چیرۆک

تارمایی

و. شاهۆ حەسەنپوور

دوو هێڵی تەریب لە سەر کاغەزەکە دەدرەوشانەوە و غەریبەکە بەو دەنگەی کە دەتگووت سەرمای بووە دەخوێنێتەوە: "کاتێ تەم و مژ و دووکەڵی ڕەش لە سەر سینگی بێتۆنی دیوار نیشت، لە ژێر شەتەکی خوێن و لەتە نینۆک، قژ و پێستی سەر و جەستە، رستەیەکی تێکەڵ پێکەڵ کە بە نینۆک هەڵکەندرابوو، دەدرەوشایەوە..."

 

تارمایی

عەلی ئەشرەف دەرویشیان

و. شاهۆ حەسەنپوور

ئەمرۆ نۆبەی بەرێز ئازرابییە چیرۆکەکەی بخوێنێتەوە. بەڕێز ئازرابی و هاوڕێکانی کۆڕی مانگانەیان هەیە و وەک جاران لە ماڵی ئوستاد سالبووری کۆبوونەوە. هەر یەکی لەوان پارچە کاغەزێک و قەڵەم دارێک لە سەر مێزەکەی بەر دەمیان هەڵدەگرن و چاوەڕێ دەبن هەتا ئەو کەسەی پێشتر نۆبەی گرتۆتەوە چیرۆکەکەی بخوێنێتەوە.

بەشدارانی کۆڕەکە لە چەند کەسێک تێپەڕ ناکات. رووخسارەکان بەیک ئاشنان و هەر کەسە لەو شوێنەی کە عادەتیەتی دانیشێ دانیشتووە. کارەکەری بەرێز سالبووری لە بەر دەرگەوە سینی چایەکە ڕادەدێرێ و سینییەکە لە سەر مێزەکە دادەنرێت. پێش ئەوەی کۆڕەکە بە رەسمی دەست پێک بکات باس و ڕەخنە لە سەر کتێب، وتار و لێکۆڵینەوە نوێکان گەرمە.

کاتێ هەست دەکرێ هەموو قسەکان کراون و قسەیەک بۆ وتن نەماوە و چاکان خوراونەوە، دیارە جیا لە چاکەی ئازرابی کە بەو پەڕی سەرسووڕمانەوە هەتا ئێستاکە نەخوراوەتەوە، دەست بە کارەکەیان دەکەن. ئوستاد سالبوری بە کۆخەیەکی نەرم رەسمی بوونی کۆرەکە رادەگەیەنێت. ئەو بەدەم دەستداهێنان بە دەمیدا ئاماژە بە ئازرابی دەکات چیرۆکەکەی بخوێنێتەوە. ئازرابی وەک هەمیشە لە سوچێکی نیوەتاریکی ژوورەکە دانیشتووە و روخساری باش نابینرێ. دیارە پێویستیش ناکات دیار بێت چونکە هەموان دەزانن کێ لە سەر کورسی ئەو سوچە تاریکە دادەنیشێت. دەموچاوی ئازرابی لە پشت ئەو لاپەڕە گەورەیەی کە چیرۆکەکەی بە قەڵەم دار لە سەر نووسراوە ونە و لەبەر ئەوەی ئازرابی زوو زوو مژ لە جگەرەکەی دەدا سوچەکە لە دووکەڵدا نوقم بووە.

ئازرابی سینگی پڕ لە دووکەڵی بە کۆکەیەک ساف دەکات و بە دەنگێکی ئارام و جێگر بە وردی خوێندنەوەکەی دەست پێدەکات. ناوی چیرۆکەکەی "تارمایی تۆرین"ە ئازرابی وا بە خێرایی و یەک بین چیرۆکەکە دەخوێنێتەوە کە بەشداران هەست دەکەن هەناسە لە سینگیاندا پەنگی خواردووە.

هەر کە لە سەرەتاوە بەڕێز ئازرابی دەست بە خوێندنەوە دەکات بەشدارانی کۆر سەریان لە گۆڕانی دەنگی چیرۆک خوێنەکە سووڕ دەمێنێت. هێندێک لەوان پێیان وایە کە ئازرابی هەڵامەتی گرتبێت، چوونکە وا وێدەچێ دەنگەکە برێک لە لووترا بێتە دەر.

وا وێدەچوو بەڕێز سالبووری بە زنجیرێکی نەبینراوەوە لە کورسییەکە تووند کرابێت، ئاخر وەک ئەوەی ئەفسوونت کردبێ لە جێگای ڕەق بووە. دیارە لەوە دەچێ کە هۆشی لە خۆیەتی، لە بەر ئەوەی تەواوی ئەو ماوەیەی کە چیرۆکەخوێنەکە خەریکی خوێندنەوەیە ئەو لە بیر و خەیاڵانەوە ڕۆچووە. ئەو دەنگە گڕە دەیخاتەوە ساڵانی رابردوو. زانکۆ، مانگرتنەکان لێپرسینەوەکانی سەردەمی زیندان، خۆشەویستی و رۆژە پڕ لە هەستەکانی رابردوو نووقمی خۆیکردووە و لێوە ڕەشداگەڕاوەکانی لە سەر یەک دانەوە و لە بۆشایی ڕاماوە.

ئەو لە جێگەی خۆی دانیشتووە و ناجوڵێ، بە روخسارێکی ئاڵۆزکاوەوە. تەنیا کارێک کە ئەم رۆژانە پێیوە سەر قاڵە بەشداری کردن لەم کۆری چیرۆک خوێندنەوانەدا نیە.

نووسەرەکە بە دەنگە ئاشنایەکەی چیرۆکەکەی دەخوێنێتەوە. ئوستاد هەوڵ دەدات هەودای خوێندنەوەکە بە دەربڕێنی نارەزایەتییەک بپچڕێنێ. بەلانی کەمەوە بڵێ ناوی چیرۆکەکە ئەوە نیە کە ئازاربی گوتی. بەشدارانی کۆڕەکە بە پێێ ڕەواڵ تێبینییەکانی خۆیان لە سەر چیرۆکەکە بە پەلە پەل نووسیوە و چاوەڕێێ ئوستادن هەتا بە نۆرە خۆیان دەرخەن. چیرۆک خوێن کە لە شوێنی ئازرابی دانیشتووە لاپەڕە گەورەکە لادەدات و دادێتەوە پیاڵەی چاکە کە دەمێکە سارد بۆتەوە هەڵگرێ هەتا گەرووی پێ تەڕبکات. هەر ئەو کاتەشە کە هەمووان دەموچاوی دەبینن.

 چیرۆک خوێنەکە لاوێکی غەریبەیە و لێکچوونێکی زۆر لە نێوان ئەو و  وێنەکانی سەردەمی لاوی ساڵبووری دا هەیە. ئەگەر ئەو پەڵانەی بە دەموچاوی ئوستادەوەن و هێمای ماندووبوونی سییەکانی نەبوون، ئەگەر ئەو چرچ ولۆچانەی کە هێمای چوونە تەمەنەوەن لا برابایەن، ئەگەر لە چاوانی  ئەو درەوشانەوە سیرە نەکوژاباوە، ئەگەر گۆشتی دەوری چانەگەی شۆر نەبایە و شەویلکەکانی قایم و بەتوانا مابایەن دەتگووت ئەم دوو کەسەی کە لە بەرامبەر یەکدی دانیشتوون یەک کەسن.

بەڵام لە گۆشە تاریکەکە چیرۆک نووسە غەریبەکە دانیشتووە و بە چاوانی کە لە چرای پاتری دەچن دەدرەوشانەوە و بە هەر چاولێک نانێک دوو تیڕێژی هاوتەریب ئەو کەس و شتانەی کە لە بەرامبەرنی گەرم دادێنێ. ئوستاد سالبووری دیەوێ لە جێێ خۆی هەڵستێ بەڵام ناتوانێ. لە کاتێکی ئاوادا تەنیا دەتوانێ لەبەر خۆیەوە بڵێ: ئێوە... . یەکێک لەوانەی کە لە لای چیرۆک نووسە غەریبەکە دانیشتووە وێدەچێ وا تێگەیشتبێ کە سالبووری لە گەڵ ویەتی بێ ئەوەی کات لە دەست بدا دەست دەکا بە خوێندنەوەی یاداشتەکانی.

 وێڕای ڕێزم دەبێ بۆچوونەکانم رێک و ڕاست لە سەر چیرۆکەکەت دەرببڕم. هەر لە هەمان رستەی یەکەمەوە ئێوە گوێگر دەخەنە دنیایەکی پڕ لە مەترسییەوە. بە رای من نووسەر نابێ خوێنەری خۆی تووشی شۆک بکات. کێشانی وێناکانی چیرۆکەکە زۆر ڕەشبینانەیە. ئەوە راستە کە ئێمە ئەمرۆکە تووشی ترس و وەحشەت بووین، راستە کە ئێمە ئەمرۆ وەک تارمایی سەر لێشێواومان لێهاتووە. بەڵام دەبێ ئەو بەری سکەی ژیانیش پێشان بدەین. ئێوە لەم چیرۆکە دا وێنای ناشیرن و ناتورالیستی ژیان وێنا دەکەن. بەڵام ئایا ژیان یەک لای هەیە؟ نووسراوەکەی ئێوە لێوا و لێو لە پێناسەی نائومێدی نەوەیەکی سەرگەردان و ترساوە. ئەم روانگە تراژیکییە دەمێکە سێبەری بە سەر بیرو بۆچوونی لاوەکانی ئێمەدا کێشاوە. ئێوە چیرۆکەکەتان بەم جۆرە دەست پێدەکەن: لەو شوێنە بەر تەسک و شێدارەدا ئەستەم بوو شتەکان ببینی. لامپێکی بچووک کە لە چاڵێک دابوو و بە چەند دانە شیشی ئاسن داپۆشرابوو هەوڵیدەدا ئەم تەم و تاریکییە شەق بکات. چەند دانە پارچە بێتۆنی چیمەنتۆ و چەندانە شیشی ئاسنی ئەستوور و تۆڕی لە پۆڵا کە لێک ئاڵابوون، لە گۆشە و کەنارەکان لە سەر یەکتری هەڵچنرابوون. لە سووچێکەوە دەستێک بە پارچە کاغەزێک کە دێڕێکی ناتەوای لە سەر نووسرابوو دەبینرا: " دایکی خۆشەویستم ... هەموو ژیانم"، بە دەست پێکردنی ئەم سەرەتایەوە چیرۆکەکەی ئێوە پەیامی هاتنی کارەساتێکی ترسناک ڕادەگەیەنێت. بە بروای من بێ خوڵقاندنی کەشێکی گونجاو  و بێ ئامادە کردنی خوێنەر لەوە دەچێ کە لە پشتەوەڕا پاڵ بە خوێنەرەوە نرابێ و خوێنەر خرابێتە چاڵێکی بێ بن و ترسناکەوە. هەروەها بەکارهێنانی ڕستەی دوور و درێژی وەک: " چاوی نیوە کراوەی تارماییەکان بە دەرگای گەورەی ئەو چوار دیوارییەی کە لە جێی خۆی هەڵقەندرابوو ... ." بەکار هێنانی ڕستە ئاوا درێژ خوێنەر ماندوو دەکات. ئێوە دەتوانن ڕستەکە بە چەند رستەی بچووکتر دابەش بکەن؛ بۆ وێنە: "چاوی نیوەکراوەی تارماییەکان لەو دەرگاکە بوو کە بڕێک لە جێگای خۆی ترازابوو." لە لایەکی دیکەشەوە مەنتقێکی چەوت بە سەر تەواوت چیرۆکەکەی ئێوەدا زاڵە. من دمەوێ ئەو پرسیارە بکەم کە ئایا تارمایی چاوی هەیە. لە قامووسەکاندا تارمایی بە مانای، سێبەر، بە مانای زات، بە مانایی ڕەشاییەک کە لە دوورەوە بێتە بەر چاو هاتووە، ئەگەر مانای تارمایی ئەوەیە لە فەرهەنگەکاندا هاتووە تارمایی ناتوانێ چاوی هەبێ. سەیرتر لە هەموو شتێک ئەوەیە تارماییەکەی ئێوە بیریش دەکاتەوە و لە بیرەوەرییەکانی تافی منداڵێ نقووم بووە. بۆ وینە دایک دەستی تارمایی گرتووە و بە نێو تەرمە تۆڕییەکاندا تێدەپەڕێت و تارمایی لە پڕ وەبیری دێتەوە: "کاتێ منداڵ بووم دایکم هەر وەک ئێستا دەستی دەگرتم، بەڵام ئێستا دەستم گەورەتر بووە و هەموو پەنجەکانم لە دەستیدا جێگای نابێتەوە. گەرمی دەستی دایکم وەک ئی سەردەمی منداڵیم نیە. وە گەرمی ئەو شوێنەی نۆ مانگ بێ ئاگا لە هەموو شتێک تێێدا خەوتبووم بەو گەرمییەی جاران ناچێ. ئەو دەستە ساردبووانە، نیشانەی پیرین، لەوانەیە دەستی من زۆر گەرم بێ یان لەەوەدەچێ هۆی گەرمی دەستم گەنجی من بێ."

دایکم وتی:

" تات لێێە ئەزیزی دڵەکەم، سەرمات بووە، چەند جار پێم وتی پاش خۆشتن قژت وشک بکەوە." تارمایی چنگی لە قژی خۆی گرت و دەستی پڕ بوو لە خوێن، دایک بەری دەستی کوڕەکەی ماچ کرد: " ئەزیزەکەم، خەنەی شەوی زاوایت پیرۆز." ئوستاد سالبووری دەستە سارد و بێ هێزەکەی بەرز دەکاتەوە روو بە غەریبەکە دەڵێ: ئێوە...

کەسی دوای ئەو کات لە دەست نادا و بێ دواکەوتن دەست دەکات بە خوێندنەوەی بۆچوونەکانی: " بە پێێ ئەو شتانەی من لە چیرۆکەکەی وەرمگرتووە کۆتایی چیرۆکەکەی ئێوە ناتەواوە. "دایکێک کە نێوی چاوەکانی بە تەواوی سپی بوون و پاش ساڵانێک چاوەڕوانی،  چەندین تارمایی تۆڕین کە بێ ئەژمارن لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا دەبینیتەوە:

"ڕۆژێکی پاییز بوو، جەستەی دارەکان ژانیان دەهات و گەڵا مردووە زەردەکان لە ژێر پێی ئەم دووانەدا خشەخشێکی شووم و بێ کۆتاییان دەهات. دایکە دەستی تارمایی تووند گرتبوو و لەم کەشە خەزان گرتووەدا هەنگاویان بەرەو پێش دەنان. دایک لە گەڵا وەریوەکانی هەڵدەگرتەوە و بە کەلێنی تۆڕە بێئەژمارەکانی تارماییەکەیەوە دەنان چوونکە کاتێ با بە نێو  تۆڕەکانی لەشی تارماییەکیدەدا ڕەد دەبوو گوێبیستی گلەیی بەژانی کووڕەکەی دەبوو. دایک بە بیستنی ئەو دەنگە دڵی تووند دەبوو. تارماییەکە دایکی تێگەیاند کە وە درەنگ کەوتوون. دایک بە تارمایی وت: "گوڵەکەم بۆ لێنانی برینجەکە وە درەنگ کەوتووین، بە تەما بووم بە بۆنەی ئەم هاتنە پیرۆزەت جەژنێک بگرم." بەڵام تارمایی تەنیا سەری جوڵاند.

پاشان دایکەکە بە دەنگێکەوە کە گلەیی پێوە دیار بوو، پرسیاری کرد: "کورەکەم ئەدی کوا ژمارەکەت؟ دەزانی من چەندە سەرگەردان بووم. بێجگە لە تۆ هەموو تارماییەکانی دیکە ژمارەیان پێوە بوو." دایکەکە هەستی بە ئاماژەی کورەکەی نەکرد و درێژە بە قسەکانی دا: " دایکەکان شەوانە بە دزیەوە گۆڕەکانیان هەڵدەدایەوە و کوڕەکانیان بەو ژمارانەی کە پییانەوە بوون دەناسییەوە. من ژمارەکەم لە سەر کاغەزێک نووسیبوو بەڵام تۆم نەبینییەوە."

تارمایی دووبارە ئاماژەی بە کوێزنگی لاقی کرد. دایکەکە سەرنجی بۆ گوێزنگی قاچی راکێشرا و لە ژێرەوەی توێژاڵێک خوێنی دەڵەمە بەستوو ژمارەیەکی دی کە بە خەتێکی ناخۆش نووسرابوو و نەدەخوێندرایەوە.

" بەراستی بە چ لۆژیکێک دەکرێ پاساو بۆ ئەو نووسینەوەی ئێوە بێنینەوە؟"

لەوە دەچوو ئوستاد سالبووری وردە وردە بێتەوە سەرەخۆی و لەو تاسانە دەهاتە دەرێ. ئوستاد جووڵەیەکی کرد و بە ئەستەم لێوەکانی لێک هەڵبڕی و دەنگێکی کزی لێوە هاتە دەر.

ـ ئێوە، ئاهـ ... .

نووسەری دوای بە پێێ عادەت بە بێ دواکەوتن کاغەزە مڵۆچەکراوەکەی کردوە و دەستی کرد بە خوێندنەوە: " بە ڕای من ئەم دەقە دەقێکی ڕەمزی و سەمبوولیکە، بەڵام بە داخەوە ئەو بنچینانەی دەبوو لە بەرهەمێکی سەمبوولیک هەبێ نووسەر لە ژێر پێێ ناوە و هەر بۆیە نووسەر خوێنەری تووشی سەر لێ شێوان کردووە. ئێمە هیج لە بارەی ئەم تارماییە بێ ژمارەیە نازانین. هەر لە پارگرافی ئەوەڵی چیرۆکەکەدا تارماییەکە دەبینین کە لە نێو کۆمەڵێک تارمایی دیکەدایە. هەوروەها چ لە ژیانی دایکەکە نازانین، نازانین ژیانی رابردووی چۆن بووە، لە سەر شوناس و بگرە لە سەر شێوەی رووخساریشی هیچ زانیاریمان نیە. ئەوەندە نەبێت کە ساڵانێکە ئەم ژنە چاو لە رێێە کە کوڕەکەی بێتەوە و لە چاوەڕووانیان چاوانی سپی بوون. ئەوەی ئێمە سەبارەت بەم دایکە دەیزانین تەنیا ئەم دوو چاوە   سپییانەن. نووسەر بە بێ ئامادە سازی ئەم دوو بوونەوەرە کە دانەیەکیشیان تارماییە و گیانی کوون کوونە هێناوەتە ناو رووداوەکان و وێڵی کردوون.

 لەوە دەچێ ئوستاد بە هەوڵ و تێکۆشان خۆ لە دەستی شتێک کە سینگی دەگووشێ رزگار بکات. ئەو دەڵێ ئێوە بەڕێــــ و نووسەرەی دوای ئەو بێ دواکەوتن هەلەکە دەقۆزێتەوە و روو لە ڕخنە گرەکە دەکات و دەڵێ ئەگەر ئیوە لە جیاتی ئەوەی خەونووچکە بتانباتەوە و بە وردی گوێتان ڕادێرابا (ئەگەر چی ئەم چیرۆکە هەمووانی ڕاچڵەکاند) دەتانتوانی بە ناسینێکی ورد و هەمەلایەنانە لە سەر تارمایی و دایکەکە گەیشتبان. من داوا لە نووسەر دەکەم کە بەندی دووهەم سەر لەنوی بخوینیتەوە.

دوو هێڵی تەریب لە سەر کاغەزەکە دەدرەوشانەوە و غەریبەکە بەو دەنگەی کە دەتگووت سەرمای بووە دەخوێنێتەوە: " کاتێ تەم و مژ و دووکەڵی ڕەش لە سەر سینگی بێتۆنی دیوار نیشت، لە ژێر شەتەکی خوێن و لەتە نینۆک، قژ و پێستی سەر و جەستە، رستەیەکی تێکەڵ پێکەڵ کە بە نینۆک هەڵکەندرابوو، دەدرەوشایەوە..."

لەو کاتەدا ئەو رەخنەگرەی خەریکی باسە و لێکۆڵینەوە بوو بە غەریبەی وت: " هەتا ئێرە باشە" و لە پاشان بۆخۆی درێژەی پێدا: " لێرە چیرۆک نووس درووشمێکمان پێ نیشان دەدا کە لە سەر دیوارەکە نووسراوە کە تەنیا بەشێک لە وشەکانی دیارن. بە رای من بۆ ناسینی تارماییە تۆڕینەکە ورد بوونەوە لە سەر ئەو درووشمە، ... ."

ئوستاد بە تەقەلاییەک دەنگی هەڵدێنێ:

ـ بەرێز ئێوە لە کوێ ...

بەڵام وشەی لە "کوێ" بە کزی دەوترێ، چوونکە ماسوولکەکانی چانەگەی ئوستاد توانای جوڵەیان نیە و لەوە دەچوو دەمی قفل ببوو. کەسی دوایی کە گوێ بیستی وشە "بەڕێز ئێوە" ببوو دەستی بە لێکدانەوەکەی کرد.

"بەڕێزان! هەتا ئێستا لە کۆڕەکەی ئێمەدا چیرۆکێک بەم نیوەرۆکە نەخوینداوەتەوە. سەرەرای ئەوەی ئەم چیرۆکە ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی بۆچوونی نەخۆشەکەیە لە گەڵ ئەوەشدا نەهێنییەک لە پشتی ئەم دەقە هەیە کە بۆتە هۆی ئەوەی لە جێی خۆم وشک بم. دیارە لە بواری ڕێزمانیەوە بەشێک لە ڕستە و وشەکان ڕەخنەیان لە سەرە و ئەوەش ڕەخنەیە لە سەر نووسەرەکە کە بە سەر زمانی زگ ماکی خۆیدا زاڵ نەبێت و پچڕ پچڕ مەبەستەکانی بگەیەنێ و وەک کەسێک خەو بردبێتییەوە لە بەرامبەر کۆمەڵێکی کەڕ بابەت بخوێنێتەوە. کۆی چیرۆکی ئەم بەڕێزە کە نازانم لە کوێوە هاتووە و لە نێو ئێمە دا قووت بۆتەوە ئەمەیە: " لە ژوورێکدا تەقینەوەیەک روو دەدا چەند تارماییەک کە وەک بێژنگ کوون کوون بوون و ئاویان پێوە بەند نابێت  بە سەریەکدا کەوتوون. هەروەها ڕستەیەکی تێکەڵیش کە بە ئەستەم دەتوانی بیخەیتەوە سەر یەک بە وتەی نووسەر لە سەر دیوارەکە دەدرەوشێتەوە. دایکی ئەم تارمایەش دەستی گرتووە و لە ڕێگەی چوونەوە ماڵ لەوە غافڵ نیە برینەکانی تارمایی بە گەڵا پاییزەییەکان دەرمان بکات."

"بەڕێزان! دیارە ئێوە من دەناسن و دەزانن هەتا ئێستا حەوت کۆمەڵە چیرۆک، حەوت کۆمەڵە شێعر، پێنج رۆمانی قتوور، چوار کتێبی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە و هەشت شانۆ و فیلمنامەم بڵاو بوونەوە، بەڵام دەبێ دان بەوەدا بنێم کە تا ئێستا تووشی دیاردەیەکی وا سەر سوورهێنەر و جووڵێنەر لە چیرۆک نووسیدا نەبووم. ئەم بەڕێزە ( ئاماژە بە غەریبە) کە ناوی نازانم لە نەبوونی بەێز ئازەرابی دا خۆی خزاندۆتە ئێرە یان باشترە بڵێم هەلپەرەستانە هاتۆتە ئێرە و زۆر زاڵمانە چیرۆکەکەی خوێندەوە و کەسیش ورتەی لێوە نەهات. چیشی نوویسوە مشتێک ڕستەی تێکەڵ پێکەڵ. دوو ملاک پەخشانی نەکڵاو و چوار کەوچک شێعری نیوبەندی لە فۆرمی شەپۆلی سێهەمیشی تێکەڵ کردووە و تا توانیویەتی ترشو خوێی کردووە و ناوی ناوە چیرۆک.

کورسییەکەی ئوستاد سالبووری جێڕەجێرێکی لێهات کە لەوە دەچوو هێمای گلەیی بێ. ئوستاد بە بێتاقەتییەوە دەستی بۆ لای غەریبە ڕادەدێرێ:

ئێـــــوە بەرێز ئێــــــوە!

بەشداری دوایی "ئێـــوە" لە ئاسمان دەقۆزێتەوە و لە کاتێکدا نازانرێ بۆ وا ڕەنگی سپی هەڵگەڕاوە و دەستەکانی دەلەرزن ڕەخنەکەی دەست پێدەکات:

"من ڕەخنەم لە شێوازی نووسینی ئەم برادەرە هەیە. لەو سەردەمەیەوە کە ژۆرنالیستە ئەمریکییەکە کە نــــــــاوی ئەها ... مارکز ... بەلێ لەو کاتەوە مارکز پەیدا بووە تای مارکزی وەک تای ماڵت بڵاو بۆتەوە وئەدیبەکانمان وەک ماران گازان لە بەر ئێش و ژان پێچ لە خۆ دەدەن ... بەلێ هاورێیان دوای دەرکەوتنی ئەم نووسەرە هەرکەس هەڵدەستێ لە بەر خۆیەوە چەند ئەفسانە و چەند تارمایی قۆرازەی دەستی دووهەم لە گەڵ چەند مسقاڵ ریالیزم تێکەڵ دەکات ناوی دەنێ ریالیزمی ئەفسووناوی و بە خەیاڵی خۆی باشترین مەرهەمی نەخۆشی شێرپەنجەی بۆ کۆمەڵگای ئێمەی بەرهەم هێناوە. و منیش لە تووڕەیان هەموو لەشم دەلەرزێ و هیچ قسەیەکی دیکەم نیە."

ـ ئێوە ... ئێوە!

دوبارە دەنگی روو لە کزی سالبووری دەگاتە دوایین کەس کە ئەویش بە بێ سەبرییەوە چاوەروانی نۆرەی خۆی بووە و هەست دەکات کات بەرەو تەواو بوونە بە پەلە پەل یاداشتەکانی دەخوێنێتەوە.

"ئەز وا بیردەکەمەوە لە ڕوانگەی خەسار ناسی چیرۆکەکەوە ئەم نووسەرە لە چیرۆکەکەیدا تەنیا نووسەرێک نیە، بەڵکوو فیلیسۆفێکی بوون ناسە. چوونکە لە روانگەی فەلسەفییەوە کە زانیارییەکی قوڵ و کۆمەڵناسانەشی هەیە، ڕۆچنە دەکاتە کەسایەتییەکانی چیرۆکەکە و شیان دەکاتەوە. نووسەر ئەم سەردەمی ئێستای ئیمە تێدا دەژین زاناینە و بە وردبینییەوە وێنا دەکات. وێنای دۆخی دەروونی دایکەکە و دەربرینی بۆچوونەکانی تارمایی دەربری ئەو راستیەیە کە نووسەر تێروانینیکی قووڵی بۆ روداوەکان هەیە. دیارە هەندێک جار نووسەر لە بەر هێندێک شت ناچارە واز لە دەربرینێک کە پێوەندییان بە گوزارش کردن لە راستییەکانی کۆمەڵگاوە هەیە بێنێ و لە جیاتی ئەوە وێنەی تەمسیلی راستییەکان بکێشێت. واتە نووسەر ناچارە هەوێنی راستییەکان بە هێندێک گرێوگۆڵەوە و بە زمانێکی دیکە دەرببڕێت. دیارە نەکۆلیش لەوە ناکرێ دەربرینێکی ئاشکرا و بەیاننامەیی و کاکڵ کراو نەترسی تایبەتی دەوێ و ...

ئوستاد بە هەموو ئەو وزەیەەوە کە لە هەموو شوێنەکانی جەستەیەوە یەک بە یەکە کۆیان دەکاتەوە دەیانهینێت هەتا دەگەنە سینگی و لە سینگیەوە بۆ گەرووی و لەوێوە بۆ دەمی و سەرەنجام چەنەگە کە بە زەحمەتەوە دەجوڵێ هاوار دەکات:

ـ کاکە ئێوە لە کوێوە هاتوون؟

بە دەنگی ئوستاد  هەموو ڕادەچڵەکن وسەرنجیان بۆ لای غەریبە دەکێشرێ. بەڵام کورسییەکەی بەڕێز ئازەرابی بەتاڵە و غەریبە لەوێ نەماوە. سێبەری تارماییە تۆڕینەکە لە سەر دیوارەکە ڕاست کەوتۆتە سر هەموو وێنەی ئوستاد سالبووری. لە جێی چاوەکانی دوو کوون وەک دوو چرای پاتری دایسێن. کەسێک لە سووچێکەوە بە سرتە دەڵێ: ئەم کابرایە چیرۆکەکەی خوێندەوە و بۆی دەرچوو.

 

 Bilderesultat for skygge