە لە مێشکی (دڵبرین)دا دەخولێتەوە. هەمیشە ئەم ڕستە لێکدراوە بە هاوارێکەوە لە ژوورەکەیدا دەردەچێت، بۆ ئەوەی دایکی و (دڵنیا)ی خوشکی گوێیان لێ بێت، تاکو بە لایدا نەچن و وازی لێ بهێنن.

پێم ناڵێی لەبەر چی جەستەی خۆت دەخورێنی، بۆچی ئەو پێستە ناسکەت پەڵە پەڵە کردووە؟! وات کردووە مێشەکان تەنیا لەسەر جەستەی تۆ دەژین. تا وا بکەی ئاوێنە لەم ژوورەی خۆتدا نابینی.